ڕزگار حەمە ڕەشید
بۆ ئەوەی لەخزمەتی ئەم نووسینەدا بتوانین نامۆبوون بناسێنین، پێویستمان بەوە دەبێت هەندێک چەمکی تریش بخوازین و لەم چوارچێوەیەدا شرۆڤەیان بکەین و لەوێوە بەرەو ئامانجی کۆتایی نووسینەکە بڕۆین.
لە زۆربەی بەکارهێنانەکاندا، نامۆبوون وەک بێگانەیی باسدەکرێت، یان لە سادەترین پێناسەدا وەک جیابوونەوە و دابڕان یان وەک دابەشبوون دەناسێنرێت. ئێمە کاتێک لە شتێک جیا دەبینەوە ئیتر دەبینە نامۆ پێی. لەمڕۆدا زیاتر خوومان بەوەوە گرتووە وشەی “نامۆبوون” بۆ وەسفکردنی ئەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بەکاربهێنین کە بەری دەکەوین، بۆ نموونە؛ دوورکەوتنەوە لە خێزان و کۆمەڵگەکەمان، یان دوورکەوتنەوە لە جیهان بەگشتی. زۆرجار گوێمان لە خەڵک دەبێت کە دەڵێن هەست بە نامۆبوون دەکەن لەبەرانبەر کەسێک یان دامەزراوەیەک. لێرەشدا دیسانەوە هەستی جیابوونەوە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوونی هەیە، لەبەر ئەوەی بیرۆکەکە ئەوەیە کە مرۆڤ هەست بە جیابوونەوە لە شتێک دەکات.
ئەگەر نامۆبوون بەمانای جۆرێک لە جیابوونەوە بێت، کەواتە پێچەوانەی نامۆبوون بریتییە لە ئاوێتە بوون. ئاوێتەبوون لەگەڵ خێزان یان ڕێکخراو یان کۆمەڵگە بە گشتی. بەم پێیە کاتێک کەسێک سەر بە یەکێک لەو شتانەیە، ئیتر نامۆ نییە، لانی کەم لەو پێوەندەدا. ئەمەش شوناسێکی تایبەتی دەبەخشێتە کەسەکە، وەک بڵێی، بەوە دەناسرێتەوە، سەر بەو خێزانەیە، یان لەو تیپەدا، لەو کۆمەڵەیەدا کار دەکات، سەر بە فڵان دەزگا یان ڕێکخراوە. ئەمانە هەریەکەو بە جۆرێک شوناسی کەسەکە دیاری دەکەن، پێبەپێی ئەوەش، ئەرک و پرنسیپەکانی دەستنیشان دەکەن. لەبەرانبەردا، کاتێک کەسەکە بە ڕۆڵی خۆی لەو چوارچێوە دیاریکراوەدا ناڕازی دەبێت، دەتوانێت ڕەتیان بکاتەوە و چیدی ڕۆڵیان تێدا نەبینێت. کاتێک هەستی نامۆبوونم هەیە، ناتوانم شانبەشانی چوارچێوەیەکی دیاریکراو خۆم بناسێنم و چیدی ئەو چوارچێوەیە ناتوانێت شوناسی من دەستنیشان بکات، بۆیە لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم. بەڵام لەناو یان دەرەوەی ئەو جوارچێوەیەدا، مرۆڤ عەوداڵی ئەوەیە دانیپێدا بنرێت.
چەمکی ناسینەوە یان دانپێدانان”recognition” لەو چەمکە گرنگانەیە لەمڕۆدا گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت. ئەم چەمکە پەیوەندی بەو شێوازەوە هەیە کە ئێمە وەک مرۆڤ، سیاسەتمەدار، یان ئەندامی کۆمەڵگەیەک تەماشای یەکتری پێ دەکەین.
وەک نامۆبوون، دانپێدانانیش کۆمەڵێک مانای جیاوازی هەیە کە دەتوانرێت لە چوارچێوەی جیاوازدا بەکاربهێنرێت. ڕەنگە لە سەرەتاییترین ئاستیدا بتوانین باس لە دانپێدانان بکەین وەک جۆرێک لە تێگەیشتن، بۆ نموونە کاتێک سەیری ئەو شتە زۆرانە دەکەین کە لە دونیادا دەبینرێن، یەکسەر دەتوانین جیاوازی نێوان مرۆڤ و شتەکانی تر یان مرۆڤ و بوونەوەرە زیندووەکانی تر دەستنیشان بکەین. بەم مانایە دەتوانین کەسێک وەک مرۆڤ بناسینەوە و دان بە مرۆڤبوونیدا بنێین.
