ڤیدیۆ: وتنی گۆرانی خوایە وەتەن ئاوکەی، لەلایەن #محەمەدی ماملێ#
ساڵی تۆمارکردنی ڤیدیۆ: 1985
شوێنی تۆمارکردنی ڤیدیۆ: #مەهاباد#
=KTML_Bold=دەربارەی ڤیدیۆ:=KTML_End=
ئەم پارچە ڤیدیۆیە بەشێکە لە چەند کاتژمێرێک، لە زەحمەت و تێکۆشانی کۆمەڵێک هونەرمەند و هونەردۆست. کۆی ڤیدیۆکە لە دانیشتنێکی نهێنیدا لە ساڵی 1985ی زایینی تۆمار کراوە. کە ڕژێمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو سەرو بەندەدا بەربەستی ساز دەکرد لە پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی و هەر چەشنە خزمەتێک بە زمان و نەریتی نەتەوەی کورد لە #ڕۆژهەڵاتی کوردستان# بکرایە. هەر بۆیە دەرفەت و هەلێکی ڕەخساو بۆ هونەرمەندان و ئەڤیندارانی نیشتمان و گەل لە ئارادا نەبوو. هەر چالاکییەک لەم پەیوەندییەوە، دەبوایە بە شێوەی نهێنی ئەنجام بدرێت. گەر تاکێکی کورد بە ئامرازێکی مۆسیقاوە ببینرایە، لەلایەن سوپای پاستارانەوە بە بیانووی جۆراوجۆرەوە دەستبەسەر دەکرا. هاوکات گەر کەسێک کامێرایەکی هەبوایە، کە لەو سەردەمەدا زۆر دەگمەن بوو، و کەمتەر کەسێک هەیانبوو، و بە دەستی ئەو کەسەوە بیانبینیایە، زۆر بە ساکاری بە تاوانی هاوکاری بۆ وڵاتانی بیانی تۆمەتبار دەکرا و گیانی دەکەوتە مەترسییەوە. لە کەشێکی ئەوتۆدا کە ڕێگەی خزمەت بە هونەر چەتوون ببوو، کۆمەڵێک کەسی بە ئەمەک بە هاوکاری یەکتر توانیان کۆمەڵێک بەرهەم ئەرشیڤ بکەن، کە ماڵ بە ماڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگێڕدران و تینیان بە ورەی کورد لە بەرانبەر ڕژێمدا دەبەخشی.
لەم فیلمەدا مامۆستای نیشتمان پەروەر، ڕەشید فەیزی نەژاد ئەرکی ئامادەکردن و دابەشکردنی مۆسیقاکەی بە ئەستۆوە گرتبوو. هەروەها عەزیز سەیفی و جەعفەر ئەمینی هاوکاری بەرنامەکە بوون. ڕەنگە بینەر سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکات، و وا تێبگا کە ماملێ و هونەرمەندانیتر لە شوێنێکی تایبەتیی و پرۆفێشیوناڵی هونەریدا ئەم ڤیدیۆیەیان تۆمار کردووە، بەڵام بەپێچەوانە، ئەم بەرهەمە و دەیان بەرهەمی تر لە ماملێ و دەیان هونەرمەندی تر هەر وەک ژیانی ئاسایی خۆیان، ساکار و دەستکوورت و خاکەڕا تۆمار کراون. لەو سەرو بەندەدا کە هیچ جۆرە بەستێنێک بۆ پەرەپێدانی هونەری نەتەوەیی لەبەردەستدا نەبوو، ئەم هونەرمەندانە ناچار ببوون لەژێرزەمیندا بەرنامەی خۆیان بەڕێوەبەرن. دیوار و عەرزی ژێرزەمین بە فەرش داپۆشرابوو و پەنجەرەکانیشی بە خشت و گڵ سواغ درابوون تا دەنگ و سۆما نەچێتە دەرەوە و پاستار پێی نەزانن و سزا نەدرێن.
جێی باسە کە ئەم تۆمارە ڤیدیۆیە لەژێر زەمینی ماڵی عەزیز خاڵەندی تۆمارکراوە.
پێویستە ئاماژە بەم خاڵەش بدرێت، کە ئەم ڤیدیۆیە نزیکەی ساڵ و نیوێک پاش لەسێدارەدانی نجات ماملێ کوڕی محەمەد ماملێ تۆمارکراوە. [1]