ناونیشان:بەغدا و شەرعیەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان
نووسەر:#عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون:#02-05-2023#
لە دوای دەستپێکردنی شەپۆلی خۆپێشاندانەکانی بەهاری عەرەبی، سووریا و تورکیا وەک پلانی پێشوەختە بۆ ڕێگری لە تەقینەوەی کێشەی کورد، هەندێ ستەمکارییان لەسەر کورد کەمکردەوە. لە سووریا زەمینەی ئەوەیان ڕەخساند کورد حوکمڕانی بەشێک لە ناوچەکە بگرێتە دەست. لە تورکیاش بە پەرەپێدانی پڕۆسەی ئاشتی و هەندێ کرانەوەی زیاتر بەڕووی کورددا، کورد گەیشتە ئاستێک ببێتە هێزێکی کاریگەر و سێیەم قەوارە لە پەڕڵەمانی ئەو وڵاتە و کارەکتەرێکی وەک دەمیرتاش ببێتە ڕکابەری سەرەکی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
بەدوای ئەو پێشهاتانەشدا بەهۆی سەرهەڵدانی #داعش# و لێکەوتەکانی، لە ڕۆژاوای کوردستان دەرگە بە ڕووی ئیدارە خۆجێییەکاندا کرایەوە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و لە سەرووی هەموویشیانەوە لەگەڵ ئەمریکا بکەن. لە باشووریش کورد دەستی گەیشتە کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کەوتنەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەوە. بە شێوەیەکی گشتی ئەو دوو پێشهاتەی ناوچەکە (بەهاری عەرەبی و داعش) کورد و کێشەی کوردیان زۆر بردە پێشەوە، لەسەر ئاستی نەتەوەیی پرسی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی بووە خواستێکی جیدیی خەڵک و هێزە سیاسییەکان. لە ڕووی کرداریشەوە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات و باشوور، گەریلای باکوور و شەڕڤانی ڕۆژاوا لە یەک سەنگەردا ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە دەرەکییانە بوونەوە کە کەوتبوونە سەر کوردستان.
زەمینەیەک بۆ کورد لە ناوچەکە درووست بوو کە زۆر ناوەندی سیاسی کاریگەریی نێودەوڵەتی و زۆر ناوەندی توێژینەوەی جیهانی خوێندنەوەیان بە و جۆرە بوو لێکەوتەی هەرە بەرچاوی ئەو گۆڕانکارییانەی بە و هۆیەوە لە ناوچەکە دێنە ئاراوە، درووستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەبێت. لەسەر ئەرزی واقیع و بە کردەییش لە باشووری کوردستانەوە بە دەنگێکی بەرز خواستی ئەو مافە ڕەوایە بەرزکرایەوە، بەڵام کورد بێ ئاگابوو لەوەی لە پەراوێزی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەدا، بۆ ڕێگری لە باڵاکردنی کورد و شکستپێهێنانی ئەوانەی بەدەستی هێنابوون، وڵاتانی سەردەستەی ناوچەکە بە نهێنی و لە ژوورە داخراوەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانیان خەریکی ڕێککەوتنی ستراتیژی بوون لەسەر کورد. هەرچەندە هێشتاش دەقی هیچ ڕێککەوتنێک لەو بارەیەوە بەردەست نەکەوتووە، بەڵام ئەوەی بە چاو دەبیندرێت و بۆ ئەوانەشی کە توانای خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی ستراتیژی نوێی دەسەڵاتی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەیان هەیە، دەزانن چی پیلانێک لە ئارادایە.
لەوکاتەوە وڵاتانی تورکیا و ئێران و سووریا و ئێراق بەشێک لە کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان وەلاوە ناوە و کاری لەپێشینەیان یەکخستووە. بە هەماهەنگی و پلانی هاوبەش کار بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەوە دەکەن کە خۆیان ناویان ناوە (مەترسیی کورد) .
لە تورکیا هەر زوو ئەو پانتاییانە بەرتەسککرانەوە کە پێیان وابوو کورد دەتوانێ پێیدا تێپەڕێت. لە سووریا هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان هێشتا کۆسپ و ڕێگرن لە بەردەم ئەوەی بە پیلانێکی هەرێمایەتیی سێقۆڵی (تورکیا، سووریا و ئێران) ئەوەی بۆ کورد ڕەخساوە لەباری ببەن، بەڵام گەلەکۆمە و پیلانەکانیان لە سەری بەردەوامە.
