سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بەمردن نەبێت دیمەنی سیاسی جێناهێڵن
ئامادەکردن: #بارام سوبحی#
ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێمە لەتوخمی ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەیە کە بەڵگەی پەککەوتەیی خۆی نیشاندەدات، لەبری ئەوەی ببێتە ئەلتەرناتیڤی مێژویی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی. واتە لەو شێوازە ئۆپۆزسیۆنەیە کە لەپاشەکشەدا ژیان بەسەردەبات. نووسەرێکی عەرەب بەم جۆرە گوزارشت لەدۆخی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتانی عەرەبیدا دەکات.
پەڕتووکی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات: تەنگوچەڵەمەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، لە نووسینی عەبدولئیلاە بەلقزیزە و هەڵکەوت عەبدوڵڵا لە عەرەبییەوە کردویەتی بە کوردی. دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ئەم پەڕتووکەی لەدوتوێی (156) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکردۆتەوە. پەڕتووکەکەش لەسێ بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم تایبەتە بە لێکۆڵینەوەی نووسەر و بەشی دوەمیش گفتوگۆکردنی لێکۆڵینەوەکەیە لەلایەن چواردە لێکۆڵەوە، بەشی سێیەمیش وەڵامی بەلقزیزە بۆ سەرنجی لێکۆڵەرەکان.
ناوەرۆکی پەڕتووکەکە لەبنەڕەتدا بابەتی دیدارێک بووە کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی یەکگرتنی عەرەب لە ڕۆژی دوشەممە (8/7/2001) لەبەیرووتی پایتەختی لوبنان سازیکردووە، تیایدا (22) بیریارو شارەزاو توێژەری وڵاتە عەرەبییەکان بەگفتوگۆو بەدواداچون و موداخەلەبەشدارییان تێداکردووە.
وەرگێڕ لەبارەی ئەم پەڕتووکەوە دەڵێت: ئەم بابەتە ئەگەرچی دەربارەی ئۆپۆزسیۆنە لەنیشتمانی عەرەب، بەڵام لەبەر نزیکیی ئەو ئەزموونە و ئەزموونی خۆمان و قوڵیی ئەو بابەتانەی لێکۆڵینەوەکە لەخۆی گرتون، دەشێت سوودێکی باشی هەبێت بۆ خستنەڕوی تێگەیشتنێکی زانستیانە سەبارەت بەئۆپۆزسیۆن، کە بۆ ئەم قۆناغە و قۆناغی داهاتوی کۆمەڵگەی دیموکراتیانە لە کوردستان سوودبەخش دەبێت.
لەسەرەتای لێکۆڵینەوەکەیدا، بەلقزیز باس لەزەمینەی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن لەڕوی تیۆرییەوە دەکات، پاشان باس لەسەرهەڵدانی هەر سێ تایپی ئۆپۆزسیۆنی: ناسیۆنالیست، ئیسلامی و چەپ لە وڵاتانی عەرەبیدا دەکات. لەوبارەیەوە دەڵێت: جێگەی داخە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ئێمە لەتوخمی ئەو جۆرە ئۆپۆزسیۆنەیە کە بەڵگەی پەککەوتەیی خۆی نیشاندەدات، لەبری ئەوەی ببێتە ئەلتەرناتیڤی مێژویی ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی. واتە لەو شێوازە ئۆپۆزسیۆنەیە کە لەدۆخی تەنگوچەڵەمەی هەمیشەیی و پاشەکشەدا ژیان بەسەردەبات. ئەمەش تەنیا تایبەت نییە بەئۆپۆزسیۆنی چەپڕەوو نیشتمانی و دیموکراتی کە لەدەیان ساڵی پێشودا باڵادەست بووە، بەڵکوو ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیش دەگرێتەوە.
دواتر نووسەر دێتە سەر شێوازەکانی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات کە باسی سێ جۆر دەکات، ئەوانیش کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەستەبژێرە سیاسییەکاندا، ئەوی تریش بەشداری هاکەزاییانەی ئۆپۆزسیۆنە لەدەسەڵاتدا.
بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، بەبڕوای نووسەر چەند ڕێگاو شێوازێک هەیە، ئەوانیش: ڕێگای بەکارهێنانی توندوتیژی و کودەتای سەربازی، ڕێگای ئاشتیخوازی دیموکراتیانە (هەڵبژاردن) و ڕێکەوتنی سیاسی لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتی سیاسی. دواتر بۆ هەر یەکێک لەو شێوازانە نووسەر چەند ئەزموونێکی کردەیی لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و ئەمریکی دەهێنێتەوە.
لەبەشێکی دیکەدا نووسەر باس لەکایەی سیاسی و ڕەخساوی ئەو کایەیە بۆ سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەکات، کە بەبڕوای ئەو کایەی سیاسی توانایەکی ڕاستەقینە ناداتە ئۆپۆزسیۆن بۆ کارکردنی سرووشتی، چ جای بینینی ڕۆڵێک! هۆکاری ئەو دۆخەش دەگێڕێتەوە بۆ فۆرمی دەسەڵات لە وڵاتانی عەرەبی کە بریتین لە: ڕژێمی سەربازی لەهەشت دەوڵەت، عەشایەری لەپێنج دەوڵەت و دوفاقی لەسیانزە دەوڵەتدا.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر پاکانە بۆ ئۆپۆزسیۆن ناکات، بەڵکوو بەوردی قامک دەخاتە سەر کەموکووڕییەکانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش، کە بە بۆچونی ئەو دیارترین گرفتەکانیان بریتین لەنەبوونی: پڕۆژەی سیاسی، نەبوونی توانای نوێنەرایەتی ڕاستەقینە، هۆکاری ئەم حاڵەتانەش دەگێڕێتەوە بۆ: شکستی سیاسی، دۆگمای فیکری، نامۆبوون بەگۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەو داخرانی ڕێکخراوەیی.
لەباری مێژوییەوە نووسەر تیشکدەخاتە سەر چەند هەڵەیەکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، کە ئەوانیش بریتی بوون لە: پاشکۆیەتی سیاسی، بەشداریکردن لەبەرەیەکی نیشتمانی کارتۆنی، هاوپەیمانی ناسیۆنالیستانەی سنووربڕو گەڕانەوە بۆ تاقمبەندییە تەقلیدییەکان، لەگەڵ دەست تێکەڵکردن لەگەڵ بێگانە. نووسەر دەڵێت: ئەوانە کۆمەڵێک هۆو هۆکاری بابەتی و خۆیی بوون کە پێمانوایە بەرپرسیارن لەو بارودۆخەی ئۆپۆزسیۆنی ئێمە تێیکەوتووە، هەر لەتەنگوچەڵەمەی تەشەنەکردووە وە بیگرە تا دەگاتە داخرانی ئاسۆکان.
سەبارەت بەوەی چی بکرێت تاوەکوو سیاسەت و خەباتی سیاسی و ئۆپۆزسیۆن مانای ڕاستەقینەی خۆیان بەدەستبهێننەوە، نووسەر ئەم پێشنیارانە دەکات: بوونی وتارێکی سیاسی نوێ کە پشت بەئەقڵانییەت ببەستێت و لەسەر بنچینەی ئەقڵ دامەزرێت نەک بەپێی زەوق و ئارەزو، سیاسەت بەپێی بەرنامەیەک بێت و وتارەکەی دەربڕی ئەو بەرنامەیە بێت، وتاری سیاسی ئەقڵی جەماوەر بهێنێتە ئاخاوتن نەک ویژدان و سۆز.
