ناونیشانی بابەت: کەرکووک ناگەڕێتەوە؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #31-12-2018#
وەڵامێکی کوورتت دەوێ؟ بەو شێوەیەی یەکێتی مامەڵە لەگەڵ دۆسێکەدا دەکات، کەرکووک ڕۆژبەڕۆژ دوورتر دەکەوێتەوە لە گەڕانەوە. بۆیە قسەکەی کاکە حەمە کە بۆ پشتیووانی لە ڕێبوار تاڵەبانی کردبووی و گوتبووی بە هێزەوە دەیبەینەوە کەرکووک، هەر وەک قسەی خۆش وەربگرە و هیوای لەسەر هەڵمەچنە.
ساڵێک دەبێت دۆخی کەرکووک بۆ کورد و تەنانەت پێکهاتەکانی دیکەشی لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات. دەکرا ئەمە ڕێگریی لێبکرێت، بە مەرجێک یەکێتی ئەو مامەڵە هەڵەیەی بە دۆسیەی دانانی پارێزگارێکی نوێوە نەکردبایە. لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی باڵایاندا، پارتی جارێکی دیکە بە یەکێتیی گوتووەتەوە دەبێ پەلە بکرێت لە دانانی پارێزگارێکی بێلایەن بۆ کەرکووک کە نوێنەری هەموو کورد بێت، بەڵام یەکێتی وەک جارانی پێشوو ئەو بیرۆکەیەی پێ باش نەبووە و دەیەوێت هەر حیزبی بێت. کێشەکەش ئەوەیە لەنێو یەکێتیشدا هەر ئاڕاستەیەک دەیەوێ پارێزگارێکی یەکێتیی بەدڵی ئەوان بێت کە بەرژەوەندییە نەوتییەکانیان بپارێزێ. وەک باس دەکەن، وای لێهاتووە #بەرهەم ساڵح#یش هەوڵ بۆ دانانی پارێزگارێکی نزیک لەخۆی دەدات.
هەموو لایەنە کوردییەکانی کەرکووک بە دانانی پارێزگارێکی بێلایەن ڕازین، تەنیا یەکێتی نەبێت. ئەمەش هەنگاوی دەستپێکردن دەبێ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و وەدیهاتنی قسە خۆشەکەی کاکە حەمە و مەتڵەبی پارتی کە بریتییە لە گەڕانەوەی سەربەرزانەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک. ئەمەش واتە گێڕانەوەی حوکمی مەدەنی و کۆتاییهاتنی حوکمی عەسکەری، کە بەداخەوە بەهۆی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە ساڵێک زیاترە سێبەرێکی تاریکی بەسەر شارەکەدا کێشاوە.
ئەو دەستی دەستیکردنە بە دۆسیەی پارێزگاری کەرکووک کاریگەریی لەسەر ژیانی بەرپرسانی یەکێتی و حیزبەکانی دیکەش نەکردووە، چونکە زۆرینەیان ماڵەکانیان لە #سلێمانی# و #هەولێر#ە، بەڵام خەڵکی کەرکووک ڕۆژانە باجەکەی دەدەن. چونکە ئەوەی بەعس بە ساڵان و بە پلان بۆ بەعەرەبکردنکردنی کەرکووک دەیکرد، ئێستا ڕاکانی پارێزگاری سەپێنراو بە سوورعەتی بەرق درێژەی پێدەدات و ئەنجامەکەی ئەوەیە کە خەریکە گوندێکی کوردی نامێنێتەوە. هەموو ڕۆژێک لە گەڕەکێکی کەرکووکەوە هاوار لە ماڵێکی کورد هەڵدەستێ کە هێزە ئێراقییەکان بە بیانووی پشکنین بۆ چەک بەسەریانداداون و سووکایەتییان پێدەکەن. کەرکووک هێندە گەندەڵ بووە، پارێزگارێکی سەپێنراو حوکمی دەکات کە خۆی دادگا بەدوایەوەیە و تۆمەتی گەندەڵیی لەسەرە.
ڕاستییەکەی لەو دۆخە نوێیەی لە کەرکووک درووستبووە، جگە لە شیعەکان (بە عەرەب و تورکمانەوە) و بەشێکی کەمی عەرەبی سوننەش، کەسی دیکە ڕازی و دڵخۆش نییە. بەتایبەتیش تورکمانی سوننە کە ساڵانی درێژ ئازایەتییان لەوەدا دەبینییەوە دژایەتیی پارێزگاری کورد و دەسەڵاتی کورد لە کەرکووک بکەن، پاش شازدەی ئۆکتۆبەریش بە ئاڵاکانیانەوە ڕژانە سەرشەقام و شادبوون، ئێستا دەست لە هەرامە درێژتر لە یارییەکە دەرچوون و دڵخۆشییان ئەوەیە باڵیۆزی تورکیا لە بەغداوە بچێ سەرێکیان لێبدات و دوو قسەی خۆشیان بۆ بکات.
کاتی خۆی عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری کەرکووک بوو. هەرچەندە لەسەر یەکێتی حیساب بوو، بەڵام وەک پارێزگارێکی بێلایەن ناسرابوو، کۆدەنگییەکی کوردی و ئێراقی و هاوپەیمانانیشی لەسەر بوو. ئەو تێبینیی ئەوەی لەسەر بوو کە بۆ سەلماندنی دەستپاکیی خۆی ساڵانە بەشێکی بودجەی کەرکووکی دەناردەوە بەغدا و بە دڵێکی پاکەوە لەجیاتی ئەوەی پڕۆژەی دیکەی لەنێو کەرکووک پێبکات، شانازیی بەوەوە دەکرد بە بەغدا بڵێت: حەیاتم، کەرکووکی دەستبڵاو نین! بەڵام هەرواش بۆ ئەو قۆناخەی کەرکووکی تێدابوو بژارەیەکی باش بوو. بۆ ئەم قۆناخەش و لەپێناوی هێشتنەوەی ئەوەی لەدەست نەچووە، گرنگە یەکێتی لە کەلی شەیتان بێتە خوارەوە و وێنە گەورەکە ببینێت نەک چەند تەنکەرێکی نەوت. بەتایبەتیش گرنگە لەو دۆسێیەدا کۆسرەت ڕەسووڵ، کە پار ژمارەیەک پێشمەرگەی لەسەر کەرکووک شەهیدبوون، قسەیەکی یەکلاکەرەوە بکات و نەهێڵێ تەماعی هەندێک سەرکردەی حیزبەکەی بەنرختر بکرێت لە خوێنی پێشمەرگە شەهیدەکانی و دانانی پارێزگارێکی بێلایەن. [1]