یاخود داننان بە مافی دیاریکراوی کەسانیتردا، چونکە ئەگەر دان بە مافی کەسانیتردا نەنێین، پێشێلکارییەکان ئاسایی تێدەپەڕن، چونکە سنوورێک نامێنێت بۆ ناسینەوەی کەسانیتر. کەواتە ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی، بە چەندین شێوازی جیاواز، وامان لێدەکات دان بە یەکتریدا بنێیین و یەکتر بناسینەوە. ئەگەر نەتوانین بەو شێوەیە دان بە بوون و کارەکتەر و مافەکانی یەکتردا بنێین، جۆری هەڵسوکەوتمان بەرانبەریان دەگۆڕێت، بۆ نموونە توندوتیژی و دیاردەکانی وەک ڕەگەزپەرستی و سێکسیزم یان زەبروزەنگی داگیرکەر بەسەر داگیرکراودا، خاوەن دەسەڵات بەسەر ژێردەستەکانیدا لە دانپێدانەنانی تەواوەتییەوە سەرچاوە دەگرن بە ماف و بوون و کارەکتەر و شوناسی کەسانیتر. وەک ئەوەی لەزۆربەی وڵاتانی دونیادا، لەسایەی کەپیتاڵیزم و لقوپۆپەکانییەوە دەیبینین، بەتایبەتیش لە ئێران و تورکیا و ئێراق و سووریادا جگە لە پیادەکردنی هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگ بەسەر تەواوی دانیشتوواندا، بەشەوەیەکی توندتر بەسەر کوردە داگیرکراوەکاندا پیادە دەکرێن. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ درووستبوونی نامۆبوونێک کە وردەوردە ڕوخسارەکانی باس دەکەین.
دوای جەنگە جیهانییەکان، چەمکی “نامۆیی” گرنگییەکی زۆری پێدرا، لەزۆر بواری ئەدەبی و هونەری و فەلسەفی و دەروونیدا کاری لەسەر کرا. تا ڕاددەیەکی زۆر، هەموویان لەژێر کاریگەریی ئەو ئیشکردنە وردەی کارڵ مارکسدا بوون بۆ پێناسەکردنی نامۆبوون.
مارکس لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکانی 1844دا لە بەشێکدا لەژێر ناوی ‘نامۆبوونی کرێکاران”دا بەم شێوەیە مەبەستەکانی خۆی ڕوون دەکاتەوە:
“ لە ئابووری سیاسیی و زاراوەسازییەکەیدا، ئەوەمان پیشانداوە کە کرێکار تا ئاستی کاڵایەک نغرۆ دەبێت، لە ڕاستیدا دەبێتە نەهامەتبارترین کاڵا. نەهامەتیی کرێکار لە پەیوەندییەکی پێچەوانەدا وەستاوە لەگەڵ هێز و قەبارەی بەرهەمهێنانەکەی خۆیدا، کە ئەمە دەرەنجامی سرووشتیی کێبڕکێی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە لە چەند دەستێکدا، ئەمەش ترسناکترین جۆری قۆرخکارییە“ ئەو باسی نامۆبوونی کرێکار دەکات لەبەرانبەر ئەو کاڵایەدا کە خۆی بەرهەمی دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرهەمی کارەکەی خۆی بەهرەمەند بێت. بەپێی مارکس نامۆبوون لە کار بریتییە لە “کردنی کار بە شتێکی نامۆ بۆ کرێکار”
بەهەرحاڵ، مانای ئەم وشەیە چەندین جار و بەپێی بەکارهێنانەکانی، گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. بەڵام دەشێت وەک ناساندنێکی درشت و فەلسەفی، هیگڵ وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی وەربگرین کە پێش مارکس ئەم چەمکەی بەکار هێناوە.
هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای ڕۆحدا (1807) زاراوەکانی نامۆبوون و بێگانەیی بەکار هێناوە بۆ ئاماژەدان بەوەی کە ڕۆح لە کایەی بابەتگەراییدا ( Objectivity) دەبێت بە شتێکی جیاواز لەخۆی. ئەم پرسیارە لەلای هیگڵییە چەپەکان و لای فیورباخیش لە پەڕتووکی “کرۆکی کریستیانییەت” دا بەشێوەی جیاجیا دێتەوە بەر باس. فیورباخ لەو پەڕتووکەدا باسی نامۆبوونی ئایینی دەکات، پێشبینیکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی بە پێودانگی خودایەکی درووستکراو.
