ناونیشانی بابەت: هەڵوێستەیەک لەسەر ژن لە وتاری سەلەفییانەدا
ئامادەکردن: #عادل قادری#
وتاری سەلەفییانە لە کوردستان بەرەو گەشەکردن و پتەوکردنێکی تازەباو پەل دەهاوێت، دۆخێک کە ئەم وتارە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەیەتی، تەنیا ئەنجام چالاکی خۆی و هەبوونی زەمینەیەکی مێژوویی-کۆمەڵایەتی و بەپێی ئەوەش بەهرەمەندبوونی لە تریبۆنی مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان نییە، بەڵکوو ئەنجامی بەریەککەوتن و پێکدادانی چەندین هێز و جەمسەری دیکەیە کە بەدیاریکراوی پاش ڕاپەڕینی بەهاری 91 لە باشوور هاتە ئاراوە، دەتوانین بڵێین نەتوانین و دەرقەت نەهاتنی وتارەکانی دیکە بەپیی زەروورەت و پیویستییە مێژووییە-کۆمەڵایەتییەکە وایکردووە سەلەفییەت بکەوێتە پەلەقاژە و هەوڵی نوێ، ئەم پەلەقاژەکردنە بەدەر نەبووە لە کاریگەریی و پێشوازیی لە پەڕتووکەکانی مەلا کرێکار دەکرێت، وەکوو ئاماژەیەکی دیار لەقەڵەم بدەین.
لە پاش ڕاپەڕین و ئازادبوونی بەشێک لە باشووری کوردستان وتاری سیکۆلاریزم و عەلمانییەت بەشێوەی پراکتیک لە ناو شار و ئیدارەدانی مەدەنیانەدا خۆی مانیفێست کرد، ئەگەرچی زەمینەی ئەم وتارە (وتاری کوردایەتی وەکوو دەرکەوتەیەکی سیکۆلاریزم) لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە درێژایی شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم نامۆ و تازەزاو نەبووە، بەڵکوو بەهۆی دۆخی دانسقەی کورد و شۆڕشەکەی و بەشداربوونی زۆرچەشن لە شۆڕشدا و سەرێتی و ئەوبەرتربوونی بەهای ئازادی و ڕزگاری بە نیسبەت هەندێ چەمکی دیکەی ئەخلاقیی کە لە کۆمەڵگە مەدەنییە شارییە ئایینییەکاندا باو بووە، جۆرە لادان و ڕچەشکێنییەک هاتە ئاراوە کە خوێندنەوەی بۆ مرۆڤ و ماف و جومگەکانی ژیان و بوونی زۆر جیاوازتر بوو لەو پێناسەیەی کە نەریت و ئایین لە کۆنتێکستە ڕادیکاڵ و پێشنەکەوتووەکەیدا لە جومگەکەکانی بوون و ژیانی مرۆڤی کورد هەیانبوو، دۆخی ئاوارتە و دانسقەی کورد لە ئەزموونی شۆڕشدا وای کرد خۆبەخۆ سیستەمێک لە بەها بەرهەم بهێنرێت کە پێش ئەوەی چاوی هیوا ببڕێتە ئاسمان و لە خودا و ڕزگارکەرەکانی بپاڕێتەوە، پێش ئەوەی وەکوو بوویەکی شەرمن و گوناهبار لە سووچە تەنگەبەر و تەسکەکانی حوجرە و ژوورۆچکە ئایینەییەکاندا بۆ ڕزگاربوون لە ئاگری دۆزەخ و لەناوچوونی دونیای کوفر و ئیلحاد و بێئەخلاقیی لە خودا بپاڕێتەوە و بۆنی کۆنی لاپەڕەی پەڕتووکە کۆنەکان هەڵمژێ، چاو ببڕێتە شاخەکان و لە هەیوەت و ترسی دوژمنێکی خونکار و پڕچەک بە تانک و تۆپ و ئایەت و حەدیس ڕوو بکاتە چیا کەونارا و کەونینەکانی خۆی، ناچاربوو خوێندنەوەیەک بۆ ڕزگارکردنی تاک و کۆی کۆمەڵگەکەی بخاتە ڕوو و بە ئاڕاستە و ئاسۆی ئەو خوێندنەوەیەدا ترووسکاییەک بەدی بێنێت کە زمان و کولتوور و بوونی نەتەوەیەک کە بەر نەفرەتی ماکیاڤیلیسمی ڕۆژهەڵاتی و ئوستوورەی ئایینی ئیسلامی کەوتووە (بە خوێندنەوە و شێوە #بەعس#ییەکەی) پراکتیزە بکات.
