تورکیا پێگە جیۆپۆلەتیکەکەی لەدەستدەدا؟
جوتیار ڕەشید
#22-06-2023#
خاڵی هەرە بەهێزی تورکیا وەک زلهێزێکی هەرێمی بەهێزی پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیایە، بەتایبەتیش هەردوو [تەنگ-ئاوی]بوسفۆرو دەردەنیل.
ئەوەی تورکیاشی کرد بە ئەندامی ناتۆ هەر ئەو پێگە جیۆپۆلەتیکە بەهێزەی بوو. بەپێی پەیماننامەی مۆنترۆ کە ساڵی 1936 مۆرکراوە هەقی کۆنترۆڵکردنی جوڵەی کەشتییە دەریاییەکانی لە هەردوو تەنگ-ئاوی بۆسفۆر و دەردەنیل دراوە بە تورکیا بەتایبەتیش لە کاتی جەنگدا ، لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازیەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا، تورکیا ئەو مافەی خۆی بەکارهێنا و تەنگ-ئاوەکانی بەڕوی کەشتییە سەربازیەکانی ئەمریکادا داخست، بەوەش کەشتییەکانی ئەمریکا ناتوانن بگەنە دەریای ڕەش.
ئەمریکی و ئەوروپیەکان ناچارن لە ڕێگای وشکانی و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتەوە یارمەتییە سەربازیەکانیان بگەیەننە ئۆکرانیا، ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و جگە لە تورکیا کۆی ئەندامانی تری ناتۆ دژی هێرشەکەی ڕووسیان بۆ سەر ئۆکرانیا، تورکیا لەدەرەوەی ناتۆ کەوتووەتە چنینەوەی دەسکەوتەکانی لەو شەڕە، هێدی هێدیش سەرقاڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ ڕووسیا [ئەردۆغان دەیەوێ بەو سیاسەتەی پراگماتی بوونی خۆی بە ناوەوەی تورکیاو جیهانی ئیسلامی و جیهانی تورک زمان نیشان بدا] ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکان ناوی نابو بناغەی سیاسەتی سەدەی داهاتوی تورکیا، بێ ئاگا لەوەی تورکیای خستوەتە چ دۆخێکی مەترسیداری ستراتیجیەوە، کە شوێن و پێگەی تورکیا و مێژوی ناوچەکە دەگۆڕێ و تورکیا پشتاو دەکا و [لەوانەیە بیکاتەوە بە دەوڵەتێکی ئاسایی ناوچەکە].
ئەمریکی و ئەوروپیەکان پڕۆژەیەکیان گەڵاڵەکردووە بۆ بەیەک بەستنەوەی شاری السکندروبولسی یۆنانی بە شاری ئۆدیسای ئۆکرانی لە ڕێگای هێڵێکی شەمەندەفەرەوە کە بە هەریەک لە شاری کۆنستانتای ڕۆمانیا و بورگاسی بولگاریدا تێدەپەڕێ [کۆی ئەو شارانە شاری کەنار دەریایین دەکەونە سەر کەناراوەکانی دەریای ڕەش].
بەوەش تەنگ-ئاوی بۆسفۆری تورکی پشتاو و بێ ڕۆڵ دەکەن، ئەمریکا و ئەوروپا کاریان بە تورکیا و شوێن و پێگە جیۆپۆلەتیکەکەی نامێنێ، چی تر تورکیا ناتوانێ لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکا دەستکەوت بچنێتەوە و مەرجە سیاسی و ئابووریەکانی بەسەر ئەمریکا و ئەوروپادا بسەپێنێ[تەنیا هەتا ئەو کاتە تورکیا ئەو ڕۆڵەی دەمێنێ هەتا پڕۆژەکە تەواو دەبێ].
بەوەش ئەوروپا و ئەمریکیەکان دەگەنە دەریای بەلتیق، وێڕای دەریای ڕەش و سوڕانەوە لە پشت تەنگ-ئاوی بۆسفۆر. تورکیا ناچار دەبێ خۆی یەکلا بکاتەوە بۆ ڕووسیا و بەرەی ڕووسیا-تورکیا-سووریا-لیبیا-باکووری ئەفریقیا لە ئەمریکا بکاتەوە. بەوەش جیهان دابەش دەبێ بۆ دوبەرەی ئاشکرا وەک دەرەنجامی شەڕی ڕووسیا-ئۆکرانیا و خەونی خیلافەتی ئەردۆگان، ئەردۆغان خۆی وەک قوتابیەکی هاوپۆلی پۆتن لە قوتابخانەی السکندر دۆغین یەکلادەکاتەوە.
ئەمریکیەکان زیاتر لە 10ساڵە ئەم پڕۆژەیان گەڵاڵە کردووە بەڵام هەڵیانپەساردبوو، چاوەڕێی گۆڕانکاری بوون لە دەسەڵاتی تورکیا، کۆتا هەڵبژاردنی تورکیا بێ هیوای کردن، بۆیە ئێستا لە پارەی بودجەی لەناکاویش بێ تێچونی ئەم پڕۆژەیە دابین دەکەن. گەلانی تورکیا باجی هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان زۆر بە قوورسی دەدەن، لە پێش هەمووشیانەوە لایەنگرانی پارتی داد و گەشەپێدان و تورکە ڕەگەز پەرستەکان، باجی ئەم جارەیان ئەوەندە قوورس دەبێ مێژو و پێگەی تورکیا بۆ سەد ساڵی داهاتو دەگۆڕێ.
کورد چۆن خۆی ئامادە دەکات بۆ دەرەنجامەکانی ئەو گۆڕانکارییە؟ چۆن دەتوانێ خۆی لە دەرەنجامە خراپەکانی بپارێزێ و زۆرترین دەسکەوتی لێ بەدەست بێنێ؟
پێویستە کورد لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان ناوەندێکی لێکۆڵینەوە یان بۆردێکی هاوبەش بۆ بەدواداچون و لێکۆڵینەوە و چاودێری کردنی لێکەوتەکانی ئەو گۆڕانکارییە دابمەزرێنن و ئەو ناوەندە بەردەوام ڕێنمایی و ئاگایی لە دەرەنجامەکانی ئەو گۆڕانکارییە بداتە لایەنە سیاسییەکان و هەردوو ئیدارەی کورد لە ڕۆژاوا و باشوور.[1]