ناونیشانی بابەت: خوێندنەوەیەک بۆ ڕۆمانی بەفر
ئامادەکردن و نووسین: ئومێد عوسمان
هەر لە مێژەوە گریکەکان پێیان وابووە، وەسیلە (medium) دەکرێت لەخۆیدا پەیام (message) بێت. لەم سۆنگەیەشەوە دەکرێت نووسین ئەو پەیامەبێت کە ئاڕاستەی خوێنەر دەکرێت، جا خوێنەری وریاو وەرگر (المتلقی) ی باش ئەو کەسەیە، کە ئەو پەیامە لەنێو دەستەواژه و پەیڤەکاندا دەدۆزێتەوە. دیارە ڕۆمانیش یەکێکە له و ژانرە ئەدەبیانەی، کە تیایدا نووسەر دەتوانێت بەشێوەیەکی بەربڵاو پەیامی خۆی بگەیەنێت. جا هەر خوێنەرێکیش ئازادە لەوەی کە چۆن له و پەیامە دەگات.
ڕۆمانی بەفریش یەکێکە له و شاکارە ناوازانەی نووسەری تورک (ئۆرهان پامۆک) کە لە خۆیدا هەڵگری چەندین پەیامی مرۆیی و ڕەهەندی جۆربەجۆرە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەم ڕۆمانە بە زمانێکی جوان و پڕ لە چێژ کراوەتە کوردی. ڕۆماننووسی بەفر، توانیویەتی کۆی ڕووداو و بەسەرهاتەکان لە (44) بەشدا کۆبکاتەوه و لە ماوەی (3) ڕۆژدا بەرهەمێکی ئەدەبی ئەفرێنراو بخوڵقێنێت، هەڵبەت کە من دەڵێم (3) ڕۆژ، مەبەستم زەمەنی نێو ڕۆمانەکەیە کەتیایدا زۆربەی ڕووداوەکان له و ماوەیەدا لە شاری (قارس) ڕوویانداوە.
بەفر: یەکێکە له و ڕەگەزە بەرچاوانەی کە بەدرێژایی ڕۆمانەکه و لەگەڵ زۆربەی بەسەرهاتەکاندا ئامادەیی هەیە. بەفر وەک لەنێو ڕۆمانەکەدا هاتووە، شێوەی بەستووی ئاوە، کاتێک لەهەوادا دەکەوێتە خوارەوە. بەشێوەیەکی گشتی لەشێوەی کریستاڵێکی ئەستێرەیی جواندایە کە لە شەش گۆشە پێکدێ.
شوێن: شاری قارس باکووری کوردستان و فرانکفۆرتە. زۆربەی ڕووداوەکان لە شاری قارس ڕوو دەدەن و گرنگترین ڕووداویش کە لە فرانکفۆرت ڕوودەدات، کۆتایی هاتنی ژیانی (کا) ی پاڵەوانی ڕۆمانەکه و هەروەها ونبوونی دەفتەرە سەوزەکەیەتی کە (19) شیعری ناسک و جوانی لەخۆگرتووە. قارس ئەو پێگە جوگرافیەیە کە دوورە دەسته و کەشوهەوایەکی ساردو نالەباری هەیە لەزستاندا، بەڵام هەر لەم شارەداو لە سەردەمی عوسمانییەکاندا شوێنی نیشتەجێبوونی میللەت و نەتەوەی جۆربەجۆر بووە، بۆ نموونە ئەرمەنییەکان کە هەندێک لەکڵێسا بنیادنراوەکانی هەزارساڵ لەمەوبەریان هێشتا بەوپەڕی شکۆوە بەرەو ئاسمان هەڵکشاون، عەجەمەکانی پەڕیوه و هەڵهاتوو لەدەستی مەغۆلەکان و سوپای ئێران، ڕۆمەکانی پاشماوەی دەوڵەتگەلی بیزانز، پۆنتۆس، گورج، کورد، چەرکەز. نووسەر لێرەدا وەک شارەزایەکی نێو مێژوو دەڵێت ئەم وڵاتە موڵکی هەمووان بووە بێجیاوازی، بەڵام دواتر بەهۆی قەتلوعامی ئەرمەن و کودەتای سەربازی و گۆڕانکارییە سیاسییەکان، ئەم پێکهاتەیەی شارەکە تێکچووە.
