ناونیشانی بابەت: ڕیفراندۆم و داکەوتنی دەمامکی کولتووری سیاسیی ناوچەکە
ئامادەکردن: #عادل قادری#
(بە بۆنەی ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان)
“ڕیفراندۆم و پرسیارە سادە گرینگەکان”
پاش نێزیکەی پێنج ساڵ تێپەڕین بەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، لە 25ی سێپتەمبەری 2017، دەتوانین لەسەر پەرچەکردار و هەڵوێست نواندنی وڵاتانی ناوچە و بەتایبەتی چوار وڵات کە کورد بەزۆر پەیوەست کراوە پێیانەوە، بە بەسیرەت و بەرچاو ڕوونییەکی زۆرترەوە بدوێین. ئەمەی کە ڕیفراندۆم دۆخی قەیراناوی باشووری قووڵتر کردەوە، گومانێکی تێدا نییە بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەمەیە کە ئایا بە بێ ڕیفراندۆم (کە ئیرادەیەکی دەستەجەمعی بەشێوەیەکی ڕێژەیی لە پشتەوە بوو و بە شێوەیەکی دیموکراتیک و لە فەزای ململانێی سیاسی ئازاد و بە ئامادەبوونی چاودێرانی هەڵبژاردن و سیاسی جیهان بەڕێوەچوو) هیچ گەرەنتییەک هەبوو ئەم دۆخە نەیەتە پێش؟ ئایا پێش ئەوە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی و مالیکییەوە نەبڕابوو؟ ئایا دەیان کێشە و گرفت بۆ هەرێمی کوردستان درووست نەکرابوو؟ ئەمانە هەندێک لەو نیشانانەن کە دەکرێ هەڵوێستەیان لەسەر بکەین و پاش ئەوە بکەوینە ناو داوەری و قەزاوەتێکەوە کە ململانێی سیاسی حیزبەکان لە باشوور درووستیان کردووە و بەو پێوەرە هەموو ڕووداوە بچووک و گەورەکانی پێ هەلدەسەنگێندرێ.
=KTML_Bold=“ڕیفراندۆم و پرسیار لەسەر ململانێ ناوخۆییەکان”=KTML_End=
ئایا پێش ئەو بەشدارییە گەورە و بەرچاوە بەرێژەی 90 لە سەدی جەماوەری باشووری کوردستان، بە بەڵێ، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لە دووکان ڕێککەوتنیان نەکردبوو؟ ئایا پێش خەیانەتەکەی 16 ئۆکتۆبەر زۆرینەی زۆری لایەنە سیاسییەکان بۆ نموونە (عومەری سەید عەلی) ڕێکخەری گشتی #بزووتنەوەی گۆڕان# بە “بەڵی” دەنگی نەدا و لە بەردەم میدیاکان دا، نەیوت ئەمە ئەرکێکی نیشتمانییە و پێوەندی بە ململانێی حیزبی و ناوخۆییەوە نییە؟ ئایا ئەمەی کە کاریگەرترین ئۆپۆزیسیۆنیش لە دواجاردا درک و فامی ئەم ڕووداوە مێژووییەی کرد و لەسۆنگەی خۆی و بەتێبینی خۆیانەوە بەشدارییان کرد، خۆی نیشانەی ئیرادەیەکی جەمعی نەبوو؟ سەرەڕای هەموو ئەم نیشانانە و سەرەڕای ئەوەی کە ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم سڕکرا و سەرەڕای ئەوەی کە خەیانەت لە 16ەی ئۆکتۆبەر لەلایەن باڵێکی بنەماڵەیی یەکێتی نیشتمانی ڕوویدا، هەمدیس ڕیفراندۆم ڕووداوێکی مێژوویی و پێوەرێک بوو بۆ دیاریکردنی ئیرادەی گەلی کورد و کایەی هێزە سیاسییەکانی کورد. ئەگەرچی من پارتی و کەمتەرخەمییەکان و بێ بەسیرەتیی لەناسینی سایکۆلۆژییەتی سیاسی هێزەکانی کوردستان و، بەتایبەتی دۆخی یەکێتی بە هۆکارێکی کێشەکە دەزانم، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش ڕیفراندۆم واقیعی کەلتووری سیاسی ناوچەکە و کەلتووری گشتی خەڵکی ئاسایی و چالاکانی سیاسی و ڕۆشنبیرانیی وڵاتانی ناوچەکەی بۆمان دەرخست.
