ناونیشانی بابەت: ئۆراسیا و پرسی کورد
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
نزیکەی پێنج سەدەیە جیهان بە ئاڕاستەی خۆراوا (ئەوروپا و ئەمریکاو کەنەدا) وەرچەرخاوە، ئێمە ئێستا لە چرکەساتێکی مێژوویی، سیاسی و ئابووریی هەستیاردائەژین، چرکەساتێک کە ئاسیاییەکان لە چین و یابان و ڕووسیاو هیندستان و سەنگافورا توانیویانە نموونەیەکی گەورە لە شارستانییەتی سەردەم لە ڕووی بوونیادنان و تەکنەلۆژیاو نمایشی ئابووریی و سەربازیی و دیبلۆماسییەوە نیشان بدەن، بێ ئەوەی ببنە پاشکۆی خۆراوا.
ئێمە ئەمانتوانی پێش ئەوەی کلیک لەسەر «ئۆراسیا» بکەین باسی «ئەماسیا» وەک ئاماژەیەک بۆ کیشوەری ئەمریکای باکوور و ئاسیا بکەین. یاخود «ئەفاسیا» واتە لێکدانی ئەفریکا و ئاسیا وەک تێزێکی تری دیراساتی هەرێمایەتی.
ئۆراسیا!. ناوچەیەکی ئاڵۆز، بابەتێکی ئاڵۆزتر!. هەر ئەوەندە باسی ئۆراسیا کرا، یەکسەر بابەتی جیۆپۆڵەتیک دێتە پێش چاومان و، لە کوورتییەکەیدا تیۆری هارتلاند-Hartland Theory کە ناوچەی ئۆراسیا وەک دڵی جیهان وێنا دەکات (ئەو ناوچانەی ئەکەونە نێوان ئاسیا و ئەوروپا) . یەکسەر بیرۆکەکەی جوگرافیناسی بەریتانی هالفۆرد جۆن ماکیندەر- Hlagord John Mackinder ئامادەیی هەیە کە لایوایە جیهان یەک یەکەی سیاسیەو ئەشێت حوکم بکرێت، بۆ ئەوەش هەر هێزێک دەستەڵاتی بەسەر ئۆراسیادا هەبێت دەستەڵاتی بەسەر جیهاندا هەیە!.
بەڵام ڕاستییەکەی، ئۆراسیا بە تەنیا دەربڕین و دیسکرایبێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو لەوە گرنگتر بریتییە لە ناسنامە، هەروەها لایەنە مێژوویی و سیاسیەکەی کە تیایدا لەوێوە شەڕی بردنەوەو دۆڕاندنی بەهاکان ئەکرێت لەنێوان دوو بلۆکی خۆراواو خۆرهەڵاتدا.
بە بڕوای من ئۆراسیا چەمکێکە هێندەی ئاڵۆزییەکەی ناجێگیرە. ئەشێت ئۆراسیا شاخەکانی ئۆراڵ و کازاخستان و ناوچەی بەلتیق بێت. ئەشێت هەر لە نەرویج و فینلەنداوە تا دێتە خوارەوە بۆ ناوچەی دەریای ڕەش ئۆراسیا بێت. ئەشێت هەموو ئەو حەوزە گازی سرووشتییەی کە لەدەریای ناوەڕاستدا لە خوارووی ئەوروپاو سنووری ئاسیادا دۆزراوەتەوە ئۆراسیا بێت. یان بە گشتی بە (93) دەوڵەت ئەوترێت ئۆراسیا کە لە ئەوروپا و ئاسیان. لەوانەیە ئۆراسیا ئەوروپا بێت لەوانەیە ئەوروپا نەبێت. بەڵام هەرچی چۆنێک بێت بە بێ ڕووسیا ئۆراسیا نییە و نابێت. ڕووسەکان چەندین ناوەندی وەکۆڵین و پەخش و وەشاندنی قوڵیان خستۆتە ئیش کە تاو بە قوتابخانەی ئۆراسیای نوێ بدەن. ئێستا ئەکرێت ئۆراسیای سووریاش هەبێت کە تەنیا (100) کیلۆمەتری ئاویی لە دەریای ناوەڕاستەوە لە ئەوروپاوە دوورن. هەروەک چۆن چین ئۆراسیای خۆی هەیە.