هەر لەم ڕووەوە ئەندێشەی مارکسیزم و لینینیزم و مائوئیزم لە ناو ڕیکخراوە مۆدێڕنەکاندا دەرکەوت و گەشەی کرد، بە تایبەتی دوای شۆڕشی ئەیلوول و دامەزراندنی ڕێکخراو و پێکهاتی نوێی سیاسی-ئایدۆلۆژیی، سیمای ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە زیاتر دەرکەوت. ئەم سەرهەڵدانە نوێیە یان با بڵێین ئەم مانیفێستبوونە تازەیەی ڕۆحی کورد جیا لەوەی کە پێویستی و زەروورەتێکی مێژوویی بوو زیاتر لە ئاستە سیاسی و حیزبییەکەیدا مایەوە و بە هەموو ئەو هەوراز و نشێوانەی کە لە شاخ و تاراوگە و ئاوارەیی و هەڵاتن و فڕکان فڕکاندا ئەزموونی کرد دوای کۆنترۆڵکردنەوەی بەشێک لە شارەکان بەڕادەی پێویست نەیتوانی وتاری کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز و پتە و بکات و ئەو تێڕوانینە گشتی و بنەماییەی کە لە ناو کۆمەڵگەدا بۆ پرس و جەمسەرە سەرەکی و سەرەتاییەکانی هەر کۆمەڵگەیەک هەیە، دەسکاری بکات، بە ئاستێک کە ئێمە بە ئاسانی شایەتی سەرهەڵدانەوەی ناپێشکەوتووانە و سەلەفییانەی وتاری سەلەفییانەی کوردی نەبین.
دیارە مەبەست لە وتاری سەلەفییانە تەنیا هێزە ئایینییە تووندئاژۆ و بناژۆخوازەکان نیین، بەڵکوو کولتوور و نەریتی کۆنباوی کوردیش کە دونیا لە دەلاقەی بەها کۆنە ئەخلاقییەکانەوە دەبینێت و لەگەڵ چەمکەکانی ئازادی و مافی مرڤ و بوونی ئینسان وەکوو کائین و سووژەیەکی بیرکەرەوە و ئازاد، کۆنباو و سەلەفییانە ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بۆ نموونە ڕەخنەگرتنی چەپەکان لە گێڕانەوە ئایینییەکان هەمیشە بەرهەمهێنەری فەتوا و حوکم لە ژێدەر و مەرجەعە ئایینییەکان بووە یان بابەتێکی جیهانگیر بە ناوی خۆشەویستی ئەگەر نەڵێین هەمیشە ئەوا زۆربەی کاتەکان لە دەلاقەی ئەقڵی نەریتی کوردییەوە بە بێشەرەفی و ئەتککردن خوێنراوەتەوە و کوشتنەکان لە سەر شەرەف ئێستەش لە کوردستان لە بەدەویترین حاڵەتەکانی خۆیاندا بەردەوامن. ئەم سەلەفیبوونە تەنیا تایبەت نییە بە هێزی تەقلیدیی ئایینی و هێزیی تەقلیدیی کولتووریی بەڵکوو خودی ڕەوتە چەپەکانیش بێبەری نەبوون لەم بناژۆخوازی و ڕادیکاڵیزمەی کە دەرگای وتووێژ و گۆڕینی بەشێنەیی و بەخشکەی کۆمەڵگەی دادەخست.ئەمەش زیاتر دەگەڕایەوە بۆ تێروانینی بەردەوام شۆڕشگێڕانەی ڕەوتە چەپەکان و گۆڕانکاریی شێنەیی و بنەمایی و درێژخایەنی لە پێڕستی ئامانجەکانییدا لەبەرچاو نەگرتبوو.
هەر چەند کەس ناتوانێت حاشا لەوە بکات کە دەسکەوتی چەپەکان لە ڕوی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە زیاتر و کاریگەرتر بووە و هەر بەوانی دیکە بەراورد ناکرێت. بۆیە لێرەوە دەتوانین باس لە سەلەفیزمی پێکهاتەیی بکەین واتە سەلەفیزمێک کە زیاتر لە شێوەڕوانینی وتار و هەڵگرانی وتارەکانی سووژەی ئێمەدا دەردەکەوێت نەک ناوەرۆکیان. بۆ نموونە لە ناوەرۆکی هەر سێی ئەم وتارانەدا ژن ڕووبەرێکی فراوان و هەڵبەت جیاوازی داگیرکردووە. ژن لە وتاری یەکەم (ئایینیی-سەلەفی) دا وەکوو هەموان دەزانین و بیستوومانە سەرچاوەی شەهوەت و گوناە و ملنان بەرەو دۆزەخە بۆیە وتاری یەکەم کۆڵەکەکانی قەڵای خۆی لەسەر شانی ژنی گوناهبار و فریودەر و هاوپەیمانی ئەهریمەن ڕۆ دەنێت (هەڵبەت ئەمە بە و واتایە نییە کە ژن مانا و دەلالەتی باشە و جیاوازی دیکەی لە دەقی ئایینیدا نەدراوەتێ بەڵکوو دەکرێ بڵێین ئەم دەلالەتە لە میتۆدی خوێندنەوەی ئەم وتارەدا بەشێوەی ڕەها و تاکدەلالەت دەرکەوتووە) لە وتاری دووەم (نەریتی سەلەفییانە) دا ژن کوانووی خێزان و ڕووبەری پیرۆز و پانتای ئابڕوو و شەرەفە، هەر جۆرە لادانێک لە ڕێڕەوە باوەکەی ژیان بە پیی نۆرمە کۆن و باوە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی کوشتن و سزادان دەبێتەوە، ئەم تێڕوانین و خوێندنەوەیەش ئەگەرچی ئامرازی تەفسیر و ڕاڤەکانی ئایینی نیین، بەڵام بەپێی نۆرم و عورفی کۆمەڵایەتیین و هەر بە و پێیەش لە ئایینیش بۆ جێخستن و ڕەواییدان بەم پێناسەیە کەڵک وەردەگرن.
