ناونیشانی بابەت: ژیان کاتییە!
ئامادەکردن و نووسین: #دونیا پوشۆ مستەفا#
هەروەک چۆن مرۆڤ سەرەتای هەیە، ئاوایش کۆتاییەکی هەیە، گرینگ نییە کە چۆن دەستپێدەکەیت هەنگاوەکانی نێوی گرینگە.
بڕێکجار لە ژیاندا تووشی ئازارێکی زۆر دەبین لەلایەن کەسە نزیکەکانمان، هەندێکمان وامان بەلاوە گونجاوە کە نەیانبەخشین، هەندێکیشمان دەڵێین کە تۆڵە بکەینەوە، هەندێکیکەشمان دەڵێین کە لێیان دووربکەوینەوە...هتد.
من پێم وایە نە دوورکەوتنەوە چارەسەرە نە تۆڵەکردنەوە، دەکرێ کەسانێک من بە ساویلکە بزانن چون لام وایە هەمیشە مرۆڤەکان پێویستە لێبووردە بن، نە جارێک، نە دوو جار، نە سێ جار، بەڵکوو تا کۆتایی.
بیر لەوە بکەوە کاتێک کەسێک قسەیەکت پێ دەڵێ و ئازاری دڵت دەدا گەر تۆش بەهەمان شێوە دڵی ئازار بدەیتەوە کەواتە جیاوازی تۆ چییە لەگەڵ ئەودا؟
ڕەنگە بپرسن ئەی بۆچی ئەو دەتوانێت وابکا؟
مەولانا دەڵێ: هەمیشە دڵشکاو بن نەک دڵشکێنەر.
(ئەی چی ئەو دڵەی ئازاری دەدەی خۆشەویستی خودا بێت؟)
لێبووردن هێزێکی گەورەی دەوێ گەر هێزی بەخشین زیاتر نەبوا مرۆڤەکان بە ئاسانی نەیاندەتوانی یەکتر ئازار بدەن.
ئەو کەسەی هەمیشە ئازارت دەدا هەمیشە بە ڕوویەکی میهرەبانەوە لێی بڕوانە دەکرێ ئەو مرۆڤەش ئازاردرابێ و بیەوێ کەسێک هەست بە شکانی نێو ناخی بکا و لێی تێبگات، هەر زوو بڕیار لەسەر کەس مەدەن و ڕق هەڵمەگرن بەرانبەریان.
گەر دەپرسیت مرۆڤێک خۆی سرووشتی وابێت چی؟
لەو کاتەشدا با میهرەبانی زاڵ بێ نەوەک دواتر وشەیەک لە زارت بێتە دەرەوەو تەمەنێک پەشیمانی بکێشی.
وشەکانت با ڕێز و خۆشەوستییان لێ بچۆڕێ، لێوەکانت با زەردەخەنە ون نەکەن، هیچی تێناچێ دەکرێ کەسێک تەنیا پێویستی بە زەردەخەنەیەک بێ.
بارودۆخەکان چەندە سەخت بن، مرۆڤەکان چەندە ئازارت بدەن، هەمیشە بەرگی میهرەبانی بپۆشە
لە کۆتاییدا ژیان بە هەموو ناشرینییەکانییەوە لە ئامێز دەگرم و بە سۆزەوە پێشوازی لە ڕووداوەکانی دواتری دەکەم. [1]