ڕۆبەرت کابلان (Robert D. Kaplan) پڕۆفیسۆرو نووسەر و جیۆسیاسیی ئەمریکی لە دوایین پەڕتووکی دا، لە ساڵی (2018) بە ناونیشانی «گەڕانەوەی مارکۆ پۆڵۆ؛ جەنگ و ستراتیج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستو یەک) چرکەساتەکە بە چرکەساتێکی ڕاگوزەر دەست نیشان ئەکا، کە پێویستە لە دوو ئاستدا هەستی پێ بکرێت؛
یەکەم/ ئەمریکا پێویستە لە ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا بەر بە هەژمونی چین بگرێت، لە ئەوروپاش بەر بە ڕاسترەو پۆپۆلیزم.
دووەم/ بە بڕوای کاپڵان هەریەک لە جوگرافیا و تەکنەلۆژیا بەریەککەوتنیان هەیە. لێرەوەیە ڕووسیا هەمیشە هەژمونی بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپادا هەیە، لە خۆرهەڵاتی ئەوروپا ناڕەزایی دژی سیستەمەکان وایکردووە بزووتنەوە ڕاسترەو و شەعبەوییەکان دەستەڵات بگرنە دەست. ئەمەش بەرژەوەندی ڕووسیا مسۆگەر ئەکات.
ئەگەر ئۆراسیای نوێ ڕووسیا سەرکردە سیاسیەکەی بێت و چین بانک و داراییەکەی بێت، ئایا لە کوێوە بۆ کوێ دەست پێدەکات؟. زۆرکەس بە ئەبرۆکانیان ئاماژە بۆ سووریا ئەکەن، لە سووریا کورد دیفاکتۆیە، بەڵام ناسنامەکەی دیار نییە. تورکیا بێگومان لە ناوەڕاستی پڕۆژەکەدایە، لە تورکیاش هەرە گرفتە سەرەکیەکە پرسی کوردە.
لە ئێراق کوردەکان نزیکەی (28) ساڵە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان هەیە و لە ساڵی (2006) یشەوە بە فەرمی کوردستانی ئێراق زیاتر لە (52) گرێبەستی نەوتی ئیمزاکردووە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و جگە لەوەی بڕێکی زۆر لە گازی سرووشتی هەیە کە ئاماژە فەرمییەکان بە (200) پێ سێجا (5.3 تریلیۆن م3) دائەنێن. هەروەها کورد لە ئێران هیچ مافێکی ئەوتۆیان نییە.
ئایا پڕۆژەی ئۆراسیا ستەمە مێژوییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم ڕاست ئەکاتەوە؟. لەم ڕووەوە سەت ساڵە کورد قوربانی دابەشکارییە جوگرافیەکانی دوای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ-1916 یە.
دیدی کورد وەک ئەکتەرێکی نا- دەوڵەتی (بەتایبەتی کوردی ئێراق کە 28 ساڵە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان هەیە) ئەکرێت وابێت کە بەشداری هەر پڕۆژەیەکی هەرێمایەتی یان تەواوکاریی ئابووریی هەرێمایەتی (Regional Economic Integration) بکات، بەڵام کوردستان پۆلیسی ئەوروپا نییە جەنگی دژەتیرۆر بکات و بە جێی بهێڵن!. پێویستە پڕۆژەو یەکانگیرییەکە ڕەچاوی دەرفەتی یەکسان بکات، لەوەی کورد کۆنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو گەورەترین نەتەوەیە لە گۆی زەوی کە دەوڵەتی نییە!..
