ناونیشانی بابەت: بازنەی دووبارەبوونەوەی کارەسات
ئامادەکردن: #سپێدە ساڵحی#
=KTML_Bold=هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا:=KTML_End=
وەک دەزانین؛ ئەمە یەکەمجار نییە و دواجاریش نییە کە ئێمە بە ناوی نامووس و شەرەف، یان پێشگریکردن لە دەرکەوتنی ژن لە کۆمەڵگە نەرێتییەکان لە پانتایی گشتیدا لەگەڵ ئەم دیاردەیە ڕووبەڕوو دەبینەوە، دۆخی ژنانی کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستێکی ترسناک و مەترسیدار دایه، ئەمەش نەک تەنیا بەهۆی کوشتن و قووتنەچوونیان لەلایەن کۆمەڵگەی نەرێتی و پیاوسالارەوه، بەڵکوو لە پڕۆسەی بەئامێرکردنی و کاڵاسازیشدا لە ناو میدیا و پانتای گشتی بازاڕدا دەیبینین و، ئەمە زەقکەرەوەی ئەو لایەنە لە مۆدێڕنیتەی ئامێریانە و عەقڵی چەوسێنەری ڕۆژهەڵاتییە کە مۆدێڕنیته، وەکوو کڵاوڕۆژنەی جێبەجێکردنی خواست و ئارەزووە دەروونییەکانی دەبینێت، واته؛ دیوی دیکەی هەمان نەرێتپەرەستی و نامووستەوەری و موڵکداریکردنی ژنان، بۆ سەرنج لەسەر ئەم بابەتە ئێمە پێویستمان بە لێکۆڵینەوەی ورد و بابەتیانە هەیە لە بوارگەلی
جۆراوجۆردا، یەکێک لەوانە بواری دەروونناسی کۆمەڵایەتییه، کە ئەو بەرچاو ڕوونییە دەدات بە ئێمە تاکوو پێکهات و ماهییەت و ناوەرۆکی پەیوەندی (ژن و پیاو) لە کۆمەڵگەیەکی نەرێتی بەر مۆدێرنیتەکەوتوو ببینین و بنج و بناوانی بکۆڵینەوە و، هەم فۆرمی پەیوەندییەکەمان بۆ دەرکەوێت و، هەمیش لۆسە و، پاڵنەرە دەروونییەکانی ئەو کولتووره، کە تێڕوانین و ئاکاری (پیاو و ژن) بە نیسبەت یەکدییەوە ئاڕاستە دەکەن، بۆ ئاشکرا ببێت. بێگومان ئەدەب وەکوو پانتاییەکی بەرین و ئازاد بۆ گێڕانەوە و ڕەنگدانەوەی ئەم هۆکارانە ڕۆڵێکی ڕوونکەرەوە و ڕۆشنگەرانە دەگێڕێت و، ئەو شتەی شیکاریی کۆمەڵایەتی و دەروونیش بە دەگمەن خۆیانی لە قەرە دەدەن، لە ڕێگەی گێڕانەوە و نواندنەوەی شێوەژیانی مرۆڤەکان لە بەستێنێکی دراماتیک و نیشانەییدا دەیخاتە ڕوو. لێرەدا بۆ پەرژانە سەر ئەم بابەتە ڕۆمانی “گرەوەی بەختی هەڵاڵه”ی نووسەر و وەرگێڕ “عەتا نەهایی” هەڵدەکۆڵین و بێ بەختی و، بە بەختیی چارەنووسی ژن و دووپاتبوونەوەی ئەو دۆخە کارەساتاوییە لە ڕوانینێکی دەروونناسانەوە و، لە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییانەی ناو ڕۆمانەکە و، نێوان کارئەکتەرەکان باس دەکەین. بۆ ئەم باسە لە چەمکەکانی دەروونناسی “یۆنگ” بۆ شیکردنەوەی پێکهاتی زمانی و گێڕانەوەیی ڕۆمانەکە و فۆرمی گێڕانەوە (لە ڕێگەی بەیتە کوردییەکان) کەڵک وەردەگرین تاکوو بنج و بناوان و ڕەگوڕیشەی تێڕوانین و ئارەزوو و، ئاکارەکانی پیاو و ژنی کورد کە لە زمانیشدا بە تۆخی ڕەنگی داوەتەوە، هەڵسەنگێنین. بۆ ئەمەش پێویستە کۆنەچەشن (archetype) ەکان و ئەو ئاکارە لەمێژینانەیەی کە لە دەروون و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی تاکەکاندا شکڵی گرتووە و ئێستە بزوێنەری خواست و ئارەزوو و بڕیارەکانێتی، شیبکرێتەوە.
