باری ناسراوی Instrumentalis، ئینسترومێنتالیس لە زمانی کوردی لە چەند پارتیکلێکدا
نووسینی: #شاسوار هەرشەمی#
کوورتە پارتیکل یا پاشگرەکانی وەک کینێ لە (ئێستاکینێ و لێرەکینێ، کانێ) لە ئێستێکانێ پاشماوەی دیاردەیەکی کۆن و میراتی زمانی کوردییە و ئێستا لە هەندێک بنزاراوە، چالاکانە نکاری پێدەکرێت.
کینێ هەروەها کانێ ئامرازێکی تایبەتییە، بۆ پێداگرتن لەسەر دیاریکردنی کات و شوێن بەوردی. واتا ئێستا دەکرێت ئاماژە بۆ ماوەیەکی نێوان پێش، پاش و ئێستا بکات.
#نالی# دەڵێ:
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە کانی ئاسکان یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لورەلور.
لێرەدا، ئێستەی بەیتەکەی نالی، واتا تا ئەو سەردەمەش. ئەمەش بەو واتایە دێت کە نالی مەودایەکی زەمەنی درێژی بە ئێستا داوە.
بەڵام ئێستاکینێ، بە پێچەوانەی ئێستاکەی سەرەوە، هەمان چاوتروکاندن دەگەیەنێت. وەک ئەو ئێستا لێرە بوو، دەشێت بریتی بێت لە نیو کاتژمێر، تا کاتژمێرێک پێش ئێستا، بەڵام ئێستاکینێ وەرە، واتا دەمودەست و هەر ئێستا وەرە.
هەر هەمان پاشگر، بۆ شوێنیش، ئامرازێکی تایبەتییە، بۆ پێداگرتن لەسەر دیاریکردنی وردی شوێن. وەک لە جیاوازی کردن لەنێوان لێرە و (لێرەکینێ، لێرەکینێ) واتا ڕێک شوێنی ئاماژە بۆکراو دەگەیەنێت، نەک ئاقاری گوندێک، دۆڵێک، ناوچە و شارێک هەموی، کە دیسان دەکرێت بە لێرە، ئێرە ئاماژەی بۆ بکرێت.
ئەم کوورتە پارتیکلە، بارێکە لە زمانە ھیندۆروپیەکان، دەچنە سەر ناو، یان ئاوەڵناوی کاتی و شوێنی، وەک لە کوردیدا. پارتیکلەکە، ھۆکار یان ئەو (کۆمەک و یارمەتییە) زمانەوانیە دەردەخات، کە کارەکەی پێدەکرێت. واتا شێوەیەکی، باری ناسراوی ناونراو بە Instrumentalis، ئینسترومێنتالیسە کە ھۆکار یان ئەو (کۆمەک و یارمەتییە) زمانەوانیە دەردەخات، کارەکەی پێدەکرێت. ئەم بارە، بە پارتیکلی جۆراوجۆری وەک کینێ، ڕوکانە، دەرێ، ێ، وەک پاشگر و بە وەک پێشگر دەردەکەون.
ئێستاکینێ
لێرەکینێ
ئێستێکانێ
کێندەرێ (کوێندەرێ)
لێروکانە
بە...کلیل..ێ
گەر سەرنج بدەینە ئەو دەربڕینە کوردییەی لە ڕستەی (بە کلیلێ دەرگاکەی کردەوە.) . ھەر دو (بە ... ێ) لە پێش و پاشی ناوی (کلیل) بە یەکەوە، باری ئینسترومێنتالیس لە زمانی کوردی دەردەخەن. یا دەکرێت بڵێین کە باری کۆمەکی کلیل دەردەخەن، کە دەرگاکەی پێ کردەوە.
بەداخەوە، نووسەرانی زمانی کوردی، ئەو وردە بارە ڕێزمانیانەیان فەرامۆش کردووە و لە نووسیندا پێڕەوی لێناکەن، لە کاتێکدا ئەمانە میراتی بەجێماوی ھەزاران ساڵەی زمانی پرۆتۆھیندۆروپین و بۆمان ماوەتەوە. وابزانم هۆیەکەشی ئەمەیە کە زمانی هاوچەرخی کوردی ناوەند، لەسەر بناغەی زاری سلێمانی هاتۆتە کایەوە، بۆیە زۆر دیاردەی لەمجۆرە و دیاردەی دی وەک لێکجوێکردنەوەی نێر و مێ، لەو بنزارەدا، دەمێکە لەناوچووە و نەماوە، بۆیە لە نووسینی هاوچەرخی کوردییشدا، ڕەچاو ناکرێت.
هەمان دیاردەی ئینسترۆمێنتالیس، لە زمانە سلاڤیەکاندا، لەوانە ڕووسی، زۆر بە ڕوونی دەردەکەون. وەک (c kluch e، س کلوچێ، с ключe) ، بە واتای (بە کلیلێ) ، کە س لە پێش کلیل، یان کلوچە و ێ لە دوایدا دەردەکەون. ئەمە بەشێکی گرنگی ڕیزمانی ڕووسیە و ناکرێت ڕستەی درووست بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم بارە بنووسیت. [1]