ناونیشانی بابەت: دەوڵەت و مانەوەی نەتەوەیی
ئامادەکردن: #محەمەد حسێن زادە#
نەتەوەی کورد و حیزب و لایەنەکان، بە تایبەت و بەردەوام دەبێت ڕێز لە ناسیوناڵیزم و ناسیوناڵیستەکان (دەوڵەتخوازەکان) بگرن.
مێژوو لێوانلێوە لە سەرکەوتنی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان و بێسەروشوێنبوون، لەناوچوون، کۆژران و تەفروتوونابوونی نەتەوە بێدەوڵەتەکان.
لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەری جیهانیدا کە خاڵی دەستپێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەیماننامەی وێستفاڵیا ( 1648) ، لە هەموو سات و کاتێکدا، ئەگەری ئۆپەراسیونێکی مەرگهێنەر و خوێناوی لە دژی هەر نەتەوەیەک لە ئارادایە.
هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تایبەتەمەندیی ئارانشیک (Anarchic) بوونی پێکهاتەی ئەو سیستەمە. لەئەگەری ئۆپەراسیون یان هێرشی گریمانەییدا، ئەو نەتەوەگەلەی کە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، توانای بەرگرییان زیاترە و دەتوانن تا ئاستێکی بەرفراوان، ئۆمێدوار بن بە مانەوەی نەتەوەیی (National survival) خۆیان. لەبەر ئەوەی کە لە سیستەمی ئانارشیکی دەوڵەت تەوەردا، دەوڵەت وەک بەهێزترین و سەرەکیترین ئەکتەر، هەموو توانا و هێزی لە خۆ کۆ کردووەتەوە و دەتوانێت مانەوە و ئاساییشی نەتەوەیەکی تایبەت، دەستەبەر و گەرەنتی بکات.
بەڵام مخابن، ئاساییش و مانەوەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە و ئەگەری پاکتاوبوون، ژینووساید و تەفروتوونابوونییان زۆرە.
مێژوو لێوانلێوە لە سەرکەوتنی نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان و بێسەروشوێنبوون، لەناوچوون، کۆژران و تەفروتوونابوونی نەتەوە بێدەوڵەتەکان. من لێرەدا بە کوورتی ئاماژە دەکەمە بەرچاوترین نموونەکان، کە هەڵبەت باشترین نموونەکانیشن.
سەرەتا دەمهەوێت ئاماژە بکەمە پیگمییە چارەڕەشەکان وەک نموونەیەکی پەراوێزخراو، لە شەڕە ناوخۆییەکانی وڵاتی کۆنگۆ، پیگمییەکان لەلایەن گرووپە بەهێزەکانەوە ڕاو دەکران و دەخۆران و هەر لەبەر ئەو توندوتیژییەی بەسەریاندا سەپا، تەنیا نزیکەی 500 هەزار کەسیان زیندوو مانەوە. ئەبوڕێجناڵەکان نموونەیەکی تری پەراوێزخراون، لە سەرەتای ساڵی 1909 تا دەیەی 1970، ئۆستراڵیاییەکان ئەو منداڵانەی کە سەر بە ڕەگەزی ئەبووڕیجناڵ بوون، دەیانڕفاندن و لە دایک و باوکیان دووریان دەخستنەوە، تەنیا بە مەبەستی بەرگریکردن لە پێکهێنانی پێوەندی ژن و مێردی و تێکەڵبوونیان لەگەڵ سپی پێستەکاندا.