=KTML_Bold=پوختەی ڕووداوی کارەسات و ڕەنگدانەوەی زمانیی لە دەقی ڕۆمانەکەدا=KTML_End=
=KTML_Underline=هەڵە یان هەڵاڵە؟=KTML_End=
لە هەموو ڕۆمانەکەدا؛ لە دیالۆگەکانی نێوان (هەڵاڵە و سەعید) دا بە شوێن ئەوە داین، بزانین ئایا هەڵاڵە بە هەڵە دەچێت یان ئەوە بە تەنیا بیروڕای “شێرزاد“ە کە لە کەسایەتی خۆ-کەمبین و…، ئەو وەکوو پیاوێکی نەرێتی کە ئێستە لە شوێنێکی مۆدێڕنی وەکوو سوید دەژی، سەرچاوە دەگرێت، یان بە ڕاستی لادان و یاخیبوون لەو کولتوور و سونەتەیە ژنانی کورد بە هەڵە دەبات؟ هەڵاڵە دەلالەت لە چی دەکات؟ کام لایەنی ئەم کەسایەتییە دەردەخات؟ باوکی بەخۆشەویستییەوە پێی دەڵێ؛ هەڵە گیان، بەڵام ڕوانینی نووسەر و هەروەها خوێنەر بۆ ئەم کەسایەتییە چۆنە؟ نووسەر گومانی بە هەڵەچوونی “هەڵاڵە“ دەخاتە ناو زەینی خوێنەر، تا بزانین بە ڕاستی “هەڵاڵە“ خەیانەت دەکات یان ئەو نەرێت و سونەتە کە بە سەری ژنی کوردا زاڵە، ئەم گومانە درووست دەکات و یان تەنیا یاخیبوون لەو نەرێت و پیاوسالارییە و بە شوێن تاکێتی و شوناسی خۆداچوونەیە ئەم هاوکێشەیەی گومان-خەیانەت (هەڵە-هەڵاڵە) درووست دەبێت. لەم ڕۆمانەدا؛ نووسەر چارەنووسی هەڵاڵە لە ململانێی دوو بەیت کە لێرەدا ڕۆڵیان لە فۆرم و قەوارەی کۆنەچەشن (archetype) دا پیشان دەدات، دەگێڕێتەوە. کۆنەچەشن یان بەیتی “برایمۆک“ لە کولتووری کوردی و کۆنەچەشن یان بەیتی خاتوو کڵاوزێڕ و میرخوناوک. کۆنەچەشن چییە؟ داخوازێکی دەروونی و ویستە ناوا “غەریزەی-یانەیه“ کە لە ڕێگەی هەستەوەرییەوە وەردەگیرێت. واتە؛ بە زمانێکی دیکە ئوستوورەیەکی پاڵەوانییە و کەسایەتی پاڵەوانی ناو کۆنەچەشن (بەیت) ڕەهەندێکی مێژوویی و دیرۆکییان هەیە. بە دەربڕێنێکی سادە؛ سەرهەڵدان و دەرکەوتن و فیچقەکردنی ویستەناو و غەریزەکان، واتە کۆنەچەشن. هێزی کۆنەچەشن کاریگەرییەکی یەکلاکەروەی هەیە و بنج و بێخێکی قووڵ لە دەروونی مرۆڤدا دادەکوتێت و مێژووی بیچمگرتن و گەشە و باڵاکردنی خۆی هەیە. کۆنەچەشن دەیەوێت دەریبخات پاڵنەر و خواست و ئارەزووەکانی مرۆڤ ئەگەرچی لە ڕواڵەت و وردەکاریدا جیاوازن، بەڵام لە هەناو و بنەڕەتدا کرۆک و جەوهەری خۆیان دەپارێزن و، ئاکار و، هەڵسوکەوتی مرۆڤ ئاڕاستە دەکەن.
