ناونیشانی بابەت: هەڵوێستەیەک لەسەر ڕاپەڕین
ئامادەکردن: #عادل قادری#
یادکردنەوەی “ڕاپەڕین” دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بە سەر ئەم ڕووداوەدا، هەمان دەلالەتی نابێت کە لە بەستێنی شۆڕش و ژیانی پێشمەرگایەتی و دەسەڵاتدارێتی #بەعس# و جێبەجێکردنی ئەنفال و هەموو جۆرە هەوڵێکی فاشیستی ئەو حیزبە بە سەر کوردستاندا بوو، ڕاستتر وایە بڵێم ئەو تێڕوانینەی ئێستە ڕاپەڕین دەخوێنێتەوە و یادی دەکاتەوە و بە شێوەی دیکە و لە بەستێنی دیکەدا دەیخوێنێتەوە تووشی جۆرێک لە فەرامۆشی و شۆکی ناو دۆخی ئێستا بووە، واتە نەوەی پاش ڕاپەڕین نە بە تەواوی وانەکانی ڕاپەڕینیان پێگەیشت و نە ئەو چاوەڕوانیانەی کە بۆیان نەخشێندرابوو هاتە دی، بۆیە ئاسایی دەبێت ڕاپەڕین وەکوو ئەکتێکی ڕزگاری و شۆڕشگێڕانە دەلالەتەکەی لاین لەق بێت و جۆرە دژکردەوەیەکی ڕادیکاڵ کە بێ بەری نییە لە ڕوانینی ڕەخنەگرانە لە هەمبەریدا بنوێنرێت، ئەمە دەرخەری قۆناغێکی نوێیە لە چاوەڕوانی تاک و هاووڵاتی کورد و بە هەمان ئەندازەش مەوداگرتنێکە لە جیهان-ژینی سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی و بە پێی ئەوەش ڕاپەڕین.
دەبێ لە خوێندنەوەی ڕاپەڕین و دەلالەتەکانی چەند خاڵمان لەبەرچاو بێت تاکوو بتوانین ڕەخنەیەکی درووست و لەجێ ئاڕاستەی ڕاپەڕین و ئاڕاستەی خواست و ئامانجەکانی و بە گشتی دۆخی ئێستای کوردستان بکەین.
یەکەم: ڕاپەڕین ئەکتێکی لەناکاو و بەهەڵکەوت نەبوو کە لە 5ی ئازاری ساڵی 91 و لە کاژێر 9ی بەیانی لە دەروازەی ڕاپەڕین واتە ڕانییە دەست پێبکات بەڵکوو ئێمە لەو ڕۆژەدا تەنیا لایەنە کردەکیی و پراکتیکییەکەیمان بینی و ئەنجامەکەشی گشتگیربوونەوەی ڕاپەڕین و ئازادبوونی هەموو کوردستان لە ماوەیەکی کەمی 16 ڕۆژە بوو واتە لە 5ی ئازار تا 21ی ئازار هەموو دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس بە پێشەنگی جەماوەری ڕاپەڕیو و هێزی پێشمەرگە و بەرەی کوردستانی لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان وەدەرنران. بۆیە لێرەدا دەبێ بۆ زیاتربینینی ڕەگوڕیشەکانی“ڕاپەڕین” و هەڵوێستەکردن لەسەر ڕەهەندە ناکردەکی و ڕۆحی و شوناسمەندەکەی، لایەنی دەروونی و مێژوویی خواستی ڕزگاری و ئازادی خەڵکی کوردستان و هێزە کوردستانییەکان و ڕۆحی نەتەوەیی کوردیشمان لەبەرچاو بێت ئەم لایەنە دەروونی و مێژووییە تەواوکەری لایەنی پراکتیکی و کردەکی ڕاپەڕینه، بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم دووە خوێندنەوەی ڕاپەڕین نیوەچڵ و خواروخێچ دەبێت.
