ناونیشانی بابەت: ململانێی خوێنەری کورد و هێزی قودسی
ئامادەکردن: #عادل قادری#
لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدرێت سەربووردەی شکڵگیریی و درووستبوونی خوێنەری کورد بەشێوەی گشتی ئاوڕی لێبدرێتەوە و ئاماژە بەو هێز و ڕەهەندانە بدرێت کە لەمپەڕن لە بەردەم خوێندنەوە و ڕاڤەی دەق و خوێنەر لە ئاستێکی نزام و ناداهێنەرانەدا دەهێڵنەوە.
کلیل وشەکان: خوێنەر، دەق، نووسەر، هێزی قودسی (پیرۆز) .
باسکردن لە خوێنەری کورد بەدەر نییە لە لێکدانەوە و شەن و کەوکردنی ئەو بەستێن و بوارە مێژوویی و کۆمەڵایەتی، کەلتووریی و بگرە ڕامیارییەش کە هەل و مەودای دەرکەوتنی خوێنەر و فەزای ململانێی چییەتی (ماهییەت) وەرگریی خوێنەرمان بۆ ڕوون دەکەنەوە.
پێگە و واتای خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکە و ڕەهەندیتر واتە “دەق” و “نووسەر” دیاری دەکرێت.
واتە هەر جۆرە باسکردن لە خوێنەری کورد (بەتایبەتی لە پانتای دەقە نوێ و مۆدێڕنەکان) بە بێ باسکردن لە نووسەر و چییەتی نووسین و گەڕان و پشکنین بۆ دەق و واتا و ڕەهەند و چییەتییەکانی، نەکردە و لاواز و هەڵەیە.
بەمانایەکی تر باسکردنی هەر کام لەم لایەن و “بوون”انە بەشێوەی ناڤرەیی1 و جوداواز و لێک بڕاو درووست نییە چوونکوو مێژوو و زەمەن و تەنانەت ڕەنگە چرکەساتی دەرکەوتنی هەر کام لەم سێ کوچکەیە لەرووی تیۆرییەوە بە بێ وێناکردنیان بە شێوەی کۆیی دەچێتە خانەی ئەستێرە لە ئاودا ژماردن2 کە تەنیا لایەن و ڕەهەندێکمان زیاتر بۆ زەق دەکاتەوە.
بۆ نەکەوتن لە وەها هەڵە و داوێکی تیۆریکییەوە دەشێت مێژووی سەرهەڵدان و باڵاکردن و ماهییەت وەرگرتنی خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکەی تر واتە “دەق” و “نووسەر” دا بخەینە بەر باس.
کەواتە هێڵی ڕەوایی ئەم نووسینە بەناو سێ کوچکە و بنەما دا کە هاوکێشەیەکی سێ گۆشە (موسەلەس) یی پێک دێنن تێدەپەڕێت و لە دواجار دا بارودۆخ و ئاست و ماهییەتی خوێنەر لە پێوەندی ئەم سێ بنەمایە واتە دەق، نووسەر و خوێنەر هەڵدەهێنجرێت.
خوێنەر لە ناو کۆمەڵگەی کوردی دا چارەنووس و شوناسی بەند بووە بە دەقێکی گەورەی ئاسمانی واتە قورئانی “پیرۆز”! هەبوونی لەمێژینەی ئاوەها دەقێک لە کۆمەڵگەیەکدا کە تا سەر ئێسقان نەخوێندەوار و نەریت پەرەست و تابۆتەوەر بووە بواری وەهای بە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئیرادە و توانستێکی بکەرانە (فاعلانە) چ لە قەوارەی نووسەردا بێت کە ئەنجام و بەرهەمەکەی دەق بێت یان چ لە قەوارەی خوێنەردا بێت کە هەمدیس ئەنجام و بەرهەمەکەی دەشێت دەق یان شرۆڤەی دەق بێت یان باشتر وایە بڵێم کە لێرەدا بوونی خوێنەر لە گەشەپێدان و کەڵەگەت کردنی جیهانی دەق دا ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت.
