ناونیشانی بابەت: ئایا مەترسییەکی وجودی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
بەغدا کێشەی لەگەڵ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە نییە؛ بە پێچەوانەوە، نەوتی باکوور (#کەرکووک#) و هەرێمی کوردستان هەر دەبێت لەو ڕێگەیەوە هەناردە بکرێت. تەنانەت ئەو هێڵەی هەرێمی کوردستان کە دەوترێ نا- قانوونییە، بەغدا لە ساڵی (2017) ەوە ڕۆژانە (80 بۆ 150) هەزار نەوتی کەرکووکی پێدا هەناردە دەکات بۆ بەندەری جەیهان. ئەوەش لە بەرئەوەی #داعش# لە (2014) ەوە هێڵی بۆڕی کەرکووک- جەیهانی تەقاندۆتەوە، تا ئێستا نۆژەن نەکراوەتەوە.
=KTML_Bold=ئایا بۆچی هەرێم نەوتی سەربەخۆ فرۆشتووە؟!=KTML_End=
من پێم وایە، هەڵەکە لەوەدا نییە سەربەخۆ یان سەربە - بەغدا فرۆشراوە! هەڵە گەورەکە ئەوە بوو، لە بری دامەزراندن و سەرپێ-خستنی کۆمپانیای- کوردیی- نیشتمانیی-خۆماڵی بواری خزمەتگوزارییە نەوتییەکان (لە کاتێکدا لە یاسای ژمارە 22 ی نەوت و گازی ساڵی 2007 ی پەڕڵەمانی کوردستانیشدا باس کراوە) هاتن گرێبەستیان لەگەڵ دەیان کۆمپانیای بیانییدا واژۆکرد. لەوەشدا، لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (3) کەس ئیمزایان لەسەر گرێبەستی نەوتیی هەیە، #پارتی دیموکراتی کوردستان# (2) کەس، #بزووتنەوەی گۆڕان#یش (1) کەس واژۆیان کردووە.
لە لایەکی ترەوە، پێویستە ئەو ڕاستییە فەرامۆش نەکەین، کە بۆ هەر دیاردەیەک، چوارچێوەی کات و قۆناخە مێژووییەکە و سەردەمەکە گرنگە. ساڵانی (2006 بۆ 2014) جیهان و ئێراقییەکان و ناوچەکەش بەرەو ئەوە دەچوون، کۆ ڕا بن لەوەی “سەددام”ێکی تر لە ئێراق داری گرتۆتە دەست، بەڵام ئەمیان شیعەیە. چەندین جار ئەو سەرۆکوەزیرانەی ئێراق لەو سەردەمەدا بەبێ هۆ پەلاماری کەرکووک و #خانەقین# و شوێنی دیکەی دەدا (بەهەمان شێوە کەوتە پاکتاوکردنی سووننەکان) . لەبەرانبەردا، کورد وەها بیری کردەوە کە کۆمپانیا جیهانییە فرەڕەگەزەکان بەرەو هەرێم ڕابکێشێت، بەمەش لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەر داگیرکاریی و جینۆسایدێکی نوێدا، پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر دەبێت. هەروەها ئەو سەرۆک وەزیرانە لە ماوەی هەشت ساڵدا، هیچ ڕێگەیەکی بە تورکیا نەدا کە لە ئێراقدا پەیوەندییەکی بازرگانی و ئابووریی و سیاسییان هەبێت. بۆیە تورکیاو هەرێم پێکەوە کەوتنە قۆناخی پەیوەندیی دوو قۆڵییەوە.
=KTML_Bold=بەگشتی، چەند خاڵێک گرنگە:=KTML_End=
- نەوت هێندەی کارتێکی سیاسیی بەهێزە، ئەوەندە کاڵایەکی ئابووریی نەبووە. ئایا کەس هەیە کارتێکی وەها بەهێز بەیەکجاریی بخاتە دەستی بەرانبەرەکانییەوە؟
- سەیرم لێ دێ، من لە #چەمچەماڵ# هاتوومەتە دونیا، لادێکەمان دەکەوێتە ناو کێڵگەی کۆرمۆرەوە، دکتۆرام لە ئابووریی سیاسیی هایدرۆکاربۆندا هەیە، شەش ساڵە بەڕێوەبەری پەیمانگەیەکم بۆ توێژینەوە (بەردەوام بە سێ زمان ڕاپۆرتی پۆلەسی و لێکۆڵینەوەو ئەنەلایزمان ئامادەکردووە) . تەنانەت دەستوەردان لەوەشدا ناکەم بۆچی داناگاز دوو دەمی شۆڤڵی لە ڕێگەی گوندەکەمان نەداوەو (هێشتا ڕێگەی بۆ نەکراوە و کارەبای نییە، 56 شەهیدو ئەنفالمان هەیە) هیچ ئیمتیازێکی نەوتیی و ماددیی-کەسییم لە هەرێمی کوردستاندا نییە. کەچی کۆنە-پەڕڵەمانتار، پلە باڵای حکومیی ئەم کوردە کەیفیان لێ دێ هەرێمی کوردستان تەڵقینی بخوێندرێ! بە دەیان و سەدان ملیۆن دۆلار سوودمەندن، هێشتا ئەوان دنەی دۆخەکە بەرەو لاربوونەوە دەدەن!؟ نەک خوێندەواری، بەڵکوو ئاگای لە دونیا نییە بووە بە ملیۆنێر لەسەر حیسابی ئەو ئەزموونەی هەرێم، کەچی داوای ژێرکەوتنی دەکات؟! لایەنی کەمی گاز و داناگاز، سنووری کێڵگەکانی تر، لە سنوورەکانی خۆیاندا، بوونە هۆی سەرچاوەی ژیان و داهات بۆ دەیان هەزار خێزان: چۆن گوایە کارو دەرفەتی ئەوانە بکەونە مەترسییەوە، کێشە بۆ من و تۆش درووست نابێت؟!
