ناونیشانی بابەت: کاریگەریی ئاساییشی وزەی سووریا لەسەر هەرێم
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
له سەرەتاى سەرهەڵدانى قەیرانى سووریا (2011) ەوە، لەناو خاکى سووریا هەریەکە لە ئەمریکاو ڕووسیاو تورکیاو ئێران کێبڕکێیەکى سەرەکى ئەکەن لەپێناو دەستگەیشتن بە پیشەسازیی نەوت و غازدا. بگرە ڕیشەى شەڕ له سووریا ئەگەڕێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنى ئەو ناوچانەى بە نەوت و غاز دەوڵەمەندن (لە وشکانى و لە کەنارى دەریادا) . هەروەها دەستخستنى پێداویستى و سەرچاوەکانى ئاو بۆ ڕزگاربوون لە دۆخى وشکبوونى بەردەوام.
سووریا بەدرێژایی مێژوو کێشەى هەبووە، هەروەک دەرفەتیشى هەبووە، ئەوەش بەشى گرنگى ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەڵکەوتەیەى کە هەیەتى، وەک وڵاتێکى عەرەبى کە ئەکەوێتە سەر دەریاى سپى ناوەڕاست، ئەمە سووریاى کردووە بە تاقە دەرگایەک بۆ ئەوەى هەریەکە لە ئێراق و ئوردون و ئێران لێوەى بگەنە دەریاى ناوەڕاست.
مەبەست لە ئاساییشى وزە، پاراستن و بەرزڕاگرتنى ئاستى یەدەگى سرووشتى و بە بازاڕیکردن و چاودێریکردنى نرخە لە بازاڕی جیهانى دا، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەرى هەیە بەسەر ژیانى سیاسی و ئابووریی و مرۆیی نێوخۆى وڵاتەکەوە.
هەرچەندە یەدەگى نەوتى سووریا بەپێى ستانداردى عەرەبى ئەو بڕە زۆرە نییە، تا هەنوکەش نەوت ڕۆڵێکى گەورەى نەبینیوە لە زیادکردنى سەرچاوەى داهات لە سووریادا. لە ساڵى (2010) دا هەناردەکردنى سێکتەرى وزە به گشتى لە (35%) تێپەڕى نە کردووە، واتە پتر بۆ پێداویستییە نێوخۆییەکان بەکاربراوە و نەوت تەنیا (20%) ى سەرچاوەى داهاتى حکوومەتى سووریاى پڕکردۆتەوە. بەپێى جۆرناڵى نەوت و غاز لە (جانیوەرى 2015) دا یەدەگى نەوتى سووریا بە ( 2.5) دوو ملیارو نیو بەرمیل خەمڵێنراوە. کە بڕى هەرە زۆرى ئەم یەدەگە ئەکەوێتە باکوورى ڕۆژهەڵاتى سووریاوە (واتە ناوچە کوردییەکان) . هەروەها یەدەگى غازى سرووشتى بە (241) ملیار مەتر سێجا خەمڵاندوە. بەشێوەیەکى گشتى یەدەگى غاز ئەکەوێتە سەنتەرى سووریاوە. زۆربەى ئەو نەوتە خاوەى سووریا هەیەتى نەوتى قوورسە (هێزى ڕاکێشانى نزمە) و ترشە (واتا بڕێکى زۆر گۆگرد لە پێکهاتە یان ناواخنەکەى دا هەیە) ، ئەمەش یانى پیًویستى بە پاڵێوگەى تایبەت هەیە بۆ ئەوەى بە پڕۆسەى پاڵاوتن و بەرهەمهێنانى پێکهاتەکانى تردا تێپەڕبێت، ئەوەش نەوتى سووری ئەخاتە دۆخێکى نزمەوە لە ڕووى نرخەوە.
سێکتەرى نەوتى سووریا لە دواى ساڵى (2011) وە تووشى فەوزاو شڵەژان بۆتەوە، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنى نەوتى خاو پەکیکەوت تا ئاستى نزیکەى سفر. وڵاتەکە سەراپا تووشى کوورتهێنان بویەوە لە مەسەلەى (خستنەڕوو) ى توانا هایدرۆکاربۆنیەکان و بەرهەمە پاڵاوتەییەکانى. سەربارى ئەمەش سەپاندنى سزا بەسەر نەوتى سوورى دا لەلایەن ئەمریکاو یەکێتى ئەوروپاوە ئەوەندەى تر توانا پیتڕۆڵیەکانى سووریاى بێ کاریگەر کرد. لەم ساڵى (2019) یەدا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە ناوخۆی سووریادا گەیشتووە بە (24000) بیستوچوارهەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئەوەش ئەکاتە (20 -25%) ى پێداویستییە نێوخۆییەکانى سووریا. لەکاتێکدا پێش هەڵگیرسانى جەنگى ناوخۆ لە سووریا لە (2010) دا ڕۆژانە ئاستى بەرهەمهێنان (350000) سێ سەت و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت بوە.
