ناونیشانی بابەت: ئایا کەرەنتینە بشکێنین؟
ئەم بابەتە نووسراوە لە ڕۆژی: #27-03-2020#
ئامادەکردن: #نیاز نەجمەدین نوری#
دەوڵەمەندییت؟ خەمی سەروەت و سامانەکەتە لە چاوتروکانێکدا بڕوات و نەگەڕێتەوە؟ هەقی خۆتە، تۆش بە سەروەتەکەتەوە کەم تا زۆر ماندوو بویت، سەرکێشییت کردووە، پلانی پێشخستنی بزنسەکەت هەبووە، کەچی پڕۆژەکانت سەرلەبەر وەستان و دنیایەک پارەش هەیە هێشتا دەبێت بیدەیت، لەوانە مووچەی فەرمانبەرەکانت.
کرێکاریت؟ دڵنیام خەمی لەکیسچونی کارەکەت و بژێویی ڕۆژانە هەراسانی کردویت. ناهەقت نییە، بابایەکی هەژاری وەک تۆ کەی هێندەی دەستکەوتووە تا “ماڵێکی سپیی” کۆبکاتەوە و بۆ “رۆژی ڕەش” بەکاریبهێنێت؟
قەرزدار، نەخۆش، گەنج، هتد، هەر یەک پاساوێکیان هەیە و مافی خۆشیانە تووشی دڵەڕاوکێ ببن. بەڵام دەوڵەمەند بیت یان هەژار سیستەمی بەرگریی خۆت و ئازیزانت بەرگەی ئەوە دەگرێت جلوبەرگ نەکڕن، نەچنە ئاهەنگەکانەوە، گۆشت نەخۆن، چەند ڕۆژێک لە ماڵەوە بن، هتد، بەڵام ئاسان نییە بەرگەی هەندێک جۆری ڤایرۆس بگرێت.
کەواتە مەسەلەکە پرسی مەرگ و ژیانە و دەبێت ئەمەش یەکلابکەینەوە.
ڕەهەندێک لە ئایینەکاندا هەیە لەوەدا جوانە فێری سروتی ڕۆحییمان دەکات، بییرمان دەخاتەوە جیهانی ماددیی تێپەڕە. لە یەکێک لە پەڕتووکەکانمدا کە ناوم ناوە “کێ چارەنووس دیاری دەکات؟” و دەربارەی گەشەسەندنی مرۆیی و نایەکسانیی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا، تێکستێکی سانسکریتم باسکردووە کە گفتوگۆیەکی نێوان ماترێی و یاناڤالکای مێردێتی. ماترێی ئاواتەخوازە هەموو زەوی هی ئەو بوایە و پڕ بوایە لە سامان و سەرچاوە، تا بیتوانایە هەرگیز نەمرێت. مێردەکەی وەڵامی دەداتەوە “هیچ هیوایەک نییە کە دەوڵەمەندیی بە نەمریی بتهێڵێتەوە، تەنیا دەتوانی وەک دەوڵەمەندەکان بژیت.”
هێمن مامەند هەمان هەڵەی ماترێی دەکات لەوەدا پارەی بۆ گرنگتر دەبێت لە ڕۆح. ئەو گەنجێکی ڕۆژنامەنووسە و لە #هەولێر# دەژی. کاتێک سەیری دایکی دەکات و ئازاری خەڵکی وڵاتەکە لە سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی تری میدیا دەخوێنێتەوە، توڕە دەبێت و لە واڵی فەیسبووکەکەیەوە دەنووسێت ” ئەگەر خەمێک لە ژیانی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران نەکەنەوە، ئەوە دەڕژێینە سەرشەقام و کەرەنتینە و ئەم دەستەڵاتە تێکدەشکێنیین”. بە بڕیاری دەستەڵاتدارێکی کاڵفام، کە وەک بڵێی ڤایرۆسی کۆرۆنای دۆزیوەتەوە، پێنج پۆلیس دەچن و دەمودەست قوڵبەستی دەکەن و بە پاڵ دەیبەن، دڵی دایکی دەشکێنن کاتێک دەپاڕێتەوە دەرفەت بدەن کوڕەکەی پانتۆڵێک لە پێ بکات و بە بیجامەوە نەڕوات.
هێمن دەبوو ئەوەی لە بییربێت کە ئێمە لەسەر قسەی سەرۆکی پارتیی و سەرۆکی یەکێتیی لە ماڵەوە نیین، بەڵکوو لەسەر قسەی پزیشکان و زانیارییەکانی خۆمان دەربارەی کاریگەریی نەخۆشییەکە لە وڵاتانی تردا، لە ماڵەوەین. شکاندنی کەرەنتینە نابێت بەهۆی ئەوەی فەرمانبەران مووچەکانیان وەربگرن، کەچی دەتوانێت هەزاران کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکات، کە دەشێت بگاتە ئەو ئاستەی (دووربێت) هێمن و دایکی پێکەوە ببەن بۆ نەخۆشخانە و پزیشکەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هێمنی گەنج ناچارببن ژیانی دایکی بەتەمەنتری وازلێبهێنن. ئێمە تەنیا لەسەر قسەی پزیشکان دەتوانین کەرەنتینە بشکێنن.
زیندانکردنی گەنجێک لەسەر هەڵچونێک ئەوپەڕی ترسنۆکییە، تێگەیشتنە لەوەی کە ئیدی پێگەی جەماوەرییان لەدەستداوە و هەژمونیان نەماوە. سەیریشم لێ دێت دوو پیاو ماقوڵی دەستڕۆیشتوو لەناو پارتیی دیموکراتییدا نەبێت تەلەفۆنێک بۆ ئاساییش بکات و پێیان بڵێت: بابە ئەو گەنجە بەربدەن، کێ لەسەر قسەی هەژارێکی وا دێتە دەرەوە؟ بەڵام پیشەی ڕۆژنامەنووسییش بریتییە لە کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و دانسقە و شەیرکردنی لەگەڵ ڕای گشتیی. لەم سەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەشدا هاندانی ڕای گشتیی تا پابەندی ڕێنمایی زانستیی ببن، لە بری هەڵچون و پیشاندانی قارەمانێتییەک کە زۆر کەسی ڕەنجەڕۆ کرد، دەبێت لە سەنتەری بیرکردنەوەیاندا بێت.
ئەوە جێی مشتومڕە کە ئایا ئەم کەرەنتینەیە ڕەها بێت یان ڕێژەیی. لە یەک تا دوو هەفتەی داهاتوودا دەتوانین ئەم مشتومڕە ورد و قوڵ دەستپێبکەین و داوابکەین بە ڕێژەیی و بەپێی ڕێنمایی ورد دەرگا لە بەردەم جوڵەی ئابوورییەکە بکەینەوە تا کارەساتی گەورەتر نەقەومێت. بەڵام ئەگەر هۆشیار و خۆڕاگر نەبین، ترس لە بژێویی دەتوانێت گەرای خۆپەرستیی لەناو مێشکماندا بڕوێنێت، ڕەنگە لە مرۆڤبوونمان بخات و ئەو کاتەش هاوشانی قەیرانە ئابوورییەکە، کارەساتە مرۆیییەکەش دەگات. ئالنگاریی ئەمڕۆ ئەوەیە بەرگریی لە ڕۆح بکەین، نەک ماددە. هەلی ئەوەمان دەستدەکەوێتەوە کە بژێوییمان چاکبکەینەوە. وەلێ ڕۆح…داخەکەم کە ڕۆی ناگەڕێتەوە. [1]