ناونیشان: هێلکەی کۆمەڵ لەنێو سەبەتەی گۆڕان
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #03-04-2017#
خەریکە لە کوردستان جووڵەیەکی سیاسیی بەرهەمدار دەستپێدەکاتەوە. پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای ئەو مێنتاڵیتییەی چارەکە سەدەیەکە کوردستانی پێ بەڕێوەدەبەن و کوشتوبڕی لەسەر دەکەن، دیسان ئاماژەی گەڕانەوە بۆ فیفتی فیفتییەکی نوێ و ئەپدەیتکراو لەخۆیان پیشاندەدەن. لەو نێوانەدا گۆڕان ڕەنگە زیانمەند بێت، بەڵام ئەوەی کەمترین تیشکی لەسەرە و پێدەچێ زۆرترین زیان بکات، کۆمەڵی ئیسلامییە. حیزبێک کە بە زیندانیکردنی ئەمیرەکەی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ئەستێرەی بەختی هەڵکشا و سەردەمێک خەریک بوو ئیدیعای بوون بە گەورەترین حیزبی ئیسلامیی کوردستانی دەکرد، بە ڕێکەوت پۆستی سکرتێری پەڕڵەمانی دەستکەوت، بەڵام ئەو پۆستە لەجیاتی ئەوەی مایەی خێر بێت بۆی، وا دەردەکەوێ کە خەریکە دەبێتە مایەی شەڕ بۆی. ئەمەش درووست بەپێچەوانەی ئەو ئایەتەیە کە دەڵێ عسی ان تکرهوا شیئا وهو خیر لکم.
کۆمەڵ لە زۆر لایەنەوە حیزبێکی ئیسلامیی عەمەلیتر و ڕاشکاوتر بووە لە یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوە. ئەوانەی گرەویان لەسەر ئەوە دەکرد کە میراتی جوندولئیسلام و گرووپەکانی پێشتر لە کوردستان هەر ئەوە دەبێت گرووپێکی ئیسلامیی توندئاژۆ بە شاخەوە بمێنێتەوە و هەمیشە یاخی بێت، قەت حیسابی ئەوەیان نەکردبوو کە ئیسلامییە کەمتر میانەڕەوەکان دەتوانن لە چوارچێوەی حیزبێکی ئیسلامیی مەدەنیدا، دوور لە چەک و دوور لە بانگەشەکردن بۆ توندوتیژی و جیهاد، لە چوارچێوەی پەڕڵەمانێکدا کە شیوعی و سۆسیالیست و بەقەولی خۆیان حیزبی عەلمانییشی تێدان، خۆیان ڕێکبخەن و بەشداری لە ژیانی سیاسیدا بکەن.
بۆ کۆمەڵی ئیسلامی قایلکردنی جەماوەرێکی کەمتر میانەڕەو بە خۆگونجاندن لە کۆمەڵگەیەکدا کە باڕ و مەشرووبخانە و بەدزییەوە مەلهاشی تێدایە، کارێکی ئاسان نەبوو. بۆیە جارجارە لەملاو لەولا ئەندامێکی ئەو حیزبە یان هەوادارێکیان هەڵدەکەوت کە کەتنێکی نالێبووردانەی دەکرد و ئەمیر و سەرکردایەتی و بنکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی هەراسان دەکرد. هەندێکجاریش هەر بە گومان لە زۆنی سەوز و زەرد، هەڵبەت ئێستاشی لەگەڵدابێت، ئەندامی کۆمەڵ بە تۆمەتی تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆریستان دەستگیر دەکرێن و پاش ماوەیەک هەندێکیان پاش سەلماندنی بێگوناهییان، ئازاد دەکرێن.
ئەم کۆمەڵی ئیسلامییە زۆر لە یەکێتی دوور و زۆر لە پارتی نزیک بوو. بە جۆرێک کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتیش پرس و ڕایان لای ئەمیری کۆمەڵ بوو. مەسەلەکەش جگە لە جیاوازی و نێزیکیی تێڕوانین، ئەوە بوو کە مێژوویەک لەنێوان هەردوولادا هەبوو. بەتایبەتیش لە هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا ناکۆکیی ڕاشکاوی فیکری و سیاسیی نێوان باڵی عەلی باپیر لەنێو بزووتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ یەکێتی و جەلالیدا ڕوون و ئاشکرا بوو و بەپێچەوانەشەوە نزیکییان لە هێڵی بارزانی وەک ڕۆژی ڕووناک بوو.
ئەمە لە #23-06-2015#ەوە گۆڕا. ئەو ڕۆژەی شێخ فەخرەدینی سکرتێری پەڕڵەمان کە سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامییە، بووە کوچکی لە ئاگر گەرمتر و لەگەڵ دکتۆر یوسفی سەرۆکی پەڕڵەمان لە #سلێمانی# لێی دانیشت، نێوانی پارتی و کۆمەڵ گەیشتە ئەوەی نزیکی سفر بێت. ڕاستە پارتی وەزیرەکەی کۆمەڵی وەک وەزیرەکانی گۆڕان ڕەوانەی ماڵەوە نەکردەوە، بەڵام کەس نییە لە کوردستان نەزانێ کە ئێستا چاویلکەی پارتی جیاوازییەکی وا لەنێوان گۆڕان و کۆمەڵدا ناکات و ئەوانیش خۆیان بەرانبەر پارتی هەر وا دەبینن.
ڕەنگە زۆر کەسی دیکەش وەک من هەبن ئەو تێکچوونی پەیوەندییانەیان لەنێوان پارتی و کۆمەڵدا پێ سەیر بێت. لەخۆشیان بپرسن: کۆمەڵ لەو مەسەلەیەدا چ قازانجێکی کردووە و دەبووایە چی بکات؟ گۆڕان زۆر جار دەڵێت ئەوەی لە 23ی حوزەیراندا ڕوویدا تەنیا گۆڕان نەیکرد و چوار حیزب بوون، بەڵام بەکردەوە هەریەکە لە یەکێتی و یەکگرتوو لەگەڵ پارتی توانیویانە گرێی 23ی حوزەیران تێبپەڕێنن و پەیوەندیی نوێ دەستپێبکەنەوە. بۆچی تەنیا کۆمەڵ نەیتوانی ئەمە تێپەڕێنێ و هێلکەکانی لەگەڵ گۆڕان کەوتنە یەک سەبەتەوە؟ بۆ ئەو پرسیارانە تاوەکوو ئێستاش وەڵامێکی ڕوونم نە لە سەرکردەکانی کۆمەڵەوە و نە سەرکردەکانی پارتیشەوە دەستنەکەوتووە. [1]