خاڵێکی دیکە کە نووسەر پێشنیاری دەکات نوێکردنەوەی بوونیادی ڕێکخراوەیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانە، چونکە پێیوایە لەم بوارەدا گرفتی ئەو پارتانە بریتییە لە: بیرۆکراسی ئەمەش لەسەر هەردو ئاستی: قۆرخکردنی دەسەڵاتی حیزبی لەلایەن گرووپێک سەرکردایەتی دەستڕۆیشتوەوە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی ژیانی حیزبی بەشێوەیەکی مەکتەبی فەرماندەرکەری لوتبەرزانە و بوونی کاریزمایەکی دەسەڵاتخواز لەلوتکەی هەڕەمەکەدا، وەکوو نووسەر دەڵێت: ئەم سەرۆکە حیزبیە هاوشێوەی فەرمانڕەوا، خاوەنی هەموو شتێکە و لێی ناپرسرێتەوە، ئەو حیزبە وەک چۆن فەرمانڕەوا دەوڵەتە و بەمردن نەبێت دیمەنی سیاسی جێناهێڵن. گرفتێکی دیکەش دورخستنەوەی نەوە گەنجە نوێکان لەلایەن پاسەوانانی کۆنەوە لەناوەندە باڵاکانی حیزب و ناچارکردنیان بە بەسەربردنی گەنجێتی و پێگەیوی و پیرێتی خۆیان لەبنکەکانی حیزبدا، بەڵکوو بینینی ڕۆڵی کۆمبارس لەناو دیمەنی حیزبدا!
ئەو سێ دەردەی کە نووسەر دیاریکردووە، پێیوایە بوەتە هۆی ئەوەی ڕەقهەڵاتن و لەجوڵەکەوتنی سیاسی و پوکانەوەی ڕێکخراوەیی و ڕودانی جیابوونەوە لەناو ئەو حیزبانە، کە سەرەنجام بووەتە هۆی دورکەوتنەوە و مانگرتنی خەڵک لەسیاسەت و ئینتیمای سیاسی.
بۆ سەر لەنوێ بنیاتنانەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان، نووسەر ڕایدەگەیەنێت پێویستە پارتەکان لەسەر چوار کۆڵەکەی بنچینەیی بنیاد بنرێن، ئەوانیش: ئازادی ڕادەربڕین بە جۆرێک ڕێگە بدرێت ئەندامانی حیزب ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بڕیارەکانی سەرکردایەتی حیزب بۆ ڕایگشتی ئاشکرابکەن، دوەم: درووستکردنی سەکۆی جۆربەجۆر لەناو حیزبێکدا کە چاکترین میکانیزمە بۆ لەخۆگرتنی پلورالیزم و سنووردانانە بۆ ئەو لێکجیابوونەوانەی کە لەناو حیزبەکاندا دووبارە دەبنەوە.
خاڵی سێیەم خۆی لەمافی بەشداریکردنی سیاسی لەبەڕێوەبردنی حیزبدا دەبینێتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕکردنی بەرپرسیارییەتی لەناو داوودەزگا بەڕێوەبەرییە سەرکردایەتییەکانی حیزبدا، بۆ ئەکتیڤکردنی ئەم خاڵەش نووسەر بەگرنگی دەزانێت سەرۆکایەتی حیزب بۆ یەک خول بێت، لەهەر کۆنگرەیەکیشدا ئۆرگانەکانی سەرکردایەتی حیزب بەڕێژەی نیوە یان سێیەک نوێ بکرێنەوە، هەروەها کۆنگرەی حیزبیش بەهیچ پاساوێک دوانەخرێت و ڕێگە بەنەوەی نوێ بدرێت لەئۆرگانەکانی سەرکردایەتیدا بەرپرسیارییەتی بگرنە ئەستۆ.
خاڵی چوارەم بریتییە لەبوونی دادوەرییەکی حیزبی سەربەخۆ، بە و مانایەی دەسەڵاتی چارەنووس دیاریکردن لە کۆنگرەی گشتی و کۆمیتەی ناوەندیدا بەرجەستە دەبێت، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش لەمەکتەبی سیاسی یان مەکتەبی جێبەجێکردن یان ئەمینداری گشتیدا بەرجەستە دەبێت. لەکاتی ڕودانی ناکۆکیش لەنێوان ئەم دو دەسەڵاتە یاخود لەنێوان سەرکردایەتی و بنکەی جەماوەری حیزبدا، ئەوا ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە ناکۆکیەکە یەکلایی دەکاتەوە. [1]