ئێمە لە ناوەندەکانی خۆمان بە ئاگاین لە ڕێکخراوە حکومییە نێودەوڵەتییەکان و پڕۆژە هەرێمایەتییەکان. بۆ نموونە لە دوای جەنگی ساردەوە لە ساڵی (1995) ەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی بەرشەلۆنە-Bercelona Diclaration ەوە پڕۆژەی شەراکەت لەنێوان وڵاتانی ئەوروپاو ئەو (16) دەوڵەتی تر ئیمزاکراوە کە ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست لە کیشوەری ئەفریکاو ئاسیان، چونکە سنووری ئاویی هاوبەشیان هەیە، ڕێککەوتنەکە بە ئامانجی سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و هاریکاریی هاوبەش بو، هەروەها ئەمە دواتر لە ساڵی (2008) ناوەکەی گۆڕدرا بۆ یەکێتی دەریای سپی ناوەڕاست (Union for Mediterranean ) بە ئامانجی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئابووریی و مرۆیی و دابین کردنی ئاساییش و سەقامگیریی. بەڵام ئایا شەراکەت و ڕێککەوتنەکە لە دوای 11 ی سێپتەمبەر کاری خۆی کرد؟!. لە دوای بەهاری عەرەبی (2011) ئەوروپا بە بەرپرسیارییەتی خۆی هەستا بەرانبەر ئەو دۆخەی لە ئەفریقا و سووریا هەیە ؟. لە شەری دژەتیرۆرو کۆچبەراندا، وە ئێستاش لەبەرانبەر پەتای کۆرۆنادا بەرپرسیارییەتییە هاوبەشەکانی ئەوروپا چین؟!.
بەهەمان شێوە لە (29 ی ئایاری 2014) ەدا یەکێتی ئابووریی ناوچەی ئۆراسیا (EAEU) پێکهینراوە. لە کاتێکدا کورد سەری لە ناو خوانی پڕۆژەی ئۆراسیاو پڕۆژە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستدایە لە ڕووی جیۆ-ئابوورییەوە.
لە سەدەیەکی نوێداین!. بەرەبەیانێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە واقیعی (چین) ە کە بە دوای پشتێنەو هێڵی ئاوریشمەوەیە لە ناوچەکە پڕۆژەکە دروشمەکەی بریتی یە لە (پشتێنەو ڕێگا) . هەروەها ڕووسیا بە دوای گرنگی جیۆستراتیجی خۆیەوەیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئامانجی ڕووسیا تێکشکاندن و نەهێشتنی سیستەمی تاک جەمسەرییە لە جیهاندا کە ئەمریکا لەدوای جەنگی ساردەوە ڕێبەرایەتی ئەکات.
لە دەرەنجامدا، چین و ڕووسیا، بە هەردوکیان لە ڕووی (بەها) ییەوە پڕۆژەی ئۆراسیایان هەیە. کوردستان ناوجەرگەی ڕێگەی ئاوریشمێکی نوێیە بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست، هەروەها بەرەو ئۆراسیا بەگشتی. جگە لەوەی زیاتر لە (1) یەک ملیۆن کوردی دیاسپۆرا (دوور لە نیشتمانی دایک) لە ئۆراسیا دەژین کە بەگشتی دابەشبوون بەسەر وڵاتەکانی ڕووسیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، جۆرجیا، کازاخستان، تورکمانستان، قیرغستان و ئۆزباکستان. هەروەها ملیۆنەها کورد لە ئەوروپاو ئەمریکا دەژین.
ناکرێت، ڕووسەکان بە کورد بڵێن واز لە خۆراواو لیبراڵیزم بهێنن، هەروەک جوگرافی ناسی بەناوبانگ و ڕاوێژکاری پۆتین « ئەلیکساندەر دوگین» جاڕی کۆتایی کۆمۆنیزم، لیبراڵیزم و ناسیۆنالیزمی داوە و، سەرسەختانە تێزە جیۆپۆڵەتیکیەکەی خۆی ناوناوە «تیۆری چوارەمی سیاسەت»، دوگی و پڕۆژە ئاسیاییەکە هێشتا نەیانتوانیوە ئێمە قەناعەت پێ بهێنن کە ئاخۆ لەنێوان ململانێی ئۆراسیاو خۆرئا واییەکاندا دۆزی کورد بەکوێ ئەگات!؟. ئەوان بە ئێمە دەڵێن ئەوە مەکەن بەڵام ئەلتەرنالتیڤێکی لەوە باشتر ناخەنە بەردەستمان. [1]