ناونیشانی بابەت: مەسرەفگەرایی لە بازنەی نۆرمە کۆمەڵایەتییە کۆن و نوێکاندا
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
مەسرەفگەرایی (Consumerism) ئێستە دیاردەیەکی جیهانگیر و بەرفراوانە، ئەگەرچی سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەیی و زیاتریش لە ڕێگەی پەڕتووکی “بیردۆزەی چینی لەشکران” لە نووسینی تورێستن ڤیلان ناسێندرا و بەزۆریش بە دوو واتای گشتیی بەکار دێت؛ یەکەم، وەکوو نەزم و پێکەوەنانێکی کۆمەڵایەتی-ئابووریی پێناسە دەکرێت، کە تێیدا بەرخۆرێتی و مەسرەفکردن بەها و نرخێکی تایبەتی هەیە و ئەنجامنەدانی بەرەبەرە دەبێت بە جۆرێک لە کەمایەسی و عەیبە، لانی کەم لەو کۆمەڵگەیانەی کە دیاردەی چاولێکەری و “من و ئەوکردن” تێیدا هەیە. واتای دووەمی لەناو زانستی ئابووریدا خۆی دەبینێتەوە کە مەسەرف و بەکارهێنان وەکوو کۆڵەکەی ئابووری دەبینێت.
شتێکی حاشاهەڵنەگر ئەمەیە کە مەسرەف و بەکارهێنان، دیاردەیەکی هەموو سەردەمەکان بووه، واتە لەو ڕۆژەی مرۆڤ لەسەر ئەرز هەستی بە ئاتاجی و پێداویستییە ماددییەکان و خۆراک کردووە هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە لە ئەولەوییەتەکانی بووە، بەڵام مەسرەفکردن و بەکارهێنان هەمیشە و لە هەموو سەردەمەکان بە یەک شێوە و ڕادە نەبووە، لە سەردەمانێکدا مرۆڤ هەموو هەوڵی ئەوە بووە کە بژێوی ژیانی پێ پەیدا ببێت و زگی خۆی و منداڵی تێر بکات ئەگەرچی ناکرێت، ئەمە لەژێر ناوی مەسرەف بەکار بهێنین و زیاتر وەکوو پێداویستییەکی ژیان و بەردەوامبوونی کۆمەڵگە و زیندووبوون و مانەوەی مرۆڤ بووه، بەڵام دەکرێت بڵێین لە شێوازە سەرەتاییەکانی مەسرەف و بەکارهێنان بووە واتە بەگشتیی دەتوانین لە سۆنگەی ڕەچەڵەکناسی و مێژووناسیی مەسرەفەوە دوو شێوە مەسرەفکردن پێناسە بکەین: یەکەم، ئەو بەکارهێنان و مەسرەفەی کە لە پێداویستییە ژیانەکی و مادی و ڕۆژانەییەکانی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرن و سیستەمی کلاسیک و کۆنی پێشکەشکردن و داواکردنی بازاڕ لەو بازنەیەدا، پێداوسیتییە مەسرەفییەکان بەرهەم دێنێت و چەرخی ڕۆژگار دەسووڕێت، ڕاستە لە سەردەمە کۆنەکاندا هەژاری و برسێتی زۆر زیاتر و زاڵتر بووە، ئەو جۆرە لە مەسرەف و بەکارهێنان تەنیا تیشکێکی سەرەتایی ئەم دۆخەی پاش شۆڕشی پیشەیین کە ئێستە هاتووەتە ئاراوە.
