ناونیشانی بابەت: گفتوگۆیەک لەنێوان حەپسەخانی نەقیب و سمکۆ ئاغای شکاک دا
کاتێک بنەماڵەی #شێخ مەحمودی حەفید# ئاوارەدەبن لە ساڵی 1920 دا گەیشتونەتە نەهری لە کوردستانی خۆرهەڵات، لەوێوە بەرەو باکوور دەڕۆن تادەگەنە #هەکاری#، باشقەڵا لە تورکیا، لە ئێران ئینگلیزەکان شێخ قادر و هاوسەری #حەپسەخانی نەقیب# بەدیل دەگرن و ڕەوانەی کەنداوی فارس دەکەن، حەپسەخان لەگەڵ خوشک و خزمانیدا لە ماڵی #سمایل خانی سمکۆ# میوان دەبن زۆر بەجوانی پێشوازی و خزمەتکراون.
حەپسەخان خۆی دەیگێڕێتەوەو دەڵێت:
کە چووینە ماڵی سمکۆ، ماڵەکەیان وەکوو ماڵە پاشایەک وابوو و خۆیشی شایەکی ئازای لێ هاتوو بوو، بۆ یەکەم جار تەلەفۆنم لە وێ دی، کە لە شکری ئێرانیش دای بەسەر نەهری دا و شەڕی لەگەڵ سمکۆدا کرد، لەوێشەوە بەو بەفرو سەرمایە بەرەو باکوور (هەکاری) ڕۆیشتین، یەکی جیهازێکی بچووکی داینێ لە شخارتەیەک گەورەتربوو ئەمانخستە ناو دەستمانەوە بۆ ئەوەی لە سەرمادا ڕەق نەبینەوە لە ناو ئەو بەفرو سەرمایەدا خەریک بوو هەموو ڕەق ببینەوە، تاگەیشتینە باشقەڵاو ڕزگارمان بوو.
کە لە نەهری ژن و منداڵی ئاشوریەکانم دی بەو سەرمایە بەزۆر ئیشیان پێ دەکردن بەزەییم پیادا هاتنەوەو بە سمکۆم وت: قوربان ئێوە شەڕ لەگەڵ پیاودا دەکەن، ئەو ژن و منداڵانە دیلن، گوناهیان چییە؟ و ناش بێت دیل وا معامەلە بکرێت.
سمایل ئاغا فەرمووی: خانم تۆ نازانی ئەوانە چی یان بە ئێمە کردووە.. چەند گوندیان وێران کردووین و سووتاندوویانە و منداڵ و پیرو ژنی سک پڕیان کوشتووە و سەربڕیووە.
باش نییە من منداڵەکانیانم پاراستووەو فێری ئیشیان دەکەم؟
هەرلەوێ حەپسەخان کچێکی منداڵی زۆر خۆشدەوێت، لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتەوە بۆ #سلێمانی# و خۆی دەبێتە دایکی و دەیدا بەشوو، دەڵێن لە شکاک بووە، هەتا ساڵی حەفتاکان مابوو هەر ناوی حەپسەخانی ببیستایە فرمێسک بەچاویدا ئەهاتە خوارەوە و دەستی ئەکرد بەگریان ئەی وت: هەر ئەو بوو دایکی میهربانم...
سەرچاوە: ژیان و تێگۆشانی حەپسەخانی نەقیب، نووسین و ئامادەکردن: درەخشانی شێخ جەلالی حەفید.[1]