ناونیشان: کاردانەوەکانی 'بەرگری لە قورئان' لە شەقامی شیعیدا
نووسەر: #یاسین تەها محەمەد#
ڕۆژی دەرچوون: #26-07-2023#
سووتاندنی چاپێکی قورئان لەلایەن پەنابەرێکی ئێراقییەوە کاردانەوەی جۆراوجۆریی لە پاکستانەوە تا ڕۆژاوای عەرەبی و جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام لە ئێراق و لەسەر ئاستە شیعییەکەیشی بەتایبەتی، وەڵام و کاردانەوە تووندەکان خوێندنەوەی دیکە هەڵدەگرن.
هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سرووشت و جۆرەکەیان کە هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانە و درووستکردنی کێشەی پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکانە بەپێی ڕێککەوتنی ڤیەننا. هەروەها، تێکەڵبوونی ئەو کاردانەوانەیە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی هەندێ کێشەی پێشتری نێوخۆی ماڵی شیعە کە زەقترینیان هەرای ئەم دواییەی نێوان سەدرییەکان و حیزبی دەعوەی ئیسلامییە بە سەرۆکایەتیی مالیکی لەبارەی بە ئامانجگرتنی ئایەتوڵڵا محەمەد سەدر کە مەرجەعی کۆچکردووی سەدرییەکان و بزووتنەوەی عەسایب و باوکی ڕۆحیی زۆر بزاڤ و کەسایەتی شیعەی سیاسییە.
لە کاردانەوە شیعییەکاندا لەسەر ڕووداوەکەی سوید، موقتەدا سەدر لە هەمووی زیاتر پێداگر و تووند بوو کاتێک هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر حکومەت هەڵوێستی نەبێت، ئەوا بەڕێگەی تایبەتیی خۆی کاردانەوەی دەبێت، بەدوای ئەمەشدا هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە (20ی تەممووزی 2023) لەلایەن سەدرییەکانەوە قەیرانێکی دیکەی بۆ دیپلۆماسیی ئێراق درووستکرد. لە کاتێکدا لە ئێران و سعودیە کە دوو جەمسەری ئیسلامی گەورەی ناوچەکەن کاردانەوەکان زیاتر ناڕەزایی فەرمی بوون و بەڕێگەی دیپلۆماسی کران؛ لە سعودیە ڕاگەیێندراوێکی سەرکۆنەی وەزارەتی دەرەوە دەرچووە، لە ئێرانیش بەهەمانشێوە کرا و هەردوو وڵاتیش، باڵیۆزی سویدیان بانگهێشتکردووە بۆ گەیاندنی ناڕەزایی.
لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ئیسلامی و عەرەبیش لە چەشنی ئێراق دۆخەکە بەرەو تێکدانی پەیوەندییەکان نەچووە. بەشێک لە هۆکاری ئەمەش جگە لە تەنگ پێهەڵچنینی سەدر و لایەنگرەکانی، ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە سووتێنەری چاپە قورئانەکە (سەلوان مۆمیکا) بە بنەچە ئێراقییە و لەگەڵ ئەوەشدا سووکایەتی بە ئاڵای ئێراق و وێنەی موقتەدا سەدریش کردووە.
پاش ئەوەی سوید باڵیۆزی خۆی لە بەغدا کشاندەوە و ئێراقیش بە هەمانشێوە باڵیۆزەکەی لە ستۆکهۆڵم کشاندەوە و قەیرانەکە لەخاڵێکدا وەستا، سەدر ڕکابەرەکانی تۆمەتبارکرد کە بێدەنگ بوون و هەرچی ئەم بتوانێت بیکات لە شۆڕشی قورئان کردوویەتی. ئەمە لەکاتێکدایە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانی ناڕەزاییان بۆ هەمان مەبەست هەبووە و پشتیووانی هەنگاوەکانی سوودانییان کردووە دژی سوید، بەڵام ئەوان لە دەسەڵاتدان و ئەرک و پابەندییان لەسەرە و ناتوانن وەک سەدر هێندە تووند بڕۆن بەرانبەر سوید و وڵاتانی ڕۆژاوا.
ئەمەش یەکێکە لەو گۆشانەی کە سەدر قۆستییەوە بۆ شکاندنی بێدەنگی لەلایەک و تەنگەتاوکردنی ڕکابەرە شیعە حوکمڕانەکانی لەلایەکی دیکە. بەوەش ناچاریکردن کە بەدوای کاردانەوەکانی ئەو بکەون.
