ناونیشانی بابەت: زمانی کوردی و مەترسییەکانی لەناوچوون
ئامادەکردن: #ڕۆژیار خاڵە حەسۆ#
باسکردنی زمان بابەتێکی فراوان و گرینگە، ناتوانین لە پارچە نووسینێکدا بەرجەستەی بکەین. زمانی کوردیش ھێندە فراوانە قل و بەش و زاراوەی زۆری لێ دەبێتەوە، بە ھۆی ئەو دەوڵەمەندییەی لە زاراوەکانی وەک (لوڕی، ھەورامی، زازاکی، کرمانجی خواروو و سەروو) ھەیەتی. بۆ ئەوەی بە تەواوی باسی بکەین پێویستمان بە چەند بەشێک یان چەند پەڕتووکێکە، تەنیا لێرە چەند خاڵێکی کوورت و گرینگ باس دەکەم:-
بێگومان زمانی کوردی دەتوانین وەک باشترین زمان بیخەینە بەر باس، چونکە زمانی کوردی زمانێکی مێژوویی و ڕەسەن و فراوانە، کە ھاوتای وشە سۆمەرییەکان تا ئێستاش لەو زمانەدا دەردەکەوێت بەڵگەش بۆ ئەوە لە پەڕتووکەکەی “#سۆران# حەمە ڕەش” (کورد کێیە؟) زانیاری ورد لە بارەی وشە سۆمەرییەکان دەدات و ھاوتاکەی ڕوون کردووەتەوە، یەکێک لەو وشانەی باسی دەکات تا ئێستاش لە ناو ئێمە دا بەکار دێت وشەی (#گەرمیان#) ە، گەرمیان “وشەیەکە ئێستا بۆ ئەو ناوچانە بەکاردێت کە دەکەونە باشووری ھەرێمی کوردستان، لەو سەردەمەش ھەمان وشە بۆ ھەمان مەبەست بە کارھاتووە کە شوێنەکە گەرمتر بووە لە ناوچە شاخاوییەکان” لە پەڕتووکە نوێیەکەی “سۆران حەمە ڕەش”دا بە ناوی (مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد) دەگوترێ سۆمەرییەکان یەکەم نووسینیان لە مێژوودا داھێناوە، لێکۆلەران پێیان وایە بە زمانێکی نا پەیوەست دادەنرێت گوایە نزیکەی 4000ساڵ وەک زمانێکی ئاخاوتن نەماوە بۆیە لەم پەڕتووکەدا ڕوونکردنەوە و نموونەی وشەی زۆری تێدایە، باس لەوە دەکات زمانی سۆمەری لە ڕاستیدا نەمردووە و نا پەیوەست نییە، بەڵکوو لە شێوە نوێیەکەی وەک کوردی نوێ بەردەوام بووە. لە وتارێکی ڕۆشنبیر و زمان ناسی دیاری کورد (عیرفان مستەفا) باس لە گرینگی گەشە کردنی زمانی کوردی دەکات، پێی وایە زمان کاتێک ستاندارد دەکرێت گەشە سرووشتییەکەی لە دەست دەدات و بە زمانێکی مردوو دادەنرێت، بەڵام کاتێک زمان بە پێی سەردەم وەک زمانی کوردی گەشەی بەرچاو بە خۆی دەبینێت وەک زمانێکی زیندوو دەوڵەمەند دەبێت .
ئەمە و چەندان بۆچوونی گرنگ لەسەر ئەو زمانە ھەن کە گرنگی و دەوڵەمەندی ئەو زمانە دەخەنە بەر باس، بەڵام کۆمەڵێک کێشە لەم سەردەمەی ڕواڵەت خوازییە ھەن، ڕێ لەم بۆچوونە دەگرن و زمانی کوردی دەخەنە ناو چوارچێوەیەکی خزمەت نەکراوی دواکەوتوو! ئەم شێوازە بینینەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکبوونی شارستانییەت و زمانەکان، کە لە دوای مۆدێرنەوە ژیان و ویستی مرۆڤەکان بە ھۆی ئایدیا نوێیەکانەوە یەکبوونی خواستووە، بەم یەکبوونەش زۆرێک لە زمانەکان مەترسی لەناوچوونیان ھەیە و پێشبینی بۆ ئەوە کراوە یەکێک لەوانە زمانی کوردییە، کە پێم وایە تاکە زمانە لە دوای زیاتر لە ھەشت ھەزار ساڵ وەکوو خۆی و بە تۆزێک گۆڕانکاری سەردەمیی مابێتەوە. پێشتریش چەندین زمان ھەبوونە و ئێستا ئاسەواری ئەو زمانانە لە دونیادا بوونیان نەماوە، ئەویش بارودۆخی سیاسی و جەنگە مێژووییەکان و داگیرکاری وڵاتە دەسەڵاتدارەکان بووە، کە ھەمیشە زمانی ھێزی زاڵ بە زۆرەملێ و ترساندن وایکردووە ھێزی بەزیو دوور کەوێتەوە لە زمانەکەی خۆی و ببێت بە بەشێک لەو ھێزە زاڵە، لە نیشتمانی کوردەکانیشدا بە ھەمان شێوە ھێزی زاڵ کاری کردووە بۆ لەناو بردنی ئەو زمانە، بەھۆی ئەوەی لە دوای “لۆزان”ەوە کورد مافی سەربەخۆبوونی لێ سەندرایەوە زمانی کوردیش کەوتە ژێر ئەو مەترسییەوە، ڕێگری لە بەرەو پێشچوونی کرا. سەدساڵ ھەوڵی لەناوبردنی ئەم زمانە بە چەندەھا شێواز دەست پێکرا ، قسەکردن بەم زمانە قەدەغەکرا و بەکارھێنانی ئەم زمانە لە پارچەکاندا مەترسی لەسەر ژیانی کوردەکان درووستکرد، خوێندن بەو زمانە قەدەغە بووە، بێبایەخ کردنی ئەم زمانە وەک جەنگێکی دەروونی ڕووبەڕووی کوردەکان کرایەوە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەو گرفتانە کە نە دەتواندرا لەم ماوەدا خزمەتێکی باشی ئەم زمانە بکرێت و نەکەوتە بەر پیلانی لەناوچوون تا ئێستاش مایەوە. واتا کورد لە ھیچ ترس و سزایەک سڵی نەکردووە و وازی لە زمانەکەی خۆی نەھێنا، بەڵام مەترسی لەناوچوونی زمانی کوردی ئەم جارە لەلایەن داگیرکارەوە ناکرێت، بەڵکوو لەلایەن خەڵکی ئێستای کوردستان و سەردەمی پۆسمۆدێرندا دەکرێت.
