بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێک ئاڕاستەی #کۆنگرەی لۆزان# لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت:دەبێت پەند لە وانە مێژووییەکان وەربگرین و بە ڕۆحێکی کوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین، داهاتوویەک کە تەنیا بە یەکێتی، یەکبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بکەین.
دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانییانی خۆشەویست
سڵاوێکی کوردانەتان لێبێت
100ساڵ لەمەوبەر بەبێ ئامادەبوونی کورد و تەنانەت ڕا وەرگرتنیشی، ڕێککەوتنامەی لۆزان دژی گەلی کورد واژۆ کرا. ڕێککەوتننامەیەک کە سەرەتایەک بوو بۆ لەناوبردنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد و دابەشکردنی خاکەکەمان بەسەر چوار پارچەدا.
بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد هەوڵی بۆ برایەتیی گەلان و پێکەوەژیان داوە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بووینەتە قوربانیی زوڵم و ستەمی وڵاتان. هەموو جۆرەکانی توندوتیژیمان بەرانبەر ئەنجامدراوە و هەوڵی سڕینەوەی زمان و شوناسمان دراوە. بەڵام ئەمە نەک ئێمەی نەسڕییەوە، بەڵکوو بە شۆڕش و خەباتی نەبڕاوەی گەلەکەمان لەپێناو سەربەرزی و سەرفرازی بەهێزتربووین و وەک شاخە سەرکەشەکانمان بەپێوە ماینەوە.
ئێستاش دوای تێپەڕینی 100ساڵ بەسەر ئەو ڕێککەوتنامەیە و هەموو ئەو قوربانییانەی بەدرێژایی مێژوو داومانە، دەبێت پەند لە وانە مێژووییەکان وەربگرین و بە ڕۆحێکی کوردانەوە خۆمان بۆ داهاتوو ئامادە بکەین، داهاتوویەک کە تەنیا بە یەکێتی، یەکبوون و برایەتی دەتوانین زامنی بکەین. پێکەوە لەپێناو کوردستانی گەورە و پاراستنی شوناسمان خەبات بکەین و جیاوازییەکان بخەینە خزمەت ئامانجە باڵاکانەوە. ئەمەش تەنیا ڕێگەیە بۆ ئەوەی وەک میللەتێکی زیندوو و خاوەنماف دەنگمان بە جیهان بگەیەنین و بەرگری لە خۆمان بکەین.
ئامانجی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونە و درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالە. ئەو سیاسەتەی خۆی لە پشتیووانیی کوردان و پشتگیریی خەباتە سیاسی و مەدەنییەکەیدا دەبینێتەوە. سیاسەتێک کە ئامانجەکەی سەربەرزیی کوردان و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە. بۆ ئەمەش ڕوو لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەم و دەڵێم ڕاستە ئێمە جیاوازییەکانمان زۆرن، بەڵام زمان و خاکە هاوبەشەکەمان خاڵی کۆکەرەوەی هەموومانە و دەبێت پارێزگاری لێبکەین.
بە هەموو وڵاتانی جیهان و دراوسێکانیشمان دەڵێین شەڕ و ناکۆکی بژاردەی ئێمە نییە و بەهەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەینەوە. دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان گەشەپێبدەین و دراوسێیەکی باشبین، بەڵام سازش لەسەر مافە ڕەواکانمان ناکەین و بەهەمووشێوەیەک بەرگری لێدەکەین. نابێت لەیادیشمان بچێت کە سەرۆک مام جەلال هەمیشە دەیفەرموو، تاوەکوو کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵات چارەسەرنەکرێت، ئاشتی یەکجارەکی لە ناوچەکە بەدینایەت.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.[1]