هەرچەندە چەمکی “نامۆبوون” تا ساڵانێکی زۆر نەبووە چەمکێکی سەرەکی هیچ کام لە بیرمەندەکانی سەدەی نۆزدە، بەڵام زۆربەیان بە گرنگییەوە لەسەری وەستاون. دواتر هۆرکهایمەر زاراوەی “ئانۆمی”بەکار هێنا بە مانای ناتەریب و شاز یان (شذوذ) ، تا دەستنیشانی کۆمەڵێک دیاردە بکات کە بەهۆیانەوە ئەو نۆرم و یاسایانەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی مەیسەر دەکەن، لەبەرانبەر درێژبوونەوەی سیستمی کاردا ڕووبەڕووی قەیران دەبنەوە. دوای مارکسیش چەندین بیریاری وەک هایدیگەر و هێربەرت مارکۆز و ئێریک فرۆم و ڕێچکەی نا مارکسیی جان پۆڵ سارتەر تێزی جۆراوجۆریان لەبارەی نامۆبوون و بێگانەییەوە هێنایە بەر ڕۆشنایی گفتوگۆکانەوە. لە نامۆبوونی مرۆڤەوە بەرانبەر مەکینەکانی بەرهەمهێنان، نامۆبوونی کرێکار بەرانبەر بەرهەمی کار، نامۆبوونی تاک لەناو شیرازەی لێکترازاوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، نامۆبوونی مرۆڤ لەبەرانبەر ئایین و خودا و سرووشت و تەکنەلۆژیا و… لەبەرانبەر خودی خۆیدا.
لێرەشدا ئێمە دەمانەوێت هەڵوێستەیەک لەسەر نامۆبوونی دەستەبژێرێکی کۆمەڵگە بکەین لەبەرانبەر سیستمێکی فەرمانڕەوادا. بۆ ئەمەش دەستەبژێرێکی کۆمەڵگەی ئێران و سیستمی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتە دەکینە نموونە.
2
وزەیەک لەناو دڵی کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەگەشایەوە و بەچەندین شێوە و ڕوخسارەوە دەردەکەوت و دەدرەوشایەوە، ئەو وزەیە ساڵانێکی زۆرە لەدەرەوە خەفە دەکرێت و دەشاردرێتەوە و نکووڵیی لێدەکرێت، بەڵام لەناوەوە زیاتر خۆی دەخەمڵێنێت. وزەیەکە بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو بەدەستی دەسەڵاتی پاشایی و دواتر دەسەڵاتی ئیسلامییەوە هەوڵی خنکاندنی دەدرێت و دەئاخنرێتە ناو ماڵە داخراوەکان و زیندانەکانەوە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی بە دڕندانەترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە، کەچی ئەو کەڵک لە کەوتنەکانی خۆی وەردەگرێت و بە شێوازێکی پێگەیشتووتر دێتەوە بەرچاوان.
