ناونیشانی بابەت: ئێراق بارمتەی دەست دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوته
ناوی نووسەر: #فەرهاد حەمزە محەمەد#
لەوەتەی نەوت لە ئێراق دۆزراوەتەوە تاوەکوو ئەمڕۆ هەردەم نەیان هێشتووە بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی بێسەرئێشە بێت ئەویش بەهۆی خراپی جێکەوتە جوگرافیەکەی کە دوورە لە دەریاوە.
ئێراق خاوەنی ژمارەیەک هێڵی هەناردەکردنی نەونە بەڵام لە هیچ کامێکیان ئێراق خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها نییە تیایدا.
=KTML_Bold=لەخوارەوە یەک یەک باسی ئەو هێڵانەی هەناردەکردنی نەوت دەکەین کە ئێراق بە درێژایی 90 ساڵ بەکاریانی هێناون:-=KTML_End=
1- هێڵی #کەرکووک# –سووریا ئەم هێڵە لە ساڵی (1934) ەوە ڕاکێشراوە سەرەتا بە بۆرییەکی 12 ئنجی دەستی پێ کرد دواتر دوو بۆری تری 16 و 32 ئنجی تریشی بۆ زیاد کرا . لە ساڵانی حەفتاکاندا 1,4 ملیۆن بەرمیل نەوتی پیادا هەناردەدەکرا . چەندین جار بەهۆی شەری عەرەب ئیسرائیلەوە بۆ چەند مانگ پەکخراوە . لەدوای خۆماڵیکردنی نەوت لە1ی حوزەیرانی 1972 حکومەتی سووریا پەڵپی بە ئێراق گرت و داوای زیادکردنی باجی هەر بەرمیلێک نەوتی دەکرد لە 22 سەنتەوە بۆ 44 سەنت ئەمە لە کاتێکدا نرخی جیهانی هەر بەرمیلێک نەوت تەنیا 3 دۆلار بوو . دواتر لەرێگەی ناوبژیوانانەوە کرا بە 41 سەنت .لە ساڵی 1982 حکومەتی سووریا بۆ پشتیووانی حکومەتی ئێران لە شەری هەشت ساڵەیدا لەگەڵ ئێراق بەیەکجاری هێڵەکەی پەکخست .
لەرۆژگاری ئەمڕۆشماندا کە حکومەتی تورکیا ناهێڵێت نەوتی کەرکووک و هەرێم بە خاکیدا تێپەر ببێت ئەستەمە لەم دەم و دەستەدا پەنا بۆ ئەم هێڵە ببرێت چونکە زیاتر لە 40 ساڵە ئەم هێڵە بەکارنەهێنراوه و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیەکی سەرتاسەرییە کە ئەمەش پاره و کاتێکی زۆری دەوێت , ئەمە وێرای نیگەرانی ئەمەریکا لە ئەنجامدانی وەها کارێکدا.
2- هێڵی ئێراق –تورکیا:- ئەم هێڵە لە دوو لوولەی 40 و 46 ئنجی پێکهاتوه و بە دوو قۆناغی جیا ڕاکێشراون لە ساڵی 1977 و 1987.
ئێراق ئەم هێڵەی وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ هێڵی سووریا کردەوە چونکە هەردەم ترسی لە حکومەتی سووریا هەبوو هێڵەکە وەک کارتێکی فشار دژی بەکار بهێنێت . ئەم هێڵە تا ساڵی 2014 بەبێکێشە کاری خۆی ڕاپەراندووە تا ئەو کاتەی حکومەتی تورکیا بە بێرەزامەندی بەغدا ڕێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم دا تالە کۆتاییدا بڕیارەکانی دادگای پاریسی لێکەوتەوه و حکومەتی تورکیا هێڵەکەی بەڕووی نەوتی کەرکووک و هەرێم داخست.