- ئەوە نۆ ساڵە ئێراق سکاڵای لە دادگای نێوبژیوانی بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە بازرگانییەکان لە پاریس تۆمارکردووە. ئەوە پێنج ساڵە بەردەوام قسەی لەسەر دەکەین، دوو مانگە دادگا ئەنجامە چاوەڕوان کراوەکەی یەکلایی کردۆتەوە. کەچی ئەم پرسە تەنیا لەوەدا زەق دەکەنەوە تورکیا دۆڕاوە و ئێراق بردوویەتییەوە؟! ڕاستییەکەی ئەوەیە، پێش یەکلابوونەوەی ئەنجامەکە ئێراق و تورکیا لە ڕووی سیاسییەوە ئەم گرفتەیان لەنێوان خۆیاندا یەکلایی کردۆتەوە. هەروەها بەغداو #هەولێر#یش لەم بابەتە و لە پرسی بودجەو دەرچوواندنی یاسای نەوت و گازدا چوونەتە پێشەوە. بەتایبەتی تورکیا، ئەوەندە گوێ بۆ هەندێک دادگای نێودەوڵەتیی ڕاناگرێت، چ جای ئەو دادگایە بارەگاکەی لە “پاریس”یش بێت! بیرمانە هەموو ئەوروپا و ئەمریکا “بە هەڕەشەی دەرکردنی لە ناتۆ” فشاریان خستە سەر تورکیا مووشەکی ئێس-400 لە ڕووسیا نەکڕێت، کڕی.
=KTML_Bold=مەترسییەکە لە کوێوە دێت؟=KTML_End=
مەترسییەکە لەوێوە دێت، کە خاسییەتە هەرە جیاکەرەوەکەی “پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان”لەم قۆناخەدا، ئەوەیە گۆڕانکارییەکان زۆر دراماتیکیین. هەروەها، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا دەرزەنێک ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی دوو قۆڵی بۆ پێناسەکردنەوەی سیستەمیی هەرێمایەتی ڕوویداوە: ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو، ئیمارات و تورکیا، تورکیاو ئیسرائیل، سووریاو سعودییە، تورکیاو میسر، ئاشتەوایی ئێران و سعودییە. کەچی کورد هێشتا لە ئێراقدا پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ بوونیادنان لە ناوەوە و میکانیزمەکانی پەیداکردنی “ددانپیانان”لەدەرەوە نییە. هێشتا پارادایمێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان نییە بەرەو هاتنە دەست و هاتنە سەر پێ بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی قۆناخەکە و ئەو پێشهاتانەی بەرەو ڕووی دێن!لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، دانیشتن بە دیار وتاری پۆپۆلیستییەوە، خزمەت بە ئاییندە ناکات. پلانێکی گشتگیریی پۆلێن کراو بۆ ئاستەکانی: دەرەوە، ئێراق، ناوخۆ ئەگەری دەربازبوون لە تونێلە تاریکەکە زیاتر دەکات، بیرکردنەوە لەو ئالیەتانەی تۆ دەکەنە بەشێک لە ستراتیجی زلهێزەکان گرنگە نەک پێچەوانەکەی، زلهێز وەک پێڵاو وایە لە پێی پیاوێکی کەتەدا، تۆ دەبێت وەک بزمار بیت لە پێڵاوەکەی دا، بۆ ئەوەی پڕۆژەکەی خۆتی بیر بخەیتەوە.لە ڕاستییدا، ئێمە دەتوانین بڵێین “مەترسیی ستراتیجی”لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، نەک “مەترسیی وجودی”. ئاگرەکە لە شوێنێک کراوەتەوە و ڕووداوەکان لە جێگەی دیکەن. ئەگەر ئەردۆگان دەرنەچێتەوە، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل و میسر هەنگاوی گەورە دەبڕن، ئەوکاتە پرسی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان پێ دەخاتە مێژووییەکی نوێوە. چوونکە دەرگا بۆ تورکیا دەکرێتەوە بچێتە ناوهاوپەیمانی گازی سرووشتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ئەگەر دیاردەی ناردنی پارە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕووسیاو ئێران بەردەوام بێت، وا بکەن لەم ڕێگەیەوە ئێران و ڕووسیا لەو سزایانەی خراوەتە سەریان دەربازیان ببێت، بێگومان ئابووریی ئێراق و هەرێمی کوردستان تووشی داڕمان دەبێتەوەو، هاوسەنگی و دۆخی سیاسیی لە ئێراقدا دەشڵەقێت؛ چوونکە هەرێم و بەغدا بەرگەی سزای ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ناگرن.لە هەرلایەکییەوە تەماشای دەکەیت، دەرفەتەکان زۆرن لە بەردەم کورددا، بەڵام هەر ئاوا بەردەوام نابن. کارە قوورسەکە لە ناوخۆی هەرێمدا، نەبوونی هەلی کارە بۆ گەنجان. تێناگەم! ئێستا چی تێدەچێت ئەگەر دوو ئەندازیاری “چینی”و هەندێ ماددەی سەرەتایی “مەوادی ئەوەلی”بهێنیت، لە چەمچەماڵ دا دوو کارگەی گەورەی قووماش و پێڵاو بکەیتەوە، هەزاران گەنجی تیادا سەرقاڵ بکەیت؟! ئەو پیشەسازییەی لە تورکیاو ئەڵمانیاش هەیە، ماددە سەرەتاییەکانی هی وڵاتانی ترە. [1]