دووەم: دەبێ دان بەم ڕاستییەدا بڵیین کە ئەکتی ڕاپەڕین لە ماوەی ساڵانێکی درێژی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەدا ناکرێت لە پلەی ئەکتێکی ڕەسەن و تەواو پێناسە بکرێت بەڵکوو دەشێت وەکوو پەرچەکردارێک دژی جەللاد و داگیرکەر بیبینین کە لەگەڵ خواستی ئازادی و ڕزگاری هەڵپێکراو و گرێدراوە. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم باسە دەبێ ئەوەمان لەبیر بێت کە ڕاپەڕین سێ ساڵ دوای ئەنفالە شوومەکە ڕووی دا. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە خوێندنەوە و هەڵوێستەکردن لەسەر ڕاپەڕین بە بێ خوێندنەوەی ئەنفال و پڕۆژە و پڕۆسەی قڕانکردنی کورد و نەتەوەی کورد دیسان خوێندنەوەیەکی ناواقیعییە و دەکەوێتە داوی تێڕوانینێکی بەرتەسکی حیزب و خێڵ و تاقم و دەستەوگرووپی سیاسییەوە. هەر پێناسەیەکمان بۆ ئەنفال هەبێ بە و پێوەرەش لە ڕاپەڕین و پەیام و چاوەڕوانییەکانی دەگەین، ئەگەر تا ئێستە ئەنفال نەبووە بە لقێکی لێکۆڵینەوەیی لە زانکۆکانی کوردستان و لایەنە قووڵ و نادیار و خۆحەشاردەرە دەروونییەکانی نەخراونەتە ڕوو ئەوا ڕاپەڕینیش بە هەمان ئەندازە کەوتۆتە ناو لێڵی و بێ پەیامی و بەتاڵبوون لە ناوەرۆک و کاکڵەکەی وردەوردە بەرەو پووکان دەڕوات. بە دەربڕینێکی دیکە خوێندنەوەی قووڵ و ئەخلاقیانەی ئەنفال دەکرا هەم پەیامەکانی ڕاپەڕین قووڵتر پیشان بدات و هەم ئاڕاستەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی باشووری کوردستانیش بەرەو ئاقارێکی هێورتر و پتەوتر و شوناسمەندانەتر بەرێت.
سێیەم: لەو دوو تێڕوانینەی سەرەوە دەکرێ بەم ئەنجامگیرییە بڕۆین کە ڕاپەڕین مێژوویەکی ناوەکی هەیە و مێژوویەکی دەرەکی. خوێندنەوەی هەر کام لەم مێژووانە گرێدراوە بە تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ڕاپەڕینی و ڕاسانی کورد لە گرینگترین چرکەساتی ڕاپەڕینەکە واتە ڕۆژی 5ی ئازاری ساڵی 91. مەبەستم ئەوەیە کە بەدەر لەم لۆژیکە مێژووییە خوێندنەوەی ڕاپەڕین ئیتر خوێندنەوە نابێت بەڵکوو بەرتەسککردنەوەی پەیام و مێژووی مافخوازیی و خەباتی کورد و تەنانەت کارەساتی ئەنفالیشە.