هەر وەک دەبینرێت بوونی ئەم سێ کوچکەیە بەناو و لەناو چەق و هەناوی یەکدی دا چەکەرە دەکەن و دەبزوێن و دەکرێ بەگشتی و لەژێر ناوی دەستەواژەی “هاوبوون” کۆیان کەمەوە چوون بوونیان بە بێ یاکدی ناپۆڕێت یان مانا و ڕۆڵێکی ناتەواو و نیوەچلی هەیە.
دەسەڵات و هەیمەنەی ئاوەها دەقێکی پیرۆز تەنیا خوێنەران وراڤەکارانێکی قودسی و پیرۆزی دەویست لە جنس و توخمی دەق! بن! وردەوردە بەتێپەڕینی زەمان خوێنەرانی ئەم دەقە پێگە و جێگەیەکیان بۆ خۆیان پێناسە و دەستەبەر کرد کە هەڵوێست و ئاخافتن و لێدوانیان شەبەنگی پیرۆزایی دەقی گەورەی پیرۆزیی، تێدا دەبریسکایەوە و لەژێر ناوی مەلا، سۆفی، و موجتەهید هەوڵیان دا هەموو ئەگەرەکان و شیمانەکانی بوون و ئامادەیی خوێنەر بۆ خۆیان قۆرخ بکەنەوە و هەبوون بە خوێنەر و ئەنجامدانی کردەی “خوێندنەوە” و “راڤە” و بەگوێرەی ئەوەش بەرهەم ئانینی چەشنێک لە مانایان یاسامەند و پڕمەرج کرد و دواتر بانگەواز و خوتبەدانیان لەژێر تیشک و بەئاڕاستەی شەبەنگی پەڕتووکی پیرۆز بە کارێکی تایبەت بە خۆیان و ئەرکێکی پیرۆز جێ خست.
هەموومان لەیادەوەری نە فرە دوور و نە فرە نێزیکمان دەسەڵاتی مەلا و شێخەکانمان لە بیرە کە بەهۆی هەبوونی “ئەو شەبەنگە پیرۆزە”وەکوو (خوێنەرانی/راڤەکارانی دەقی پیرۆز) هەرێمی مانایی شێخانە و مەلایانەیان لە دێکان و گوندەکان و قەوارە نەخوێندەوار و نەریت پەرەستە بچووک و گەورەکان مسۆگەر دەکرد.
هەبوونی ئاوەها هاوکێشەیەک تاک و گرووپەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە بارودۆخێکدا ڕاهێنا کە لانی کەم تا قۆناغێک قبووڵی ئەمە بکەن کە خوێندن و ڕاڤەکردن و ئەنجامی ئەرکی خوێنەرایەتی لە چوارچێوەی بوون و کردەوەی ئەوان وەکوو ئینسانی ئاسایی و ناپیرۆزدا نییە و تەنیا تاقمێکی تایبەتی پیرۆز کە پێوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەو سەرچاوە قودسییە دا هەیە بۆیان هەیە بڵێن دەق چی وتووە و چی دەڵێت! تا ئێرە هاوکێشەیەک درووست بووە کە خوێنەر بە دوو بەش و لایەنی پیرۆز و ناپیرۆز پۆلین بەندی کراوە.
واتە لە ڕەوتێکی مێژوویی تایبەت و لە هەڵوێستێکی تایبەت لەسەر ئاوەها دەقێکدا تەنیا یەک دەستە خوێنەری ڕاستەقینە بوونی هەبووە و ئەویش خوێنەری پیرۆزە کە ڕاڤەی پیرۆز لە دەقی پیرۆز بەرهەمدێنێت و بە شێوازێک هەوڵدەدات لەرێگەی پیرۆزڕاگرتنی و بە پیرۆزکردنی دەقی سەرچاوە و قودسی بنووسێت و بخوێنێت!