ناکرێت گومان لە ڕاستگۆیی سەدر بکرێت بۆ بەرگری لە قورئان یان ئاڵای ئێراق، یەکەمیان چونکە پیرۆزییەکی گەورە و نەگۆڕی ئیسلامییە و ئەویش کەسایەتییەکی ئایینییە، دووەمیشیان سیمبولی نیشتمانپەروەری ئێراقیانەیە کە درووشمێکی سەدرە، بەڵام بەراورد بە هەڵوێستەکانی ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە و ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی، کاردانەوەکانی سەدر زۆر تووندترن؛ سیستانی لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس وێڕای سەرکۆنەی ڕووداوەکەی سوید داوا دەکات کە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی بگیرێت و ئەو یاسایانە بگۆڕدرێن کە ڕێگە بە سووتاندنی قورئان و تێکدانی پێکەوەژیان دەدات، ئایەتوڵڵا خامنەییش وێڕای سەرکۆنەکردن، داوای ڕادەستکردنی ئەنجامدەرانی سووتاندنی قورئانی بە وڵاتانی ئیسلامی کردووە.
لەسەر ئاستی شیعی تەنیا سەدر و حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان ڕووداوەکەی سویدیان قۆستەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی ڕۆژاوا و هێرشکردنە سەر بەها نوێکانی ئەوان و داوایان کرد باڵیۆزی سوید لە وڵاتانی ئیسلامی دەربکرێت؛ لەکاتێکدا لەسەر ئاستی سوننی هەڵوێستی تووند سەر ڕووداوەکە نەبوو. بەتایبەت ساڵانێکە بۆچوونێک لەناو ڕەوەندی موسڵمان لە ئەوروپا خەریکە دەردەکەوێت کە داوا دەکات بەڕێی پشتگوێخستن و فەرامۆشکردن، سیحری ئەو کەسانە بەتاڵ بکەنەوە کە لە ڕێی هێرشکردنە سەر پیرۆزییە ئایینییەکان بەدوای خۆدەرخستن و ناوبانگەوەن.
بەگەڕانەوە بۆ ئێراقیش، باوەڕێک درووستبووە کە سەدر مەسەلەی قورئان بکاتە دەستپێکی گەڕانەوەی بۆ ناو ژیانی سیاسی پاش ئەوەی لەنێوەڕاستی حوزەیرانی 2022دا لە ڕۆژگارێکی توڕەییدا بڕیاری کشاندنەوەی 73 پەڕڵەمانتارەکەی دا و چەند مانگێکی زۆر لە نەجەف ڕۆژووی بێدەنگی هەڵبژارد. ئەگەر ئەم خوێندنەوە و ئاماژانەش وەها دەربچن، ئەوا هەڵبژاردنێکی گەرم و پڕ لە ڕکابەریی پارێزگاکان لە کۆتایی ئەمساڵدا چاوەڕێی ئێراق دەکات و هەندێ ئاماژە و لێکدانەوەش پێیانوایە دەبێتەهۆی دواخستنی پڕۆسەکە چونکە سەدرییەکان و سەرۆکوەزیرانیش، بۆ بەشداریکردن کات و ئامادەکارییان پێویستە.
ئێستا کە سەدر گۆشەگیرە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی سەرقاڵی چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتی خۆیانن، سەدرییەکانیش لەسەر ئاستی جەماوەر و کادر لە دۆخی خۆ خواردنەوە و چاوەڕوانیدان.
هەروەها جارێکی دیکە ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە دەشێت دوورکەوتنەوە لە دەسەڵات و پڕۆسەی سیاسی ببێتە هۆیەک بۆ لاوازکردنیان. بۆ کۆتایی هێنان بەمەش تەنیاوتەنیا ڕێبەری ڕەوتەکە کە موقتەدا سەدرە، دەتوانێت وەها بڕیارێک بدات و دەرکەوتنەوەی بەهێزیشی لە پەرچەکردارەکانی قورئان و لە بەرگریکردنی لە میراتی باوکی و پێگە ئایینییەکەی ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە.
لەلایەک ئەمە سەرەتا و دەستپێکی گەڕانەوەیە بۆ چالاکی و جموجوڵ و لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێکە لە پلانی ماندووکردن و تەنگەتاوکردنی بەرانبەرە ڕکابەرەکانی کە پابەندی دەسەڵاتن کە ناتوانن وەک سەدر بەرانبەر سوید و دانیمارک و ڕاگەیێندراوەکانی ئەمریکا وتاری ئاگرین و شۆڕشگێڕانەیان هەبێت، لەکاتێکدا هەردوولا لە ڕکابەرییەکەی توونددان لەسەر ئەوەی کە کامیان موقاوەمەی ڕاستەقینەی شیعەن. [1]