ناوەوە بۆ گەلانی ناو ئێران و ئەوانەش کە بە وڵاتانیتردا بڵاوبوونەتەوە بریتییە لە ناو ماڵەکان و ناو دەروونی خۆیان کە ڕۆژانە لە نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا دەژین و ئەو وزەیە پەروەردە دەکەن. نامۆیی بەرانبەر سیستمێک کە سەدان فەرسەخ لە خەون و بیرکردنەوە و ئاستی هۆشیاری ئەمان دوورە. ئەوانەی لەناو ئێراندا و لەناو خودی سیستمەکەدا ژیان بەسەر دەبەن، لەبەرانبەر ئەو سندووقە داخراوەی ئەقڵی ئەو سیستمە ستەمکارەدا ژیانێکی نهێنییان بۆ خۆیان درووستکردووە کە دەستی جەللادەکانی نەگاتێ. نەک تەنیا بە لەبارکردنی ژیانێکی ئازاد و مۆدێرن و کراوە بۆ خانەوادەکانیان لەناو ماڵەکانی خۆیاندا و لە پشتی دیوارەکانەوە، بەڵکوو لەناو قووڵایی دەروونی خۆشیاندا هەموو ئەو دیوارانەیان شکاندووە کە لەدەرەوە، لەژیانی واقیعدا، لەدەوریان هەڵچنراون. ئەمان خۆیان بە میراتگر و درێژەپێدەری شارستانییەتێکی گەلێک دێرینتر دەزانن، شارستانییەتێک کە وێڕای ئەوەی بەناو مێژوویەکی پڕ لە شەڕ و کوشتار و ململانێی هەزاران ساڵەییدا تێپەڕیوە، بەڵام هەمیشە پێچەوانەی دەسەڵاتەکان، وزەیەکی داهێنەرانەی لەناو خۆیدا پەروەردە کردووە و پاراستوویەتی، وزەیەک کە تا ئەمڕۆ نەک تەنیا شانازیی، بەڵکوو ڕێچکەیەکیشی پێبەخشیوە تا بەردەوام پێچەوانەی ئاڕاستە و خواستی دەسەڵاتەکان هەنگاو بنێت. ناوە مەزن و درەوشاوەکانی ناو دونیای هونەر و فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانیی سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
بەم هۆیەوە گەلانی ئێران لەناو نامۆیی و بێگانەییەکی سەختدا ژیان بەسەر دەبەن. وەک ئەو نامۆییەی لەناوەوە و دەرەوەی ژیانیاندا ڕوو دەدات – سیستمی داسەپیوو ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان – ئاڕاستەی پێجەوانەی ئەوەی هەیە و دەبینرێت لەگەڵ ئەوەدا کە بەڕاستی هەیە و بەئاسانی نابینرێت.
“ئەم خوێندنەوەیە دەشێت لەزۆر شوێنیتری دونیادا کاربکات، بەتایبەتی لە خوێندنەوەی ژیانی ئەو گەنجانەدا کە ئازادانە لە شەقەی باڵ دەدەن و دوور دەفڕن، بەڵام لەناو ئەو سیستمە خنکێنەرەی باشووری کوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن” .
دەرەوە ئاوێنەیەک نییە بۆ ئەوەی لە ناوەوە ڕوو دەدات. هەرگیز لەناو ئەو سیستمە تۆتالیتار و فاشییانەدا، ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات نوێنەرایەتی ئایدیۆلۆژیا و فیکری باڵادەستی کۆمەڵگە ناکات “وەک ئەوەی مارکس بانگەشەی بۆ دەکرد”. دەشێ لەناو میدیا و ئەو جیهانە بەرچاوەدا کە زۆرتر درووستکراوو خۆپیشاندەرە، وا دەربکەوێت کە ڕاستییەکی باڵادەستە، بەڵام لەناو ژیانی واقیعیی تاکەکان و خێزانەکاندا ئەو ڕاستییە ڕوخسار پێدراوو ماکیاژکراوە کوورت دەهێنێت. ڕاستەقینەیی ژیانی مرۆڤەکان لەناو وردەکارییەکانی ژیانی خۆیاندا دەبێتە پێوەر بۆ فەلسەفەی ژیانکردنیان.
لەوێدا کە پاسدارێک، ژەندرمەیەک، ئەمنێک، کۆماندۆیەک، زێرەڤانێک دەوەستێت و فۆرمێک لە ژیانکردن دەسەپێنێت بەسەر ڕووکەشی ژیانی مرۆڤەکاندا، هەر لەوێدا خەونی ژیانێکی جیاواز، ئازاد، لەناوەوەی ژیانی مرۆڤەکاندا چەکەرە دەکات.
نامۆیی و بێگانەیی لەژیانی ڕۆژانەی ژێردەستەکاندا دەبێتە داینەمۆی ئەندێشەیەک بۆ درووستکردنی ژیانێکی باشتر.
نامۆبوونی مرۆڤ لە کۆمەڵگەیەک و لەسایەی سیستمێکدا کە ژنان دادەپۆشێت و لە مرۆڤەوە دەیانکاتە کاڵا، بەشێوەیەکی سیستماتیک گەیشتە ئەو ڕاچەنینەی ئەمڕۆ کە گرنگترین درووشمی مێژوو بەرز دەکاتەوە:
ژن…ژیان…ئازادی
3
پێشتر هەوڵماندا وێنەیەکی گشتی سەبارەت بە چەمکی نامۆبوون و بێگانەیی وە شوێنیان لەناو کۆمەڵگەکانی ئێراندا باس بکەین. لەم بەشەدا دەمانەوێت تیشکی قسەکردنەکانمان بخەینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک بەشێک لە ڕاپەڕینەکانی ئێران باسی بکەین. لەم بەشەدا فۆکەسەکەمان نزیکتر دەکەینەوە و هەوڵدەدەین نامۆبوونی کوردەکان وەک داگیرکراوێک لەو نامۆبوونە گشتییەی ئێرانییەکان جیا بکەینەوە.