لێرەدا ئەم خوێنەرە تەنیاوتەنیا خۆی بە خاوەنی مەشرووعییەت بۆ پێوەندی لەگەڵ ئاوەها دەقێک دەبینێت، و پردی پێوەندی نێوان ئەم دەقە پیرۆزە و ئاپۆرەیەک لە “بەردەنگان (خوێنەری هێزەکی، خوێنەری ئاسایی (ناپیرۆز) ، خوێنەری شاراوە، ناخوێنەر و…)
ئەم خوێنەرە پیرۆزەیە کە بەحوکمی جەوهەری واتای “پیرۆز” وچەمکی”موقەدەس” هیچ شتێکی نوێ و تازە و داهێنراو لە دەق دا نابینێت و بواری بینین و دەرکەوتنیشی نادات.
بەشێک لەمەی کە ئەوان وەک خوێنەری پیرۆز پاسەوانانی واتا نەگۆڕەکانی دەقی پیرۆزن بۆ ئەوەیە کە تاقەمانایی و تاکەواتایی دەق خەوشی لێ نەکەوێت و ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەی کە خوێنەرانێکی تازە بێنە سەر میحرابی دەق و مانای نوێی پێوە بلکێنن بەرەو ڕەهابوون و سەرپەڕپەرەستی دەیانجمێنێت.
بۆیە تەنیا بەرگری لە بوونی یەک تاقم خوێنەر کە پاسەوانی پیرۆزییە دەکات و باقی هەوڵ و ئیرادە ڕاڤەخواز و خوێندن تەوەرانەکانی تر بە ناپیرۆز و نابەجێ و “نەوزوهوور”دەزانێت.
لێرەدایە کە تریبۆنی ڕاڤە و مانابینیی دەق تەنیا بە مافی خۆی دەزانێ و تا ئەو شوێنەش لەتواناییان دا هەیە مەبەستیانە بوار نەدەن ڕاڤە و خوێندنەوە و مانادۆزیی لەژێردەست و کۆنترۆڵیان بێتە دەرەوە.
ئەم چیرۆکەی پیرۆزیی و دیکتاتۆرییەت و ڕەهاخوازی (موتڵەق گەرایی) و دەرجالێدان و…ە دوورودرێژە و من ویستم بەشێک لەو ئەتومێسفرەی کە خوێنەر (تاک) ی کوردی تێدا هەڵخێزراوە نیگار بکەم و شوناس و ماهییەتی خوێنەر بە سانایی و ساکاریی ئامادە و لەبەردەست نەبینین و ئاگاداری چەند خاڵی زێڕین و پرسیاری بنەمایی بین:
1- خوێنەر بەگشتی و بەگوێرەی ئەوەش خوێنەری کورد خاوەن مێژوو و تەمەنە…مێژوویەک لە ناو ململانێی میحرابی قودسییەت و ناقودسییەت.
2- خوێنەری کورد لە دەمکوتگە و پیرۆزستانێک سەری وەدەر هێناوە کە دەشێت کاری زۆر لەسەر خۆی بکات بۆ گەیشتن بەئازادی دال و ونباریی (گمگشتگی) مانا و لەوێشەوە ئەزموونێکی مۆدێڕن و جیهانگیر لە خوێندن.
3- خوێنەری کورد لە ڕووبەری ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی دا کێشەدارترین و قەیرانمەندترین”بوون” و دەرکەوتەی بوونی کوردە.
4- وشیاریی خوێنەر ئەرکی چی یان کێیە؟ ئەرکی دەق یان نووسەرە؟ دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە کاری تیۆریک و کردەی تێڕامان بێتە ئەنجام.
5- خوێنەری کورد هەنووکە لە بارودۆخێک دا هەناسە هەڵدەکێشێت کە پۆست مۆدێڕنیزم و ترانس مۆدێڕنیزم دێتە بەرچاو و دەستی واتە لە دۆخێکی پڕقەرەباڵغ و حەشامات لە جیهانێک دەژی کە بەهۆی ڕووداوی جیهانگیرییەوە بە گوندی جیهانی ناوزڕاو بووگە.
6- خوێنەری کورد لە چ بارودۆخێکی مەعریفی و زانیاریانە دا دەژی؟
و…هتد
=KTML_Bold=ژێدەر و سەرچاوەکان:=KTML_End=
1- ناڤرە:دوورگە .
2-واتە کارێک کە بە نیوەچڵی و ناتەواوی ئەنجام دەخوات. [1]