ستراتیژی دەوڵەتی تورکیا، لە بودجەی 3 ساڵی ئێراق پووچەڵکرایەوە.
#نیازی برایم#
مەسعود بارزانی بۆچی و بەچی دەخوڕێت؟
لەم ڕاپۆرتە باس لە وردەکاریی بودجە وپاشەکەوت ناکەم، بەڵکوو باس لە دیوێکی دیکەی گرنگی بابەتێکی ستراتیژیی دەکەم، کە پەیوەندی بە بودجەی ئێراق و بە خودی #پەیماننامەی لۆزان# و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە هەیە و، گرێدراوی یەکدین.
ئەمەریکا و ئێران وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە ئێراقدا کاردەکەن، لەهەندێ بابەت هاوڕا و لەهەندێکی دیکە دژ. ئەوەی لەسەر ڕێکن، دوورخستنەوەی ڕۆڵی تورکیایە لە ئێراق. ماوەی ساڵێک زیاترە هەڕەشەی مێلیشیاتەکان نابیسین دژی ئەمەریکا.. بۆچی؟
گومانی تێدانییە، تورکیا ئەندامی ناتۆیە بۆ ئەمەریکا گرنگە، لێ ئەو ڕژێمەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتە، لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایە و ناکۆکیان زۆرە. دووبارە گومانی تێدانییە ئێران و تورکیا لەسەر زۆر بابەت هاوڕان و کاربە یەکەوە دەکەن بە تایبەتی دژایەتیکردنی کورد کە پەکەکە نوێنەرایەتی دەکات، لێ لە هەمان کاتیشدا خاڵی ناکۆکی جددیشیان لەنێوان هەیە.
پێش پەیماننامەی لۆزان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە 1، 580، 000 کم دوجابوو، لە 24 ی تەموزی 1923 کرا بە 780 هەزار کیلۆمەتر دووجا. بەدرێژایی ئەو 100 ساڵە تورکیا ئەو پەیماننامەیە بە نارەوا دادەنێت، بۆیە هەمیشە لە جیاتی ئەوە بانگەشەی پەیماننامەی میللی دەکات بۆ گێڕانەوەی بەشێک لەو خاکەی کە گوایە لە #پەیمانی سیڤەر# لێیسەندراوەتەوە. ، کە لە لۆزان پووچەڵکرایەوە، کورد مافی ئۆتۆنۆمی هەبوو تا دەگاتە سەربەخۆیی، لێ بەهۆی شەهادەتی کوردی خیانەتکار بە جلی کوردییەوە لە مەجلیسی گشتی تورکیا، گوایە کورد هیچ کێشەیەکی نییە و دەیەوێت لەگەڵ تورکان بە یەکەوە بژین، ئەو مافە لە خەڵکی کوردستان ستێنرایەوە. دیارە ئێمە باس لە باکووری کوردستان دەکەین. کەواتە خیانەتی کوردان وفێڵبازی و پیلانگێڕیی کەمال ئەتاتورک ئەوێ دەمێ، هۆکاربوون بۆ ئەوەی مافی کورد دیزە بەدەرخۆنە بکرێت و بسڕێتەوە لەژێر دورشمێکی بێواتا کورد و تورک یەک ڕەگەزن!.
🟡 - بۆ باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ویلایەتی موسڵ ئەویش بە مەرج خرایە سەر ئێراق، دواتر بەهۆی گۆڕانکارییەکانی جیهان و هەرێمی ئەو مەرجانە پشتگوێخران، ئەمە سەرباری نەبوونی بزاڤێکی مۆدرێن بتوانێت سەرەداوە ونبووەکان بە یەکەوە بگەیەنێت بۆ دورستکردنی ستاتیۆیەکی نیو دەوڵەتی لە باشووری کوردستان، تا ئەمەریکا هات لە 1991 تاوەکوو 2003 توانی ستاتیۆیەک بۆ هەرێمی باشووری کوردستان درووستبکات، لێ ئەو ستاتیۆیە بۆ سی و دوو ساڵە خیانەتکارانی پدک بە فەرمانی دەوڵەتی تورکیا کار بۆ لەناوبردنی دەکەن.
