دەستدرێژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین
بەداخێکی گرانەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 28-09-2022 ، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە، لە ڕێی فڕۆکە و تۆپخانەی دوور هاوێژەوە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە ژمارەیەک ژن و منداڵ و خەڵکی لاشەڕ گیانیان سپارد و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، لەم پێوەندەدا ئێمە وەک چەند لایەنێکی سیاسی کوردستان زۆر بەتووندی ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕیسوا و شەرمەزار دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی جیهانیان دەکەین کە ئەو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕیسوا بکەن و لە ڕێی ڕایەڵەکانی دیبلۆماسییەوە باڵوێزەکانی ئێران بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان بکەن، پەیامی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگەیەنن و ئەو تاوانانە ڕیسوا و شەرمەزار بکەن.
ئێمە لەکاتێکدا داخباری خۆمان بۆ لە دەستچوونی جانگۆرییان ڕادەگەیەنین و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەکانیان دەردەبڕین، لە هەمان کاتدا سڵاو بۆ گیانی جانگۆرییانی ئەو بۆردومانانە دەنێرین و هیوای چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
دەستدرێژی و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران نەک هەر بە تەنیا پێشهاتێکی ترسناک و پێشێلکردنێکی سەروەری هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێراقە، بەڵکوو لەژێرپێنانی یاساکانی نێودەوڵەتیشە، بۆیە دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەدەنگ بێ و ڕێ لە کوشتنی خەڵکی سڤیل و لاشەڕی کوردستان بگرێ.
ڕاستییەکەی ماوەی دە ڕۆژ زیاترە کە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاو ئێش و ئازارەکانی خۆیان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، ڕێپێوان و خۆپێشاندان بەڕێوە دەبەن و درووشمی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێنەوە، لەو پێوەندەدا دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی بیر لە چارەسەری گشتی بکەنەوە و بە پیر داخوازییەکانی خەڵکی وڵاتەکەیانەوە بچن، کەچی پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، ژن و منداڵ و خەڵکی ئاوارە، بە پاساوی ئۆپۆزیسیۆنبوون شەلاری خوێن دەکەن و دەست لە تەڕ و وشک ناپارێزن. ئەو دەستدرێژی و پەلاماردانانە تاوانی ڕەشەکوژین، دەبێ لەلایەن کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە و تێکڕای وڵاتانی جیهان لە قاو بدرێن.
گیانی جانگۆرییان شاد بێ.
نەفرەت و ڕووڕەشی بۆ مرۆڤکوژان.
1- حزبی ڕزگاریی کوردستان
2- #پارتی سەربەستی کوردستان#
3- #پارتی سەربەخۆیی کورستان#
4- #بزووتنەوەی نوێبوونی کوردستان#
5- کڵپەی نیشتمانیی کوردستان
6- #پارتی ناوەندی کوردستان#
7- ڕێکخراوی پێشەنگی گەلی کوردستان
#28-09-2022#
[1]