ناونیشان: کوردستان لە واشنتن نییە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #07-11-2020#
زۆرتر لە مانگێکە لە واشنتن دی سیم. جاران وەک ئەوروپییەک تەماشای ئەمریکام دەکرد و زۆر بۆم گرنگ نەبوو چی لە دی سی دەگوزەرێ. ئێستا وەک کوردستانییەک تەماشایدەکەم.
بەکوورتییەکەی کورد لێرە زۆرتر چیرۆکی جوانی کۆمەڵێک جەنگاوەرە کە یارمەتیی ئەمریکییە قارەمانەکانیان داوە تا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست #داعش# تێکبشکێنن. ئەو هوتێلەی لێی دەمێنمەوە دووسەت مەتر دوورە لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەموو بەیانییەک کە دەچمە ستۆدیۆی ڕووداو، کە ئەویش دوو سەت مەترێک لە کۆشکی سپی دوورە، لە باڵەخانەی نوێنەرایەتیی حکومەتی کوردستان ئاڵایەکی کۆن و چڵکنی کوردستان و ئێراق دەبینم.
لە ماڵێکی تەنیشت ئەوان فیلێکی گەورە دانراوە. لێرە فیل سیمبۆلی کۆمارییەکانە. ئەو کۆمارییانەی دۆناڵد ترەمپیان کردە سەرۆکی ئەمریکا و ئەویش لە ساڵی 2017 ڕێگەیدا #حەشدی شەعبی# بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست کورد دەربهێنێت.
کاتێک بە کۆڵانەکانی دی سیدا تێدەپەڕم، سەنتەری سوڵتان قابووس و سەنتەری کولتووریی وڵاتانی عەرەبی و تورکی دەبینم. هەموویان نوێنەرایەتیی سۆفت پاوەری ئەو وڵاتانە دەکەن کە دەیانەوێ لە واشنتن ببیندرێن و لەبیرنەکرێن. ستۆدیۆی ڕووداو لە باڵەخانەی نیشتمانیی میدیای ئەمریکیدایە. لەو باڵەخانەیە، تابلۆی سەر ئۆفیسێک سەرنجم ڕادەکێشێ. تیمێکی پی ئاڕ کار بۆ ناساندی خالیستان دەکەن.
هەرێمێکە لە هیندستان کە داوای سەربەخۆیی دەکات. ئەوان هێشتا نە گشتپرسییان کردووە، نە حکومەتێکی هەرێمیان هەیە و نە پێشمەرگەشیان هەن، بەڵام لەنێو ئەو باڵەخانەیەی هەموو میدیای ئەمریکای لێیە، هاتوون خەریکی ناساندی خالیستانن.
شتێک کە هەموو ڕۆژێک دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە هاوکارانم لەسەر دەرگای خۆیان لەو باڵەخانەیەدا نووسیویانە (تۆڕی میدیایی ڕووداو-کوردستان) . ئەو وشەی کوردستانە لە هیچ شوێنێکی دنیا هێندەی ئێرە کاریگەر و باڵکێش نییە. ڕۆژانە ئەو کەسانەی لەسەر کۆشکی سپی دەنووسن، بەهۆی ڕووداوەوە چاویان بە ناوی کوردستان دەکەوێ، بەڵام ناوی کوردستان زۆرتر لەگەڵ ئاڵا کۆنەکەی سەر باڵەخانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن و تابلۆکەی ڕووداوە. لێرە شتێک نییە ناوی کوردستان بێت.
چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا هەیە لە پشتمان بێت، بەڵام لە دی سی هیچ شتێکی کولتووریمان نییە ئەمریکییەکان هۆشیار بکاتەوە کە کوردستان چییە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئەمریکایە. ئەو ماوەیە کە لێرە ڕووماڵمانکردووە لەوە تێگەیشتووین کە وەک شەڕکەری چاک خۆشیاندەوێین، بەڵام زۆر لە بڕیارساز و ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر بڕیاری ئەمریکی هەیە شتێکی زۆر لەسەر کورد نازانن. لە یەکێک لە ڕووماڵەکانی ڕووداودا لەو ماوەیە، میوانەکانم پێیانگوتم ساڵانە لە واشنتن هەفتەیەک هەیە کە هەموو باڵیۆزخانەکان دەرگاکانیان دەکەنەوە تا خەڵک بێن و بزانن کولتووری میللەتەکان چییە. گوتیان ئەمریکی دەیانەوێ بزانن کورد چییە، بەڵام لە واشنتن کوردستان چالاکانە خەریکی خۆناساندن نییە.
زۆر کەس لە کوردستان دەستی لەسەر دڵییەتی کە بایدن یان ترەمپ دەبێتەوە سەرۆک و کاریگەریی لەسەر کوردستان چی دەبێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەبێ دەستتان لەسەر دڵتان بێ کە ئێمە وەک درامای ڕەجەب لەژێر دارهەنجیری ئەمریکی دانیشتووین و چاوەڕوانین هەنجیرەکەیان بەربێتەوە ناو دەممان. خۆمان لێرە هیچمان نییە. وادەزانین بە بانگهێشتی دوو سیناتۆر بۆ کوردستان هەموو شتێک تەواوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەک وانییە، بەڵکوو تەواو هەڵەشە. هەروەها ئەوەش بەڕوونی بزانن کە هەرچەندە هەبوونی سیستمێکی دیموکراسی لە کوردستان گرنگە، بەڵام ئەوەی بۆ سیاسییەکانی ئەمریکا گرنگە ئەوەیە کە لێرە لە واشنتن هەبیت و بتبیستن و بەقسەت بکەن. ئەوان دەیانەوێ بزانن چەند دەنگت لە ئەمریکا هەیە و بۆچی باشترە بەقسەت بکەن.
پێم سەیرە ئەو هەموو کوردە زیرەکە لە دی سی هەن، کەچی ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان لە ڕادیۆی ئەمریکا و شوێنی دیکە کاربکەن. کەچی هەرێمی کوردستان بە ملیۆنان دۆلاری لە ڕازیکردنی دڵی سیناتۆر و کۆنگرێسمەنی وادا خەرجکرد کە ڕەنگە لە هەموو ژیانیاندا دوو جار قسەیەکی خێریان بۆ کوردستان نەکردبێت. کۆری و ئەرمەنی و زۆر گەلی دیکە پارە دەدەنە گەنجەکانیان تا بچنە واشنتن و لێرە بگەنە ئۆفیسی کۆنگرێسمان و بڕیارسازانی دیکە، کەچی ئەمڕۆژانە لە دی سی کوردم بینیوە کە سێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە، کەچی فریلانسە و بە نانەسک دەژیت.
ئێمە ساڵەهایە گلەیی لە ئەمریکا دەکەین. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا ناناسین. ئەگەر بیناسین ناهێڵین کورد هێندە بچووک ببێتەوە لە دی سی، کە بەلایەنی کەمەوە ڕێستورانتێکی کوردیی لێنەبێ کە وەکچۆن ئێرانی و ئەفغانی و تورک و عەرەب کردوویانە، بەرپرسانی دی سی بژارەی ئەوەیان هەبێ نانێکی کوردیش بخۆن و بیر لە پاراستنی کوردستان بکەنەوە. [1]