بەشێک لە ئەندامانی پەڕڵەمانی ئێراق و هەندێک لە میدیاکانی هەرێم بڵاویان کردەوە، گوایە بڕگەیەکی نوێ بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی ئێراق زیاد کراوە. بەمەترسی بۆ سەر پشکی هەرێم ناویان برد.
بڕگەی دوو لە مادەی 12، لە سەرەتاوە لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا هەبووە و نزیکەی مانگ و نیوێکە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە دراوەتە هەموو ئەندامانی پەڕڵەمان. لە پەڕڵەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
بەپێی بڕگەی دوو لە مادەی 12ی ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە نابێت پشکی هەرێم لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتە فیدڕاڵیە گەڕاوەکان زیاتر بێت لە پشکی هەرێم لە بودجەی کارگێڕی و وەبەرهێنان. ئەم بڕگەیە بودجەی سیادی و حاکیمە و خەرجیە فیدڕاڵیەکان ناگرێتەوە.
واتە نابێت پارەی نێردراو بۆ هەرێم زیاتر بێت لە داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەگەڵ نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان. چاوەڕوان دەکرێت تێکڕای داهاتی فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان نزیک بێت لە یەک تریلیۆن و 250 ملیار دینار ئەوەش وەک بەربەستێک دەبێت کە مانگانە لە بودجەی کارپێکردن (تەشغیڵی) ئێراق لەو بڕە زیاتر نەنێرێت. [1]