ناونیشانی بابەت: دیوارەکانى قشڵەى کۆیە نۆژەن دەکرێنەوە
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوارى #کۆیە# ڕایدەگەیەنێ، کە لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دیوارەکانى قشڵەى کۆیە نۆژەن دەکرێنەوە.
یەکێتى واحید، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى شوێنەوارى کۆیە بە (باسکورد)ى ڕاگەیاند: پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قشڵەی کۆیە لە چەند بڕگەیەک پێکدێت، کە بە بڕى 76 ملیۆن دینار لەسەر بودجەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
گوتیشى: پڕۆژەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەى دیوارەکانى حەوشى قشڵە لە سێ لاوە، هاوکات درووستکردنى ئاوەڕۆ بۆ ناو قشڵە و دانانى ڕووناکی و کامێراى چاودێرى بۆ قشڵەکە. باسى لەوەش کرد: بۆ هەموو ئەو کارانە کەلوپەل و پێداویستی و وەستاى تایبەت دابین کراوە و بڕیارە لە دوو مانگى داهاتوودا کارەکان تەواو بکرێن، بەوەش قشڵەى کۆیە لە مەترسیى تێکچوون و داڕمان دەپارێزرێت.
قشڵەى کۆیە لە سەردەمی والیی عوسمانی، مەدحەت پاشا (1869- 1872ز) لەلایەن فەرمانڕەوای بەغدا درووستکراوە، کە پێشووتر بە مەبەستی سەربازی سوودى لێ وەرگێڕاوە و پێکهاتووە هاتووە لە شوورەیەکی بەرز و چوار قوللە و چەند ژوور و هۆڵێک لەناوەوە.[1]