ناونیشان: شاری وەزیران بێ وەزیرە ئەمڕۆ
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #18-07-2023#
چەند ڕۆژێکە دانیشتووانی قەزای #کفری# بە جوانترین شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەم گەرمای تەممووزەی #گەرمیان# لەناو ژمارەیەک خێوەت شەو و ڕۆژ دەکەنەوە و سەرەتای شۆڕشێکی سپییان دەستپێکردووە. ئەوەی لە میدیاکانەوە گوێبیستی داخوازییەکانیان دەبین، بەدەر لە پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، دەربڕینی خەمێکی قووڵی نیشتمانییانەیە بۆ مەترسیی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیان.
گەنجانێکی ژیر و هۆشیار، بەئاگاییەکی زۆرەوە ئەو مەترسییانە دەخەنەڕوو کە بەهۆی فەرامۆشکردنی شارەکەیانەوە دەبێتە هۆکار بۆ بەعەرەبکردنێکی بەرفراوان. هەرچەندە ئەوەی ئێستا لە کفری وەک کێشە دەبیندرێت، ئەسڵی کێشەکان نییە، بەڵکوو کەڵەکەبووی ئەو کێشە و گیروگرفت و پشتگوێخستنانەی ساڵانێکی لەوەوپێشە، ئەوەی ئەمڕۆ دەبیندرێت، دەرئەنجامەکەیەتی.
ئەو فەرامۆشکردنە هەمەلایەنەی کفری لە چەند دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتدارێتیی خۆماڵیدا، گومانی ئەوە درووست دەکات مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوە بێت، چونکە هیچ لۆژیکێک ئەوە ناسەلمێنێ شارێک بەدرێژایی سەردەمانێکی زۆر ناوەندی سیاسی و ئیداریی ناوچەی گەرمیان بووبێت، خاوەن ژێرخان و سەرخانێکی ئابووری دیار و بەرچاو، خاوەنی چەندین کارگە و کارخانە، ڕێڕەوی بازرگانی و تەنانەت وەک بووە بە ناسنامەکەی شاری وەزیران بووبێت، لە ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراودا ئەو شارە ببێتە وێرانە و خەڵکەکەی بۆ ژیان، ناچاربن زێدی باو و باپیرانیان چۆڵ بکەن.
دانیشتووانی کفری ئەوانەی لەناو خۆپێشاندانەکانەوە بە نوێنەرایەتیی شارەکە قسە بۆ میدیاکان دەکەن، بە ئەخلاقێکی بەرزەوە بە ئامار و داتای سەلمێنراو باس لەو جیاکارییانە دەکەن کە دەسەڵاتی ئیداریی و سیاسیی ناوچەکە لەنێوان قەزاکانی گەرمیاندا دەیکات. ئەوەی لەوانەوە گوێبیستی دەبین جێی سەرسووڕمانە، مایەی تێڕامان و پرسیاریشە، ئەگەر ئامانجی سیاسی نەبێت، کێ ئەوە بە ڕەوا و لۆژیک دەبینێت لەو دەشتی گەرمەسێرە و لەو جوگرافیا فراوانە تەنیا دوو قەزا لەژێر حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان مابنەوە، بەڵام بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو شارەدا بکرێت لە یەکێکیاندا دوو زانکۆی تیا درووست بکەیت و قەزاکەی تەنیشتی باخچەیەکی ساوایانی باش و قوتابخانەیەکی سەرەتایی نموونەیی پێ ڕەوا نەبینێت.
=KTML_Bold=هەر بەڕاستی جێگەی سەرسووڕمانە=KTML_End=
لە گەرمیان ناوەندی دوو قەزا لەژێر حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندایە، #کەلار# و کفری، ناکرێت یەکیان بکەیت بە ناوەندێک بۆ ڕاکێشانی سەرمایە و هەلی کار و دەرفەتی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بە ئەندازەیەک بێت، پێوەرە باوەکانی گەشەی دانیشتووان و شار ببەزێنێت، ئەوی دیکەشیان بە ئەندازەیەک پشتگوێ بخرێت وەکوو خۆیان دەیڵێن بۆ دابینکردنی قوتی ڕۆژانە، سەرهەڵگرتن و جێهێشتنی شارەکە بووبێتە دیاردەی ڕۆژانە.