سەدەیەک پێشووتر، سۆڵتان حەمیدی تورک، لەنێوان ساڵانی 96-1894دا نزیکەی سێسەد هەزار ئەرمەنی کوشت. چارەنووسی ئەرمەنییەکان لە ساڵانی 1915 تا 1917دا سامناکتر بوو و کۆمەڵکۆژی و ژینۆساید و دوورخستنەوەی ملهۆڕانە و زۆرەملی ئەو نەتەوە، کارەساتێکی بەناوبانگە. هێندێک لە چاودێران و لێکۆڵەران ژمارەی قوربانیانی ئەو کارەساتە مرۆییە، یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێنن. سوپای تورکیا لانی کەم لە میانەی دەیەی 1920 بەملاوە لە هەموو چەکوچۆڵێکی سەربازی بۆ هێرش کردنە سەر نەتەوەی کورد کەڵکی وەرگرتووە و زۆر جار بەبێبەزەیی و بە شێوەی دڕندانە کوردەکانی تەفروتوونا و سەرکوت کردووە.
دیارە لە ڕابردوودا و بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، ئامانجی سەرەکی و دوایین ویستی تورکیا، لەناوبردنی جەستەیی و شوناسیی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان بوو. ناپرژمە تاوانەکانی تورکیا و تەنیا وەک تاقە نموونەیەک ئاماژە دەکەمە کۆمەڵکۆژی #دەرسیم#، کە لە ساڵانی 1937 و 1938دا، نزیکەی 70 هەزار کوردی عەلەوی لەلایەن سوپای تورکیاوە کۆژران و هەزاران کەس ئاوارە بوون.
لە باشووری کوردستان، تەنیا لە یەک نموونەدا، هێزەکانی ڕژێمی #بەعس#ی ئێراق لە 23ی فێڤرییە تا 6ی دیسامبری ساڵی 1988، 181 هەزار کوردیان کۆمەڵکۆژ کرد، لادێکانیان کاول کرد و سەرچاوە و دامەزراوەگەلی ئاویان لە زۆر ناوچەی کوردستان لە ناو برد. #هەڵەبجە#یش تاوانێک نییە کە لەبیر بکرێت، بەداخەوە، نموونەی هەوڵدان بۆ کۆمەڵکۆژی نەتەوەی کورد لەم ساڵانەی دواییدا لە باشووری کوردستان هەم لەلایەن ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی وەک #داعش# و هەم لەلایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە، بۆ هەمووان ئاشکرایە.
لە ڕۆژاوای کوردستان تا پێش ڕاپەڕێن و ئاڵۆزی و بشێویەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، نەتەوەی کورد تەنانەت لە مافی وەرگرتنی ناسنامە و پێناسەیش بێبەش بوو و هەڵگرتن و هەڵدانی هەرجۆرە هێمایەکی نەتەوەیی سزای مەرگ و نەمانی بەشوێنەوە بوو و ئێستاش مانەوەی نەتەوەی کورد، تەنیا بەهۆی قارەمانییەتی پێشمەرگە و گەریلاوە گەرەنتی کراوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مێژە نەتەوەی کورد هەم قوربانی دەستێوەردان و دڕندەیی ڕەزا شاکانە و هەم مەلا شاکان. لە سەرکوتی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کوردەوە بگرە تاوەکوو کۆمەڵکۆژی قاڕنا و قەڵاتان لە ساڵی 1979 و تا فەتوای جیهادی خومەیینی لە دژی نەتەوەی کورد، هەموو جۆرە تاوانێک ئەنجام دراوە.
دەوڵەتی ئێران نەک هەر لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو پەلی هاوێشتووە بۆ بەشەکانی دیکەی کوردستان. وەک دوایین نموونەی دەکرێت ئاماژە بکەین ڕۆڵی ئەو وڵاتە لە داگیرکردنی دووبارەی #کەرکووک#. ئەوە چارنووسی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی دابەشکراوە، لە جیهاندا.