بەپێى ئەنەلایزێکى مەیدانى چڕ کە لە پەیمانگەى مێدیتریانە بۆ توێژینەوەى هەرێمایەتى بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانى (Syrias oil, gas and water – the Immiscible Solution to the War in Syria) حکوومەتى سووریا له و ماوەیەى کە وەک جەنگ تێى کەوتووە پێویستى زۆرى بە سوتەمەنى بووە، ئێران وەک پاڵپشتییەک بۆى دابین کردووە، جگە لەوەى ئێران پاڵپشتى سەربازیی بێ چەندوچونى ڕژێمى بەشار ئەسەدى کردووە لە ماوەى قەیرانى دواى بەهارى عەرەبییەوە، ئەم پاڵپشتییانەى ئێران دواى سەپاندنى سزا لەلایەن وەزارەتى خەزێنەى ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بەڕێژەیەکى زۆر کۆتایی هات. تەنانەت ئەمریکا سزاى ئەو کەشتییە نەوتییە ناشەعیانەشى دەرکردووە، جگە لە چەند کەشتى و کۆمپانیایەکى دڵنیایی تایبەت و دیاریکراو.
=KTML_Bold=جیۆپۆڵەتیکى وزە:=KTML_End=
کۆنێکت کردنى هێڵى بۆرٍى کوردستان بە دەریاى ناوەڕاستەوە
جیۆپۆڵەتیکى وزە، یانى کاریگەریی پێگەى جوگرافیاى سیاسی بەسەر وزەوە (ئەگەرچى وزە تەنیا نەوت و غازى سرووشتى نییە، ئاویش گرنگە) .
هەرێمى کوردستان و ئێراق بەگشتى کەوتۆتە نێوان سێ حەوزەى گەورەوە، یەکێکیان لە باکوور و خۆرهەڵاتییەوە حەوزەى قەزوینە کە ڕووسیاو ئێران و ئازەربایجان تیا ڕۆڵ ئەگێڕن و ( ڕووسیاو ئێران یەکەم و دووەمى یەدەگى غازى جیهانیان هەیە) ، دەریاى قەزوین گەورەترین دەریاى داخراوە لە جیهانداو، ناوچەیەکى پڕ بەریەککەوتنى جۆراوجۆرە، بە دوورییەکى زۆریش ئێراق و سووریا ئەگەنە ئەو ناوچەیە.
حەوزەى دووەمیش کەنداوى عەرەبییە کە نەک بۆ هەرێمى کوردستان بۆ ئێراقیش وەک یەکێک له وڵاتانى کەنداو بوەتە سەرچاوەى نا-ئارامى سیاسی و ئەمنى، ئەم حەوزەیە پتر هەیمەنەى ئێرانى بەسەرەوە دیارە.
حەوزەى سێیەمیان لە باکوور و خۆراواوە حەوزەى دەریای سپى ناوەرٍاستە کە ڕاستەوخۆ سەرى لەناو خاکى کوردستاندایە.
زۆربەى وڵاتانى باشوورو ناوەڕاستى ئەوروپا ئەکەونە سەر دەریاى ناوەڕاست. میسرو قوبرس و ئیسرائیل پێکەوە سنووری ئاویی هاوبەشیان هەیە و، غازو نەوت له کەنارى دەریادا بەرهەمدێنن، ئەمریکا بەتوندى بەرگرییان لێ ئەکات. لە (13ى نۆڤەمبەرى 2019) لەسەر پرسى دەرهێنانى غازى سرووشتى لە قوبرسى تورکى لەلایەن تورکیاوە، یەکێتى ئەوروپا هۆشدارى توندى دایە تورکیا.
هەموو وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى دەریاى سپى هاوسۆزى کوردن و، بەرژەوەندی خۆیان لە دەوڵەمەندکردنى کوتلە نەوتى و غازییەکەیاندا ئەبیننەوەو، چاویان لەوەیە هێڵى بۆڕى کوردستان بە نزیکترین ڕێگە لە دەریاى ناوەڕأستەوە بگاتە ئەوروپا.
