بەپێی یاسای بوودجەی ئێراق، بەغدا لە چوارچێوەی خەرجی هێزی وشکانی ئێراق مووچە و خەرجی 20 هەزار پێشمەرگە لە هەرێم دەگرێتە ئەستۆ، کە بۆ ساڵێک دەکاتە بڕی 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار.
تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بریتییە لە 12.67 لە سەدی خەرجی بەکاربردنی مووچەی هێزی وشکانی ئێراق کە ژمارەی سەربازەکانی 158 هەزار چەکدارە و بەو پێوەرە خەرجی مووچەی 20 هەزار پێشمەرگە بۆ هەرێم دانراوە.
حکومەتی هەرێم، مانگانە بڕی 19 ملیار و 25 ملیۆن دیناری لە بەغداوە پێدەگات، بەڵام پابەند ناکرێت ئەو بڕە بدات بە 20 هەزار پێشمەرگە و دەبێتە بەشێک لە پارەی تەرخانکراوی مووچەی پێشمەرگە و دیاریکردنی ئەو ژمارەیە تەنیا خەمڵاندنی پشکی هەرێمە لە هێزی وشکانی ئێراق.
تەرخانکردنی پارە بۆ پێشمەرگە لەو بنەمایەوە سەرچاوەی گرتووە هێزی پێشمەرگە بەشێکە لە پێکهاتەی هێزی بەرگری ئێراق و بەهێزی وشکانی ئەژمار دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم ئامادە نییە میلاکی سەربازی و ژمارەی هێزەکانی بۆ بەغدا ئاشکرا بکات. [1]