ناونیشان: داگیرکردنی تاریکی، ڕۆمانێک شایستەی خوێندنەوەیە
ئامادەکردن: خالید محەمەد عەلی
شانۆی ڕووداوەکانی تورکیایی نوێ لەنێوان ساڵانی (1945— 1978) و ھەوڵی سڕینەوەی زمان و کەلەپورو و شوناسی نەتەوەیەک، بووەتە کەرەستەی ڕۆمانەکەی بەختیار عەلی کە زۆر لێزانانە ! واقع و خەیاڵاتی تێکەڵ بەیەکدی کردووە ، دواجار شاکارێکی وەک داگیرکردنی تاریکی ھاتۆتە بوون کە دابەش بووە بەسەر 84 بەش و 716 لاپەڕەدا. سەرەتا: عسمت ئۆکتایی کە تورکێکی ڕاسیزمە و ئەندامێکی چالاکی گرووپی گورگە بۆرەکانە، یەکێکەلە کارەکتەرە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، کە لە دەستپێکەوە تا کۆتا شانۆ جێناھێڵێت. بەوە دەست پێدەکات کە بەیانییەک بەخەبەر دێت و ئەبینێت تووشی دەردێکی کوشندە بووە کە زمانی تورکی بیردەچێتەوە و بە کوردییەکی پاراو قسەدەکات. لێرەوە ڕەوتی
ڕووداوەکان دەبێتە دوو تەوەرە لە مێژوو، یەکەم: ساڵانی 1945 بەدواوە کە وەک پاشخانێکی مێژووی بەکارھێنراوە بۆ ڕووداوەکانی ئێستای ناو ڕۆمانەکە. کە بە ناردنی (تاریق ئاکانسۆی) تورک پەرست بۆ خۆرھەڵاتی ئەنادۆڵ واتە؛ کوردستانی باکوور بە دیاری کراویی بۆ #ئامەد# (دیاربکر) ، بە مەبەستی سڕینەوەی زمانی کوردی و کەلەپورەکەی. تەوەرەی دووەم: ساڵانی 1977 بەدواوە تووش بوونی (عسمت ئۆکتایی) و ئەوانی تریش بە لەبیرچونەوەی زمانی تورکی لە کاتێکدا کە تارق ئاکانسۆ لە ڕابردودا ھەوڵی جدی دا بوو کە زمانەکە بسڕێتەوە. تا لە کۆتایدا بە شێوەیەکی لێزانانە ئەم دوو مێژوە لە ساڵی 1978 بەیەک دەگەن.
بەھای مێژووی ڕۆمانەکە:
ڕۆمانێکە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە مێژووی ڕووداوەکانی تورکیا و کێشەی کورد، داوی جەنگی دووەمی جیھانی بەدەستی کەمالیستەکان، لە ڕێگەری کاراکتەری تاریق ئاکانسۆیی ھاوڕێی عسمت ئینینۆی سەرۆکی کۆمار. وەک ئاشکرایە داوی ڕاسپاردنی عصمت لەلایەن ئەتاتورکەوە بۆ گەڕان بەناوچەکانی خۆرھەڵاتی ئەنادۆڵ و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە ناونرا ( سیاسەتی سەرپەرشیکردنی گشتی ) ، بە ئامانجی تورکاندنی ناوچەکە و گێڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. لەسەر بناغەی پراکتیزەکردنی ڕاپۆرتەکەی ئینینۆی دەوڵەتی تورکیا کەوتە کار، ئەمەش کەشی ڕەخساند بۆ چەند شۆڕشێکی چەکداری کورد وەک؛ ئاگری داخ و ئارارت و ئیحسان نووری.
نووسەر ئەم مێژوەی لە تاریق ئاکانۆسۆدا بەرجەستە کردووە. وە پێمان دەڵێت: ئەم سیاسەتە بەردەوامە دەرماف بە کورد و کەمە نەتەوایەتییەکانی تر.
لە مێژوی دوای عیصمەت ئینینۆی و ھاتنی جلال بایار لە (1950—1960) وە حوکمەتەکەی عدنان مندریس لەھەمان ساڵداو ئینجا کودەتا و لەسێدارەدانی لە (1961) دا و پاشان حوکمەتە سەربازیەکەی (جەمال گورسیل) لە چوار جەنەراڵە خانەنشینەکەی سوپادا بەرجەستەکراوە لە ڕۆمانەکەدا.
