ناونیشان: ئاوی ئێرانی بۆ ئاگری ئێراقی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #07-10-2019#
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، خۆم ئامادە دەکەم بۆ ئەوەی بۆ بەرنامە نوێیەکەم بچمە هۆنگ کۆنگ. ڕەنگە کاتێک ئەم گۆشەیە دەخوێنیتەوە، لەنێو یەکێک لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا قسە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەم و لەپڕ گازێکی فرمێسکڕێژ ناچارمان بکات پەرتەوازە بین.
ڕەنگیشە لە پشت قەڵغانێکی مرۆیی پۆلیسەوە قسە لەگەڵ شێفێکی پۆلیس بکەم و کۆکتێل مۆلۆتۆڤێکی خۆپیشاندەران قسەکانمان پێ ببڕێت.
هەرچەندە ماوەیەکی درێژە هۆنگ کۆنگ دەکوڵێ، بەڵام ئەم هەفتەیە خۆپیشاندانەکانی ئێراق و ئەو تووندوتیژییەی لێیکەوتووەتەوە سەرنجی دنیای لەسەر هۆنگ کۆنگ لابردووە. وەک بڵێی ئەوانەی ڕوو دەدەن شۆو بن و جیهان حەزی زۆرتر لەوەیان بێت کە ئەکشنی زۆرتری تێدایە!
بەڵام ئەگەر وابێ و خۆپیشاندانەکان شۆو بن، کامیان باشترە: خۆپیشاندان یان خۆپیشاننەدان؟
سەیری مێژووی نزیک بکەن. کام خۆپیشاندانانە دۆخەکەیان لەوەی کە هەیە خراپتر نەکردووە؟ لە میسر گۆڕەپانی تەحریر دیکتاتۆر و عەسکەرێکی گۆڕی و یەکێکی دیکەی لەجێگە دانا. لە سوودان دیکتاتۆرێک ڕۆیشت و هێشتا گەرەنتی نییە کە عەسکەر دەسەڵات ڕادەستی خەڵکی مەدەنی بکەن. خۆپیشاندانی پارێزگا سوننەنشینەکانی ئێراق #داعش#ی لێ وەبەرهەم هات و دواییش شار بە شار خاپوورکران و خەڵکەکەی هەڵوەدا بوون.
جووڵانەوەی سەوز لە ئێران بە ئاگر و ئاسن وەڵامیدرایەوە و خۆپیشاندانە پڕ تووندوتیژییەکانی مانگەکانی ڕابردووش لە ئێران دیسان سەرکوتکران و دۆخەکەیان پێ نەگۆڕدرا. دەتوانین وا دووریش نەڕۆین و سەیری دۆخی #سلێمانی# بکەین لەپاش خۆپیشاندانەکانی بەردەرکی سەرا. شار لەوەی هەبوو فرەکوێخاتر بوو، لەچاو #هەولێر# زۆریش دواکەوت.
کەواتە خۆپیشاننەدان چاکترە؟ بێگومان نا. هۆیەکەشی ڕوونە: هیچ ڕێگەیەکی ناتووندوتیژانەتر و کاریگەرتر لە خۆپیشاندان نییە بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایی و ڕاچڵەکاندنی حوکمڕانان. لە نموونەی هۆنگ کۆنگدا ئەوە خۆپیشاندانەکانن کە وادەکەن شارەکە وردەوردە و بەبێ بەرهەڵستی نەگۆڕدرێ بۆ شارێکی ئاسایی چینی. بەڵام دوو شت هەن کە لە جیهانی نوێدا وادەکەن خۆپیشاندان بێئەنجام بن: یەکەم، هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی دەستبەجێی ڕژێمی وڵاتێک و دووەمیش پەنابردن بۆ تووندوتیژی و ناچارکردنی دەوڵەت بۆ ئەوەی بە ئاگر و ئاسن وەڵامبداتەوە. لەو دوو حاڵەتەدا شانسی سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان زۆر کەمدەبێتەوە.
لە کەیسی ئێراقدا دەستخەت و ستایلی ئێرانی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بەئاسانی دەناسرێتەوە. لە ڕۆژانی ڕابردووشدا کۆماری ئیسلامیی ئێران کارتی قاسم سولەیمانیی بۆ هێورترکردنەوەی شەقام و بەرگەگرتنی زیاتری گوشارە خنکێنەرە ئابوورییەکانی ئەمریکا بەکارهێنا. لە یەکەمین هەڤپەیڤینیدا، سولەیمانی چیرۆکی ئەوەی بۆ ئێرانییەکان گێڕایەوە کە چۆن لە دۆخی زۆر سەختتر لەمڕۆدا بە حیکمەتی خامنەیی بەسەر ئەو دوژمنەدا سەرکەوتوون کە شیعەی دنیای کردووەتە ئامانج.
ئەو، کە لەنێو ئێران وێنەی قارەمانێکی نەترس و ئەفسانەیی هەیە و لە دنیاشدا دوژمنی زۆرن، گێڕایەوە کە چۆن نائومێد بووە و خامنەیی بە قسەیەک ئومێدی بۆ گەڕاندووەتەوە. یەکسەر دوای ئەوەش هەواڵی دەستگیرکردنی تاقمێک بڵاوکرایەوە کە هەوڵیانداوە بە پیلانی ئیسرائیلی داگیرکەری قودسی موسڵمانان سولەیمانیی ڕزگارکەری موسڵمانان تیرۆر بکەن. بۆیە پێدەچێ ئێران لە دۆمینۆ ئێفێکتی خۆپیشاندانەکانی ئێراق بترسێ، بۆیەش بیەوێ بەرلەوەی پشکۆکە بکەوێتە نێو ماڵەکەیەوە، هەر لە ئاگردانە ئێراقییەکەدا ئاوێکی پێدا بکات. [1]