لەم بارەیەوە، وەک سەرەتایەکیش بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پرسە، لە جیاوازی نامۆبوونی کۆڵۆنیانیاڵیست و کۆڵۆنیاڵیزەکراو (داگیرکەر و داگیرکراو) دەکۆڵینەوە. ڕاستە هەردوکیان (وەک هاووڵاتی) لەناو هەمان سیستەمی سەرکوتگەر و گەندەڵ و خۆسەپێندا ژیانێکی دوو ڕوو دەژین، ڕوویەکیان ئەو ژیانەیە کە سیستمەکە سەپاندوویەتی بەسەریاندا و ڕۆژانە بە ترس و تۆقاندن و کوشتن و زیندانیکردن ڕووبەری ئازادییەکانیان بچووکتر دەکاتەوە و زۆرتر دەیانخاتە ژێر ڕکێفی ئەو قامچییانەوە کە بەناوی مۆراڵ و پێودانگی کۆمەڵایەتی و دینییەوە کردوونییەتە یاسا، بەمەش مافی لێپێچینەوە و سزادانی کردۆتە پاساوێک بۆ سەرکوورتکردنی هەر جۆرە دەرکەوتنێکی ناتەبا. ڕووی دووەمیش، ئەو ژیانەی مرۆڤەکانی ناو ئەو چورچێوە جوگرافییە لەناوەوەی خۆیاندا هەڵیدەگرن و پەروەردەی دەکەن و گەشەی پێدەدەن، ژیانێک کە زۆرجار لەگەڵ تەواوی ئەو شێوە ژیانکردنە باڵادەستەدا ناکۆکە و هەناسە ڕاستەقینەکانی خۆی دوور لەچاوی سیخوڕ و جەللادەکان دەدات. ناچارە عەشق و جوانی و سۆز و ڕووناکی و ئارەزوو تەنانەت خوداش لە شوێنە تاریکەکان و لەناو ڕەفە و ماڵە داخراوەکاندا بشارێتەوە ( لە شیعری ” ڕوزگار غەریبی ست، نازنین”ی شاملۆوە) . بەڵام بۆ داگیرکراو، لەمەش دوورتر دەڕوات، جگە لە هەموو ئەوانە، ناچارە ناوو زمان و تەنانەت کەلتوور و شوناسی خۆشی بشارێتەوە، یان لە باشترین حاڵدا، بە تەماهی لەگەڵ کەلتوور و شوناس و زمان و ناوی داگیرکەردا خۆی پێناسە بکاتەوە و خۆی وەک پاشکۆی ئەو بناسێنێت و ددان بە ژێردەستەیی خۆیدا بنێت.
