وتەبێژی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# ڕایگەیاند، چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی #هەرێمی کوردستان# دەکەین، لە کاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە یەکەم کاری حکومەتی ھەرێم دابەشکردنی مووچە دەبێت.
#پێشەوا ھەورامانی#، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم، ڕایگەیاند، بابەتی یاسای بودجە گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی ئێراقی دەبێت و هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین، یەکەم کاری حکومەتی ھەرێم دابەشکردنی مووچە دەبێت لە کاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە.
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی ئێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێت.
ئەوە لەکاتێکدایە ئێستا لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ساڵی 2023ین، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە و ڕوونیش نییە کەی بە فەرمی وادەی دابەشکردنی ئەو مووچەیە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە ڕادەگەیەنرێت.
وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشیش دوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر ڕاگەیاندراو و ناوی چەندین وەزارەتیش لەنێو لیستەکەدا نەبوو ئەوەش ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی بەدوادا هات، دواتر و پاش چەند ڕۆژێک ناوی ئەو وەزارەتانە بۆ لیستەکە زیاد کرا کە لە لیستەکەی پێشوودا نەبوون. [1]