“هەڵاڵە“ لەنێو کولتوورێکی پیاوسالارانەدا گەورە دەبێت، ئەو کولتوورەی کە باوکی یاسای بۆ دادەنێت و بەو شێوەیەی کە خۆی حەز دەکات “هەڵاڵە“ پەروەردە دەکات. لە جلوبەرگپۆشان تا قسەکردن و بۆ چیا، بۆ ناوی حزب چوون و شەڕ کردن و… وە ئەمەش بە شێوەی توخمی نێرینە (Animus) لە ئارەزووی هەڵاڵەدا لە ناوشیاریدا لە باوکییەوە سەرچاوە دەگرێت و باوکی لە ڕێگەی ئەو توخمە نێرینەییەوە بڕوا و باوەڕەکانی پراکتیزە دەکاتەوە کە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە واقیعی جیهانی ژن و مێینە (Anima) ییەوە نییە. دەبینین هەر لە منداڵییەوە زەینی نا-وشیاری هەڵالە بە شێوەی پێش وشیاری (prognosis) بۆ ئەم بابەتە پەرچەکرداری دەبێت و لە عوسەڕەش (پیاوێکی شێت) دەترسێت و زەینی نا-وشیاری لەو کارەسات و ڕووداوەی لە ژیانیدا پێش دێت، وشیار و ئاگای دەکاتەوە. بەو شێوەیەی کە “یۆنگ“ دەیڵێت؛ توخمی نێرینە دەتوانێت بۆ ژن وەکوو ئەهریمەنی مەرگ بێت. ئەو توخمەی کە هەڵاڵە لێی یاخی دەبێت و ئەیەوێت لەپاڵی برایمۆک (کۆنەچەشنی ڕۆمانتیکی کوردی) فەردییەت و شوناسی خۆی بەدەست بێنێت. برایمۆک کە ماف و دەروونی هەڵالە دەناسێت و ڕێزی بۆ دەگرێت ژیانی هەڵاڵە دەکاتە مۆسیقایەک و بە فلووتەکەی دەیژەنێت. بەڵام ئەم کۆنەچەشنە ڕۆمانتیکە لەنێوان ململانێی کۆنەچەشنی میر “خوناوک“ و خاتوو “کڵاوزێڕ“ دادەنرێت کە نموونە و نیشانەی ئەم کۆنەچەشنە “حەمەڕەشید“ ئاغایە کە (شێرزادیش سێبەری نێگەتیڤی ئەوە و، ئارەزووی و، خواستێکی وێرانکەرانەی هەیە و، بەو شێوەیە کە “حەمەڕەشید“ ئاغا ئەوی قبووڵە و ڕێزی دەگرێت بەڵام “شیرزاد“ ئەو ڕەت دەکاتەوە و بە “هەڵاڵە“ دەڵێت باوکت ئابڕووی لە کوێیە؟ پیاوێکی مەیخۆری، مێباز و…..) لێرەدا پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاو چارەنووس و ژیانی ژنی کورد ڕەقەم دەدات، ئەو چارەنووسەی کە باوکی “هەڵاڵە“ بۆی ساز دەکات. گرەوێک کە لەگەڵ “هەڵاڵە“ لەسەر خۆشەویستی “برایمۆک“ دەیبەستێت. گرەوێک کە دەکرا بەختی “هەڵاڵە“ بە تاکێتی و شوناسی لەم ژیانەدا گرێبدات و بەرەو ڕووباری خوێنی مەرگی نەبات. گرەوێک کە “هەڵاڵە“ دەیباتەوە، بەڵام لەبەرانبەر کولتوور و پیاوسالاریدا دێتە چۆکا. لەبەرانبەر یاسای پیاو کە تاکێتی و ژیانی ژن لەژێر هەیمەنە و سێبەری ئەودا دیاریدەکرێت. هەڵالە، خاتوو کڵاوزێر و ڕەعنا خەڵاتی پیاون، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت لەو یاسای پیاوسالارانە لا بدەن و یاخی بن. ئەوان خەڵاتێکن کە لە شەڕدا بە پیاو دەدرێن. خاتوو “کڵاوزێڕ“ خەڵاتی میرخوناوک-ە لە شەڕی دێوەکاندا. ڕەعناش خەڵاتی حەمەڕەشید ئاغایە.
