ناونیشان: ئاردۆگان و دکتۆر عەلی قەرەداغی!
نووسەر: د. #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #12-05-2023#
لە پەیجە فەرمییەکەی خۆی بەیاننامەیەکی بەڕێز د.عەلی قەرەداغیم خوێندەوە کە لەسەرووی 66 زانای ئایینییەوە ئیمزای کردبوو داوای کردبوو لەم هەڵبژاردنەدا گەلانی موسوڵمانی تورکیا دەنگ بدەنە ڕەجەب تایب ئاردۆگان و گەلانی دیکەی دەرەوەی تورکیاش چییان لەدەست دێ بۆ سەرخستنی ئاردۆگان لە هاوکاری ماددی لۆجستی و سیاسی و دوعای خێر درێخی نەکەن، ئەمەشی وەک ئەرکێکی دینی لە وتارەکەیدا دەرخستووە بەدەر لەوەی گەر ئاردۆگان خەلیفەیەکی عادلیش بێ هەڵبژاردنەوەی هەر ناکاتە ئەرکێکی دینی، بەڵکوو ئەم باسە دەکەوێتە نێو شوناسێکی ئیجتیهادیی دینییەوە کە ڕا و بۆچوونی جیاواز هەڵدەگرێت و پەیوەندی بە کرۆکی دینەوە نییە. سەرەتا پێم وابوو ئەو بەیاننامەیە ڕاست نییەو نەیارەکانی بۆی درووستدەکەن بەڵام بەداخەوە دیم خۆشی لە پەیجەکەی خۆی داینابوو.
من پرسیارێک لە مێشکمدا درووستبووە، فەرەزی مەحاڵ بۆچوونەکەی دکتۆر قەرەداغی صەوابە و درووستە، مادەم ئێمە دەبێت ئەرکی دینی خۆمان بەرانبەر ئاردۆگان بەجێبهێنین بۆچی ئاردۆگان ئەرکی دینی بەرانبەر براکانی لە غەززە بەجێناهێنێت و سەد فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی قزل ئێلما و بایراکتار نانێرێت بۆ برا موسوڵمانەکانی لە غەززە تا نابەرابەری هێز لە دژی دەوڵەتێکی تیرۆری وەک دەوڵەتەکەی نەتەنیاهۆ لە ئیسرائیل ڕاست بکرێتەوە؟
با پێشگریمانەیەک لەسەر بنەمای لۆژیکی هەڵەی پشت بەیاننامەکەی دکتۆر عەلی بچنین:
لەڕابردوودا ئاردۆگان دەیان جۆری لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دا بە دیکتاتۆرە شیعەکەی ئازەربایجان ئیلهان عەلییەڤ ئیسلامی سیاسی بە شیعە دەڵێت ڕافیزی، ئازەربایجان بەم فڕۆکانە توانی شەڕی قەرەباغ یەکلایی بکاتەوەو ئەو ناوچەیە لە کوورتترین مەودای سەربازی و زەمەنیدا لە دەستی ئەرمینیا دەربهێنێت، هەر ئەوەندەش نا ئاردۆگان ژمارەیەکی باش لەم فڕۆکانەی دایە کەسێکی بێدین و کاسۆلیکی وەک ڤڵۆدیمیر زلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بایراکتار توانییان سنوورێک بۆ داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دابنێن و ئۆکرانیا بەرانبەر دووەمین هێزی سەربازی سەر ئەم ئەستێرەیە بەپێوە ڕابگرن.
گەر ئەمڕۆ حەماس دە فڕۆکەی بایراکتار یان قزل ئێلمای هەبێت شتێک نامێنێتەوە بەناوی عدوان غاشم اسرائیلی و قنوت خوێندن بۆغەززە و حەماس و ئەوەندەش بەندی دڵمان نابلت بە ئاو بەبینین شەهیدبوونی منداڵانی بێتاوانی غەززە و وەک بانگەشە دەکرێت بە شەوێک مەقلوبەکە لە حەرەمی قودسدیشدا دەخورێت.
خاوەنی درووستکردن و بەرهەمهێنانی ئەم فڕۆکانە خێزانی بایراکتار و خودی سەلچوک بایراکتارە کە کاک سەلچوک زاوای ئاردۆگانە و مێردی سومەیەی کچێتی! [1]