3- هێڵی هەناردەکردنی باشوور
تاقە دەروازەیەکی دەریایی ئێراقه و هەردوو بەندەری بەسره و خۆر ئەلعومەییە دەگرێتەوە. لە ساڵی 1980 ئەم هێڵە کەوتە بەر هەڵمەتی بۆردومانکردنی تۆپخانەی ئێران و پڕۆسەی هەناردەکردنی لێوە بە یەکجاری وەستا، هەر بۆیە ئێراق پەنای بۆ هێڵی تورکیاو سووریا برد تا نەوتی باشووری لێوە هەناردەبکات. ئەوەبوو ئێراق تا ڕادەیەک هۆشی بە بەردا هاتەوە بەڵام ئەوەندەی نەبرد حکومەتی سووریا هێڵی کەرکووک –سووریای ڕاگرت بۆ پشتیووانی کردن لە حکومەتی ئێران , ئەمە وای لە ئێراق کرد پەنا بۆ تورکیا بەرێت تا لەپاڵ هێڵە 40 ئنجیەکە هێڵێکی تری 46 ئنجی ڕابکێشێت.
4- هێڵی ئێراق –سعودیە:- ئێراق بۆ دەربازبوون له و دۆخە خراپەی تێکەوتبوو بیری لە فرەکردنی هێڵەکانی هەناردەکردن کردەوە تا نەبێتە بارمتەی دەست هیچ دەوڵەتێک، بۆ ئەم مەبەستە دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سعودیە بڕیاریدا هێڵێکی نەوتی بەناو ئەو وڵاتەدا ڕابکێشێت تاسەر بەندەری (یەنبوع ) , هێڵەکە بە دوو قۆناغ ڕاکێشرا یەکەمیان بۆرییەکی 48 ئنجی کە توانای هەناردەکردنی نیو ملیۆن بەرمیلی هەبوو لە ساڵی 1986 دەستی بەکارکرد دووەمیان بۆرییەکی 56ئنجی بوو لە ساڵی 1990 کرایەوه و توانای هەناردەکردنی 1,6ملیۆن نەوتی هەبوو.
تێچووی هەردوکیان 2,6 ملیار دۆلار بوو، ئەم هێڵە تەنیا چەند مانگێک کاری کرد و ڕووداوەکانی داگیرکردنی کوێتی بەسەردا هات کە بووە هۆی ڕاوەستانی بە یەکجاری.
ئەم هێڵەش وا بۆ33 ساڵ دەچێت کاری پێنەکراوە بەتایبەت ئەو بەشەی کەوتووەتە ناو خاکی ئێراق بە تەواوی بێکەڵک بووە, هەرچی بەشەکەی ناو سعودیەشە لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەرداگیراوه و بۆ کاروباری خۆیان بە کاری دەهێنن.
لەم دۆخەدا ئێراق ئەستەمە پەنا بۆ ئەم هێڵە بەرێت چونکە لە ڕووی تەکنیکیەوە باسمان کرد کە چەند بێکەڵک بووە , لە ڕووی سیاسیەوەش سعودیە ئێراق بە ڕکەبەری نەوتی خۆی دەزانێت نایەوێت بە هێزەوە بێتەوە مەیدان.
بۆ دۆخی ئەمڕۆ چی بکرێت؟
ئەگەر تورکیا هەر بە ڕیگری مایەوە لە بەردەم هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و هەرێم ئەوا بە دڵنیاییەوە هێڵەکانی نەوتی سووریاو سعودیە ناتوانرێ وەک ڕێگە چارەسەرێکی خێرا سەیر بکرێت لەبەر ئەو هۆکارانەی پێشتر باسمان لێوە کردن بۆیە باشترین هەنگاو ئەوەیە پاڵاوگەکانی هەرێم و ئێراق ئەکتیڤ بکرێن و بەروبومە نەوتییەکانی لێبەرهەم بهێنرێت کە سوودمەندی سەرەکی خەڵکی هەرێمە چونکە لە قەیرانی سووتەمەنی ڕزگاریان دەبێت و بەنرخێکی گونجاو دەگاتە دەستیان ,حاڵی حازر پاڵاوگەکانی ئێراق توانای بەکاربردنی زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە، لەلایەکی تریشەوە پشت بەستن بە هێنانی سووتەمەنی لەدەرەوە کەم دەبێتەوه و ئەوەندە پارەی قوورسی وڵات نارواتە دەرەوە. [1]