وەک نموونەیەکی تری ئازار و ئەشکەنجەی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، ئیمپراتوری ڕووسیا، لە گیروداری شەڕی یەکەمی جیهانیدا، نزیکەی پێنج ملیون جوولەکەی ڕووسی و هەروەها کەسانێک کە ڕەگەزی ئەڵمانییان هەبوو، لە ناوچە جەنگییەکان دوورخستەوە. لەو سەردەمەدا، ڕووسیا، جوولەکەکانی بە هاودەست و سیخوڕی دۆژمنانی وڵاتەکەی تاوانبار دەکرد و هەر بە بیانووی ئەوە، بەشێکی زۆر لە جوولەکەکانی لە سێدارە دا و شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆریشی گۆڕی. لەو تاوان و جینایەتەدا، نزیکەی 600 هەزار جوولەکە لە ماڵەکانی خۆیان ئاوارە کران.
لە هەوڵێکی ڕەگەزپەرەستانەی دیکەدا، هیتلەر شەش ملیۆن جوولەکەی کوشت. لە پلانێکی هاوشێوەدا، دەوڵەتی ڕوومانیا، لە سەردەمی شەڕی دوویەمی جیهانیدا، دەستی دایە ژینۆساید و پاکتاوکردنی جوولەکەکان. نموونەیەکی تر، ژینووسایدی تۆتسییەکانی ڕواندا (Tutsis in Rwanda) ) بوو لەلایەن هوتوەکانەوە (Hutus) لە بەهاری ساڵی 1994دا. دەستپێکی تاوانەکە بەو شێوەیە بوو کە لە ئاڤریلی ساڵی 1994دا، هابیاریما (Habyarima ) سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ڕواندا کۆژرا و پاشان بیرکوورتە توندڕۆکانی سەر بە نەتەوەی هوتو، کۆنتڕۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. لە ماوەی سەد ڕۆژدا، نزیکەی هەشت هەزار ڕواندایی کۆژران. ئەوە یەکێک بوو لە خێراتین کۆمەڵکۆژییەکان لە سەدەی بیستەمدا. بە گشتی نزیکەی هەشتسەد هەزار کەس کۆژران و دەستدرێژی کرایە سەر 200 تا 500 هەزار ژن. نەوەد لە سەدی کۆژراوان سەر بە نەتەوە بێدەوڵەتەکە بوون.
لە کوتایی ساڵی 2008دا، سیناریۆیەکی هاوشێوە لە ناوچەی دارفووری (Darfur) وڵاتی سۆدان، لە ئارادا بوو. هێزی چەکداریی عەرەبیی جۆنجاوید (Junjaweed) لە دارفور، دەستی دایە تاوانی ژینووساید و لانی کەم سەد هەزار مرۆڤی سەر بە گرووپەکانی دیکەی سوودانی لە خوێنی خۆیاندا تلاند. لەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا، گرووپی جۆنجاوید هاودەست و هاوکاری دەوڵەت بوو.
لە هەوڵێکی هاوشێوەدا و لە ساڵانی 1992 تا 1995 هێزەکانی سوپای سێربیا، دەستیان دایە ژینووساید و پاکتاوکردنی مۆسڵمانەکان و کرۆواتەکان. لەم ساڵانەی دواییدا لە وڵاتی میانمار (بورما) ، کە دوویەمین گەورە وڵاتی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە، مۆسڵمانەکانی ڕوهینگهای، کەمینەیەکن کە هەم لەلایەن دەوڵەتەوە پەراوێز دەخرێن و هەم بوداییە توندڕەوە دەمارگرژەکان، هێرشیان دەکەنە سەر. لە ئاکامی ئەو توندوتیژیانەدا کە مۆسڵمانەکان بەرەوڕووی بوونەتەوە، هەزاران کەسیان لە ناوچەی ڕۆخایێن لە ئۆردوگاکاندا ئاوارە بوون یان پەنایان بردووەتە وڵاتی بەنگلادێش و لەوێ لە بارودۆخێکی نالەبار و دژواردا نیشتەجێ کراون.
