ناونیشانی بابەت: کورد و هەڵاوسانی ئابووریی جیهانی، بەهۆی گرانی نرخی وزەوە
ئامادەکردن: #بەهرۆز جەعفەر#
چوار فاکتەری گەورە هەڕەشە لەم هەسارەیە ئەکەن، لەنگەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان تێک و پێکداوە:-
1- گۆڕانی کەشوهەوا، بەهۆی پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی و وشکە ساڵییەوە، لە لایەک بووەتە هۆی کارەساتی سرووشتی (تەنیا لە مانگێکدا بەبەهای 30 ملیار دۆلار لافاو زیانی لە پاکستان داوە) لە لایەکی تریش بووەتە هۆی قەیرانی کەم ئاویی و هەڕەشە لە بەرنامەی خۆراکی جیهانیش ئەکات.
2- قەیران و لێکەوتەکانی جەنگی ڕووسیاو خۆراوا. کە تێچووی ئەم جەنگە لە 24 ی شوباتی 2022 ەوە تا ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری 2022 بە (3) تریلیۆن دۆلار ئەخەمڵێنرێت. گەورەترین لێکەوتەی ئەوەیە کە قەیرانی گازی سرووشتی و گرانی بازاڕی وزە وایکردووە هەڵاوسانێکی ئابووریی بێوێنە لە ئەوروپاو ئەمریکا درووست ببێت.
3- قەیرانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی. جگە لە (5) ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاساییش چەندین وڵاتی وەکوو پاکستان و ئیسرائیل و ئێران و کۆریای باکوور، دەستیان گەیشتووە بە چەکی ناوەکی یان نزیکن لەو بەرنامە ئەتۆمییە.
4- قەیرانی بڵاوبوونەوەو تەشەنەسەندنی “نایەکسانی” لە تەواوی وڵاتانی دیموکرات و نا-دیموکراتدا، چینی ناوەڕاست ڕووی لە کەمبوونەوەیە. لەم ساتەدا تەنیا لە یەمەن (750) هەزار منداڵ پێویستیان بە خۆراکەو تووشی برسێتی بوون.
لەگەڵ ئەمانەشدا، ئامارەکان و ئاماژەکان بۆ ئەوروپا بە تایبەتی و جیهان بەگشتی نیشانی ئەدەن، سیستەمی سەرمایەداری- خۆراوایی تاقەتی بەڕێوەبردنی دونیای نەماوە:-
- پێش قەیرانی ئۆکراینا و گرانبوونی بازاڕی وزە، کۆرۆنا ڤایرەس لە (2020 و 2021) دا دەیان تریلیۆن دۆلار زیانی بە ئابووریی جیهانی و کۆی گشتی ئاستی بەرهەمهێنان لە تەواوی جیهاندا گەیاندووە.
- بە گوێرەی سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا “دەنیس شیمخاڵ” جەنگ زیانی (750) ملیار دۆلاری لە ئۆکراینا داوە و، (10) ملیۆن ئۆکراینیش ئاوارەی پۆڵەنداو وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بوون.
- تەنیا لە سەرەتای ئۆکتۆبەری 2022 ەوە، نرخی وزە لە ئەوروپا (84٪) هەڵکشاوە.
- ئەڵمانیا (200) ملیار یۆرۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرانی نرخی وزە لەم زستانەدا تەرخان کردووە. لە (5) وڵاتی ئەوروپیش خۆپیشاندان دژی گرانی بازاڕی سوتەمەنی دەستی پێ کردووە.
- بەهای پاوەندی بەریتانی لە ساڵی (1976) ەوە هەرگیز وەکوو ئێستا دانەبەزیوە، بەهای یۆرۆ لە هەموو تەمەنی دراوەکەدا کە (30) ساڵێکە هەرگیز وەکوو ئێستا دانەکشاوە.
“کورد چاوەڕێی دەرفەت بکات؟”
کونێک (تەنیا کونێک) کەوتە هێڵی بۆڕیی گازیی نۆرت ستریم-2، ئیتر شارستانییەتی خۆراوا کەوتە لەرزین و خۆی خستە ژێر پرسیارەەوە! هەزاران ساڵە و لە زەمانی تیروکەوانەوە هەرچی چەکێک درووست بووە بە سەر کورددا تاقی کراوەتەوە، هەزاران جار کۆمەڵکوژی کراوە، هێشتا کورد هەر ماوە و شارستانییەت و زمان و کولتوورو ئاڵاو هێماکانی ئەگەشێتەوە.