=KTML_Bold=“ڕیفراندۆم؛ لە ململانێ ناوخۆییەکان بۆ پەرچەکردارە دەرەکییە ناوچەییەکان”=KTML_End=
ئەمەی کە ئێمە هەموو دەمانزانی وڵاتانی ناوچە دژ بە ڕیفراندۆمن و لەسەرووی هەموویانەوە (ئێران و تورکیان و ئێراق) یش کە جێی باس نییە، گومان هەڵگر نییە. بەڵام ئاستی دژایەتی کردنی ئەوان بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هەرێمی کوردستان و پاش ڕووخانی سەدام و چەسپاندنی فیدراڵیزم و مادەی 140 بەهەموو چەواشەکارییەکانی مالیکی و عەبادیشەوە وەکوو سەرۆک وەزیران، ئاستی پەرچەکرداریان لەو ڕادە بەدەوی و وەحشیانە دا مەزەندە نەدەکرا. بەڕای من دەبێ باس و خواسی ڕیفراندۆم و بەدواهاتەکانی بکرێت بەپێوەرێک بۆ فامی ئەوانەی کە بەناوی فارس و تورک و عەرەب و ئیسلامی شیعی و سوننە و هەروەها چەپ و ناسیۆنالیستە هەڵوێستیان نواند و پەرچەکرداریان نواند. لێرە دا من بەشێوەیەکی کوورت دەپەرژێمە سەر ئێران و بەڵکوو بەم شێوەیە خوێندنەوەی ڕیفراندۆم و بەدواهاتەکانی لەچوارچێوەی ململانێی هێزە سیاسییەکانی باشوور دەربکەین و بیکەین بە ئاوێنەیەک بۆ ناسینی ئەویدییەکان.
=KTML_Bold=“ڕیفراندۆم وەکوو ختووکەدەری ئارەزووی خەوتووی فاشیستەکان لە ئێران”=KTML_End=
هەر لەساتی ڕاگەیاندنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە دوو وڵاتی (ئێران و تورکیا) بە فەرمی و لە ئاستی باڵا دا ناڕەزایەتی خۆیان بەشێوەیەکی توند ڕاگەیاند و هەرچیش نێزیک دەبۆوە زمانیان ڕووی هەڕەشە و تۆقاندن و ترساندنی دەگرتە خۆ. بەڵام ئەمە سەرێکی هاوکێشەکەیە و بەڕوونی دیار و ئاشکرا بوو کە هەڵوێستی ئەمانە چییە و زۆرتر وەکوو کایەیەکی سیاسی ئەکتەرانی دەسەڵاتدارە ئایینی و ئایدۆلۆژیکەکانی ئێران و تورکیا هەڵدەسەنگێندرا، بەڵام ئاستی مەترسیدار و کەمتر چاوەڕوانکراوی کێشەکە لە ئێران دا دەرکەوت. ئێران سەرەڕای ئەوەی بە هەموو توانای دیپلۆماسی و سەربازییەوە کەوتە دژایەتی ڕیفراندۆم و قەوارەی باشوور، لە ئاستی جەماوەری و کولتووری و ڕۆشنبیریشدا پانتای گشتی و زۆرینەی جەماوەر و کەسایەتییە فەرهەنگی و سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان بەشێوەیەکی زۆر هیسترییانە کەوتنە هێرش کردنە سەر ڕیفراندۆم و کەسایەتی (مەسعوود بارزانی) و سەرووتر لەوەش هاتنە سەر باسی ئەوەی کە خێل و تایفە چۆن دەتوانێ وەکوو نەتەوە بۆ ڕیفراندۆم هەنگاو هەڵگرێت.
کەوتنە خوێندنەوەی بوون یان نەبوونی نەتەوەیەک بە ناوی کورد و تەفسیرکردنی مەبەست داری ڕووداوە مێژووییەکان و زمان و کەلتوور. تا ڕادەیەک کە هەندێ لە ڕۆشنبیرانی فارس دەیانوت کە ئەگەر کوردیش زمان بێ ئەوا لە ئاستی نووسینی بەیانییە و مانیفێستی جەنگی و سەربازی دایە کە من پێم وایە قسەکانی ئەم دواییەی (نێزیکەی مانگێک زیاتر پێش ئێستە) حەمەڕەزا شەفیعی کەدکەنی، نووسەر و شاعیری ناوداری ئێرانی کە وا زمانە غەیرەفارسییەکانی بە ڕادەیەک سووک و چرووک پێناسە کرد کە دەیوت دەبێ میزیان پێدا بکەین، درێژکراوی هەمان ڕوانین و گۆشەنیگایە کە لە درێژە دا بەکوورتی باسی دەکەم.