لە چارەنووسی فەلەستینی بێدەوڵەت ئاگاین و پێویستی بە شرۆڤە نییە، هەروەها دەزانین کە کوشتنی بەلووچەکان لەلایەن ئێران و پاکستانەوە، هەر ئێستایش بەردەوامە. لە ئەفغانستانیش، ئەشکەنجە و ئازاری هەزارەکان هەر لە سەردەمی عەبدۆلڕەحمان خانەوە تا سەردەمی ئێستای ئەلقاعیدە نەبڕاوەتەوە.
ئەو نمونانە نیشاندەری دوو خاڵن: یەکەم، لەوانەیە شەڕی نەتەوەکان لە ناو وڵاتێکدا زۆر سامناکتر و مەرگهێنەرتر و خوێناویتر لە شەڕی نێوان دەوڵەتەکان بێت. دوویەم، نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بەردەوام لەژێر مەترسی تەفروتوونابووندان و ئاساییە کە دەبێت بەردەوام نیگەرانی ئاساییش و مانەوەی جەستەیی و کلتوریی-شوناسیی خۆیان بن.
هۆکاری نیگەرانییەکەش ئەوەیە کە هەڕەشەکان بۆ سەر نەتەوە بێ دەوڵەتەکان وەهم و گومان نین، بە پێچەوانەوە، سەلمێنراون و ڕاستەقینەن.
تەنانەت ئەگەر هێندێک بە تێڕوانینێکی گەشبینانەوە پێیان وابێت کە لە جیهانی ئەمڕۆدا، ئەگەری دووپاتبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە و کوشتن و کۆمەڵکۆژی، زۆر کەمە (کە من بەو جۆرە بیر ناکەمەوە) ، بەڵام ناتوانن حاشا لەو مەترسییە ڕاستەقینە بکەن کە ئەگەری زۆری هەیە کە نەتەوەی باڵادەست کە زۆر جار دەسەڵاتی دەوڵەتیشی بەدەستەوەیە یان هاوکاری دەسەڵاتی ناوەندییە، بتوانێت کلتور و شوناسی نەتەوەکانی تر لە ڕێگای پەراوێزخستنیان یان تواندنەوەیان لە شوناسی خۆیاندا (نەتەوەی باڵادەست) ، بسڕنەوە و لە ناوی ببن.
بە واتایەکی تر، ئەگەری ئەوە هەیە کە کلتوری نەتەوەی بێدەوڵەت، لە ژیر گۆشاردا وەلا بنرێت و تەنانەت لەوانەیە لەو پڕۆسەیەدا بتوێتەوە و لەناو بچێت. لە ڕاستیدا، مەترسی گەورە ئەوەیە کە دەوڵەتیش لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ناوخۆدا بێلایەن نییە. فۆرماسیونی کلتوری و شوناسی نەتەوەیی لە زۆر نموونەدا، بە مانای ئەوەیە کە کلتوری نەتەوەیەکی تایبەت (نەتەوەی باڵادەست) دەکرێتە کلتوری بەناو نەتەوەیی وڵات و هەوڵی ئەوە دەدات هەموو نەتەوەکانی دیکە لەو کلتورەدا (کە بە زۆرەملی یان هەر شێوازێکی دیکە، کراوەتە نەتەوەیی) بتوێنێتەوە. لێرەدا خاڵێکی دیکە دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە کە لە زۆر نموونەدا، بە تایبەت لە وڵاتە دواکەوتووە فرە نەتەوەییەکاندا، دەوڵەت نوێنەری ڕاستەقینەی هەموو نەتەوەکانی ناوخۆ نییە و ئەرکی خۆی جێبەجێ ناکات.