لەم ڕووەوە، ڕووبەرەکانی نامۆبوونی داگیرکراو زۆر لە ڕووبەرەکانی نامۆیی تاکەکانی تری ناو هەمان چوارچێوەی جوگرافی فراوانتر و بڕستلێبڕترە. ئەم وێنەیە لە هەموو شوێنە داگیرکراوەکانی تری سەر زەوەی هەمان ڕەنگ و هەمان کاریگەریی هەیە، بە هەندێک جیاوازییەوە کە پەیوەندی بە سیستمی بەڕەوەبردنی وڵاتەکەوە هەیە. بۆ نموونە داگیرکردنی ئەمەریکا و کەنەدا. لە کەنەدا یەکەم کارێک کە داگیرکەرە سپی پێستە ئەوروپاییەکان کردیان ئەوە بوو کە ڕەنگ و زمان و ئایینی خۆیان کردە ڕەنگ و زمان و ئایینی باڵا دەست. بەمەش، بەر لە خەڵکە ڕەسەنەکە (ئەوەی بە هیندییە سوورەکان ناسێنران و تا حەفتاکانیش هۆڵیوود بێشەرمانە هەمان تێرمی بەکار دەهێنا و ئەوانی وەک کێوی و “وەحشی” و دژە زانین و دژە مرۆڤ دەناساند) دەستیان بەسەر شێوەبیرکردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیتریشدا گرت کە وەک ئەوان، بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو تا ببنە خاوەنی زەوی خۆیان، ڕوویان لەم وڵاتە تازە دۆزراوە چۆڵە دەکرد. هەنگاوی دووەمیشیان بریتی بوو لە سڕینەوەی تەواوی شوناسی خەڵکە ڕەسەنەکە. هەر لە زمان و کولتوریانەوە تا باوەڕ و شێوە ژیانیان. بە هەموو شێوەیەک هەوڵی پاکتاوکردنیان درا، بەڵام ئەوان دوور لەچاوی سپییەکان ژیانی خۆیان دەژیان و وەچەیان دەخستەوە تا نەسڵەکەیان نەفەوتێت. بۆیە دوا چەکی کۆڵۆنیاڵیستەکان لە وڵاتێکی وەک کەنەدا ئەوە بوو کە منداڵەکانیان لێدەسەندن و دەیانخزاندنە خوێندنگە نیشتەجێ زۆرەملێکانەوە (residential school) تا بەتەواوی خڵتەی باوەڕ و زمان و کەلتوورەکەی خۆیانیان لێداماڵن (ئەم خوێندنگە نیشتەجێیانە لە ساڵی 1880وە دەستیان پێکرد و تا کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەردەوام بوون، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەناو گۆڕەپانی ئەو خوێندنگەیانەدا تەرمی زیندەبەچالکراوی سەدان منداڵیان دۆزییەوە) … دیارە هەر بەمەشەوە نەوەستان، لەو خوێندنگە نیشتەجێیانەدا کە کڵێسا دەیبردن بەڕێوە، هەموو جۆرەکانی زەبروزەنگیان لەسەر پیادە دەکردن، بە دەستدرێژی سێکسییشەوە. ئەمە دیوە قووڵەکەی نامۆبوونە. نامۆبوون بەرانبەر زمانی ئینگلیزی (فەرەنسی) کە هەرچەندە لەناویدا گەورەکران بەڵام هەرگیز نەبووە زمانی ئەوان، بەرانبەر بە وانە دینییەکان سەبارەت بۆ مۆراڵ و لێبوردەیی کەچی لەسەردەستی ئایینزادەکان ئەو هەموو زەبروزەنگ و دەستدرێژیانە کرایە سەریان.
بەم پێیە، نامۆبوون دەگاتە شوێنێک کە چیدی دیاردە نییە، یان شێوە ژیانێکی جیاواز نییە، بەڵکوو خودی نامۆیی دەبێتە ڕیاڵیتی، دەبێتە ڕەچەڵەک و ڕەگی خۆی لە قووڵایی مرۆڤدا دادەکوتێت، دەبێتە نامۆبوونێکی ئەنتۆلۆژی کە تەواوی ژیانی مرۆڤ داگیر دەکات.
4
لەم ڕووەوە ململانێی کوردانی ڕۆژهەڵاتیش وەک پارچەکانی تری کوردستان، بەرانبەر سڕینەوەی شوناس و کارەکتەر و بوونیان، لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە بە دڕندانترین شێوە وەڵامدراوەتەوە. جگە لە کوشتاری بەکۆمەڵ و زیندانیکردن و هەڵواسین و هەموو جۆرەکانی تری سەرکوت و ئازاردان و چەوساندنەوە، لەزۆر شوێن مافی قسەکردن و نووسینیشیان بە زمانی دایکیان لێ قەدەغەکراوە و لەسەری کوژراون و قەتڵوعام کراون.
