ناونیشانی بابەت: خانەقین.. پردی ئەڵوەن بووەتە ناسنامەی شارەکە، کەی درووست کراوە و بۆ درووست کراوە؟
ئامادەکردنی: #دیاری ئەحمەد#
هەر کە ناوی خانەقین دەهێنرێت، خەڵک پردەکەی ئەڵوەنی دەکەوێتەوە بیر، کە وەک ناسنامەی شارەکەی لێهاتووە. مێژووناسێک زانیاری لەسەر ناوی #خانەقین# و درووستکردنی ئەو پردەوە دەخاتە ڕوو.
ئەمڕۆ شەممە 8ی 7ی 2023، سەربەست برزۆ، مێژووناس و دانیشتووی خانەقین، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند، لە دێرزەمانەوە خانەقین ڕێگای بازرگانیی نێوان #خۆراسان# و ناوچەکانی بەغدا بووە، خانەقین نزیکە لە سنوورەوە و هاتن لە وڵاتی ئێرانەوە لە خانەقینەوە نزیکترە بۆ ئەوەی بگەیتە بەغدا و ڕێگاکە مێژوویەکی کۆنی هەیە، کە هاتوچۆی لەسەر بووە، هەم بۆ بازرگانی و هەمیش بۆ زیارەتی زیارەتگاکان، کە خەڵکانێک لە ئێرانەوە هاتوون، بەڵام خەڵک زیاتر بۆ بازرگانی هاتووە، نزیکەی 600 ساڵ پێش ئێستا خانەقین لە شوێنی ئێستای شارەکە نەبووە، لە شوێنێکی دیکە بووە، کە لە دێرزەمانەوە ژیانی تێدا بووە، بەڵام ناوی خانەقین نەبووە.
وتیشی: ”ناوچەی عەلیئاوا، کە پێی دەڵێین ئاوی کاڵ، ناوچەیەکی بەپیتە بۆ بازرگانی و ناوچەکە تا دەگاتە ناوچەی حەلوان پێی دەڵێن ئاوی کاڵ، کە زیاتر ناوچەکە ناوچەی کشتوکاڵی بووە، بەڵام خانەقین وەکوو شار مێژووەکەی بۆ نزیکەی 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لەم شوێنەی خانەقینی ئێستا و چواردەوری ئەڵوەن، کۆمەڵێک خان لێرە هەبووە و ئەو خانانە وەکوو هۆتێلیش وا بوون، بۆ مانەوە و حەسانەوە بەکار هاتوون و هەمیش بۆ عەمبارکردنی شتومەک و خواردەمەنی و هێشتنەوە و ڕاگرتنی ئەسپ و وڵاخ بەکار هاتووە.“
ڕایشگەیاند، خانێک هەبووە خاوەنەکەی ناوی نەقی بووە، ئیتر خانی نەقی و خانی نەقی، کە خانێکی زۆر گەورە بووە و شوێنەکەی بەناوبانگ بووە، شاعیرەکانی ناوچەی سلێمانی و قەرەداغیش شتیان لەسەر نووسیوە و ئەم خانی نەقییە بووەتە خانەقین و ئەو خانی نەقییە کورد بووە و لە ناوچەکە تا دەگاتە بەرزاییەکانی حەمرین و تاکوو شاری شارەبانیش کورد بوونە و لە دوای سەردەمی عوسمانییەکان بەدواوە، عەرەب هاتوون و ئیتر وردەوردە خانەقین دەبێتە شار.
هاوکات ئەو مێژووناسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، لە زستانان کە کاتی خۆی بەنداو نەبووە، ئاوێکی زۆر هاتووە و دەیان جار لافاو لە خانەقین درووست بووە، کە خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئەو لافاوانەوە گیانیان لەدەست داوە و زۆر ماڵی تێکداوە، لافاو بووەتە بەربەست بۆ هاتوچۆی کاروانسەرا و خەڵک، بۆیە لە ساڵی 1860 دەست بە درووستیکردنی پردی ئەڵوەن کرا و لە ساڵی 1863 تەواو کراوە، پردەکە بووەتە ناسنامەی خانەقین و شادەماری شارەکە و دوای درستکردنی پردەکە، خانوو و ماڵ لە چواردەوری درووست کراون، خانەقین کاتی خۆی زۆر بچووک بووە، بریتی بووە لە تەنیا شەش بۆ حەوت گەڕەک.[1]