حەقایەتی میر“خوناوک“ و خاتوو “کڵاوزێڕ“ لە بە سەرهاتی شێرزاد-دا ڕەنگدەداتەوە. شێرزاد دەچێت بۆ چیا لەپێناو باوکی هەڵاڵە شەڕ دەکات، وەک خەڵاتێک هەڵاڵە لە حەمەڕەشید ئاغا وەردەگرێت. حەمەڕەشید ئاغا سیناریۆیەکی بۆ ساز دەکات و بەم شێوەیە هەڵاڵە دەبێتە قوربانی. هەڵاڵە کە بە دوای شوناس و تاکایەتی خۆیەتی، بە پێکهاتێکی دەروونیی جیاوازەوە، کە بە ئاڕاستەی بەدەستهێنانی نا-وشیارێکی جیاوازەوە دەجمێت، لە سێ سیناریۆی جیاوازی ناو ڕۆمانەکەدا بەشداری دەکات. دوو سیناریۆی سەرەتا بە شیوەی هونەری و نواندنەوە دەخرێنە ڕوو ، سیناریۆی کۆتاییش واقیعی چارەنووسی هەڵاڵە و گرەوی ژیانێتی. یەکێکیان؛ شانۆگەری لەگەڵ “کەمال“ یان “جەماڵ“ە کە دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی منداڵی هەڵاڵە، کەماڵ یان جەماڵ لە شانۆگەرییەکەدا ئەبێت بمرێت و کاتێک هەڵاڵە دەچێتە سەری کەماڵ داوای ماچێکی لێ دەکات و هەڵاڵە-ش زلەیەکی لێدەدا، ئەمە شانۆگەری یەکەمە کە مەرگ لە بەردەمیدا بۆسەی کردووە. دووەمین شانۆگەری؛ لە شاخە کە هەڵاڵە دەوری ژاندرک دەگێڕێ. ژاندارک؛ خاتوون “ئورلئان“ قارەمانی نەتەوەیی فەرانسە لە دەیەی چوارمی سەدەی پانزە کە بۆ ڕزگاریی وڵاتەکەی لەژێر پۆستاڵی ئینگلیزییە کۆلۆنیالیستەکاندا خەبات دەکات و، لەم شانۆگەرییەدا کڵێسا بڕیاری سووتاندنی داوە و، هەم دیسان لەگەڵ مەرگدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. شانۆگەری سێیەم؛ ئەو سێناریۆیە یە کە “حەمەڕەشید“ ئاغای باوکی بۆی ساز دەکات، واتە؛ ئەو پیاوەی کە لە ژیانی شەخسی خۆیدا شکستخواردوو، ناکارامە و، خۆ-پەرستە و، هەرگیز ناتوانێت وەک خەباتگێڕێک بێت، کە بۆ ڕزگاری وڵاتەکەی خەبات دەکات و هێمای ناوەکەی “حەمەڕەشید“ ئاغا ڕەخنەیەکە، کە هیچ دلێری و بووێرییەکی تێدا نییە، بەڵکوو پڕە لە سێبەری نەرێنی و نێگەتیڤ لە دەروون و کە سایەتیدا، لێرەدا “هەڵاڵە“ گرەوەکە لە باوکی دەباتەوە، بەڵام “برایمۆک“ واتە؛ ئەو کۆنەچەشنە ڕۆمانتیکە لە کیسدەدات و پاشان گیانی خۆی کە دەبێتە قوربانی سیناریۆکەی باوکی. بردنی گرەوەکە دەووری ئافرەتی شانۆگەرییەکە سێ مەرگ دێنێتە پێش ژیانی هەڵاڵە-وە لە شانۆگەری سێیەمدا بە خەنجەرێک کە ڕەمز و هێمایەکە لە سیستەمێکی پیاوسالارانە لە ڕێگەی باوکی هەڵاڵەوە ئەگات بە شێرزاد لە سوید و لەگەڵیدا دەمێنێتەوە. شێرزاد ناتوانێت خۆی لەگەڵ سیستەمی ئەخلاقی و کولتووری “سوید“دا بگونجێنێت. یاسای شێرزاد، یاسای باوکی هەڵاڵەیە کە لەگەڵ خۆیدا هاوردوویە بۆ سوید، یاسای شەڕی شاخەکان کە خەڵاتەکەی ژنە و، ئەم ژنە ئەبێت بە پێی ئەو فەرهەنگ و ئەخلاقەی کە هەیە بژی، ئەگینا وەک “هەڵاڵە“ ژیانی لە دەس دەدات، بەو خەنجەرەی کە زەینی پیاوسالارانە سازی کردووە، وەک خاچێک بە شوێنی خۆماندا ئەیکێشین و لێی دەدرێین، خەنجەر کە هێمای توندوتیژیی بنەمایی و دەروونی و پیاوسالارییە. بەو شێوەی کە “یۆنگ“ دەڵێت:- ئەو ئامرازنەی کە کەڵکیان لێوەردەگرین (لێرەدا خەنجەر) خوخدە و ئاکاری ئێمە وەردەگرن و ڕۆحی ئێمە داگیریاندەکات و بە و ڕۆحییەتەوە چالاکیان دەکات و، ئەم ڕۆحە کە دەچیتە ناو ئاسن و پۆڵا و ئامێر و شتومەکەوە بە “نا-وشیاری“ ناوزەد دەکرێت. وە ئەم خەنجەرە خەڵات، دیاری و، نا-وشیاری باو باپیری “حەمەڕەشید“ ئاغایە لەبەر خەباتێک کە لە حزبدا کردوویەتی.
