مێردم بەدری خۆ بی، نوینم چارۆگێ خۆ بی
لە ناوچەی خۆشناوەتیدا چەندین ئیدیۆمیان بەبن زاریدا هاتووە کە زۆر شیرین و پڕ گوزارشت و ئەزموونن وەکوو: (مێردم بەدری خۆ بی، نوینم چارۆگێ خۆ بی) ، لە #کۆیە# وتراوە: مێردم لاو بی، کراسم جاو بی ، ئەوە وتەی ئەو کیژانەیە کە بەر لەشووکردن و هەندێکیشیان دوای مێردکردنیان وتوویانە، کوڕەتیم حەیران ئەگەر بەدڵی کیژەکە بێت ئەوا نوین: دۆشەک و سەرین و بالیف و لێفە دەگرێتەوە، چارۆگە: پارچە پەڕۆیەکی ڕەشی گەورەی چوارگۆشەیە ژنان و کچان لە کوردەواریدا لەسەر جلوبەرگەوە دەیانپۆشی، کوورت و کرمانجی ئەو کیژەی مێردی بەدڵی خۆی بکردایە هیچی ناویست و بەجلوبەرگی خۆیەوە ڕازی بوو شووی پێ بکات، ئەوە وەکوو تەنز و گاڵتە و گەپی کیژوکاڵان لەخۆشناوەتیدا وتراوە: مێردم بەدری خۆ بی، نوینم چارۆگێ خۆ بی.[1]