ناونیشان: هەر لەسەرەتاوە نەدەبوو بهێڵین
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #25-05-2023#
جارێک تورکێک، کوردێک و ئەرمەنییەک بە برسێتی ڕێیان دەکەوێتە ڕەزی تورکێکەوە، ئەوەندە ترێ دەخۆن تا خەویان لێدەکەوێت، خاوەن ڕەز دێت بەسەردا و دەبینێ سێ دزی بێ ویژدان ڕسیان لە ترێکانی هەڵکێشاوە. نازانێ چۆن حەقی خۆیان لێ بستێنێت و بیانحەجمێنێت. بە تورک و کوردەکە دەڵێت براینە ئێوە موسوڵمانن و منش موسوڵمانم، وەرنە ئەملاوە کارم بە سەر ئێوەوە نییە، ماڵی موسوڵمان بۆ براکەی حەڵاڵە، بەڵا چۆن و بۆچی هێشتتان ئەم گاورە خوانەناسە لەگەڵتان بخوات؟ لێمگەڕێن حەقی خۆمی لێوەرگرمەوە. بە شوڵ بەردەبێتە گیانی و شوڵکاری دەکات.
دواتر ڕوو دەکاتە تورکەکەو پێ دەڵێت: برای تورکم من و تۆ لە هەمان خوێن و نەژادین، گۆشتی یەکیش بخۆین ئێسکی یەک ناشکێنین، پێم ناڵێیت چۆن ڕازیبوویت ئەم کوردە شاخاوییە بێتە نێو باخی هاوخوێنەکەی تۆ و لێی بدزێت، لێمگەڕێ با پێی بڵێم تورک و کورد جیاوازییان چییە. هەموو ئەعزای ئەندامی ئەمیش دەشکێنێت، بەبێ ئەوەی تورکەکە فزەی لێوە بێ.
دواتر ڕوودەکاتە تورکەکە و بەڕاست و چەپ لێیدەدات و پێی دەڵێت خەجاڵەتی ناکێشیت لەوەی دزی لە تورکێکی هاوخوێنی خۆت دەکەیت؟ ماڵی دوژمن بڕابوو ماڵی من نەبێ؟
دواتر ئەم سێ لێدراوە یەکدەگرنەوە و باسێکی حاڵێ خۆیان دەکەن کە داخۆ چۆن تەنیا یەک کەس توانی سێ کەس دارکاری بکات و دەرەقەتیان بێت! زۆر قسەی جیاواز دەکەن بەڵام هەرسێکیان لەسەر ئەوە کۆکن کە هەرلەسەرەتاوە نەدەبوو بهێڵین کابرای تورکی موسوڵمان بەبیانووی جیاوازی دین و نەژادەوە لە کابرای ئەرمەنی بدات.
سایکۆلۆژیای نوێ بە تاقیکردنەوەی چەندین جار دووبارەبووەوە ئەوەی سەلماندووە کاتێک ئایدۆلۆژیاکان حیزبەکان، دینەکان، تەنانەت خوداکانیش کە دەبنە دەداتی لێدان و بەدەستهێنانی دەستکەوت و بەرژەوەندی، ئیدی هەرئەوەندەیان زەحمەتە ڕیزی پێشەوە ڕازیبکەن بەوەی دەیانەوێت بیکەن، ڕیزەکانی دیکە خۆبەخۆ خۆیان سەرە بۆ بەخشینی ماڵ و ڕژانی خوێن و تێهەڵدان دەگرن، کەشێکی وا درووستدەکەن ئەوەی تێیهەڵنەدرا و ملەجەڕێی کرد لەوەی تێیهەڵبدرێت خۆی وەک تاوانبار و لە یاسا دەرچوو هەژمار بکات و خۆبەخۆ بێتە ڕیزەوە تا شەقی پیرۆزی بەربکەوێت. بەڵام بە ملنەدانی تەنیا یەک کەسی وەک موسا و ڕادەستنەبوونی بە سیحر و دیپلۆماسییەتی فیرعەون وجیاکردنەوەی دیپلۆماسییەت لە حەقیقەت، خۆبەخۆ سیحری دیپلۆماسییەتی فیرعەون و خاوەن ڕەز و دەپووکێنەوە، ئیدی ناتوانن وەک جاران لە کەس بدەن، گەر زۆریش لەسەری بڕۆن لە ڕووباری نیلی زوڵم و سەرەڕۆیی و ستەمی خۆیاندا دەخنکێن و دەبنە عیبرەت بۆ مێژوو. ئەوەی گرنگە کەسی بەرهەڵەستکار و حەقیقەت پەرەست جیاوازی دیپلۆماسییەتی فیرعەونانە و حەقیقەتی بێ بەرژەوەندی خودایانە تێگەیشتبێت و لە خەڵکیشی بگەیەنێت، ئەمەیە مانای ان اجری الا علی الله
ئەوەشی لەسەر خەڵک پێویستە دژایەتیکردنی فیرعەون نییە بەتەنیا، بەڵکوو پشتگیریکردنی موسایە لە ئەرکەدژوارەدا. موساکانی لای ئێمە لە ڕابردوودا خۆیان لەژێرەوە بەربانگیان لەسەر سفرەی فیرعەن کردۆتەوە، ئەوانەشیان کە ئێستا لافی مووسایی لێدەدەن نەک هاوخوان بەڵکوو هەمان بوکەڵەی دەستی فیرعەون خۆین، لەبەر ئەوە خەڵک جارێکی دیکە سڵ لەوە دەکاتەوە پشتگیری لە کەسێک بکات ئیدیعای ئەوە بکات کە دەبێتە موسا و هاروون بەڵام دواجار وەک قاروون مامەڵە بەم پشتگیرییەوە بکات و خۆی و منداڵەکانی پێ دەوڵەمەند بکات و بۆی دەرچێت.
گەر ئاگر کەوتەوە بەتەنیا ماڵی فیرعەون ناسوتێنێت ئەوەی لەسەر سفرەکەی ئەویشە دەسوتێت.
(واتقوا فتنة لاتصبن اللذین ظلموا منکم خاصة) [1]