بەپێی ئەو ئامار و داتایانەی بڵاودەکرێنەوە، هەزاران کەس لە خەڵکی ڕەسەنی کفری شارەکەیان جێهێشتووە و ناچار بوون ڕوو بکەنە شوێنی دیکە بۆ ژیان، ئەمە تەنیا لێکەوتەی خراپی ئەو جیاکاری و نادادپەروەرییە نییە، مەترسییە گەورەکە ئەو دیوەی دیکەی لێکەوتەی فەرامۆشکردنەکەیە، کە بەئەندازەی ژمارەی ئەو ماڵ و خێزانە کوردانەی شارەکە جێدەهێڵن، عەرەب دێتە شوێنیان.
وەک باس دەکرێت ئێستا زیاتر لە هەزار ماڵی عەرەب لە ناو کفری دەژین، کە ئەمە بەدرێژایی تەمەن و مێژوویی بەعەرەبکردن وێنەی نەبووە.
هەرچەندە بەهۆی دەوڵەمەندیی ناوچەکە، هەڵکەوتەی جوگرافیاکەی، بایەخی کفری وەکوو ناوەندێک کە ڕۆڵی گەورەی بەسەر #کەرکووک# و ناوچەکانی دیکەشەوە هەبووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردنەوە، دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق هەوڵیان داوە دیموگرافیای ئەم ناوەندە گرنگەی گەرمەسێر بگۆڕن، عەرەبێکی زۆریان هێناوەتە ناوچەکە، لە ڕووی ئیدارییەوە کفرییان لە کەرکووک جیاکردەوە و خستبوویانە سەر ناوەندی پارێزگای دیالە، بەڵام هیچکات نەیانتوانی زەمینەی ئەوە خۆش بکەن ئەو لێشاوی عەرەبەی هێنابوویانە گەرمەسێر، ڕووبکەنە ناو کفری. خەڵکە ڕەسەنەکەی کفری بەخۆڕاگرییان توانییان بەرگری لەو وێنایە بکەن کە کفری نموونەی شاری پێکەوەژیانی کورد و تورکمانە، نەیانهێشت بەعەرەبکردن ئەم ناسنامەیە بسڕێتەوە، بەڵام ئێستا بەرەنجامی ئەو جیاکاری و فەرامۆشکردنەی ئیدارەی کوردی، دەرگەی بۆ هاتنی عەرەب کردووەتەوە بۆ ناو ناوەندی شارەکە و وابەعەرەبکردن دەکرێت.
لەلایەک بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو لە ناوچە عەرەبنشینەکانی ناوچەکانی خوار و نێوەڕاستی ئێراق، چاوەڕوانکراوە لە ساڵانی داهاتوودا لێشاوی هاتنی عەرەب بەرەو ناو هەرێمی کوردستان زیاتربێت، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ عەرەب، مەترسیی ئەوەیان دەکەوێتەسەر ڕووبەڕووی بەعەرەبکردنێکی نوێ ببنەوە کە کفری یەکێک لە گرنگترینی ئەو ناوچە هاوسنوورانەی عەرەبە، هەروەها لەلایەکی دیکەشەوە ئەو سیاسەتە هەرێمایەتییەی لە ئێراق پەیڕەو دەکرێت هۆکارێکی دیکەی
ئەو گومانەیە کە فەرامۆشکردن و پشتگوێخستنی کفری بە مەبەست بێت، چونکە جوگرافیای کفری دەکەوێتە بەر ئەو هێڵەی هیلالی شیعی لە ئێرانەوە دەگەیێنێتە دەشتی نەینەوا و #شنگال# بۆ شام.