بۆ ماوەى چەند سەدەیەک سووریا لەژێر قەڵەمڕەوى تورکە عوسمانیەکاندا بووە، لە دواى جەنگى جیهانى یەکەمەوە بە پێى بڕیارى مانداتى کۆمەڵەى گەلان کاروبارى سووریا درایە فەڕەنسا. لەدواى جەنگى جیهانى دووەمەوە سووریا وەک دەوڵەتێک سەربەخۆیی سیاسیی وەرگرت بەڵام هەر لەژێر چاودێرى و دەستوەردانى هێزە نێودەوڵەتییەکاندا مایەوە. کاتێک بەریتانیا لەدواى جەنگى جیهانى دووەمەوە ئێراق و نەوتەکەى چنگ کەوت، ساڵى (1935) هێڵى بۆڕى موسڵ – حەیفا ى بوونیادنا کە بەخاکى سووریادا تێپەڕئەبێت، ئەم هێڵە هەرچى نەوتى #کەرکووک# و ناوچە کوردییەکانى ئێراق (هەرێمى کوردستان) و موسڵ و ئوردونى پیادا تێپەڕئەبێت بۆ دەریاى ناوەڕاست (بەدیاریکراوى بۆ بەندەرى حەیفا بە درێژایی 942 کم) .
لێرەوە تێئەگەین، کە دیوە ستراتیجیەکەى نەوتى سووریا ئەوە نییە کە ئەو بڕە لەیەدەگى تێدایە، چونکە ئەو یەدەگە هێندە زۆر نییە لەسەر ئاستى ڕێژەى بەکاربردنى ڕۆژانەى جیهاندا ببینرێت (لە 2019دا ڕۆژانە جیهان پێویستى بە 194 ملیۆن بەرمیل نەوتە) لەکاتێکدا بەشى زۆرى ئەو بەرهەمهێنانەى نەوتى سووریا بۆ پێداویستى ناوخۆیەتى. بەڵکوو گرنگى گەورەى نەوتى سووریا پێگەکەیەتى لەنێوان ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دەریاى سپى ناوەڕاستدا کە لەتوانایدایە ڕۆژانە سوتەمەنى بۆ تەواوى کەشتییە بەریتانى و ئەمریکى و ئیسرائیلیەکان دابین بکات لە دەریاى ناوەڕاستدا. هەموو ئەو ئامێرە سەربازییانەى وڵاتانى زلهێزو ناوچەکە هەیانە بە وزە ئیش ئەکەن و سووریاش ناوچەیەکى نزیک و ناوجەرگەى ڕووداوەکانە لەتوانایدا لە شوێنى خۆیاندا وزەى پێویستیان بداتێ. هەروەها گرنگییەکى ترى سووریاو (باکوورى سووریا بەدیاریکراوى) ئەوەیە نەوتى کەرکووک و هەرێمى کوردستانى ئێراقى لێوە ببرێتە دەریاى ناوەڕاست (مێدیتریانە) بەمەش ناوچەکە سەراپا لە میسرو قوبرس و ئیسرائیل و سووریاو ئێراق لەسەر دەریاى ناوەڕاست ئەبنە یەک کوتلەى وزەى گەورە لەژێر چاودێرى چڕى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو ئیسرائیلدا.
لە ئێراق، تا ئێستاش نەوتى کەرکووک بە هێڵى بۆڕى کوردستاندا دەچێتە بەندەرى جەیهانى تورکى بۆ دەریاى ناوەڕاست. لە ئاستى نێوخۆى کەرکووکدا، دۆخەکە بۆ کورد لە بار نییە، زانیارییەکان کتومت پێمان دەڵێن، لەناو کۆمپانیاى نەوتى باکوور لە کەرکووکدا لە کۆى (14120) چواردە هەزار و سەت و بیست فەرمانبەر تەنیا (1600) هەزار و شەش سەت کەسى کوردن، لە (12) دەستە هیچی کورد نییە، (52) بەش تەنیا (4) بەش سەرۆکەکەیان کوردە. لە (800) یەکە تەنیا (52) یان کوردن. لە (280) هۆبە تەنیا بەرپرسى (26) دانەیان کوردە. هەرچى ئاستى بەرهەمى ڕۆژانەى نەوتە لە (نۆڤەمبەرى 2019) دا لەنێوان (370000 بۆ 380000) هەزار بەرمیلە، بەشى زۆرى سیاسەتى وەزارەتى نەوت وایە بۆ پاڵێوگە نێوخۆییەکان و پێداویستییەکان سەرف بکرێت، کەمینەیەکى لە بۆڕى کوردستان- خورمەڵە- فیشخابورەوە بەپێى ڕێککەوتن هەناردە ئەکەن.
