ناونیشان: سعودیە هەڵبژێرین یان ئێران؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #29-02-2016#
هەفتەی ڕابردوو ڕێگەی نێوان #هەولێر#-ریاز ترافیکێکی دیپلۆماسیی چڕی لەسەر بوو. کۆنسوڵی یەکەمین کۆنسوڵخانەی سعودی لە باشووری کوردستان هەر لە فڕۆکەخانەوە قسەی خۆی کرد و گوتی کوردستان بەتەنیا بەجێناهێڵین. قسەیەکی خۆش، بەڵام ڕاچڵەکێنەر. وەک بڵێی کوردستان بەتەنیا مابێتەوە و لێی قەومابێت، بۆیە خزمەتکارانی ماڵی خوا هاتوون فریای بکەون. لەگەڵ ئەوەشدا وێنە ڕاستەقینەکە شتێکی دیکەیە: بەرلەوەی خۆری باڵادەستیی سوننە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئاوابێت و سێبەری شیعە ناوچەکە داپۆشێت، سعودیە خۆی دەگەیەنێتە ئەو ناوچانەی هێشتا ئومێدی خۆراوانەبوونیان تێدا ماوە.
هاتنی سعودیە بۆ کوردستان لە هاتنی تورکیا و ئێران جیاوازترە. ئەگەر تورکیا و ئێران بۆ درووستکردنی هەژموون و بەرزەفتکردنی جووڵانەوەی ئەم بەشەی کوردستان و بەهێزکردنی ئابوورییەکەیان بە نابەدڵی دانیان بە قەوارەیەکی کوردیدا نابێت و مامەڵەی لەگەڵ بکەن، سعودیە کەمتر پێویستی بە کوردستانە بۆ بەهێزکردنی ئابوورییەکەی. بەڵام پێویستی بە هەولێرە بۆ ئەوەی زۆرتر لەوەی وەکوو هەرێمێکی ئێراقی مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکات، وەکوو پەرژینێک بۆ هێشتنەوەی دۆست بۆخۆی لە ناوچەکەدا بەکاری بهێنێت.
ناکۆکیی نێوان سعودیە و تاران، وەک زۆر کەس تێیگەیشتوون، بە پلەی یەکەم لەسەر مەزهەب نییە، بەڵکوو لەسەر ئابووری و هەژموونی سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لە دوو قۆناغی گرنگی مێژووییشدا سیاسەتی هەڵەی سعودیە خزمەتی هەڵکشانی شەپۆلی شیعە- ئێرانی لە ناوچەکەدا کردووە. یەکەمیان ئەوکاتەی سعودیە بە یاریکردن بەنرخی نەوت شای ئێرانی خستە هەڵوێستێکی هێندە دژوارەوە کە خەڵکەکەی لێی ڕاپەڕێت و نیزامێکی ئیسلامیی شیعە مەزهەب بەدوایدا دەست بەسەرشۆڕشدا بگرێت. دووەمیش ئەوکاتەی ئەمریکا هاتە ئێراقەوە و ڕژێمی سەددام حسێنی ڕووخاند. ستراتیژی هەڵەی سعودیە وایکرد تاران هەنگاوبەهەنگاو ڕیاز گەمارۆ بدات. چونکە لەدوای بەغدا هەریەکە لە دیمەشق و بەیرووت و سەنعاش لەجیاتی ئەوەی نێوەندی بڕیارلێدان بن، بوونەتە نێوەندی وەرگرتن و جێبەجێکردنی بڕیارە دژە سعودییەکان لە تارانەوە.
ئێستا کە سعودیە دێتە کوردستان، لەبەر زۆر هۆکار بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئێرە یەکدەگرنەوە. یەکەمین و گرنگترینیان، لەبەرئەوەی شەڕی مەیدانی لە دژی #داعش#، بەتایبەتیش لە مووسڵ و ڕەققە، پێویستی زۆری بەوەیە کە هێزێکی عەرەبیی سوننەی بەهێز تێیدا بەشداربێت کە سعودیە و هاوپەیمانەکانین. دووەمیش ئەوەیە کە ئەگەر لە ئاییندەدا دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت و هاوسنوور بێت لەگەڵ هەرێمێک یان دەوڵەتێکی سوننی لە ئێراقدا، سعودیە دەتوانێ هاریکار بێت بۆ ئەوەی لەجیاتی شەڕ ئاشتی لەنێوان دوو دەوڵەتە نوێیەکەدا بەرقەرار بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کوردستان پێویستی بەوەیە لە ئەزموونی کۆکردنەوەی هەموو هێلکەکانی لە سەبەتەی تورکیدا پەند وەرگرێت. ئەویش بەوەی کە لەنێوان ئێران و سعودیەدا باڵانس بپارێزێت. چونکە لەو ململانێیەی نێوان سعودیە و ئێراندا ڕاستییەکی تاڵ هەیە: هیچییەک لەو دەوڵەتانە ناتوانن لێگەڕێن بەرانبەرەکەیان لەوی دیکەیان بەهێزتر بێت، هیچیشیان ناتوانن یەکدی بەتەواوەتی لاواز بکەن. بۆیە ئەگەر کوردستان باڵانس نەپارێزێت و مانەوەی بۆ هەردوو بەرە پڕبایەخ نەکات، یان ئەمیان قوتی دەدات یان ئەوی دیکەیان لەژێر پێیدا ورد و خاشی دەکات. [1]