ئەوەی بۆ ئەوان قەڵای قایمی کوردانە و شکاندنی پێویستی بە پلانی وردتر و درێژخایەنتر هەیە، باشووری کوردستانە، چونکە خاوەن قەوارەیەکی دەستووریی و شەرعیەتێکی نێودەوڵەتییە. ئەمەش ئەرکەکەی بۆ ئەوان قوورستر کردووە، پێویستیان بەوەیە ڕایەڵە نێودەوڵەتییەکان ببڕن و شەرعیەتە دەستوورییەکەی لەناوببەن. هەرچەندە لەم بەشەشدا ئێراق لە ڕووی سەربازیی و کردەییەوە لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە دەستی بە پڕۆسەی داگیرکردنەوەی کوردستان کردووەتەوە، بەڵام دەکرێت بگوترێت لە کودەتای پەڕڵەمان بەسەر دەستووردا لە #18-03-2021# ، بە هەمواری نادەستوورییانەی یاسای دادگەی فیدراڵی، زەمینەی بۆ ئەوە ڕەخساندووە بە بەرگ و ڕووپۆشێکی یاساییەوە پڕۆسەی داگیرکارییەکەی برەوپێبدات.
لەدوای هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی فیدراڵی وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسایی و کردنی بە بەشێک لە ئەجێندای هەرێمایەتی و ئامرازی سیاسی لەنێو ململانێ مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ئێراق، لەوکاتەوە بۆ ئێستا هەموو ئەو هەنگاوانەی لە چوارچێوەی ئەو ستراتیجەدا دژ بە کوردستان گیراونەتەبەر، هەوڵیانداوە ڕەوایەتیی یاسایی پێبدرێت و ئەوەشی بۆ داهاتوو لە پلانیاندایە هەر دەیبەنەوە مەتبەخی ئەو دادگایە و لەوێوە دەرخواردی کوردی دەدەن.
لێرەدا ئەوەی مایەی مەترسییە کە هەڕەشەکان لەسەر کوردستان خێراتر و کاریگەرتر دەکات، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە. دوور نییە ئەویش وەک ڕێگەخۆشکەرێک هەر بەشێک بێت لە پیلانە هەرێمایەتییەکە، چونکە لەلایەک خەسڵەتی وڵاتانی داگیرکەر بە و جۆرەیە لە ڕێگەی ناکۆکیی نێوخۆییەوە سەنگەری بەرانبەریان لاواز دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە مێژووی کورد پڕە لەو نموونانەی شەڕی خۆبەخۆ و دەستشکاندنی یەکدی، لە بەردەم دوژمنەکانی بەچۆکیدا هێناون.
ئەو کودەتایەی بەسەر دەستووری ئێراقدا کرا لە هەمواری یاسای دادگەی فیدراڵی لە ئاداری 2021، ئەوەی وایکرد بە ئاسانی بۆ شیعەکان و ئێران بچێتەسەر و بتوانن پێکهاتەی دادگە و دەسەڵاتەکانی بە و جۆرە تێپەڕێنن کە دواجار بتوانن بە ئاسانی دژ بە کورد بەکاری ببەن، ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی بوو. ئێستاش ئەوەی وەک هەڕەشە و مەترسییەکی دیکە چاوەڕوانکراوە لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە بخرێتە سەر کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی، سوودیان لە کێشەکانی نێو هەرێمی کوردستان وەرگرتووە؛ ئەگەر هەرێم لە ناوخۆدا ئەو کێشە و ناکۆکییە سیاسییانەی نەبووایا، سەرباری هەوڵەکانی هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر، بەڵام هەرێم دەیتوانی دڵنیایی ئەوەی هەبێت قەوارەکەی پارێزراو دەبێت.
ئێستا بەهۆی ئەو کێشە سیاسی و ناکۆکی و ناتەباییەی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا هەیە، بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتی وەک دوو کۆڵەکەی حوکمڕانی لە هەردوو زۆنە سیاسییەکەیدا، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بەردەم هەڕەشەی ڕاستەقینەوە. سەرباری ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆیەکی نێودەوڵەتی زادەی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییە و تەنانەت 11 ساڵ پێش ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام و ڕەخساندنی دەرفەتی زێڕین بۆ حوکمی شیعە، هەرێمی کوردستان بوونی هەبووە و لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ کراوە. لە یاسای کاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی ئێراق و لە دەستووری هەمیشەیی ئێراقیشدا وەک هەرێمێکی دانپێدانراو ناسێندراوە. لە ئاستی نێودەوڵەتی ناسراوە و سەرباری بوونی خاڵی لاوازی زۆر لە بوونیادی هەرێمەکە و سیستمە سیاسییەکەیدا، سەرباری بوونی خواستێکی ڕوون و ئاشکرای بەغداش بۆ نەهێشتنی ئەم قەوارە دەستوورییەی کورد، هێشتا ئەگەر لە ناوخۆدا کێشەکانی چارەسەربکات، مەوقیفی بەهێزە لە ئێراق و ناوچەکەش؛ بەڵام پێناچێت مەیلێک هەبێت بۆ گەڕان بەدوای دەروازەیەکدا بۆ ڕزگاربوون لە کێشەکانی. [1]