ھەموو ئەمانە دەبنە ھەوێنی درووست بوونی ڕێکخراو و گرووپی چەکداری کوردی، کە خۆیی دەبینێتەوە لە ( ڕێکخراوی زمانی دووی نیوە شەو) و کوشتنی (عەلی ئیحسان ئاکانسۆ) .
ئەمەش یەکەم پەیامی ڕێکخرواو بوو بۆ ھێرشی پێچەوانەی کوردەکان، دەرماف بە زمان و کلتوریان.
بەھای نەتەوەیی ڕۆمانەکە:
دیارە پرسی نەتەوایەتی کورد لە باکووری کوردستان زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و ھاتنی کەمالیەکان بۆ سەر حوکم و بەرزکردنەوەی دروشمی یەک زمان یەک ئاڵا و یەک نیشتمان و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیایی نوێ و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک و کارکردن بۆ سڕینەوەی پرسی نەتەوایەتی و بە تورکاندنی گشت کەمە نەتەوایەتییەکانی تر. لەگەڵ ئەمانەشدا نووسەر لایەنی مرۆڤایەتییەکەی زاڵترە، واتە ئەم چەوساندنەوەیە ھەموو تورکێک بەشدار نییە.تیایدا بەڵکوو لەناو ئەوانیشدا خەڵکان ھەن کە ئەم ستەم و زۆداریەیان قبووڵ نییە. ئەوتا (ئارسین ئاکانسۆ) نایەوێت بەشداربێت لەو زوڵم و زۆرداریەیی باوکیدا و لەماڵ ھەڵدێت و ماڵە کوردێکی پاک و بێگەرد بەناوی (جەوھەر سیزار) لە لادێیەکی دورە دەستدا داڵدەیی دەدەن و وەک کوڕی خۆیان پەروەدەی دەکەن. ئەم کاراکتەرە کەسێکی یاخیە لە ستەم و زۆداری، کە دەتوانین ئارسین ئاکانسۆ وەک یەشار کەمال و عەزیز نەسین و ئیسماعیل بێشکچی و ئەوانی تر لێی بڕوانین. ئاکانسۆیی باوکیش وێنایی ھەموو ناشۆنالیستەکان و حوکمەت و جەنەڕالەکانی سوپا و دیوە قێزنەوەنەکەی تری سیاسەت دەکات.
پاشان نەخۆشخانەی ئالازیک و کۆشکەکەی ئاکانسۆ، وێنایی ئەو حوکمەت و پەڕڵەمانەیە کە پێیی وایە دەبێت ھەموو ئەوانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادان لە بۆتەی تورک بووندا بتوێنەوە، وە ئەگەرنا کەواتە تۆ نەخۆشیت و پێویستە چارەی مەرگ وەربگریت.
دواجا ئەو نەخۆشخانەیەی کە بۆ نەخۆشییە دەروونییە.ان ھەیە، دەبێتە لانکەی درووست بوونی بیری ئازادی لە کۆت و بەندیی یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک نەتەوە.
دەرئەنجام ئەوەمان پێ دەڵێت:
• دیکتاتۆرەکان و ھەموو ئەوانەی کە پێیان وایە توندوتیژی جێگای لەیەک تێگەیشتن دەگرێتەوە ھەڵەن.
• ئەم ڕۆمانە زۆر لەوە زیاتر ھەڵدەگرێت کە بە نووسینێک گوزارشتی لێ بکرێت.
• مرۆڤ بوون حاڵەتێکی زاتییە و لە پێشینەی ھەموو کارە باشەکانە.
• بیروڕا بەپێی کات و شوێن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
• مرۆڤ بوونەوەرێکی سەرە ڕۆیە، ئەگەر بێتوو سیستەم و ڕێساو یاسایەک بەری پێ نەگرێت.
• خۆزیا ئەم شاکارە وەردەگێڕدرایە سەر زمانی تورکی و کرمانجی ژوروو، ئەوکاتە دەبوە جۆرێکی تری شۆڕش. [1]