$ئەردۆغان شێت نییە$
#هێمن عەبدوڵڵا#
ئەردۆغان لە باکووری کوردستان گوتی: “بۆ تورکیا هیچ جیاوازییەک لەنێوان #داعش# و پەکەکەدا نییە”. زۆرکەس وایانزانی ئەردۆغان سەری لێشێواوە و قسەی شێتانە دەکات. کەچی پێچەوانەکەی ڕاستە. سەرۆککۆماری تورکیا بەو قسەیەی ئەجێندای ستراتیژیی دەوڵەتەکەی بۆ قەیرانی سووریا ئاشکراکرد. ئەوەشی سەلماند کە تورکیا چەندە بە سەرکەوتنی پەکەکە دڵتەنگ دەبێت هەر هێندەش لە پاوانخوازیی داعش نیگەرانە. دەوڵەتی تورکیا ئێستا لە پێگەیەکی ئایدیاڵیدایە. چونکە دوو هێز کە سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ سەر ئاساییشەکەی لە دژی یەکدی شەڕدەکەن.
پێویست بە سەدبارەکردنەوە ناکات کە وەک کوردێک دڵ و بیرم لەگەڵ خەڵکی کۆبانێ و #شەڕڤان#اندایە، بەڵام ئەمە واناکات واقیعەکە بەو چاویلکە سۆزدارانەیە ببینم. کاتێک کورد ڕەخنە لە دەوڵەتی تورکیا دەگرێت کە لە کۆبانێ تەدەخول ناکات، درووست ڕەخنەی ئەو تورکانەم بیردێتەوە کە شەش ساڵ پێش ئێستا گوشاریان لەسەر حکومەتی ئەردۆغان درووستدەکرد و دەیانگوت: “بۆچی بارزانیی هاوپەیمانتان هاوکاریمان ناکات بۆ لەناوبردنی پەکەکە لە #قەندیل#؟”
تورکیا تۆڵەی ئەوە لە بارزانی و لە #هەولێر# ناکاتەوە کە هەمیشە داواکارییەکەی بۆ هاوکاریکردن لە شەڕی دژی پەکەکە ڕەتکراوەتەوە، بەڵکوو ئەوە دەکات کە پێیوایە قازانجی زیاترە بۆ ئاساییشی دەوڵەتەکەی. تورکیا ئەزموونێکی خراپیشی لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندئاژۆکان لەپێشچاوە، کە ئەزموونی پاکستانە. چونکە ئێستاشی لەگەڵدابێت پاکستان باجی هاریکاریکردنی ئاشکرا لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی لە دژی گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان دەدات. ئەگینا هەبوونی ئاساییش لە هەولێر هێندەی هەبوونی ئاساییش لە #ئامەد# بۆ تورکیا گرنگە، بەڵام، وەک لە قسەی کاربەدەستانی باشووری کوردستان دەردەکەوێت، تورکیایەک کە بتوانێت بە بێدەنگی یارمەتیی هەولێر بدات، پێویستی بەوە نییە هەرای میدیایی درووستبکات و بەوهۆیەوە ژەنگەسوورەکانی داعش لەخۆی ئاڵۆز بکات. بەتایبەتیش کە ئەو ژەنگەسوورانە پەکەکەیان لە کۆبانێ و شوێنەکانی دیکە بەخۆیانەوە سەرقاڵکردووە، هەروەها لەجیاتی دەوڵەتی تورکیا بازنەی هەژموونی پەکەکە لە ڕۆژاوای کوردستان و سنوورەکانی باکووری کوردستان بەرتەسکتردەکەنەوە، ئەنقەرە هیچ سوودێک لە لێدانی ئەملا و لە پشتگیریکردنی ئەولادا نابینێت.
دەگوترێت ئەو شەڕەی لە کۆبانێ ڕوودەدات شەڕی تورکیا و داعشە لە دژی کورد و پەکەکە. هەندێک کەس واوەتریش دەڕۆن و دەڵێن “کەوتنی کۆبانێ کەوتنی کوردە”. ئەمە سادەبینی و سادەتێگەیشتنە. چونکە نابێ لەبیرمان بچێت کە کۆبانێ بۆ داعش هیچ بایەخێکی ستراتیژیی نییە. چونکە نە خاڵی پێکەوەبەستنەوەی بەشەکەی سووریا و بەشەکەی ئێراقی “خەلافەت”ە، نە چەکوچۆڵی پێدادەهێندرێت و نە کوێرەڕێگەی گواستنەوەی سامان و دارایی داعشیشە. کۆبانێ تەنیا بۆیە بۆ داعش گرنگ بوو، چونکە دەیەویست بیسەلمێنێت کە سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان، پێشڕەوییەکانی هەر بەردەوامن. داعش وایدەزانی کۆبانێ پاژنەی ئاشیلە و بەئاسانی دەڕواتە ناویەوە، بەڵام شەڕڤانان و خەڵکی ناوچەکە لووتیان شکاندن.
هەروەها بۆ تورکیاش قازانجی تێدانییە سنووری قەڵەمڕەوی هەڵگرانی ئاڵای “خەلافەت” بگاتە سەرسنوورەکانی و پریشکی ئەو ئاگرەی ئێراق و سووریای سووتاند بگاتە ئەوێش. ئەوەی لە شەڕی کۆبانێ بۆ تورکیا قازانجی هەیە ئەوەیە کە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بسەلمێنێت درووستکردنی نوایەکی ئارام بۆ پاراستنی خەڵکی سووریا لەناو خاکی سووریادا پێویستە. داودئۆغڵوش ئەمەی بەئاشکرا گوتووە. چونکە ئەگەر پڕۆژەیەکی وا سەربگرێت، تورکیا سەرپەرشتیی دەکات. هەڕەشەکانی پەکەکە یان داعش یان هێزەکانی دیکەی دژی تورکیاش تێیدا کۆنترۆڵکراو دەبێت. بەمەش ئاساییشی نیشتمانیی تورکیا پارێزراو دەبێت. بەڵام ئەو زۆنە لە حەڵەبەوە دەستپێدەکات و زۆر ناوچەی ڕۆژاوای کوردستان دەگرێتەوە. واتە ئەو ناوچەیە کە پەکەکە و داعش و هێزەکانی دیکە تێیدا باڵادەستن. ئەمەش وادەکات ئەنقەرە ڕێگەیەکی دووری لەپێش بێت بۆ جێبەجێکردنی. چونکە هێشتا نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی قایلکردووە بە پڕۆژەکەی و نە هێزەکانی ناو سووریاش گەرموگوڕن بۆ هاوکاریکردنی. [1]