دەزانین کە بۆ دەوڵەت ئەرک و بەرپرسیارییەتی زۆر دیاری و پێناسە کراون، بەڵام بەگشتی و بە کوورتی، دەتوانین بڵێین کە دەوڵەت لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا خاوەن دوو کارکردە. گەورەترین ئامانجی دەوڵەت لە ناوخۆدا پاراستنی هێمنایەتی و ئاساییش و مانەوەیە، لە ئاستی دەرەکیشدا گرنگترین کارکردی دەوڵەت، بەرگری کردن لە نەتەوەی خۆی لەبەرانبەر دوژمناندا و دابینکردنی ئاساییش و بەرژەوەندی نەتەوەییە. کەوابوو، چ دەوڵەت وەک ڕێکخراوەیەک بۆ ڕاهێنان و پەروەردە لەبەرچاو بگرین و چ بە بەربەرپرسی بەختەوەری و تایبەتەمەندییە باشە ئەخلاقییەکانی بزانین، چ دەوڵەت بە دیاردەیەکی ئاسمانی بزانین و چ زەوینی، چ پێمان وابێت خۆدا سەرچاوەی دەوڵەتە و چ دەوڵەت بە داهێنانێکی مرۆڤ بزانین و چ دەوڵەتی ملهۆڕ لەبەرچاو بگرین و چ حوکمەتی پاشایەتی، چ دەوڵەت ئەخلاقی بێت و چ دنیایی، لە کوتاییدا گرنگترین کەڵکەڵەی دەوڵەت پاراستنی ئاساییش و مانەوەی خۆی و نەتەوەکەیەتی.
لێرەدا گریمانە ئەوەیە کە دەوڵەت نوێنەری ئیرادە، ئاواتەکان، بەرژەوەندییەکان و ویستەکانی نەتەوە یان نەتەوەگەلێکە کە لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا دەژین. هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت خەڵک و نەتەوەکانی ناوخۆیش، دەوڵەت بە دەوڵەتی خۆیان بزانن، پشتیووانی لێ بکەن، هەوڵ بدەن کێشە و گرفتەکانی چارەسەر بکەن، لەبەرانبەر دۆژمنانی دەرەکیدا خۆڕاگری بکەن و ئامادە بن گیانی خۆیان لە ڕێی دەوڵتیاندا بەخت بکەن.
بەڵام هەمیشە بەو جۆرە نەبووە کە ئاماژەی پێ کرا، ئەمڕۆکە هێندێک لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان، هەست بەوە دەکەن کە ئەو دەوڵەتەی کەوا ئیدعای نوێنەرایەتییان دەکات، لە ڕاستیدا، نەک هەر نوێنەر و پاسەوانیان نییە، بەڵکوو لە هەر ساتێکدا ئەگەری ئەوە هەیەکە ژیان و بوونیان بخاتە مەترسییەوە. دیارە ئەو نەتەوەگەلە هیچ هەستێکیان بۆ دەوڵەت نییە، بە تایبەت لە هێندێک لە وڵاتە فرە نەتەوەکاندا کە پلۆڕاڵیزم و فرەچەشنی جێگیر و سەقامگیر نەبووە، هێندێک لە نەتەوەکان، دەوڵەتی باڵاسەریان بە بێگانە دەزانن، لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا، گرووپ و نەتەوەکان ئەگەر دەرفەتێکیان بۆ بڕەخسێت، هەر وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ هەوڵی بەدەستهێنان و پاراستنی هێزی خۆیان دەدەن. هەڵبەت ئەوە دیاردەیەکی سەرسووڕهێنەر نییە. خەڵک کاتێک هێزی سیاسی بە ڕەوا دەزانن کە ئەو هێزە بە نوێنەری ئاوات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بزانن. ئەگەر وا نەبێت هەست بە جیایی دەکەن.