چوارەم: وەک دەزانین ماوەیەکی کوورت دوای ئازادبوونی هەموو ناوچە کوردستانییەکان بە ڕاپەڕینی جەماوەر و هێزی پێشمەرگە و پلانی بەرەی کوردستانی، پاش شکست و گەڕانەوەی ڕژێمی بەعس لە شەڕی کەنداوی یەک، تانک و تۆپ و فڕۆکە و هێزەکانی گاردی کۆماری پەلاماری کوردستانیان دا و “کۆڕەو” هاتە ئاراوە، وردبوونەوە لەم زنجیرەی هۆکارێتیانە بۆ بینینی واقیعی ڕاپەڕین وەکوو خواستێکی ڕەسەنی جەماوەری و خەباتگێڕی و شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد گرینگە، ئەگەر وەکوو پێوەندییەکی هۆکارێتی (عیلی) چاو لە زنجیرەی ڕووداوەکان بکەین ئەوا تێدەگەین کە ئەگەر ڕاپەڕین نەبایە کۆڕە و نەدەبوو، با بۆ ڕوونتربوونەوەی زیاتری هۆکارێتی لە بابەتەکە بگەڕێینەوە دواترەوە، ئەگەر داگیرکاری و دابەشکردن و زوڵم و ستەم و چەوسانەوە و ئەنفال و #هەڵەبجە# نەبایە ڕاپەڕین و شۆڕش ڕووی نەدەدا و ئەگەر ڕاپەڕین نەبایە کۆڕەویش نەدەهاتە ئاراوە. هەر بۆیە کۆڕەویش بە درێژەی تێچوو و قوربانیدانی ڕۆحی ڕزگاریخوازی و شۆڕشگێڕانەی کورد پێناسە دەکرێت بەڵام لە ئاستە بێکەس و مەزڵوومانەکەیدا، لێرەدا دەردەکەوێت کە ئەگەر ئازادی باشووری کوردستان ببەستینەوە بە کۆڕەوەوە کەواتە تەنیا لە گۆشە و کونایەکی بچووک و بەرتەسک قەتارەی ئاوارەیی و بێ ماڵ و حاڵی و ترس و تۆقان و مەرگ و قوربانیبوونی خەڵکمان بینییەوە، دانانی کۆڕە و وەکوو هۆکاری ڕاستەقینەی ئازادکردنی کوردستان لە ڕاستیدا لەدەرەوەی مێژوو و ڕووداوەکانی ناو جوگرافیای سرووشتی و سیاسی کوردستان مانا وەردەگرن، ئەوە بۆ زلهێزەکان و ئەو هێزانەی ئەورووپی و ئامریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە کۆڕە و وەکوو کارەساتێکی گەورەی مرۆیی هۆکار بوو و ناچار بە هەڵوێستی کردن تاکوو بۆ پێشگرتن لە هاتنەئارای قەیرانی گەورەی مرۆیی ناوچەی دژەفڕین بە پانایی 36 پلە دابنێن. ئەوان شاشە و میدیا و ڕای گشتی جەماوەری جیهانیان بینی نەک ئەنفال و قەڵاچۆکردن و بەعەرەبکردن و قڕکردنی کورد! ئایا ئاگادار نەبوون لە ئەنفال؟ ئەگەر ئەوان ئاگادار بوون و بۆیان گرینگ نەبوو خۆ ئێمە ئاگادارین و ئەنفالکراین، چۆن دەبێ بە لۆژیکێکی بەرتەسک ئەو ڕەنج و ئەزموونە کارەساتاوییە بخەینە پشت گوێوە؟! ئەوان بە لۆژیکی یاسای فەرمی وڵاتان و هاووڵاتییەکی ئێراقی چاویان لە کورد و هەڵەبجە و ئەنفال کرد و هەموو ئەمانەیان بە کێشەی نێوخۆیی سەدام و ئێراق دەزانی تا کاتێک بەرژەوەندییەکانیان کەوتە مەترسییەوە و ڕژێمی ئێراق پەلاماری کوەیتی دا. بۆیە لۆژیکی قرتاندنی ڕاپەڕین و زەقکردنەوەی تەنیاوتەنیای کۆڕە و وەکوو هۆکاری هاتنەئارای ئازادی بەشێک لە باشووری کوردستان هەر هەمان لۆژیکی نیوەچڵ و ناتەواوە کە دانانی ناوچەی دژەفڕین و دەسەڵاتێکی فیدراڵ بەئازادی و ڕزگارکردنی نەتەوەیەک دەزانێت! لە ڕاستیدا ئێمە دەبێ سنوورێکی ورد و پتە و لەنێوان ڕۆحی مێژوویی خۆڕاگری و خەباتی کورد لەگەڵ تێڕوانینی سیاسی و ژیۆپۆلەتیکی وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندی زلهێزەکان دابنێین و جیایان کەینەوە و نەهێڵین ئەو لۆژیکە بخۆر و هەڵلووشە خواست و ئارەزوویەکی دێرین و لە مێژینە بباتە ناو ایەکانی خۆیەوە، ئێمە دەبێ خواستی ئازادی و ڕزگاری لەگەڵ بەدەستهێنانی ناوچەیەکی جوگرافیایی بچووک و بەرتەسککراو بە ناوی دژەفڕین جودا بکەینەوە، ئازادی کوردستان ئەنجامی ساڵانێکی زۆر خەبات و خوێن و فیداکاری و گیانبازی بوو، ئەنجامێک کە بە ناوی کۆمەڵێک نسکۆ و سەرکەوتن و خەیانەت و شەرم و شکست و قوربانیدان و نەسرەوتن و سەربەرزی و گەندەڵی و کۆڵنەدان و ناڕەزایەتی و ڕەخنەگرتن و دڵسۆزی و خۆنەویستی وشەهیدبوون…دا هاتووە و هێشتاش زۆری بە بەرەوە ماوە.