گووللەبارانکردنی کوردانی کوردستانی ڕۆژهەڵات – بەپێی فەرمان و فتوای خومەیینی لە گەلاوێژی 1979
لەبەرانبەریشدا، کاتێک کوردەکان بۆ مافەکانی خۆیان هاتنە دەنگ، ساڵانێکی زۆر لەلایەن کۆمەڵێک بنەماڵەو تاقمی چەکدارەوە نوێنەرایەتی دەکران. ساڵانێکی زۆر کوردی داگیرکراو بە درووشمەکانی “یا کوردستان یا نەمان” بەرگری لە مانەوەی خۆی دەکرد، لەم پێناوەدا هەزاران شەهیدیدا، بەڵام ئەزموونەکان بە گشتی و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی باشوور ئەوەی یەکلاکردەوە کە لەژێر ئەم درووشمەدا کوردستان بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان و سەرکردە خۆوخاکفرۆشەکانە و نەمانیش بۆ قوربانییەکانە، دوژمنیش هاو خەبات و هاوبەرژەوەندی حیزبە بازرگانەکانە. (مەبەستم لە قوربانیی، جگە لە شەهیدەکان، هەموو ئەوانەشە کە هێشتا لەژیانێکی درۆیینەدا لەژێر سایەی بەرپرس و سەرکردە و سەرۆکە کوردە داگیرکەرەکاندا ژیان بەسەر دەبەن. مەبەستم لە ژیانێکی درۆیینە، پراکتیزەکردنی شێوازێکە لە “بوون” بەبێ بوونی مانایەکی ڕاستەقینەی ژیان، بەردەوامبوونێکی زۆرەملێیە لە جیهاندا، بەڵام بەبێ ژیانکردن) .
جگە لەمە، ساڵانێکیش درووشمەکانی “یەکسانی و ئازادی” بوونە داینەمۆی بەردەوامبوون و کۆڵنەدان و بەرگری، ئەمەش، لای هەندێک لە گرووپە چەپەکان، بە ڕزگارکردنی سەراپای جیهان لەدەست سەرمایەداری و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتیی دێتە دی. کەچی ئەزموونەکان و زۆر بەتایبەتیش ئەزموونی ئەو بزووتنەوانەی بەناوی چەپ و مارکسیزم و کۆمۆنیزمەوە لە پارچەکانی کوردستان خۆیان نمایشدەکرد، نەک خۆیان بە خوێندنەوەی چەمکەکانەوە هیلاک نەدەکرد، بەڵکوو هەرکەسێکیش بەو ئاڕاستەیەدا قسەی بکردایە ناتۆرەی “ڕۆشنفیکر” و “مەکتەبیی”یان دەخستە پاڵی.
دوای ئەوەی حیزبی شیوعی شانبەشانی پاشەکشەی سۆڤێتی جاران لە ناوچەکەدا ئەستێرەی خەباتی پووکایەوە، ئەو بزووتنەوانەش کە بەناوی مارکسی – لینینی و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە سەریان هەڵدا، نەیانتوانی شرۆڤەیەکی درووست بۆ بارودۆخی سیاسی ناوچەکە بکەن و ئایدیۆلۆژیاکەیان لەپەیوەند بە ململانێ ناوجەیی و جیهانییەکان پێشبخەن. تا کاتی ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی ڕۆژهەڵات بەشوەیەکی فەرمی (چونکە پێش ئەو بەروارەش دەمێک بوو لەناوەوە کرمێ ببوو) ، بزووتنەوە سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان شێلگیرانە داکۆکییان لە شکست و هەڵەکانی سۆڤێت و تەنانەت چینیش دەکرد، چونکە وەک پشتوپەنایەکی بەهێز بۆ خۆیان و بزووتنەوەکەیان دەبینی، بەڵام لە دوای ئەو بەروارە، بەشێکی زۆریان وازیان هێنا و چیدی خۆیانیان بە پرسەکانی شۆڕش و شۆڕشی پڕۆڵیتارییەوە خەریک نەکرد، ئەوانەشی کۆڵیان نەدا، بەشێکی زۆریان لەبەرانبەر ئەو پرسیارەدا کە بۆچی سۆڤێت شکستی هێنا، شەرمنانە وەڵامیان دەدایەوە، کۆمۆنیستە کرێکارییەکانیش یەکدەنگ، ئەو وەڵامەی مەنسووری حیکمەتیان کردە قەڵغانی ڕووبوڕووبوونەوەی ئەو پرسە، ئەوەی:
” لە کۆتایی دەیەی بیست بەدواوە کۆمۆنیزم لە بنەڕەتدا لە خەت لایداوە. لێرە بەدواوە خودی مەسەلەی سۆڤیەت لە تەنیشت مەسەلەی کاپیتاڵیزمەوە بە شێوەی گشتی، بووەتە گیروگرفتێکی میحوەری کۆمۆنیزمی ڕاستەقینەی کرێکاریی. سەرنەکەوتوویی تا ئێستای سۆشیالیزم وەک ئامانجێک بەرهەمی ئەو ڕاستییەیە کە ئەو تاکە بزووتنەوەیەی کە دەتوانێت ئەم ئامانجە بە ئەنجام بگەیەنێ بەهۆی بە میللی کردن و دەست بەسەردا گیرانی شۆڕشی کرێکارییەوە لە سۆڤیەت دووچاری لاوازی و لێک دابڕان هات. سۆشیالیزمی کرێکاریی تا ئەمڕۆ لەژێر باری تەجروبەی سۆڤیەتدا پشتی ڕاست نەکردۆتەوه”
سەرچاوە؛ مەنسوور حیکمەت، مارکسیزم و جیهانی ئەمڕۆ.