ئەوەى جێى باسە ماوە نەماوەیەک وەزیرو وەزارەتى نەوت لە میدیاکان دەڵێن بۆڕییەکى نوێى نەوت درووست دەکەین لە کەرکووکەوە بۆ تورکیا، لەکاتێکدا ئەوە ئیشى کابینەیەک لەوه و پێشتره و دوو ساڵە پڕۆژەکە هەیه و لە جێبەجێکردندایە.
=KTML_Bold=ڕۆڵى ڕووسیا:=KTML_End=
چوارچێوەى کارى ڕووسیا لە هەرێمى کوردستان زیاتر ئابوورییە، بەڵام لە سووریا مەدایەکى گەورەى ئابووری و سەربازیی هەیە. ڕووسیا لە شوباتى 2017ەوە دێڵێکى لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیە بۆ بەرهەمهێنان و بەبازاڕیکردنى وزەى هەرێمى کوردستان. هەروەها ڕووسیا ڕۆڵێکى ئەوتۆى نییە لە جوگرافیاى کێڵگە نەوتییەکانى کەرکووکدا.
لە سووریا ڕووسیا بوونى تەواوەتى لە (تەرتوس) ە، کە ئەکەوێتە باکوورى خۆراواى سووریاوەو، بنکەیەکى سەرەکى عەرەبی سوورى دەریاوانى سەربازی و ئابوورییە. ڕووبەرەکەى نزیک بە (3) ملیۆن مەتر چوارگۆشەیە، قەبارەى شتومەکى لەخۆگرتوو ساڵانە تیایدا ئەگاتە (12) ملیۆن تەن و، لەساڵى (2020) ئامادەکارى کراوە بگاتە (25) ملیۆن تەن. تەرتوس ماهیەتێکى گەورەى هەیە لەبەرئەوەى ئەکەوێتە سەر کەناراوەکانى دەریاى ناوەڕاست، کە هەموو جیهانى عەرەبى و ئەوروپاو ناوچەى دەریاى ڕەش ئەتوانن پێى بگەن. تاکە شوێنە لە دەریاى ناوەڕاست وە لە سووریا کە هێزى سەربازیی و غەواس و کەشتى فڕۆکە هەڵگرو فڕۆکەى جەنگى و تیمى بازرگانى ڕووسیاى تیادا جێگیرکراوە.
بەپێى وتەى جێگیرى سەرۆکوەزیرانى ڕووسیا “یورى بوریسوف” لە (ئەپرێڵى 2019) دا مۆسکۆ ڕیککەوتنى لەگەڵ حکوومەتى سووریا کردووە بۆ ماوەى 49 ساڵ لە تەرتوس ئەمێنێتەوەو، دەستیشیان کردووە. جگە لەوەى ڕووسیا سەرقاڵى بەرهەمهێنان و دەستوەردانە لە کێڵگە نەوتییەکانى سووریادا، هەروەها بەتەواوەتى کار لە بلۆکە غازییەکاندا دەکات بەتایبەت لە ناوچەى (تەدمر) و سەنتەرى سووریا بەگشتى.
لە کۆتاییدا، کوردستان بۆ ئەوەی مەترسییەکانی ئەم دیاردە نوێیە له گەمەی جیۆپۆڵەتیکدا بکات بە دەرفەت، بۆ ئەوەی ئاساییشی وزەی کوردستان بە ستانداردێکی مۆدێرندا وەربچەرخێ، لانی کەم پێویستە تیۆرەیەکی هەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دیاردەی نوێی ناو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە پێی ئەوترێ (پەیوەندییە ئابوورییە سیاسییەکان-IPE) واتە بنەمای پەیوەندی لەنێوان حکومەتی دەوڵەتەکان و کۆمپانیا جیهانییەکاندا چۆنە!) . بۆ نموونە لە ساڵی (2013) وە کۆمپانیای بریتش پیتڕۆڵیۆم لە ناو نەوتی کەرکووکدان و کنە ئەکەن، ئەوە سێ ساڵە بینایەکی مۆدێرن یان کردۆتەوە لە ناو کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەیوان تەنیا خەریکی لێکۆڵینەوه و گەڕانن. ئایا کورد دوو سەنتەری لێکۆڵینەوەی لە کەرکووک و دەوروبەری هەیە؟. ئەوەتا ئەبینین لەگەڵ پێشکەوتنی پیشەسازیی نەوت و دەرهێنان و پاڵاوتن لە هەرێمی کوردستان گرفتە دارایی و سیاسی و مرۆییەکان لەهەڵکشاندان! [1]