لەوانەیە بتوانین هۆکارگەلێکی زۆر ناو ببەین کە دەبنە هۆی ئەو هەست بە جیایی و جیاوازی کردنە، بەڵام دەبێت پاراستنی “ژی” و “مانەوە” بە گرنگترین هۆکار دابنین. بە دەربڕینێکی ڕوونتر دەبێت بڵێین کە هۆکاری هەست بە جیایی کردن لەلایەن نەتەوە بێ دەوڵەتەکانەوە (و تەنانەت هەوڵدانیان بۆ سەربەخۆیی) ، ئەوەیە کە ئەو نەتەوانە مانەوەی خۆیان لە مەترسیدا دەبینن و هەر بۆیە هەست بە ترس، نائەمنی و دڵەڕاوکێ دەکەن و بە ناچار هەوڵی جیابوونەوە دەدەن. ئەمە ڕێک ئەو ڕێگایەیە کە نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان پێشتر تێپەڕیان کردووە و تەنانەت زۆرێک لەوانە بۆ ئەو مەبەستە پەنایان بۆ شەڕیش بردووە.
بیستوومانە کە زۆر جار دەڵێن تایبەتەمەندیی سەرەکی سیستەمی نێونەتەوەیی ئەوەیە کە سیستەمێکی ئانارشیکە و شەڕ و توندوتیژی بەردەوام لە ئارادایە، لەبەرانبەردا دەڵێن کە سیستەمی ناوخۆیی وڵاتان، سیستەمێکی پلەوپایەییە و یاسا و قانونی تێدایە کە ئاساییش بۆ هەمووان بەرهەم دێنێت. سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانین حاشا لەو جیاوازییە بکەین، بەڵام ئەو جیاوازییە بۆ نەتەوە بێ دەوڵەتەکان مسۆگەڕ نەبووە و نییە، مێژووی مرۆڤایەتی نیشانی داوە کە زۆر نەتەوەی بێ دەوڵەت هەبوون کە لە چوارچێوەی وڵاتەکاندا ئاساییشیان نەبووە و کەوتوونەتە بەر توندوتیژی و دەستدرێژی دەوڵەت یان لایەنەکانی دیکە، ئەو نەتەوەگەلە کە دەوڵەتی سەربەخۆیان نەبووە، بەردەوام لەو نیگەرانییەدا ژیاون کە ئەگەری ئەوە هەیە کە نەتەوەی گەورەتر یان بەهێزتر کە زۆرجار لە دەوڵەتیش نزیکترە، حاشا لە بوونی جەستەیی یان شوناسیی ئەوان بکات و سەرکوتیان بکات و بیانخاتە بەر دەستدرێژیی و کۆمەڵکۆژیان بکات.
ئەو نەتەوەگەلە نیگەرانی مانەوەی خۆیانن و ئەو نیگەرانییە دوور لە ڕاستی نییە، لانی کەم ئێمەی کورد وەک نەتەوە دەزانین ئەو نیگەرانییە چەندە ڕاستەقینەیە. ئێمە بەردەوام لەو نیگەرانییەدا ژیاوین و دەژین، پێشتر زۆر نەتەوە لە جیهاندا بوون کە هەمان نیگەرانی ئێمەیان هەبوو، بەڵام بە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان تا ڕادەیەکی زۆر ئەو نیگەرانییەیان کەم بووەوە، تەنانەت هێندێک لەو نموونەگەلەی کە پێشتر وەک قوربانییانی ژینووساید و کۆمەڵکۆژی ئاماژەم پێ کردن، وەک ئەرمەنییەکان و جوولەکەکان، ئێستا بوونەتە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و ئاستی نیگەرانییان زۆر کەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە بەداخەوە سەرەڕای هەوڵێکی لەمێژینە و تێکۆشان و شۆڕش و خەبات و گیانبەختکردنی شەهیدانێکی زۆر، بەڵام بە زۆر هۆکاری ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی، نەمانتوانیوە بەو ئامانجە مێژووییە بگەین و بە دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیی، ماناوەی خۆمان دەستەبەر و گەرەنتی بکەین.
