ناونیشان: داگیرکردنی ئۆکراینا بۆ کورد خراپە
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #13-12-2021#
چەند هەفتەیەکە ئەوروپا ڕۆژانی دووشەممەی بە هەواڵی پەرۆشانە سەبارەت بە تەقینەوەی دۆخی سەر سنووری ڕووسیا و ئۆکراینا دەستپێدەکات. زانیارییە هەواڵگرییەکان دەڵێن پووتین دەیەوێ ساڵی نوێی بە داگیرکردنی ئۆکراینا دەستپێبکات. یان ڕاستترە بڵێین بە تەواوکردنی داگیرکردنی ئۆکراینا. چونکە لە ساڵی 2014ەوە بەشێک لە خاکی ئۆکراینا بەدەست مۆسکۆوەیە. ئەمە لەکاتێکدایە کە چینیش باسوخواسی لکاندنەوەی تایوان بە چینی گەرمداهێناوە. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ سەبارەت بە هەردووکیان نیگەرانن، بەڵام ئەوەی ڕووسیایان بە جدیتر وەرگرتووە. ئەو گۆڕانکارییانە هەرچەندە وا دەردەکەون کە دوورن لە کوردستان، بەڵام لێکەوتەکانیان کاریگەرییان لەسەر ئێمەش هەیە.
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە و بۆ ئەوەی هاوشێوەیەکی هیتلەر پەیدانەبێتەوە کە چاوی لە داگیرکردنی وڵاتان بێت، ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی هەیە لەسەر پاراستنی سەقامگیری و یەکپارچەیی وڵاتان لە چوارچێوەی ئەو سنوورانەی وەک دەوڵەت دانپێدانانی نێودەوڵەتییان هەیە. بۆ نموونە کوێت هەرچەندە بچووکیش بێت، بەڵام مادام سنوورەکەی دانی پێدانراوە، یاسای نێودەوڵەتی ڕێگەی بەوە نەدەدا کە سەددام داگیری بکات. بینیشمان ئەنجامەکەی دەرپەڕاندنی سوپای ئێراق بوو لەو وڵاتە. ئێستا پووتین بەتەمایە هەمان شت بکات کە کاتی خۆی سەدام کردی. ئەگەر کردی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک سەددام دەریدەپەڕێنن؟ بێگومان نا. چونکە جیاوازیی سەددام و پووتین ئەوە بوو کە یەکەمیان نە دامەزراوەی ئەتۆمیی هەبوو و نە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاساییشیش بوو. بۆیە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڕەشە هەرە تووندەکەیان بۆ پووتین ئەوەیە کە گەمارۆی ئابووریی قوورس دەخەنە سەر ڕووسیا. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش گوتی لەگەڵ ئەمریکا پێکهاتوونە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئۆکراینا، هێڵی گواستنەوەی نۆرد ستریمی دوو ڕادەگرن، کە وزەی ڕووسی دەگەیەنێتە بازاڕەکانی ئەوروپا.
گرژییەکانی سەر سنووری ڕووسیا و ئۆکراینا بۆیە بۆ کوردستان گرنگن، چونکە پێشینە درووستدەکەن بۆ بێباکبوونی وڵاتان لە یاسای نێودەوڵەتی سەبارەت بە داگیرکردنی خاکی وڵاتانی دیکە. ئەوە خراپتریشە ئەگەر ستاتوویەکی دێفاکتۆت هەبێ و دەوڵەتی دانپێدانراو نەبێت. وەک تایوان و ڕۆژاوای کوردستان. سەرکەوتنی ڕووسیا لە داگیرکردنی ئۆکراینا و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگە بۆ تورکیا خۆشدەکات تا بچێتە نێو ڕۆژاوا و ڕەنگە زۆرتریش لە باشووری کوردستان. تورکیا ئەندامی ناتۆیە و ئەوەی شەڕی لەگەڵ بکات شەڕ لەگەڵ ناتۆ دەکات. هەمان شت ئەگەر ئێران بیکات، بەشێوەیەکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدەکرێت. هەرچەندە ئێران پێویستیشی بەوە نییە و بە پرۆکسییەکانی لە زۆر وڵاتی ناوچەکەدا کۆنترۆڵی لەدەستدایە.
ئۆکراینا یەکێکە لەو وڵاتانەی دراوسێی ڕووسیا کە داوای ئەندامێتی لە ناتۆدا کردووە. ڕووسیا ئەمەی ناوێ. هەرچەندە دەشزانێ ئەگەری ئەندامێتیی ئۆکراینا لە ناتۆ واقیعبینانە نییە. بۆیە لە دوایین گفتوگۆی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک بایدن داوای گەرەنتیی ئەندامنەبوونی ئۆکراینای کردووە. گەرەنتییەکەی وەرنەگرتووە، بۆیەش ئامادەکارییەکانی داگیرکردن تەواودەکات. دوێنێ و ئەمڕۆش پووتین بە هاندانی بێلاڕووس و بە بەکارهێنانی کۆچبەری کورد دەیەوێ گوشار بخاتە سەر ئەوروپا، بەڵام ئەو ئاگرەی لە ئۆکراینای چەند کیلۆمەتر لەولای بێلاڕووسەوە دەیەوێ هەڵیگرسێنێ بۆ کوردیش گەورەتر دەبێ لەوەی چاوەڕوانی دەکات. [1]