دەبێت ئەوانەی دەربەستی داهاتووی ئەم نیشتمانەن، بێنە دەنگ، نابێت ڕێگەبدرێت کوردەکانی ئەو شارە کە چۆکیان بۆ سەختترین قۆناخی بەعەرەبکردنی سەردەمی سەدام دانەدا، ئێستا نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، نەبوونی سەرچاوەی بژێویی ژیان، ناچاریان بکات خۆیان ڕەو بکەن.
پێویستە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەستە بکات لە ئاستی ئەم مەترسییە و کۆمەڵێ هەنگاوی کرداری و بڕیاری خێرا بدات بۆ ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی لەسەر کفری درووستبوون.
پێش هەر شت، دەبێ بڕیار بدات زانکۆی دووەمی گەرمیان کە مانگی ڕابردوو بڕیاری دامەزراندنی دراوە، ببرێتە کفری، یاخود چەند کۆلێژێکی هەردوو زانکۆکە لە کەلارەوە بگوێزرێنەوە بۆ شاری کفری و دەبێت حکومەت بودجە بۆ درووستکردنی باڵەخانە و بینای خوێندن و شوێنی مانەوەی خوێندکاران تەرخان بکات.
بۆ ڕەخساندنی هەلی کار و دەستەبەربوونی سەرچاوەی بژێویی، دەبێت تایبەتمەندیی ئەو دۆخەی کفری لەبەرچاو بگیرێت و بڕیار لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری خێرا بدرێت. دەستبکرێت بە ئاوەدانکردنەوەی، درووستکردنی خوێندنگە و بنکەی تەندرووستی و یەکەی نیشتەجێبوون. چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان، بڕیاردان لەسەر دامەزراندنی ژمارەیەک لە دەرچووانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەکان.
ڕەنگە گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی و هاتوچۆی نێوان بەغدا کەلار، بۆ ئەوەی بە کفری و دوزدا تێپەڕێت نەک ناوچەکانی دیکەی دیالە، یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار و جووڵەی بازاڕ.
وەک دۆخێکی تایبەت و بەڕەچاوکردنی پێویستیی شارەکە، ئاسانکاری بۆ چەند سەرمایەدار و کۆمپانیایەک بکرێت بێ بەرانبەر زەوییان بۆ تەرخانبکرێت تاوەکوو پڕۆژەی وەبەرهێنان ببەنە کفری. هەروەها خاوەن کارگەکانی پیشەسازی هانبدرێن بەهۆی هەرزانیی دەستی کار و ئەو ڕەخساندنانەی حکومەت بۆیان دەکات، چەند کارگەیەک لەو ناوچەیە درووستبکرێت.
ئێستا هەرجارە و هەواڵی درووستکردنی فەوج و هێزی تایبەت دەبیستین لەلایەن حکومەت و هەردوو حیزبەکەی دەسەڵاتەوە درووستدەکرێت، هیچ نەبێ هەوڵبدرێت هێزێکی تایبەت لە گەنجانی بێکاری کفری درووستبکرێت تا لەلایەک کەڵک لە توانا و خەسڵەتی ئازایەتیی گەنجانی گەرمیان وەربگیرێت، لەلایەکی دیکەشەوە ببێتە سەرچاوەی بژێویی بۆ خێزانەکانیان.
نابێت ئەم هاوارەی خەڵکی کفری گوێی لێنەگیرێت، یاخود تەنیا بە هەندێ کاری ڕوکەش و بەڵێنی بێ کردار، ساردبکرێنەوە. پێویستە وەک پرسێکی ستراتیژی پەیوەست بە ئاساییشی نەتەوەیی و نیشتمانی لەم بابەتە بڕوانرێت، چونکە کێشەکە تەنیا پرسی خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی هەلی کار و سەرچاوەی بژێویی نییە، بەڵکوو ڕەهەندی دیکەی هەیە، پرسی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانە، دەبێت لە هەستکردن بەو بەرپرسیارییەتییەوە ئاوڕ لە کفری بدرێتەوە. [1]