(کا) پاڵەوانی ڕۆمانەکە: (کا) کوورتکراوەی کەریمە، ئەم کەسایەتییە هەر لە قوتابخانەوە دەستی دابووە کەللە ڕەقی لە نووسینەوەی ناوەکەیدا. ئەو هەمیشە لەسەر کاغەزی تاقیکردنەوه و ئەرکەکانی ماڵەوە (کا) ی دەنووسی. لە زانکۆش هەموو جارێک لەم هەڵایەدا ئەوەی لەبەر چاودەگرت، کە لەگەڵ مامۆستاکان و فەرمانبەرانی دەوڵەتدا تووشی دەماقاڵە دەبێت.
(کا) سەرباری ئەوەی کەسێکی یاخی و چەپڕەوە، لە هەمان کاتیشدا شاعیرێکی هەستناسک و ئاشق بووە، بەڵام گشت کارێک دەکات بۆ گەیشتن بە کامەرانی و ئاسوودەیی، کە ئەمەش جۆرێکە لەئەنانییەت.. حەکایەتخوانی ڕووداوەکان کە خودی نووسەره و هاوڕێیەکی (کا) یە لە چەند بەش و دیمەنێکی ڕۆمانەکەدا بۆ خۆی دەبێتە شەخسیەتێکی لاوەکی.
(کا) ، کەسایەتییەکی یاخییە، شاعیرە، چەپڕەوە، ئەنانییە، ئاشقە، بەڵام ئەفسوس لە گەڕانەوەی بۆ ئەڵمانیا لە فرانکفۆرت، غافڵکوژ دەکرێت، کە ئەمەش خوێنەر تووشی شۆک دەکات، بەڵام هەرزوو ڕۆمانووس، پاڵەوانەکەمان دەگەڕێنێتەوە بۆ شاری قارس تا درێژە بە ڕۆڵەکەی بدات. (کا) لەبناغەدا بەئامانجی لێکۆڵینەوە لەهەڵبژاردنەکانی شارەوانی و دیاردەی خۆکوشتنی ژنان وەک ڕۆژنامەنووسێک ڕووی لە شاری قارس کردووە، بەڵام لەوێ دەبێتە ئاشقی (ئیپەک) و پاشان له و کەسایەتییە چەپەوە ڕوو لەتەکیەی شێخ دەکات و دەستی مامە شێخ ماچدەکات.