کاتێک تاکێکی کورد بە پێویستی نازانێت پێی وایە زمانێکی بیانی گرینگی زیاتری ھەیە بۆ داھاتووی منداڵەکەی و زمانی کوردی بەباشی فێری منداڵەکەی ناکات، ئیدی سەردەم دوای سەردەم ئەم زمانە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. زمانی ئینگلیزی یان ئەو زمانەی لە ناو خەڵکدا دەبێتە باو جێگای دەگرێتەوە، ھۆکاری ئەم کاریگەرییە ڕاستەوخۆیەی زمانی بیانی بە تایبەت (زمانی ئینگلیزی) لەسەر تاک.
یەکەم:- بریتییە لەو خوێندنگایانەی کە خوێندن تێیدا تەنیا زمانی ئینگلیزییە بەبێ ئەوەی ھیچ بایەخێک بۆ زمانی کوردی ھەبێت و مامۆستا بەو زمانە ئاخاوتنی ھەبێ لەگەڵ منداڵدا، لە زۆربەی ڕاگەیاندنەکاندا دەبینین منداڵان ناتوانن بە باشی پیرۆزبایی بۆنەیەک یان چەند وشەیەکی کوردی بە کوورتی لە دوای یەکدا بڵێن و، یەکسەر دەیکەنە زمانی ئینگلیزی، یان ڤێستیڤاڵی منداڵان و ئاھەنگەکانیان تەنیا بە زمانی ئینگلیزییە! ھەموو شتێک لە خوێندن و پەروەردە و خۆشیدا منداڵ ئاشنای کوردی ناکرێت و گرینگی پێنادرێت، ڕەوتێکی نوێ و دابڕاو لە زمانی دایکدا فێری منداڵ دەکرێت بێ ئاگا لە مەترسییەکانی ئەم کارە و ناھۆشیاری لەم بابەتە کاریگەریی زۆر مەترسیداری بەدوادا دێت .
دووەم:- ئەو ھەلی کارانەی مەرجی یەکەمیان زمانە بیانییەکانە کە مرۆڤ ناچار دەکەن بۆ بژێوی ژیانیان پەنا بۆ زمان بێگانەکان ببەن، لە کاتێکدا ئێمە وڵات و حکومەت و زمان و خوێندنمان بە شێوەی ڕەسمی کوردییە. کەچی مەرجی ھەموو کارێک بریتییە لە زمانەکانی تر! ھەوڵی خەڵک بەشێوەیەکی دیاردەی زۆر دوور کەوتنەوەیە لە زمانی کوردی و گرینگیدانە بە زمانەکانی تر، ئەمە شێوازێکی ڕادەست بوونی دەروونی وەرگرتووە بەرانبەر بە زمانە بێگانەکان کە ھیچ ھۆشیاریەک لە ئارادا نییە بۆ ئەم بابەتە و، چاولێکەری و شانازی بە زمانەکانی تر باوترین بارە لەم کاتەدا .
سێیەم:- دەبینین ڕۆژانە لاوەکانی کورد ڕوویان لە زمانی بێگانە و تێکەڵ بوونیان بۆ وڵاتانیتر زیاترە لە وشە و ئاخاوتنەکانیاندا ئینگلیزی و کوردی تێکەڵ دەکەن، تەنانەت ئەم جۆرە قسەکردنەیان وەک مۆدێک لە ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاکان بەکاردێنن، ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاش کاریگەریی لەسەر ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دادەنێن، ئەم دۆخە سەرەڕای ئەو مەترسییەش ھیچ لایەنێک لەم بابەتە نایەتە گۆ، ھیچ ھۆشیارییەکی کولتووری فەرھەنگی زمانی لە ناو خەڵکدا گەشەی نەکردووە، ڕێکخراوە مەدەنی و حکومییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لەم بارەدا ئاگادارییان بڵاو نەکردووەتەوە، ئامادەنین لەسەر ئەم بابەتە گرینگە ھەڵوێستیان ھەبێ. چارەسەر بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی زمانی کوردی ئەوەیە:- ھۆشیاری کولتووری لە ناو خەڵکدا زۆر بەرفراوان بێت و ڕێکخراوەکان لە باتی گرنگیدان بە زمانە بیانییەکان گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدەن، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردەش لەم بابەتەدا بەرپرسیارییارن و پێویستە زانکۆکان و خوێندنگە نا حکومییەکان زمانی کوردی بکەنە زمانی سەرەکی و گرنگ، دواتر زمانەکانی تر بھێننە باسەوە، چونکە باشووری کوردستان بەچاوێکی بەستراوە وە لە ناو سیستەمی پۆسمۆدێرندا گیری خواردووە. [1]