کاتێ سیناریۆی کۆدەتاکەی تەموزی 2016، ئەردۆگان ئەنجامیدا، جێگری سەرۆکی پدک، وەک حەسەن خەیرییەکی سەردەم ، گووتبووی: ئەردۆگانیش بڕوا، کاربەدەستانی دوای ئەردۆگانیش لە دەوڵەتی تورکیا دیسان کاریان بە ئێمە هەیە. واتە پدک ئەرکدارکراوە لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە، کە کار بۆ ستاتیۆیەکی لاواز بکات و، کورد نەبێتە خاوەن قەوارەیەکی سەرکەوتوو. هەموو بەڵگەکانی ئەو 32 ساڵە ڕاستی ئەو شرۆڤە دەسەلمێنێت. 30 ساڵە لەسەر ئەو بابەتە دەنووسم.
🔴 - ئێستا لە بوودجەی 2023-2025، چی جێگیرکرا؟
▪️- دووبارە هەرێمی باشووری کوردستان بە بەغداوە گرێدرایەوە، لەواری ئابووری و سیاسی و یاسایی، پێوێست بە وردەکاری زۆر ناکرێت لێرە باسیان لێوە بکەم. بەمەش ئەو گرێدانە بە بەغداوە، کوورتکردنەوەی دەستی تورکیایە، بە واتایەکی دیکە لێدانە لە فەرمانبەری دەوڵەتی قووڵ کە خودی مەسعود بازرانی و بنەماڵەکەیەتی. کاتێ مەسعود بارزانی هەڕەشە دەکات و دەڵێت: هێلی سوور نییە، هێلی مەرگە، تێدەگەیەن کە پدک بەهێزی خۆی نییە ئەو هەڕەشە دەکات بەڵکوو ئەوە فەرمانی دەوڵەتی تورکە. مەسعود بارزانی، پێشمەرگەی پدک بە هێزی خۆی نازانێت، بەڵکوو ئەو 38 بنکە سەربازییەی تورکیا لە زۆنی زەرد بە هێزی هەڕەشە بۆ سەر ئێراق دادەنێت. پێشمەرگە شەڕی بۆ ناکات ئەوە ڕاستییەکە، دەشزانێت لەواری جەماوەرییەوە، 5٪ خەڵکی جددی و باوەڕمەندی لەگەڵ نییە. کەواتە هەڕەشەی مەرگ دژی ئێراق بەچی دەکات؟ حەتمەن وەک باسمان لێوەکرد بە سوپای داگیرکەری تورکیا هەڕەشە دەکات.
▪️- دووەم خاڵێک کە جێگیرکرا، جیاکردنەوەی دەڤەری سلێمانییە کە زیاتر لە 24 هەزار کم دووجایە و دەرهێنایەتی لەژێر هەژمونی فەرمانبەری دەوڵەتی قووڵی تورکیا ، کە مەسعود بارزانییە. تووورەیی پدک ئەوەیە کە ئێران و ئەمەریکا، ئەو زۆنەیان لەدەست تورکیا دەرهێنا، چیدیکە مەسعود بارزانی ناتوانێ خزمەتی زیاتر بە تورکان بکات لە ڕێگای پارتییەکانی ناو یەکێتییەوە (پانیک) . کۆدەتای 8 ی تەموز هەنگاوێک بوو، تورکیا ویستی یەکێتی جڵەو بکات بۆ بەردەم پدک، بەتایبەتی کوڕەکانی جەلال تالەبانی کالفام و پارەپەرستن، لێ ئێران و بەتایبەتتر ئەمەریکا ڕێگای لێگرتن، ڕادەست بە پدک ببن.
هەندێ وردەکاریی هەیە لە جڤینێکی پافل لەگەڵ کۆمەڵی حزبی سیاسی درکاندبووی، نامەوێت لێرە باس بکەم، لێ ئەو بۆچوونەم تەواو پشتڕاستدەکاتەوە.
کەواتە بوودجەی تێپەڕێنراو، بوودجەیەکی سیاسی بە ئیمتیاز بوو ، گەمەی زلهێزەکانی ناوچەکەی تێدا ڕەنگی دایەوە. ڕووی هەقیقی (پدک) ەشی ئەوەندەی دیکە ئاشکراکرد.
🟢 - لە کۆتاییدا دەمەوێت ئارگۆمێنتێکی دیکە بهێنمەوە کە ئەم پلانەی ئەمەریکا و ئێران کاری زۆری بۆکراوە پێش پرسی بوودجەش، کە ئەویش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوو سەبارەت بە بابەتگەلێکی هەرێم، ئەو بڕیارانەش بەردەوامی دەبێت بۆ جڵەوکردنی زیاتری پدک بۆ هێنانەوە و بەستانەوەی لە بەردەم بەغدا، ئەمانەش هەمووی لەپێناو پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی دەوڵەتی فاشی تورکیا لە سەد ساڵەی ئیتفاقیەی لۆزانە. [1]