ڕوونکردنەوە لەسەر وشەی پەرتووک:
#فازڵ ئوسوڵیان#
ڕوونکردنەوە لەسەر وشەی پەرتووک:
وشەی پەرتووک وشەیەکی نوێ و داتاشراو نییە. وشەی نوێ زیاتر لە نێو خەڵکی ڕۆشنبیر و خوێندکاراندا بڵاو دەبێتەوە و جێ دەکەوێ. بەڵام وشەی پەرتووک/ پرتووک لە ناوچەکانی باکووری کوردستاندا و بەتایبەتی لە نێو خەڵکی بەتەمەن و نەخوێندەواردا هەر لە مێژەوە وشەیەکی باوە.
هەروەها ئەم وشەیە لە سروودەکانی یارسانیشدا هاتووە. لە بەشی بارگە بارگە لە بەندی 14 کتێبی نامەی سەرەنجام لە لاپەڕەی 52دا، سرودێکی پیر تاجەدین (کە لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا ژیاوە) هاتووە کە بە خەتی کوردی ناستاندارد بەم شێوەیە نووسراوە:
نە او پرتوکی، نە او پرتوکی بارگە شام وستن نە او پرتوکی
مولام سیرشن خلقان تالوکی نامە مدران خوار و مخلوکی
ها ناموران بونی سلوکی نفروشان و فخر بوغز و ملوکی
(نامە سرانجام/ کلام خزانە، صدیق صفی زادە، تهران، 1375)
دیسانەوە هەر ئەم سرودە لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی- بەرگی یەکەم، لاپەڕەکانی 247-248 بە ڕێنووسی ستاندارد لەگەڵ واتاکەیدا بەم شێوەیە هاتووە:
نە ئەو پەرتووکی، نە ئەو پەرتووکی بارگەی شام وستەن نە ئەو پەرتووکی
مەولام سەیرشەن خەلقان تاڵووکی تانە مەدەران خوار و مەخڵووکی
ها نامەوەران بوونی سلووکی نەفرۆشان وە فەخر بوغز و ملووکی
واتاکەی:
بارگەی خوام لەناو پەڕاوەکاندا هەڵدرا، ئەو خەڵکی تۆڵاز و تۆسن دەبێنێ، کەچی پەستەکان تانە لە پیاوانی خوا دەدەن، ئەوا پیاوچاکان دەبنە خاوەن ڕەوشت و کردار، کە وابوو هەرگیز بە خۆتان مەنازن و ڕق وکینە بەیەک مەفرۆشن.
(مێژووی وێژەی کوردی- بەرگی یەکەم، سدیق بۆرەکەیی (سەفیزادە)، چاپی دووەم، هەولێر 2008)
ئەمەش نیشان دەدات کە وشەی پەرتووک هەر لە کۆنەوە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا وشەیەکی باو بووە. بە باوەڕی من ئەمە وشەیەکی ڕەسەنی کوردییە کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی پەروەردەک لە زمانی پەهلەویی ئەشکانیدا. پەروەردەک لە دەقەکانی پەهلەویدا بە واتای نووسراوە و نامە هاتووە. بەڵام با بزانین خودی وشەی پەروەردەک لە چییەوە هاتووە.
لەسەر دەمی کۆندا بۆ نووسین لە باتی کاغەز چەرمیان بەکار دەهێنا، ئەو چەرمەش دەبووای لە پێشدا خۆشەیان بکردایت. بە پیواژۆی خۆشە کردنی چەرم دەگوترا پەروەردەک. خودی وشەی پەروەردە کردن بە واتای بەرهەمهێنان و ئامادەکردنە. ئێستاش لە کوردی و تەنانەت لە فارسیشدا بۆ بەرهەمهێنان و ئامادەکردنی زۆر شت دەڵێن پەروەردە، بۆ نموونە بە پێواژۆی ئامادەکردنی ترشی یان زەیتون دەڵێن ترشی پەروەردە یان زەیتونی پەروەردە. بۆیە بەو چەرمانەیش کە پەروەردە دەکرا بۆ ئەوەی کە شت لەسەری بنووسن دەیان گوت پەروەردەک، لە سەر ئەم چەرمانە نامە و قەباڵە و نووسراوەی تریان دەنووسی و هەڵیان دەگرت، بۆیە دواجار خۆدی وشەی پەروەردەک بۆ هەر نامە و نووسراوە بەکار هێنراوە. هەر وەک چۆن ئەمڕۆ کاغەزیش جیا لەوەی کە پەڕەیەکە کە شتی لەسەر دەنووسرێت بەڵام وشەی کاغەز بە شێوەی مەجازی واتای نووسراوە یان نامەش دەدات وەک دەڵێن کاغەزێکم بۆ هات، یان کاغەزێکم بۆ بەڕێ کرد.
جا بۆیە من پێم وایە ئەم وشەی پەرتووکی کوردییە هەمان وشەی پەروەردەک بووە کە لە پاش هەزاران ساڵ گۆڕان بەسەریدا هاتووە و ئێستا بووە بە پەرتووک. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!