پسپۆڕێکی مێشک و دەمار لە بەریتانیا چەند ڕێگەیەک بۆ پاراستنی تەندرووستیی مێشک پێشنیازدەکات و ڕایدەگەیێنێت، خەو و خۆراکی تەندرووست هاندەری سەرەکین بۆ بەهێزکردنی تەندرووستی و تواناکانی مێشک.
دکتۆر پاتریک پۆرتەر، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە بەریتانیا دەڵێت: ''پاراستنی تەندرووستیی مێشک بۆ کارکردنی مەعریفی پێویستە، بە جۆرێک خەوی پێویستی شەوان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان.''
پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار ڕوونی دەکاتەوە، خەوتن ڕێگە بە مێشک دەدات لە ژەهرەکان ڕزگاری بێت و ئەو زیانانە چاک بکاتەوە کە بەهۆی ئەزبەرکردن و ماندووبوونی ڕۆژانە تووشی دەبێت، هەروەها دەشڵێت: ''خەوی پێویست یارمەتیدەرێکی نایابە بۆ مانەوەی زانیارییەکانی مێشک و باشترکردنی کارەکانی.''
بە گوێرەی خزمەتگوزاریی تەندرووستیی نیشتمانی NHS لە بەریتانیا، کەسانی پێگەیشتوو ڕۆژانە حەوت بۆ نۆ کاژێر خەویان پێویستە.
لەبارەی کاریگەریی چالاکیی جەستەیی لەسەر مێشک دکتۆر پاتریک گوتی: ''چالاکیی جەستەیی بەردەوام یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک، بەمەش گەشەی خانە نوێیەکانی مێشک باشتر دەکات و تەندرووستیی دەپارێزێت.''
ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە مرۆڤەکان هەفتانە لانی کەم 150 خولەک وەرزش بکەن و ڕۆژانە بایەخ بە خۆراکی تەندرووست بدەن، لەم بارەیەشەوە پێشنیاز دەکات، خۆراکەکانی وەکوو 'سەلەموون، توو، گوێز و سەوزەکان' بایەخیان پێبدرێت، چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بۆ چەورییە ناتێرەکان، دژە ئۆکسێنەر و ڤیتامینەکان، هەروەها بایەخ بە خواردنەوەی 'چا و قاوە' بە شێوەیەکی سنووردار بدرێت.
دەربارەی خواردنی شەکر و شیرەمەنییەکان، پسپۆڕەکەی مێشک و دەمار دەڵێت: شەکر کاریگەریی نەرێنیی ڕاستەوخۆی لەسەر تواناکانی مێشک هەیە و ئەگەر زێدەڕۆیی لە خواردنیدا بکرێت ئەوا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زیاد دەبێت و فەرمانەکانی مێشک لاوازتردەبن، ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیش پێشنیازی کردووە کە ڕۆژانە بڕی یەک کەوچک چا لە هەر یەکێکیان بخورێت. [1]