ڕۆمان پێکهاتێکی ئاڵقەیی هەیە. لە شوێنێکدا تەواو ئەبێ کە دەسپێکراوە. هەر بەو شێوەیەی کە لە چارەنووسی کەسایەتییەکانیشدا (هەڵاڵە و دایکی) ئەم پێکهاتی ئەڵقەییە هەیە و، وەک نا-وشیارییەکی دەستەجەمعی لە دۆخی دەروونی سەعادەت و ڕەعنا دەردەکەوێت، کە هەموویان یەک بیرو و هەست و داواکارییان هەیە لە ژیان. ئەو کارەساتەی کە لە ژیانی سەعادەت خانمی دایکی “هەڵاڵە“ دا دەسپێدەکات. سەعادەت کە لە ژیانیدا هەر خۆشی نەبینیوە و ناوەکەی تەنزێکە لە ژیانی، کە هومای سەعادەت، سێبەری نزمی پیاوێکە کە نییە و دێت و دەڕوات و بۆ ماوەیەکیش لە سەری “ڕەعنا“ دەنیشێت و ئەبێتە ڕەنج و نا-خۆشی بۆ ژیانی سەعادەت خانم. ئەم دۆخە لە ژیانی “هەڵاڵەدا“ دەگاتە ترۆپک و لە مەرگیدا تەواو دەبێت. حەقایەتی ئەڵقەیی ژنی کورد لە دایکەوە بۆ کچ و … و بەو شێوەیەی کە خودی هەڵاڵە لە بەراوردی ژیانی کارەساتاوی خۆی لەگەڵ دایکیدا ئەم خاڵەی بۆ دەردەکەوێت کە ئەویش وەک دایکی هەموو کات لە ستەمی شوو، بە گریان دەگاتە هێمنی، دوای تەواوبوونی ڕۆمانەکە خوێنەر ئەگەڕێتەوە بۆ ئەم پرسیارە؛ کە بۆچی نووسەر نیشانە و وشەی “هەڵە“ی بە کار هێناوە و ئایا هەڵاڵە لەم بە شوێن شوناس و نا-وشیارچوونەدا بەهەڵە چووە، ئایا پەیوەندی لەگەڵ “دوکتۆر سەعید“ بووە بەهۆی کارەساتی لە دەسدانی ژیانی؟ ئێمە لە دیالۆگێک لەنێوان “حەمەڕەشید“ ئاغا و “مەجید“ی برای هەڵاڵە پاش کارەساتەکە و مردنی هەڵاڵە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە. حەمەڕەشید“ ئاغا لەم پەیوەندییەدا مەجید بەتاوانبار دەزانێت و دەڵێ؛ بۆ لەبەرانبەر خۆیشکەت هەستی بەرپرسیارییەتیت نەبووە؟ بۆچی پشتگیریت نەکردووە؟ بۆچی بۆ چاککردنی پێوەندی شێرزاد و هەڵاڵە کارێکت نەکردووە؟ وە بێ ئەوەی بزانێت کە پێوەندی نێوان هەڵاڵە و دوکتۆر سەعید تەنیا پێوەندیەکی قوتابی -مامۆستایانە بووە و، “دوکتۆر سەعید“ وەک یاریدەرێک بووە بۆ هەڵاڵە، بە قێزەونترین دەربڕین ناوی دێنێت و “مەجید“ لە وەڵامیا دەڵێت؛ هەڵاڵە و شێرزاد هیچ کاتێک ژیانێکی ئارامیان نەبووە. من وەک تۆ بیر ناکەمەوە. دوکتۆر تاوانبار نییە. لە شوێنێ تردا سەرچاوەی ئەم کارەساتە بەتەواوی ڕوون دەکاتەوە و بە “دوکتۆر سەعید“ دەڵێت؛ ئایا دەتوانین خەبەری ئەم جینایەت و تاوانە بەدرۆ بخەینەوە؟ دەتوانین فەرهەنگی پیاوسالارانەی خۆمان ئینکار کەین؟ ئەم کولتوورە ئەبێت ڕیسوا بێت دوکتۆر گیان… هەڵاڵەی خۆیشکم قوربانی ئەم کولتوورەیە. [1]