مەسرەفکردن بە مانای کلاسیکی و کۆن تەنیا بەڕێکردنی ژیانە بە هەموو تەنگ و چەڵەمە و ئازارەکانییەوە و پێدەچێت هۆکارێک کە زۆربەی کۆمەڵگە کۆنەکان و پێش مۆدێڕنەکان وا بەشێوەی جۆراوجۆر و جیاواز مەعنەوی و ئیماندار بوونە هەر لە چەند خودا پەرەستییەوە بگرە تاکوو توتەم پەرەستی و دواتر تاقانە پەرەستی دینە تەوحیدییەکان، لەمە سەرچاوەی گرتبێت چون لەو قۆناغەدا هەست بە مەترسیکردن لەسەر ژیان بەهۆی هەژاری و برسێتییەوە یەکێک بووە لە ترسە هەرە گەورەکان و هەر بۆیە چەمکی “قەناعەت” و “ڕزق و ڕۆزی لای خودایە”، لەدایک دەبن و بەشێوەی جۆراوجۆر لە زەینییەتی پێشمۆدێڕندا بەرهەم هێنراوەتەوە. مانای دووەمی مەسرەف زۆر جیاوازە لەوەی یەکەم و لە قۆناغی مۆدێڕنیزم و شۆڕشی پیشەسازییەوە هەڵدەقوڵێت، کە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی سرووشت لەلایەن مرۆڤە سامانێکی زۆر و وزەیەکی لەبن نەهاتوو کەوتە دەستی مرۆڤی ڕۆژاوایی و بەمەش بەرهەمهێنان لە ئاستێکی پێوانەیی زیادی کرد و کاڵا و شتومەک و خواردن زیاتر لە ئاستی داواکارییەکان خرایە ڕوو و لەڕووی چەندایەتیی و ڕێژەوە ترسی قات و قڕی و برسێتی بە نیسبەت جیهانی پێشمۆدێڕن، ئەگەر نەڵێین نەما ئەوا زۆر دابەزی، ئەمە لێرەدا زیاتر مەبەستمان وڵاتانی ڕۆژاوا و ئەمریکایە ئەگینا لە ئەفریقا و بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و هەندێک لە وڵاتە موسڵمانەکانی ڕۆژهەڵات وەکوو ئەفغانستان هێشتا برسێتی و هەژاریی لە چڵە پۆپەی خۆیدایە. کاتێک بەرهەمهێنان بەهۆی مەکینەی پیشەسازیی ئەورووپی و مۆدێڕنیزمی سەرەڕۆی ڕۆژاوایی گەشەیەکی یەکجار زۆری کرد، بیناسازیی، کارگەکانی بەرهەمهێنانی ترۆمبێل و کارگەکانی تایبەت بە ئامێرە تەکنەلۆژییەکان و هەر دیاردە و دەرکەوتەیەک کە ئێمە وێنای دەکەین بەر ئەم شەپۆلە کەوت، بۆ نموونە لە خواردەمەنییەکی وەکوو ماسیدا ئێستە لە بازاڕێکی ئەمریکادا سەدان جۆر ماسی بە سەدان جۆر لێنان و درووستکردن بەردەستە، ئەمە بۆ جۆرەکانی بیرە و ویسکی و شەراب و هەزاران کاڵای دیکەیش هەر ڕاستە.
بەڵام ئەم بابەتە تەنیا لە خواردن و خواردنەوەدا کوورت ناکرێتەوه، بەڵکوو لە جلوبەرگ و بەکارهێنانی ئامرازەکانی مەکیاجکردن و تەنانەت لە بەرهەمهێنانی حەز وئارەزوو و لایەنە دەروونییەکانی مرۆڤیشدا چالاکانە ئیشیبەرهەمهێنان کراوە و دەکرێت، ئەم ڕەوڕەوە لە ڕۆژاوادا ڕێگە و ڕێچکەی خۆی دەپێوێت و پێواوە و بە هەمان ڕادە کە بەرهەمهێنانی سەرەڕۆ و زێدەڕۆیانە و مەسرەفگەرێتی ڕەشۆداماڵراو هەیە دوو هێندەش دامەزراوەکانی وشیارکردنەوە و ژینگەپارێز و ڕەوتە سەوزەکان و…هتد. جۆرێک ئالنگارییان بۆ مەسرەفگەرێتی درووست کردووە سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانە سەدان پەڕتووک و وتاری زانستی و ڕۆشنبیری لە ئاستی زانکۆیی و دەرەوەی زانکۆدا بۆ ڕەخنەگرتن لە دیاردەی مەسرەفگەرێتی و سیستەمی سەرمایەداریی ئاڕاستە دەکرێت.
بەڵام وەکوو هەموو دیاردەیەکی دیکەی ڕۆژاوایی کە دێتە زەمینە و بەستێنە ڕۆژهەڵاتییەکەی ئاڕاستە و ڕێڕەوی دیکە وەردەگرێت، بۆ نموونە ئەگەرچی ڕۆژاوا خۆی سەرچاوەی مەسرەفگەرێتی بووە و پەرەپێدەریشی بووە و بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیستەمیی گشتیی بەڕێوەبردنی ئابووری و سیاسیش هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەم مەسرەفگەرێتییە لە ئاستی هاوسەرگیری یان ژیان پێکەوە نان خۆی نیشان نادات، ڕەنگە لە خواردن و خواردنەوە و گەشت و جلوبەرگیش دەرکەوێت، بەڵام بە دەگمەن لەوێ کچێک بۆ هاوسەرگیریی ئەڵقەیەک زیاتر هەڵگرێت، بەڵام ئێمە لە کوردستان ئەزموونێکی دیکەمان هەیە. هەر لە ماوەی یەک مانگی پێشوو لە هەواڵەکاندا خوێندمانەوە کە کچێک لە بادینان حەوت کیلۆ زێڕی بۆ کراوە و وێنەکانیشان بلاو کردبووەوە، ئەم جۆرە لە مەسرەفگەرێتی نە سیاق و شێوە پێشمۆدێڕن و بەدەوییەکەی مەسرەفگەرێتییە و نە سیاق و شیوە مۆدێڕن و ناتەندرووستەکەی مەسرفەگەرێتیشیە لە ڕۆژاوا، بەڵکوو دیاردەیەکی تیکەڵاو و پێکەوە ناوی ڕۆژهەڵاتییە کە لە ئامیان و هەوێنی نەریت و ئایین خۆی دەبینێتەوە و بیچم وەردەگرێت.