“گۆڕان” ئەشێت باش بێت، ئەشێت “خراپ” بێت. بە بڕوای من کورد سوودی گەورەی لە “مۆدێرنیتی” خۆراوایی بینی. ئەیتوانی سوودی زۆرزۆر گەورەتری لێ ببینیێت، بەڵام چونکە تێی نەگەیشت، یان درەنگ تێی گەیشتن، نەیتوانی وەک پێویست خۆی هاوتای کاروانە جیهانییەکان بکاتەوە. لێرەدا بەگشتی:-
- وەک دەردەکەوێت، لە کۆتایی ساڵی 2022 دا نرخی نەوت و گازی سرووشتی بەشێوەی بەرچاو بەرز ئەبێتەوە. لە هەموو حاڵەتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت دەچێتە نێوان (125 بۆ 150) دۆلاری ئەمریکی. بەدڵنیاییەوە لە ساڵانی ئاییندەدا نرخی نەوت دائەبەزێت بۆ 40 دۆلار یان 50 دۆلار. ئەگەر ئەمڕۆکە خێرا کورد کەڵک لەم دەرفەتە نەبینێت و، ژێرخانێکی بەهێز چێ نەکات و، ئابووریی هەمەچەشن و سەرچاوەی داهات هەمەڕەنگ نەکات، کەی کەڵک لە دەرفەت وەرئەگیرێت؟
- بایەخدان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریکا و ئەوروپا لەلایەک و چین و ڕووسیا لەلایەکی ترەوە ئەگاتە ئەوپەڕی. بەهۆی فاکتەری جیۆپۆلەتیک (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکەوێتە ناوەندی هەرسێ کیشوەری ئاسیا و ئەوروپاو ئەفریکا) ەوە، کوردیش وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت لەم سەرزەوییە بەشێکی گرنگ یان بزوێنەری ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە ئێران و سووریاو ئێراق و تورکیاش. هەروەها فاکتەری بازاڕ (بازاڕ واتە ڕەگەزە سەرەکییەکەی لیبراڵیزم) زیاتر لە (40٪) کاڵاو شمەکی جیهانی بە ئاوەکانی کەنداو و دەریای عوماندا بەرەو جیهان دێن و دەڕۆن، هێشتا نەوت و گازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵیان هەیە لەسەر نرخدانانی جیهانی (وەک لە دواییین بڕیاری ئۆپیکدا لە ئۆکتۆبەری 2022 بینیمان) .
گەورەترین هەڕەشە لەسەر کورد، لەسەر خەڵک و تاک و دەزگای کورد ئەوەیە کە هەمیشە خۆی بە کەم ئەزانێت. هەستی خۆ-بەکەمزانینی کورد بەرانبەر نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەر، هەستی خۆ بە کەمزانی تاکی کورد و تەنانەت نوخبەو بیرکەرەوەی کوردیی بەرانبەر بە جیهانی دەرەوە، ئەو پاڵنەرە درووست ناکات کە لە ناوخۆدا پشت بە خۆی و لەدەرەوەش پاڵپشتی بەهێز بۆ خۆی دەستەبەر بکات. لەم چرکەساتەدا تەنیاوتەنیا بیر لە ناو شەقامە شەستییەکەی سولەیمانی دەوروبەری ئەکەمەوە، دەیان حیزب و گرووپ و کوتلەی جۆراوجۆری تیایە، چۆن بجوڵێیتەوە بەر یەک- دووانێکیان ئەکەویت، نە ڕوئیا هەیە نە خیتابێکی دیار! بە هەرکامێکیان دەڵێی: تۆ بۆچی هەیت؟ ئەیهێنێت و ئەیبات، تەنیاو تەنیا ئەوەیە لەداخ و لە ڕقی ئەوی تریان ئەمیش هەیە!. ئینجا وێنەکە گەورە بکە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، ئینجا بۆ هەموو کوردستان. [1]