نووسەر پێمان دەڵێت تا دوێنێ خەڵکانێک خۆیان بەچەپ دەزانی، کەچی ئێستا دەچنە تەکیه و کەسایەتییەکی وەک موختاریش کە هاوڕێی (کا ) بووە لە ڕێکخستنی حیزبێکی چەپدا، ئێستا بووەتە شەریعەتخوازو خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی پاڵاوتووە. بەکوورتی نووسەر لەسەر ئەم ڕەگەزانە کاریکردووە (کورد، ئەرمەن، چەپگەرایی، ئیسلامیی سیاسی، کەمالیزم، #پەکەکە#، کلتوور، شوێنەوار، خۆرهەڵات و خۆراوا، ترس، ئاسوودەیی، سرووشت، سەفەر، یاخیبوون، ڕۆژنامەوانی، سیخوڕیکردن، شانۆو تەوزیفکردنی لەپێناو کەمالیزمدا) . نووسەر پێمان دەبێژێت کورد، نەتەوەیەکی خاوەن کلتوورو تایبەتمەندی خۆیەتی، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە فەرامۆش کراون، مافەکانیان پێشێل دەکرێت و ئەمانیش بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانەیان (پەکەکە) یان بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەم ڕێکخراوەش پەنا بۆ توندو تیژی دەبات، دیارە ئەمەش کاردانەوەی بێمافیی کورد و توندوتیژی دەوڵەتە. پامۆک لەم ڕۆمانەدا ڕەخنە لە زۆر چەمک و دیاردەی نێو کۆمەڵگە دەگرێت و ئیسلامی سیاسیش یەکێکە له و دیاردانەی نێو کۆمەڵگە کە کەوتووەتە بەر ڕەخنەی نووسەر، چونکە گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی له و وڵاتەدا ئافرەتان ناچار دەکەن سەرپۆش بپۆشن و ئەمەش وادەکات لە خوێندن بێبەش بن و دواجاریش خۆیان بکوژن. دیسان ڕەخنە لەدەسەڵات دەگرێت کە ئیدیعای دیموکراسیبوون دەکات، بەڵام تەنیا باوەڕی بەیەک کلتوورو یەک دونیابینی هەیە، کە ئەویش هەڵقوڵاوی نێو فیکری کەمالیزمە. نووسەر ڕەخنە لەچەپەکانی وڵاتەکەی دەگرێت کە دوای کارکردنیان لەگەڵ ڕێکخراوە چەپەکان خۆیان دەخزێننە نێو گرووپە ئیسلامییەکانەوە. شینە یەکێکە له و ئیسلامیانەی وەک واعیزێک قسەدەکات، کەچی لەژێرەوە پەیوەندی دڵداری لەگەڵ جووتە خوشک (ئیپەک و قەدیفە) هەبووە. ماوەتەوە بڵێم کە نووسەر گرنگی بەتایتڵی هەر بەشێکی نێو ڕۆمانەکە داوه و ئەم ناونیشانانە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن (کپی بەفر، ئەگەر خودا هەبوونی نەبێ ئەدی واتای ئەو هەموو ئازارە چییە کە هەژاران دەیچێژن، نیشتمان یان سەرپۆش....) .
دیارە ناونیشانی دەقەکان بۆ خوێنەر گرنگی خۆی هەیه و بەرلەوەی چاوی بکەوێتە سەر دەق، چاوی بە تایتڵەکان دەکەوێت، کە ئەمەش دیسان لێوەشاوەیی نووسەر پیشان دەدات و ئەم کارکردنەش لەئەدەبدا دەبێتە جێگەی بایەخپێدانی لێکۆڵینەوەی زمانناسی و دەق و سیمۆلۆژیا، کە ئەمیش گرنگی بەستراکچەری ناونیشان دەدات. نووسەر لە ڕێگەی پەیامی نێو ئەم ڕۆمانەوە پیشانیداوە، کە مرۆیەکی مۆدێرن و دیموکراتخوازه و بەکردەوەش داکۆکی سەرسەختانە لە مەسەلەی دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و فرە کولتووری و ڕاستییە مێژووییەکان دەکات. کە هەر ئەوەش پامۆکی ڕووبەڕوووی دادگاییکردن کردووەتەوە. دواجار دەڵێم ئەم مرۆڤە ڕۆشنفکرە بەئەرکی خۆی هەستاوه و بەشداریدەکات لەبەرەوپێشچوون و دیالۆگە گەردوونییەکانی لەمەڕ وەرچەرخان و پێکەوە ژیان. دەیەوێت پێمان بڵێت، کە ڕۆشنبیری مۆدێرن بەر لە هەر شتێک پێویستە واز لە پابەندبوون بە ترادسیۆن و گشت کۆت و بەندێکی جەستەی و فیکری بهێنێت و تەنیا پابەندی بیری ئازادانه و بوێرانە بێت و مومارەسەی ئازادانەی خۆی بکات، لەپڕۆسەی ڕەخنەگرتندا. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=