#مەسرور بارزانی# سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێش سەردانەکەی بۆ تورکیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی ئێراق ئەنجامداوە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، پێش سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا ئەنجامدراوە و تێیدا باس لە وردەکاری گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا کراوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا باس لەوەش کراوە، کە دوای سەردانی بۆ تورکیا مەسرور بارزانی سەردانی بەغداش بکات و وردەکاری گفتوگۆکان بۆ سوودانی بخاتەڕوو.
تورکیا سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام ئامادەیی نیشانداوە بۆ پرسی نەوت لەمەولا ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات، ئەوەش بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان حکومەتی هەرێم و ئێراق لە بارەی نەوت هەیە. [1]