هەڵسوڕاوەکانی ئەو بزووتنەوەیە، وێڕای هەر تێبینییەک لەسەر ئەو زمانە نامۆ و شەقوشڕەی لەنێو کوردی و فارسی و عەرەبی و چەند زاراوەیەکی تێکشکاوی ئینگلیزی و لاتینیدا دەخولایەوە و تا ئێستاش پاکیان نەکردۆتەوە، بە جۆرێک، نەک زمانی نووسین و قسەکردنەکانیان لە واقیع نزیکنەدەکردەوە، بەڵکوو زۆر بە ئاسانی ئەندامەکانیان بەو زمانە دەناسرێنەوە کە پڕە لە هەڵەی وشەسازی و ڕێزمانیی، ئەمەش دابڕانێکی ئاشکرای درووستکردوو. لەوەش زیاتر، (جگە لەو ئەندامە سەرکردایەتییانەی وازیان هێناوە) بەدرێژایی 35 ساڵ زیاتری ئەو بزووتنەوەیە لەسەردەمی ڕێکخراوەکانەوە و نزیکەی 30 ساڵی درووستبوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراقەوە، تا ئێستا هەمان ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی هەیە و ئەو ناوانەی لەو سەردەمەدا هەبوون، تا ئێستا هەر ئەوانن. زۆری لەسەر نەڕۆین، زۆربەی هەرەزۆریان کەوتنە ناو داوەکەی نەوشیروانەوە و لە 17ی شوبات دا بەشێک بوون لە نەوشیروانی و ئیسلامییەکان، کەوتنە ناو یارییەکانی ڕیفڕاندۆمی بارزانییەوە، کەوتنە ناو یارییەکانی دیموکراتییەوە و لە هەڵبژارنەکانی شارەوانیدا بەشدارییان کرد.
تێپەڕیین بەناو ئەو ئەزموونانەدا، کە ئیسلامیزم و ناسیۆنالیزم و فاشیزم یارییان تێدا دەکرد و کۆمۆنیستێکی گۆشەگیری بێ ئاسۆ و داخراو بەسەر خۆیدا لە کەنارەکانیدا بوو، دەشێت ئاڕاستەی تێگەیشتنەکان لە پێویستیی و حەتمییەتی بوونی حیزبەوە بگۆڕێت بۆ پێداویستی خۆبەڕێوەبردنی سەربەخۆ لە کۆمەڵگەیەکی ناحیزبیدا کە هەموو سیستمەکە، لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە گەڕەک و شوێنی کارەوە تا نوێنەرایەتیکردنی سەراسەریی، بەشێوەی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی نوێنەرەکان، خۆی دامەزرێنێت.
ئەم خۆ ڕێکخستنەوە و خۆدرووستکردنەوەیەی کە لە ڕووکەشدا خۆبەخۆ و عەفەوی دەردەکەوێت، ئەنجامی چنینێکی جاڵجاڵۆکەیی ناو ماڵەکان و ئیرادەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە و کوردە داگیرکراوەکانە کە ساڵانێکە بەشەوەی جیاجیا خۆی دەردەخات و جاەبەجاریش گەشەکردووتر و پێگەیشتووتر دێتە پێشەوە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان جگە لەوەی چەندین نووسەر و هونەرمەندی داهێنەری پێشکەش بە هەر چوار پارچەکە کردووە، جاڵجاڵۆکە ئاسا تەزووی شۆڕشێک دەهۆنێتەوە، کە ڕۆژ بەڕۆژ ڕۆشناییەکانی زیاتر بەدیار دەکەون، ئەوەتا درووشمی ژن…ژیان…ئازادی جێگەی درووشمە لەکارکەوتووەکانی گرتەوە و بووە درووشمێک نەک سەراپای کوردستان و ئێران، بەڵکوو وردەوردە خەریکەهەموو جیهان دەتەنێت. [1]