واتە ئێمە لە لایەک هەم ئێمە گێڕانەوەی ئایینیمان هەیە کە حەز و ئارەزوو و پێویستیی زێڕ بۆ ئافرەت دەگێڕێتەوە و هەم شتێکمان هەیە کە تەعبیر لە سومعە و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان دەکات لە کولتووری کوردیدا و لە لایەکی دیکەش لە سیستەمێکی مۆدێڕنی ئابووریی سەرمایەدارانەی بۆ بەدەستخستنی پارە کەڵک وەردەگرین ئەمە وا دەکات مەسرەفگەرێتی بە ئاڕاستەیەکی نادرووست خەرمانەیەکی مەعنەوەیی لە ئایین و نەریت بە دەوردا بکێشرێت، لە حاڵێکدا شتەکە بە تەواوەتی مادیانە و کاڵاگەرایانەیە و تەنیا لە ئارەزووی مەسرەفگەرێتییەوە دێت. لەم ئاستەدا مەسرفەگەریتی تەعبیریشە لە چیژ و فەخر و سەرووتربوونی چین و پلەیەکی کۆمەڵایەتی لە چین و پلەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی واتە ئەم مەسرەفگەرێتییە مانیفێستکردن و ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و فەخرئامێزی پلەیەکی دەستڕۆیشتووە بەبەهاگەلی درەوشاوەی وەکوو زێڕی زۆر و زەبەندی 21 و 24 عەیارەوە و ئەمەش خۆی بەدواداهاتانێکی نەخوازراو و حەتمیی لێ دەکەوێتەوە، ئێمە ئێستە دەبینین بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان تەمەنیان گەنجە بە کوڕ و کچەوە و توانای پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیرییان نییە و هەر بۆیەش هیوایان ڕەنگە لە کەمترین ئاستدا بێت بۆ ژیان و داهاتوو.
بەڵام ئەمانە واتە ئەو نموونەیەی بادینان کە باسم کرد کە بە ڕۆژی ڕووناک و بە و بەها زێڕینانەیانەوە! دەردەکەوەن ئەم تاقم و چینە گەورەیە هەست بە نابەرابەری و ستەملێکراوییەکی زۆر دەکەن و مەترسیی و هاوکات هەلی ختووکەدانی ڕۆحی شۆڕش دژی ئەم چینە دێنیتە ئاراوە. بۆیە مەسرەفگەرایی بەم شێوەیەی کە لە کوردستان و لە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانییدا بووە بەبەهایەکی زاڵ و بەداخەوە خەریکیشە پەرە دەستێنیت، دەکرێت وەکوو یەکێک لە میکانیزم و هۆکارەکانی تێکدانی ئاسایسی کۆمەڵایەتی و بەگوێرەی ئەوەیش سیاسیی کوردستان ناوی ببەین. ئەم دەرکەوتانە پیشان دەدەن کە ئەگەرچی ئێمە خۆمان وەکوو کۆمەڵگەیەکی زۆرینە موسڵمان و ئەهلی مەعنەویات دەزانین، بەڵام بەهاکانمان تەواو مادین و لە ناو دونیایەکی مادیدا گیرمان خواردووە، بەپێی شەریعەتی ئیسلام کچ و کوڕێک لە یەکدی مارە دەکرێن بەڵام بەپێی بەهاگەلێکی نادادپەروەرانە و زاڵمانە ئالیات و ئامرازە مادییەکانی پڕۆسەکە دابین دەکرێت، ئەمەش دژوازییەکانی کۆمەڵگەیەکە کە پلانە سیاسییەکان نەیهێشتووە بەڕادەی پێویست چاو بکاتەوە و نەخشەڕێگەی شیاو بۆ بەرەوپێشبردنی خۆی دابنێت.
ڕێگەچارەی ئاوەها دیاردەیەکی گشتگیر یان وەک دەڵێن دیاردەیەکی سەرچاوە و دایک تەنیا پەروەردەیەکی خێزانیی و مرۆڤانە و ئەمڕۆییە، پەروەردەیەک کە مرۆڤەکان تێیدا تەنیاوتەنیا خۆیان وەکوو بوونەوەرێکی عەنتیکە و دانسقە چاو لێ نەکەن، بەڵکوو لە ناو پانتاییەکی گشتگیرتر بە ناوی کۆمەڵگە و بەهاکانییدا خۆیان ببیننەوە تاکوو هەر هەنگاوێک هەڵدەگیرێت و هەر کارێک کە دەیکەن وەکوو ئەکتێکی کۆمەڵایەتی و دەرکەوتەیەکی گشتیی چاوی لێ بکرێت و خەسار و لێکەوتە و پێشهاتەکانی دیار بێت. [1]