پێنجەم: ئەوەی دوای ڕاپەڕین هاتە ئاراوە نابێت تەنیا لە ڕووبەر و ئاسۆیەکی زەمەنی بچووکدا بخوێنرێتەوە، کۆمەڵگەی دوای ڕاپەڕین کۆمەڵگەیەک بوو کە ڕزگاری بەدەست هێنابوو، لەژێر پۆستاڵی زوڵم و هەتک و دەسدرێژی و سەرکوت و سووکایەتیپێکردن ئازاد ببوو بەڵام ئەم ڕزگارییە بریتی نەبوو لە دۆخێکی ئامادە و ئارام و پڕ ئاسوودەیی کە خەڵک بێت و لەسەری دانیشێت، کۆمەڵگەی دوای ڕاپەڕین و کۆڕە و کۆمەڵگەی جەنگی چەندین ساڵە، کۆمەڵگەی پاش ئەنفال، کۆمەڵگەی پاش شاخ و کۆمەڵگەی پاش جەنگە زۆروزەبەندەکانیشە، بۆیە ئەگەر لە لۆژیک و ئاسۆیەکی زەمەنی ئاوەهادا ڕەوتی خەبات و ئازادی و ڕزگاری نەخوێنینەوە ئەستەمە لەو دۆخەی کە ئێستا هاتۆتە ئاراوە تێبگەین، ئەستەمە لە سیستەمی حوکمڕانی کوردیی کە لەگەڵ کۆمەڵێک قەیرانی جیدیدا ڕووبەڕوو بووەتەوە و خەڵک لەوپەڕی زەختی ئابووری و گوزەرانی ژیاندا دەژی، تێبگەین. هەرچەندە نابێ ئەمەش لەبەرچاو نەگرین کە بەشێک لەو دۆخەی کە ئێستە لە هەرێمی کوردستان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوه، ئەو سیاسەتە نایەکگرتوو و حیزببازییە ناتەندرووستەیە کە ڕۆحی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕانەی ڕاپەڕینی لاواز و نەزۆک کردووە. لە ڕاستیدا ئەم دۆخە گرێدراوییەکی توندوتۆڵی بە داهاتووی کورد و مانای شوناسی کورد و خواست و چاوەڕوانییەکان لەو پارچەیە و تەنانەت پارچەکانی دیکەش هەیە، ئەگەر دەسەڵاتی کورد بە گشتی و حیزبە کوردییەکان بە کۆ ستراتیژێکی دیاریکراو و پتەویان بۆ ئەمە نەبێت بەدڵنیاییەوە درەنگ یان زوو تووشی شکستی کردەکی گەورە دەبنەوە و بێ بەری نابن لە پزیسکە سووتێنەرکانی ڕۆحی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕانەی مێژوویی کورد.