کەوابوو، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە نەتەوەی بێدەوڵەت بەردەوام لە مەترسی تەفروتوونا بووندایە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو حەقێقەتەی کە لە سیستەمی دەوڵەت-تەوەردا، دەوڵەت بەهێزترین، سەرەکیترین و مەزنترین ئەکتەر و باشترین دابینکەری مانەوەی نەتەوەیی و گەیشتن بە ئامانجەکانە و هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە تا ماوەیەکی دوورودرێژ ئەو سیستەمە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک لە داڕمان و هەڵوەشاندنەوەی بەرچاو ناکەوێت، لە ئاکامدا دەبێت هەوڵ و کوششتی هەر تاک و گرووپ و حیزب و لایەنانێکی کوردستانیش، کە خۆی بە خەمخۆری بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد دەزانێت یان بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە هەوڵی پاراستنی مانەوەی جەستەیی و کلتوری نەتەوەیی بدات یان خۆی بە شۆڕشگێڕ و دژە داگیرکەر دەزانێت، ئەوە بێت کە لە کوتاییدا، نەتەوەکەی بگاتە دەوڵەتی خۆیی. ئەو هەوڵە لە ڕاستیدا دەبێت وەک پڕۆسەی سرووشتی و دەرئەنجامی لۆژیکی واقیعییەتی جیهان چاوی لێ بکرێت.
ئێمە وەک نەتەوەی کورد، ئەگەر هەست بەوە دەکەین کە کەوتووینەتە پەراوێزەوە، حاشا لە بوونمان دەکرێت یان وەک شارۆمەندی پلە دوو لە وڵاتدا چاومان لێ دەکرێت و مافە نەتەوەییەکانمان دانیان پیا نانرێت و بە فەرمی ناناسرێن یان ئەوەی کە لە پڕۆسەی پێکەوەژیان و بەشداربوون لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا، بەرژەوەندییەکانمان دابین نابن، لۆژیکییانەتر و ژیرانەتر ئەوەیە کە بۆ پاراستن و ماناوەی خۆمان، خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیی بین. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە لە جیهانی مۆدێڕندا نەک هەر مانەوەی جەستەیی، بەڵکوو سەقامگیرکردن و بەرهەمهێنانەوەی کلتورێکی نەتەوەیی پێویستییەکی زۆری بە ناوەند و ڕێکخراوەگەل و دام و دەزگای دەوڵەتی هەیە کە ڕۆڵێکی بەرچاو لەو بوارەدا دەگێڕن.
لەو پێناوەدا، نەتەوەی کورد و حیزب و لایەنەکان، بە تایبەت و بەردەوام دەبێت ڕێز لە ناسیوناڵیزم و ناسیوناڵیستەکان (دەوڵەتخوازەکان) بگرن. دەوڵەتخوازەکان نە ئایدیاڵیستن و نە وەهم گرتوویانییە. بە پێچەوانەوە و لە ڕاستیدا ئەوانن کە لە وەهم ترازاون، ئەوان خوازیاری دەوڵەتن، لەبەر ئەوەی کە دەزانن باشترین شێوە بۆ مانەوە لە جیهانی نەتەوەکانی دژبەردا، دەوڵەتە. ئەوان دەزانن کە ئەگەر خاوەن دەوڵەتی خۆیان بن، دڵنیاترن لەوەی کە ببنە لایەنی لاوازی هاوسەنگی هێز لە دەوڵەتێکی فرە نەتەوەی نادیموکراتیکدا. کەوابوو، ناسیوناڵیستەکان خوازیاری دەوڵتن، لەبەر ئەوەی کە بەشوێن مانەوەی نەتەوەکەیانەوەن، ئەوان دەزانن و ئاگادارن کە گەیشتن بەو ئامانجە چەندە سەخت و دژوارە. لەوانەیە هەوڵەکانیان لە تەمەنی خۆشیاندا بەرهەمی خوازراوی نەبێت. تەنانەت، لەوانەیە لە قۆناغێکی تایبەتدا، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج و خوێندنەوەی ژیرانەی سیاسەت، ڕێز لەخوازیارانی خۆدمۆختاریخوازی، فیدراڵیزم و شێوازگەلی دیکەی مافی دیاریکردنی چارەنووس بگرن. بەڵام، بێگومان (و بە خوێندنەوەیەکی درووست) دڵنیان کە لە کوتاییدا، دەوڵەتە کە دەتوانێت زیاترین ئاستی مومکین لە سەربەخۆیی نەتەوەیی دەستەبەر بکات و ڕیزی دەرفەتەکان بۆ بەهرەمەندبوون لە ژیانی نەتەوەیی بگەیێنێتە ئەوپەڕ و لووتکەی خۆی.
