ناونیشانی بابەت: فەزیحەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای #سلێمانی#
ئامادەکردن: #خالید سولەیمان#
خوێنەران و ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ناو ڕووبەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی پێش هەر قسەکردنێک لەسەر یاداشتنامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئیمزای جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی لەسەرە بفەرموون لەگەڵ دەقی نووسراوەکە وەک خۆی و بەهەڵەکانەوە:
هاوپێچ لەگەڵ نووسراوماندا وێنەیەک لە یاداشتی هەر یەکە لە لیژنەی تەندرووستی و ژینگەو کاروباری کۆمەڵایەتی و یاسا دەنێرین بۆتان سەبارەت بە پرسی (جێندەر) بفەرموون بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم فەرمانگە حکومیەکان لەئەنجام نەدان و ڕێگەنەدان بەهیچ جۆرە چالاکیەکی لەم جۆرە لەناو بینای فەرمانگەکان کە ئەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەو مەترسی بۆ سەر گەنجان و نەوەکانمان.
لەگەڵ ئەوەی نە ئەنجوومەنی پارێزگا، نە سەرۆکەکەی و نە جێگرەکەشی دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری لەم شێوەیەیان نییە، بەڵام یاداشتنامەکە لەبارەی چەندەرەوەیە، بە زمانی بڕیار نووسراوە، هیچ پاساوێکیش دەربارەی بوونی هەڵەی تایپ ئەم فەزیحەیە ناشارێتەوە، چونکە هەموو دەقێکی لەم شێوەیە بەبێ پێداچوونەوەو دووبارە بینینەوەی لەلایەن خاوەن ئیمزاوە بڵاوناکرێتەوە، کەواتە ئەوە تایپێست نییە هەڵەی کردووە، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە ئیمزای کردووە، بەلای منەوە ئەمە فەزیحەیە کە بەرپرسێکی باڵا لە پارێزگایەکی وەک سلێمانی زمانی دایک بەباشی نەزانێت و هەڵە لە نووسیندا بکات.
ئاستێکی تری فەزیحەکە لەوەدایە کە هەردوو لیژنەی تەندرووستی و ژینگەو کاروباری کۆمەڵایەتی و یاسا، ڕۆڵی خۆیان لەبیردەچێتەوەو دەبنە ئەو پۆلیسەی لە خەونی خۆیدا خەڵک سەرکوت دەکات. باشە خۆ مەسەلەی چەندەر کە ئیسلامی و سەلەفییەکان هەوڵێکی زۆر دەدەن بۆ شێواندنی چەمک و بەکارهێنانی پەیوەستە بەو ڕۆڵەی کە تاکەکان دەیبینن نەک جەستە و سێکس. یانی ژنێک لە کێڵگەکدا کار دەکات یان پیاوێک لە مەتبەخدا، هەروەها چەندین بواری تری ژیان کە لە کۆنەوە کۆمەڵگەی کوردی پێی ئاشنا بووەو ژن و پیاوە پێکەوە کاریان تیاکردووە، بەڵام بەردەوام مافی لایەنێکی تیا پێشێلکراوە، واتە ژن کاری کردووەو مافی نەبووە. کەواتە، زەحمەت نەبێت پێمان نالێن تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی لە کوێدایە، لە کاتێکدا مەسەلەی چەندەر پەیوەست بێت بە یەکسانیی لە ڕۆڵ و مافدا؟
دەکرا یاداشتنامەکە داخوازییەک بێت بۆ دیبەیتێکی کۆمەڵایەتی و بەشداریکردنی خەڵک و ناوەندو سەنتەرە ئەکادیمییەکان لەسەر بابەتێک کە بوەتە هۆی دابەشبوونی ڕای گشتی، بەپێچەوانەی ئەمەوە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو لیژنەی ئەنجوومەنەکەش، بوونە بەشێک لە بەرەی سەلەفی و ئیسلامییەکان و دژایەتی بەرەکەی تر دەکەن کە داخوازن یەکسانیی هەبێت لە دابەشکردنی ڕۆڵ و ئەرک و مافدا لەنێوان ژنان و پیاواندا.
بەم شێوەیە ئەوان نەک تەنیا نییەت خراپیی خۆیان خستەڕوو، بەڵکوو بوونە بەشێک لە خودی کرداری خراپەکاری، چونکە ئەرکی سەرەکی سیستمی حوکمڕانیی لە هەر ئاستێکدا بێت، پاراستنی ڕووبەری گشتی و ڕاگرتنی بێلایەنییە، هەروەها دابینکردنی مافی گرووپ و تاکەکان لەو ڕووبەرەدا نەک پاڵپشتی بەرەیەک دژی بەرەیەکی تر.
ئاستێکی تری گرفتەکە لەوەدایە لۆمەی میدیا بکرێت، گوایە ڕۆژنامەنووسان لە ناوەرۆکی یاداشتانەکە تێنەگەیشتوون. لە ڕوویەکەوە ئەمە ڕاستەو دەکرا ڕۆژنامەنووسان پێش بڵاوکردنەوە پرسیار لە سنووری دەسەڵات و بڕیاری ئەنجوومەن بکەن، بەڵام بە پلەی یەکەم دەبێت لۆمەی خودی ئەنجوومەن و ئاستی زمانەوانی ئەندامان و بیرکردنەوەیان بکرێت.
هەڵەکە هی ئەوانەو میدیا بێبەرییە لێی. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ڕۆژنامەنووسیش نەبێت، بەڵگەنامەکە وەک بڵاوبکاتەوە، خەڵک چۆن لێی تێدەگات؟ بەدڵنیاییەوە وەک بڕیار، چونکە بە زمانی بڕیارو بە کوردییەکی خراپ نووسراوە.
بەڕاستی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەسینای پایتەختی یۆنان، پێنچ سەدە پێش زایین، واتە پێش 2500 ساڵ پێش ئێستا، زۆر لەئێوە باشتر حوکمی شارێکیان دەکرد. هەر لەم ڕوانگەیەوە پێشنیاری ئەوەتان بۆ دەکەم پەڕتووکی (ئەسینا لە سەردەمی پێرەکلیس) دا بخوێننەوە، لەوانەیە پەڕتووکێکی لەم جۆرە قەناعەتتان پێبکات کە ئێوە لایەقی حوکمڕانیی نین. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بەڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=