ناونیشانی بابەت: هەر خۆمان ماوین؛ ئەوە ئێران و میسریش پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
لەم دوو ساڵەدا (تەنیا لەم دوو ساڵەدا) ئەم هەموو وڵاتە گرنگ و کاریگەرانەی ناوچەکەو دەوروبەری کوردستان، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردۆتەوە:
- ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانی ئاسایی کردۆتەوە.
- تورکیاو ئیمارات دوای دە ساڵ لە ناکۆکی و ململانێی بەرژەوەندییەکانیان لە هەموو شوێنێک، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
- تورکیاو ئیسرائیل دوای دە ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیی سیاسیی و دیبلۆماسی نێوانیان، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
- سعودییەو تورکیاش دوای شەش ساڵ لە دابڕان، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
- تورکیاو میسر خەریکی گەرمکردنەوەی پەیوەندییەکانیانن.
- ئێران و سعودییە، دوای دەیەیەک لە دوژمنایەتی نێوانیان پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
- سوویا دوای 11 ساڵ لە دەرکردنی لە کۆمکاری عەرەبی، گەڕایەوە ناو کۆمکارەکەو پەیوەندییەکانی ئاسایی کردەوە.
- سوڵتانی سەڵتەنەتی عومان، ڕەزامەندیی میسر و ئێرانی وەرگرت کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی دەکەنەوە.
هەر لە ئێراق، سەیری سووننەکان بکە، حیزبەکەی خەمیس خەنجەر و حەلبووسی تائەوپەڕی ناکۆک بوون، لەپڕ وەها بوون بە هاوپەیمان هەمووان دەڵێن” هاوپەیمانی سووننەکان” کەس ناوی حیزب ناهێنێت!
تەنیا هەرێمی کوردستان نەبێت؛ هیچ پەیوەندییەکی تیا ئاسایی نەبووەتەوە، بە تێکڕا خەریکی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکانیشە. هەر لە دوو گەڕەکدا، هەر لەناو شەستییەکەی سولەیمانییدا، دەیان جەمسەر و حیزب خەریکی ناکۆکی و دەنگەدەنگن؛ چوار گرووپ و حیزبی ئیسلامی تیایە هەر چواریان دژ بەیەکن!
هەر هێزە دەستەڵاتدارەکان نیین، لەم هەرێمە شتەکان هەموو بەیەکتر ناکۆکن. لە ڕاستییدا کەس ئەوی تری خۆش ناوێت؛ شێخ، مەلا، سۆفی، دەرمانساز، فیتەر، ددانساز، پۆلیسی هاتوچۆ، شۆفێر، کادیری حیزب، پەڕڵەمانتار، دووکاندار و …تادوایی هەمووی ڕقی لەیەکترە. دوو برادەری “تێگەیشتوو!”م هەن، بیست ساڵە یەک دەناسین، هەر بەهۆی کارێکی زۆر بچووکەوە؛ چەند مانگە پەیوەندییان لەگەڵ یەک نییە؛ ئەویان دەڵێ لەگەڵ ئەو قسە دەکەی نابێت لەگەڵ من بدوێی! ئەوی تریشیان بەهەمان شێوە! ئێستاش خەڵک هەن، خزمی یەکدین، بەهۆی ململانێی یەکێتی و گۆڕانەوە ، دە ساڵە پێکەوە قسە ناکەن! ئا..یان بەتەلەفۆن لەگەڵ یەکێک قسە دەکەی؛ وا دەزانێ ئەو سەرۆکی مۆساد و میت و ئیتڵاعاتە، ڕەنگە ڕۆبۆت دەنێرێ بۆسەر مانگ یان کڵاوەی ئەتۆمی لەژێر دەریادا دەشارێتەوە؛ تۆ با بیکەین بە وەست ئەپ بەمە باش نییە! ئاخەر هەندێ شت هەیە بە تەلەفۆن ناوترێ: شتەکانی ئەو چین؟ فڵان حیزب واو، فڵان کەس واو…مەڵبەندو لقەکەو پەڕڵەمانەکە و پاراستنەکەو زانیارییەکە واو، ، ، واو..واو…وا. ئەمە نیشانەی بڕوا بەخۆنەبوونە.
کورد ناتوانێت قسە لەگەڵ ئەوانی تر لەدەرەوەی سنووری خۆی بکات، تا لەگەڵ خۆیاندا قسە نەکەن. دەبێت مۆنۆلۆگ (واتە قسەلەگەڵ خۆ-کردن) و ڕێزگرتن هەبێت، ئینجا بیر لە دیالۆگ (قسە لەگەڵ ئەوانی تر) بکرێتەوە. [1]