لە ئێستادا ئەولەوییەت و ئامانجی نەتەوەی کورد، دەبێت ماناوەی جستەیی-کلتوریی-شوناسیی و ڕزگاری نەتەوەیی بێت. ئاشکرایە کە هەر نەتەوەیەک تا کاتێک مانەوەی خۆی دەستەبەر و گەرەنتی نەکات، ناتوانێت بەشوێن هیچ ئامانجێکی دیکەوە بێت. دەزانین کە دەوڵەتیش مەزنترین ئەکتەری/فۆرمی دەستەبەرکردنی مانەوەی نەتەوەییە. هیچ بوونەوەرێک لە ئاستی دەوڵەتدا لە سیستەمی نێونەتەوەییدا نەدۆزراوەتەوە و گەورەترین بوونەوەرەکان لانی کەم پلەیەک یان هەنگاوێک لە خوارەوەی دەوڵەت دادەنرێن. هەموو نەتەوەکان بڕوایان بەو ڕاستییە هەیە و هەر بۆیە هەوڵی دامەزراندیان داوە و دەیدەن. چاوخشاندنێک بە مێژوودا، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت. تا ساڵی 1914 سیستەمی نێونەتەوەیی بە گشتی 32 دەوڵەتی دەسەڵاتداری تێدا بوو. بەڵام پاش شەڕی یەکەمی جیهانی 10 وڵاتی نوێ سەریان هەڵدا. لە ساڵی 1920دا هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵگەی نەتەوەکان، ئەو ڕێکخراوەیە 42 ئەندامی هەبوو؛ لە ساڵی 1945دا، 52 ئەندام و لە ساڵی 1973دا، 135 دەوڵەت سەر بەو ڕێکخراوەیە بوون. لە ساڵی 1988دا ئەو ژمارەیە گەیشتە 159 و لە ساڵی 1997 زیاد کرا بۆ 185 ئەندام. لە ساڵی 2006یشدا 193 وڵات ئەندامی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون. بە گشتی، ئێستا زیاتر لە 200 وڵات لە جیهاندا هەن و پێدەچێت جگە لەو شوێنانی کە بۆ ژیان نابن، هەموو ئاستی جیهان لەنێوان دەوڵەت-نەتەوەکاندا دابەش بووە. کەوابوو، هەر نەتەوەیەک درووشمی ڕووخاندنی ئاوا سیستەمێک بدات دەبێت گومان بکەیت لە عەقڵییەتی. هەر نەتەوەیەک بەشداربوون لەو سیستەمەدا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە پەرەسەندندایە، بە خەیاڵ و وەهم بزانێت دەبێت گومان بکەیت لە تێگەیشتنی. هەر نەتەوەیەک هەوڵی بەشداربوون لەو سیستەمەدا بدات، خاوەن عەقڵییەت و تێگەیشتنی سەردەمیانەیە. هەر بۆیە هەوڵەکان دەبێت بۆ بەشداربوون لەو سیستەمە بێت، نەک بەلاریدا چوون یان داڕماندنی (خەیاڵاوی) ئەو سیستەمە. لە کوردستاندا، نابێت گرنگییەکی ئەوتۆ بدرێتە ئەو ئایدۆلۆژیانەی کە دژایەتی دەوڵەت، وەک زەقترین ئەکتەری شانۆی جیهان، دەکەن. [1]