پەرچەکردار و هەڵسوکەوتی شەقامی گشتی و ڕۆشنبیر و شیکار و ڕۆژنامەنووسی فارس دەریخست کە چەمکگەلی وەکوو دیموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی دیاریکردنی چارەنووس، پێکەوەژیان تەنیا قسەی زەینی و دەرهەستی ناو پەڕتووکەکان و کافە و جێژوانەکانە. بەکەمترین ئاستیش چ لە ناو زەین و دەروونی ڕۆشنبیران و چ لە ئاستی شەقامی گشتی هیچ پێگە و شوێنێکی نییە، ئەوان وا ڕاهاتوون کە بیر لە هیچ جۆرە ڕیفراندۆمێک نەکەنەوە کە تۆزێکیش چییە ئەگەری ڕووشاندنی تەرمەکەی کورشی تێدا بێت کە ئێستە لەپاسارگاد خەوتووە و ئەمان بەخەبەرن!.
لەپەرچەکرداری ڕۆشنبیرە چەپەکان و ناسیونالیست و ڕیفۆرمخواز و سیکولار و سەڵەتەنت خواز دەرکەوت کە هەموویان چوونە بەرەی ویلایەت و بەسیجییە ئاساییە بناژۆ خوازەکان. لێرەدا ئەوانیش هەر هەمان ڕوانینی بەسیجی و بناژۆخوازەکانیان دەخستە ڕوو کە ئەمە پڕۆژەی ئیسرائیلە! چەپەکانیش وایان دەگوت!. سیکولار و ئازادیخوازەکان بەشێوەیتر و خراپتر لە چەپەکان، شیکارییەکانیان تا ئاستی ئینکار و ڕەتکردنەوە و بێ¬ڕێزیش دەچوو، ڕۆشنبیرانیش بەشێوەیتر دژی ڕیفراندۆم بوون و ڕۆژنامەنووسان و… بەم هەموو دەرکەوتنانە و بەدیارکەوتنی سایکۆلۆژییەتی زۆرینەی زۆری باڵ و هێز و لایەن و کەسایەتی و تاقمە جۆراوجۆرە حکوومی و ناحکوومییەکان هەموو ئەو بنەمایانەی بەناوی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و ئاشتی خوازییەوە کولتوور و مێژووی ئێران لە سەردەمی شۆڕشی مەشرووتییەتەوە (1906) و دەسپێکردنی مۆدێڕنیتەیەکی دەڵەمەوە تا ئێرە هێنا بووی و خەباتی بۆ کردبوو و خوێنی بۆ دابوو لە بەردەم دەمارگرژی و فاشیزمی قەومی و وەهمی پاراستنی جوگرافیا و نەتەوەی باڵادەست و نەوەی کورووشی کەبیر بیخاتە بەر گومانێکی گەورە.
ئەوان وایانکرد ئێمە خوێندنەوەیتر بۆ دەلالەتەکانی دیموکراسی، مافی چارەنووس، ئازادی و ئێران و نیشتمان بکەین. لەم پانۆرامایە دا ئەوەی زیاتر ڕوخساری وەدەرکەوت دوژمن و دژبەرە سیاسییەکان نەبوون بەڵکوو ئەوانە بوون کە ئێمە پەڕتووکەکانیانمان دەخوێندەوە و بە سەرچاوەیەکی مەعریفی و ڕەخنەگری دەسەڵات و یەکسانیخواز و ئازادیخواز دەزانی، ئێمە لەم جیهانیی پڕ لە دروشمە ئینسانییە دا تەنیاییمان فام کرد. ئەوەی هەستی تەنیایی بە ئێمە دا تەنیا پشت تێکردنی ئامریکا و ناکۆکییەکانی ناوخۆ و هەڕەشەکانی دەسەڵاتی ئێران و تورکیا و تەنانەت #حەشدی شەعبی#ش نەبوو، بەڵکوو دەرکەوتنی ئەو هەموو ڕق و دەمارگرژییە بوو کە لە هەناوی ڕۆح و زەینی دەستەجەمعی ئێرانییەکان بە هەموو باڵەکانیانەوە بوو. ئەوەی کە هێز یان هێزگەلێکی کوردی یان ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیرانێکی کورد دژی ڕیفراندۆم بوون ئەوە ئەوان لەگەڵ کاتەکەی و نالەبار بوونی دۆخەکە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تێبینییان هەبوو بەڵام ئەمان هەر لە بنەوە دژی نەتەوە و زمان و کەلتووری نەتەوەیەکی بندەست و ئازادیخواز بوون. بێ هیواییە گەورەکە ئەو کات دەرکەوت کە سیکولار و ڕۆشنبیرەکان لەپاڵ بەسیجییەکان و قاسم سولەیمانی هاوار و هەڕەشەیان دەکرد.
تێبینی:- لە ئێران و لەناو تاقمی ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ چەند کەس پشتگیری مافی چارەی خۆنووسین و بەپێی ئەوەش ڕیفراندۆمیان کرد کە یەک لەو دەنگە بەرز و ئازایانە “سەعیدی فەقیە ڕەزەوی” بوو. [1]