$#داعش# لە خوێنماندایە$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#25-08-2014#
باشووری کوردستان لە شەڕێکەوە ئاڵاوە کە دوژمنەکەی خۆی تێدا ناناسێت. هەموو کەس دەزانێت شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعشە، بەڵام ئەو شەوەی کە نیوەی #هەولێر# خۆی پێچابووەوە بۆ ئەوەی شارەکەی بەجێبهێڵێت، کەس بەدرووستی نەیدەزانی داعش چییە. بۆیە ئێستاش کە ناوی داعش دێت، دوو گەنجی دەمارگیرمان هەڵدەستن و داوای دەرکردنی عەرەبان دەکەن. وەک بڵێی هەموو عەرەب لەگەڵ داعش بن و هەموو کوردیش دژی داعش بن.
هەرچەندە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) و پڕۆژەی خەلافەتەکەی لە ناوچە سوننەنشینەکانی سووریا و ئێراقدا ژینگەی نەشونمای بۆ درووست بوو، بەڵام ئەمە نابێتە بەڵگە بۆ ئەوەی بڵێین داعش نوێنەرایەتی ناسیۆناڵیزمی عەرەبی سوننی دەکات. بۆیەش کاتێک داعش تەقینەوەیەک لە هەولێر دەکات یان کاتێک شارۆچکەیەکی باشووری کوردستان لەدەست پێشمەرگە دەردەهێنێت، ناکرێ گەنجانی کورد شووی لێ هەڵبکێشن و عەرەبی دانیشتووی کوردستان بە تەڕو وشکەوە پێکەوە بسووتێنن.
حکومەتی کوردستان زۆر بێسەروبەر و بێپلانە لە وەخۆگرتنی بێگانەکاندا لە کوردستان. بۆ نموونە لە بازگەکانی نێوان کەرکووک-#سلێمانی# یان کەرکووک- هەولێر زۆر ئاساییە کە کارمەندێکی ئاساییش سەر بەنێو ئۆتۆمبێلەکەتدا بکات و پێتبڵێت “ئەگەر عەرەبت لەگەڵە با دابەزێت”. کەچی لاولاوە داروبەردی وڵاتەکەت بە عەرەبی قسەدەکات و تابلۆی سەر دووکانەکانی دەبنە عەرەبی و ژمارەی دانیشتووانی عەرەبی یەکێک لە جوانترین شارەکانی کوردستان (کە شەقڵاوەیە) لەژمارەی کورد بەرزتر دەبێتەوە، کەچی حکومەت تەقەی سەری دێت.
لەگەڵ ئەوەشدا نابێ ئەم بێ پلانییەی حکومەت و هەڕەشەی گرووپێکی وەکوو داعش وابکات داوای دەرکردن و ئازاردانی عەرەبەکانی دانیشتووی کوردستان بکەین.
جارێ بەر لە هەر شتێک، هەر حکومەتێک بیەوێت وڵاتەکەی بکاتە زۆنێکی ئازادی ئابووری و بەوهۆیەوە گەلەکەی خۆشگوزەران بکات، ناتوانێت ڕێگە لە گۆڕانی دیمۆگرافیی هەستپێکراوی شارە گەورەکانی بگرێت. ناکرێ هەولێر چاوی لەوە بێت مۆڵەکانی هەمیشە جمەیان بێت، هوتێلەکانی هەمیشە پڕ میوان بن و چێشتخانەکانی ئاگریان تێدا نەکوژێتەوە، بەڵام قبووڵیش نەکات عەرەب ڕووی تێبکەن. چونکە ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە کڕیاری پارەدار و پارەخەرجکەر لە کوردستان عەرەبن نەک کورد. ناکرێ چاومان لەوەبێت کەرتی تەندرووستی و نەوت و کشتوکاڵ گەشە بکەن، بەڵام ڕێگە لە هاتنی ژیری و هێزی کاری تورک و فارس و عەرەب و ڕۆژاوایی بگرین. مادام بژارەی ئەوەمان هەڵبژاردووە کە پێشبکەوین، دەبێ دەرهاویشتەکانیشیمان قبووڵ بێت و لیمۆ گەنیوەکە بکەینە شەربەت.
لە باشووری کوردستان حیزبی ئیسلامی هەیە لە پەڕڵەماندا نوێنەری هەن و بەشداریشی لەو حکومەتەدا کردووە کە پێشمەرگەکانی شەڕی دژی داعش دەکەن، کەچی ئەو حیزبە بەشەرمنییەوە هەڵوێستی لەسەر داعش ڕادەگەیەنێت. هێشتاش هەموو ئەندامانی لەسەر سەرکۆنەکردنی ئەو گرووپە هاوڕا نین. هەروەها لەنێو چەکدارانی داعشیشدا بەدەیان ئەندامی کوردی باکوور و ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان هەن. لەم شەڕانەی دواییدا ئەمیری داعش هەبووە کوژراوە و دەرچووە کوردی باشوورە. ڕیپۆرتەری سەر بە میدیای داعشیش چووە #شنگال# و بە کوردییەکی ڕەوان ستۆریی موسڵمانبوونی بەزۆرەکیی کوردە ئێزدییەکانی ڕووماڵ کرد. بۆیە ئەگەر بڕیاربێت هەرکەسێک هاوسۆز بوو لەگەڵ داعش لە وڵاتەکەمان دەریبکەین، ئەوکات دەبێ هاوزمان و هاوخوێنەکانی خۆشمان دەربکەین. چونکە داعش لە خوێنی براکانی ئێمەشدایە. بەڵام ئایا لەمەدا کێ قازانج دەکات و داعش لاواز دەبێت؟ [1]