دەلالەتی ڕاپەڕین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە ڕاستیدا گۆشەنیگای ئێستای بەشیک لە خەڵکی باشوور واتە ئەو بەشەی کە لە دۆخی ئێستەی باشوور ناڕازین و لە ململانێی حیزبیشدا تا شوێنیک ڕۆیشتن کە خوازیاری هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم بوون لەگەڵ تێڕوانینی زۆرینەی خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات بۆ ئەزموونی حوکمڕانی و ئازادی لە کوردستانی باشوور یەکناگرێتەوە و زۆرجار ئەم ڕوانینەی ڕۆژهەڵاتییەکان لە بەرگریکردن لە حکومەتی هەرێم و ئەو نموونەی گچکەیەی ئازادیی کوردستان بە ساویلکەیی و نەزانین ناوزەد دەکرێت، لە ڕاستیدا ئەم تێروانینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕاپەڕین و …تا ئەزموونی ئازادیی لە هەرێمی کوردستان لە فەزا و کۆنتێکستێکدا هەناسە دەکێشێت کە قۆناغی پێش ئازادییە، قۆناغی داگیرکراوی و لەژێرپۆتساڵبوونی ڕۆژهەڵاتە، قۆناغی هاووڵاتی پلەدوو و پلە چەندبوون و دۆخی زاڵبوون و هەژموونی یەک زمان و کەلتوورە، سیاسەتی سڕینەوەی نەرمی شوناسی کوردییە، دۆخی دزی و گەندەڵی گەورەی ناو سیستەمی حوکومڕانی کۆمار و هیچ بەر کورد نەکەوتنە و… بە شێوەی گشتی ئەمە دۆخێکە هاوشێوەی دۆخی باشوور لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان سەردەست و ژێردەست. دۆخێکە بە زەمینە و کۆنتێکست و ڕووداو و مێژووی خۆیەوە. بۆیە کوردانی ڕۆژهەڵات لەم گۆشەنیگایەوە باشوور بۆیان نەک سیستەمی ململانێی حیزبی و دەسەڵاتدارییەکی یەکنەگرتوو بەڵکوو کڵاوڕۆژنەی ئازادی و ڕزگاری و داهاتووی وێنە و خەونێکە کە بە شێوەی گشتی بۆ خۆی وێنای کردووە، لەپاڵ ئەوەدا کە هەڵە و کەمووکوڕییەکانی باشوور دەبینێت و ڕەخنەشی دەکات. لێرەدا باس لەسەر جیاکردنەوەی دوو لۆژیکە کە دەکەونە بەرانبەری یەکدییەوە، لە حاڵێکدا ئەم دوو لۆژیکە دەتوانن بە دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە ئەو لێڵی و لێکتێنەگەیشتنە لا ببەن و بۆ دەوڵەمەندکردنی شوناسی کوردی لەهەر دوو پاڕچەکە هاوکار و یارمەتیدەر بن. لۆژیکی ڕۆژهەڵات گەندەڵی و حوکمڕانیی نایەکگرتوو و پشێوی و زەخت و نالەباری ژیانی خەڵک و… باشوور دەبینێت بەڵام ئەرکیان ئەوە نییە تەنیا لەسەر ئەو خاڵانە بوەستن چوون تەنیا ئەو خاڵانە دۆخ و کیانی دەسەڵاتی باشوور مانیفێست ناکەن، لەپاڵ ئەوەدا بووژانەوەی شوناس و زمانی کوردی، ڕێزی هێما و ڕەمزەکانی کوردایەتی، درووستبوونی مێژوویەک لە ئەزموونی سیاسی و خەبات و بە گشتی نۆستالێژییەک بۆ کوردبوونێکی ئازاد بە شێوەی نیوەچڵ و ناتەواو دەبینن، لۆژیکی هاوڕێیانی باشووریش ئەم سۆز و هۆگرییەی ڕۆژهەڵاتییەکان دەخەنە ناو کایە و ململانێی حیزبییەوە و بڕیار و حوکمی نەزانین و …بۆ ئەو لۆژیکە شوناسخوازە دەردەکەن کە دابڕان و کپکردنی دیالۆگ لەنێوان ئەم دوو لۆژیکە درێژەی هەمان ڕووبەری ئازادیکوژی و ململانێی ناتەندرووستی حیزبییە کە ناکرێت لۆژیکی ڕوانینی دۆستانی ڕۆژهەڵاتی تەنیا بە پێی ئەو پێوەرە هەڵبسەنگێنرێت. [1]