لە وتاری سێیەم یان چەپدا بە پێچەوانەی دوو وتاری دیکە ژن ئیتر ئەو ناوەندە پیرۆز و جیاواز و قودسییە نییە کە کێشەکانی ئاسمان و بەهەشت و دۆزەخ لە لایەک و ئالنگارییەکانی عورف و کۆمەڵگە و و نەریت لە لایەکی دیکە بیتەنن و هەر جۆرە ئیرادەگەرێتییەکی لێ وەرگرن، بەڵکوو لێرەدا ئیرادەیەکی وتاری هەبوو کە ژن لە ئاستە مرۆییەکەیدا بهێنیتە پێشەوە، ئەگەرچی ئەمە هەنگاوێکی جارەنووسساز و مێژوویی بوو، بەڵام هەنگاوێکی سەرەتایی بوو تاکوو ئێمە لە تەنگژە و ئالنگارییەکانی دیکەی ئەم ڕەوتە تێبگەین. لەم وتارەدا ژن هەڵکێشرایە سەرەوە بۆ ئاستی پیاو (هەڵەیەکی میتۆدیک و مەعریفەناسانە کە وتاری پیاوسالاری کوردی ئێستە تازە بە تازە خەریکە دەستەویەخەی دەبێتەوە) و پێناسە و پێگەیەکی سەربەخۆی درایە، بەڵام بە دوو هۆکاری”دۆخی دانسقه؛ شۆڕش و خەباتی مان و نەمان” و “زاڵبوونی ڕۆحی پیاوسالار بە شێوەی وشیار یان ناوشیار” ئەم خاڵە گرینگ و چارەنووسسازەی ڕزگاریی و ئۆتۆنۆمبوونی ژن نەپێکرا، بۆیە سەرجەم ئەم وتارانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە نەیانتوانی ئەو ئەرکە مێژووییەی ڕزگاریی ژن بە ئاڕاستە و ئاسۆیەکی گەش و درەوشاوەدا ببن و بیگەیەننە هەوارێکی هێمن و بزۆز. ئەگەرچی دوورە لە ویژدان گەر نەڵێین وتاری سێیەم ژنی شۆڕشگێڕ و خەباتکار و باوەڕمەندی درووست کرد و لە ئاستێک لە ئاستەکاندا کردی بە پێشەنگ و ئاڵاهەڵگر، بەڵام وەکوو وتم بەهۆی ئەو دوو هۆکارەی کە لە سەرەوە تیشکم خستە سەری ئەم درەوشانەوەیەش زۆر ڕووناکایی و ترووسکایی بەدی نەهێنا.
گرێپووچکەی ئەم سێ وتارە غیابی ژنناسی و قبووڵکردنی ژن وەکوو بابەت و بوونێکی سەربەخۆ بوو، یان ئەم کائینە لە سۆنگەی هێزێکی ئاسمانییەوە پێناسە دەکرا یان لە گۆشەنیگای سووپێر ئیگۆیەکی کۆمەڵایەتییەوە یان ئەرکێکی مێژوویی لەدەرەوەی بوونی سەربەخۆی خۆی وەکوو سەپێنرواێکی مێژوویی و سیاسی بەسەردا سەپێنراوە، هەوڵدان بۆ دەربازبوون لەم سێ تەڵزگە و تەلیسمەش تەنیا بە هاتنەگۆی ژن و مانیفێستبوونی لۆژیک و بوونی ژنانەی خۆیان بە هەموو دونیای واقیعی و خواستەکانیانەوەیە کە بێگومان دەشێت لە تێروانینێکی ڕەخنەگرانەشەوە بگوورێن و هەڵبقوڵێن، دێتە ئاراوە. [1]